سوودەکانی ڤیتامین B6

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-17-23:31:00 - کۆدی بابەت: 10703
سوودەکانی ڤیتامین B6

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سوودەکانی ڤیتامین B6 (بە ئینگلیزی: Health benefits of vitamin B6، بە عەرەبی: الفوائد الصحية لفيتامين بی٦). ڤیتامینێکی لە ئاودا تواوەیە و لە هەمان کاتدا بە پایریدۆکسین (pyridoxine) ناسراوە، لەش بۆ جێبەجێکردنی چەند ئەرکێک پێویستێتی. ئەم ڤیتامینە لە پڕۆسەی زیندەپاڵی کاربۆهیدرات و پڕۆتین و چەوریدا گرنگە، هەروەها بەشداری لە دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و دەمارەگوێزەرەوەکان دەکات. لەشی مرۆڤ توانای دروستکردنی ڤیتامین B6 نییە، کەواتە دەبێت لەڕێگەی خۆراک یان تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت. دەشێت هەندێک کەس دووچاری کەمیی ئەم ڤیتامینە ببنەوە، ئەگەر ڕۆژانە بڕی پێویست وەرنەگرن. وەرگرتنی بڕی پێویست لەم ڤیتامینە بۆ تەندروستی تەواوی جەستە گرنگە و هەروەها ڕێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکات و لە هەمان کاتدا وەکوو چارەسەرێک بەکاردەهێنرێت. 

سوودەکانی ڤیتامین B6

نیشانەکانی خەمۆکی کەم دەکاتەوە

ڤیتامین B6 ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێکخستنی هەستی کەسەکەدا هەیە، هۆکاری ئەم سوودەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم ڤیتامینە بەشداری لە دروستکردنی دەمارەگوێزەرەوەی وەک سیرۆتۆنین و دۆپامین دەکات، کە لە ڕێکخستنی هەستی مرۆڤ بەرپرسن. هەروەها ڤیتامین B6 یارمەتی کەمبوونەوەی ترشیی ئەمینی هۆمۆسستین دەدات، ڕێژەی بەرزی هۆمۆسستین دەبێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونیەکانی تر. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە، دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی پەیوەندی بە کەمیی ئاستی خوێن و ڤیتامین B6 هەیە، بەڵام بەکارهێنانی ئەم ڤیتامینە بۆ ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی خەمۆکی نەسەلمێنراوە. 

چارەسەری کەمخوێنی دەکات

لەبەرئەوەی ئەم ڤیتامینە ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی هیمۆگڵۆبیندا هەیە، کەواتە دەکرێت چارەسەری کەمخوێنی بکات و لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە ڕوودانی بکات، ئەگەر کەسێک لە ئەنجامی کەمیی ئەم ڤیتامینە تووشی کەمخوێنی ببێت. هیمۆگڵۆبین پڕۆتینێکە ئۆکسجین بۆ خانەکان دەگوازێتەوە، کاتێک لەش بڕی پێویستی لە هیمگڵۆبین نەبێت، ئەوا خانەکان ناتوانن ئۆکسجینی پێویست وەربگرن، لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی کەمخوێنی دەبێت و هەست بە لاوازی و ماندووێتی دەکات. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کەمخوێنی دەکرێت پەیوەندی بە کەمیی ڤیتامین B6 هەبێت، بەتایبەتی لە خانمانی دووگیاندا. 

چارەسەری نیشانەکانی کۆنیشانەی پێش سوڕی مانگانە دەکات

دەرکەوتووە ئەم ڤیتامینە چارەسەری نیشانەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و زوو توڕەبوون دەکات، کە لە کۆنیشانەی پێش سوڕی مانگانەدا دەردەکەون. کەواتە ڕۆڵی لە کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکانی مرۆڤدا هەیە، لەبەرئەوەی یارمەتی دروستکردنی دەمارەگوێزەرەوەکان دەدات. 

لە کاتی دووگیانیدا چارەسەری هێڵنجدان دەکات

ڤیتامین B6 چەندین سەدەیە وەکوو چارەسەرێک بۆ هێڵنجدان و ڕشانەوە لە کاتی دووگیانیدا بەکاردەهێنرێت. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکان نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کە چۆن ئەم ڤیتامینە ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانەدا هەیە. ئەگەر دووچاری ئەم حاڵەتانە بوویتەوە، پێش بەکارهێنانی ئەم ڤیتامینە سەرەتا پرسیار لە دکتۆرەکەت بکە و ڕێنمایی وەربگرە. 

ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە

ڤیتامین B6 ڕێگری لە گیران و داخرانی بۆری خوێنی خوێنبەر دەکات، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی کێشەی کەمیی ئەم ڤیتامینەیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ دوو ئەوەندە زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی ئاستی ئەم ڤیتامینەیان بەرزە. هۆکاری ئەم سوودەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئاستی هۆمۆسستین لە خوێندا کەم دەکاتەوە و ڕێگری لە زیادبوونی دەکات. 

ڕێگری لە شێرپەنجە دەکات

ڕۆژانە وەرگرتنی بڕی پێویست لە ڤیتامین B6 ئەگەری تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە کەم دەکاتەوە. هۆکاری سوودی ئەم ڤیتامینە لە نەخۆشی شێرپەنجەدا نادیارە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان گومان دەکەن هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە، دژی هەوکردنەکان دەجەنگێت کە دەشێت ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان

ڕێگری لە نەخۆشییەکانی چاو دەکات

ئەم ڤیتامینە ڕۆڵی لە ڕێگریکردنی نەخۆشییەکانی چاو هەیە، بە تایبەتی لەدەستدانی توانای بینین. بەرزی ئاستی هۆمۆسستین لە لەشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو زیاد دەکات، بەڵام خۆشحاڵانە ئەم ڤیتامینە ڕێگری لە زیادبوونی ئەم پێکهاتەیە دەکات و بەم شێوەیە چاوەکان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.

چارەسەری ڕۆماتیزمە دەکات

دەشێت ڤیتامین B6 یارمەتی کەمبوونەوەی ئەو نیشانانە بدات، کە پەیوەندی بە نەخۆشی ڕۆماتیزمەوە هەیە. زیادبوونی هەوکردن لە جەستەدا، دەبێتە هۆی تووشبوون بە ڕۆماتیزمە، لە ئەنجامدا دەشێت کەمیی ئەم ڤیتامینە ڕووبدات.


سەرچاوەکان



361 بینین