کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-28-19:35:00 - کۆدی بابەت: 10793
کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ (بە عەرەبی: الهجرة النبوية، بە ئینگلیزی: Hijrah) ڕووداوی کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری سدیقە لە شاری مەککەوە بۆ شاری مەدینە. بەرواری کۆچکردنی هاوەڵان دیاریکراو نییە و هەندێک سەرچاوە کۆتاییەکانی ساڵی سیازدەیەمی پێغەمبەرایەتی و هەندێکی تریش سەرەتای ساڵی چواردەیەمی پێغەمبەرایەتی بە ڕووداوی دەستپێکردنی کۆچکردنی هاوەڵان دیاری کردووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب دوای ڕاوێژکردنی لەگەڵ موسڵمانان ساڵی کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری بۆ شاری مەدینەی کرد بە یەکی مانگی موحەڕەم و بە دەستپێکی ڕۆژژمێری کۆچی دیاریکرد. دوای کۆچکردنی بۆ مەدینە تاکوو فەتحی مەککە پێغەمبەر ﷺ نەگەڕایەوە بۆ شاری مەککە.

پەیمانی یەکەم و دووەمی عەقەبە

لە ساڵی یانزەی پێغەمبەرایەتی و بانگەواز، لە کاتی ڕێوڕەسمی حەجکردن و سەردانیکردنی کەعبە لەلایەن هۆزەکانی دەوروبەری مەککەوە، پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ سەرانی هەردوو هۆزی ئەوس و خەزرەج کە لە "یثرب"ـەوە هاتبوون کۆبووەوە و باوەڕیان بە ئیسلام هێنا و بە دوو قۆناغ پەیمانیان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بەست و بڕیاری سەرخستنی موسڵمانیاندا، بڕیاریان دا کە گەڕانەوە شارەکەی خۆیان پەیامی یەکتاپەرستی بۆ دانیشتووانەکەی بگوازنەوە، دوای گەڕانەوەی بەشداربووانی ئەو پەیماننامەیە پێغەمبەر ﷺ هاوەڵ موسعەبی کوڕی عومەیری لەگەڵیان نارد بۆ ئەوەی بنەماکانی ئایین و قورئانیان بۆ ڕوونبکاتەوە، بەشێک لە هۆزەکانی مەدینە لەسەر دەستی موسعەب موسڵمان بوون.

پێش وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو موسعەب گەڕایەوە مەککە، لە وەرزی حەجی ساڵی ١٣ـی کۆچی بەرانبەر ساڵی ٦٢٢ـی زایینی کۆمەڵێک لە دانیشتووانی مەدینە هاتنە مەککە و پەیمانی دووەمی عەقەبە بەسترا، ئەم پەیمانە بە (بە عەرەبی: بيعة الحرب)ـیش ناسراوە، چونکە پێغەمبەر ﷺ داوای لە دانیشتووانی مەدینە کرد کە لە هەموو کاتێکدا و تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا پاڵپشت و هاوکاری پێغەمبەر ﷺ و موسڵمانان بن. بەشداربووەکانی ئەم پەیماننامەیە لە یەثرب ژمارەیان ٧٠ کەس بوو، بەستنی ئەم دوو پەیماننامەیە زەمینەسازی و ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ کۆچکردنی موسڵمانان بۆ مەدینە، لەو شارە لایەنگر و هاوپەیمانی ئیسلام زۆربوون، دوای ئەوەی قوڕەیش بەوەیان زانی کە هەردوو هۆزی ئەوس و خەزرەج موسڵمان بوون و بوونەتە پاڵپشتیکارانی موسڵمانان، ئازاریان لەسەر موسڵمانانی مەککە قورستر کردنەوە، پاشان دوای دڵنیابوونی پێغەمبەر ﷺ و دابەزینی چەند ئایەتێک لەسەر کۆچکردن، پێغەمبەر ﷺ فرمانی کۆچکردنی بە هاوەڵانی کرد بۆ شاری یەثرب.

یەکەم هاوەڵ کە لە مەککەوە کۆچی بۆ شاری مەدینە کرد ئەبووسەلەمەی کوڕی عەبدولئەسەد بوو، بە ماوەی دوو مانگ زۆرێک لە موسڵمانانی مەککە کۆچیان کردبوو و لە دوای پەیمانی عەقەبەی یەکەم و عەقەبەی دووەم، موسڵمانان پۆل پۆل لەسەر فرمانی پێغەمبەر ﷺ کۆچیان دەکرد بۆ شاری مەدینە. تەنیا ئەوانە لە مەککە مانەوە کە هۆکارێکیان هەبوو، نموونەی نەخۆش و لاواز و زیندانیان، هاوکات پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری سدیق و عەلی کوڕی ئەبووتالیبیش لە مەککە مابوونەوە.

کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری سدیق بۆ مەدینە

- بڕیاری کوشتنی پێغەمبەر ﷺ درا

دوای بڕیاردانی پێغەمبەر ﷺ بۆ کۆچکردن بەرەو یەثرب، قوڕەیشییەکان بە هەواڵەکەیان زانی و سەرۆک هۆز و تیرەکان لە "دار الندوە" کۆبوونەوە و بڕیاردرا کە لە هەر هۆزێک پیاوێک هەڵبژێرن و پێغەمبەر ﷺ لە شەودا بکوژن، بەو جۆرە کەس لە نێو هۆزەکانی مەککە بە کوشتنەکەی تۆمەتبار ناکرێن.

- مانەوەی ئیمامی عەلی لە شوێنی پێغەمبەر ﷺ

بە فرمانی خوا جوبرائیلی فریشتە پێغەمبەر ﷺـی لە پیلانی بێباوەڕان ئاگادار کردەوە، پێغەمبەر ﷺ عەلی کوڕی ئەبووتالیبی ئامۆزای ڕاسپارد کە شەو لەجێگەکەی ئەو بمێنێتەوە، فرمانی پێکرد ئەو ڕاسپاردانەی کە خەڵکی مەککە لەلای پێغەمبەر ﷺ دایانناوە بۆ ڕۆژی دواتر بۆیان بگێڕێتەوە. لەو شەوەدا ئیمامی عەلی چووە جێگەکەی پێغەمبەر ﷺ و لە شوێنی ئەو مایەوە، بێباوەڕان گەمارۆی شوێنەکەی پێغەمبەر ﷺـیان دابوو، کاتێک لە ماڵەکەی چووە دەرەوە و بە مشتێک خۆڵ چاوی هێرشبەرەکانی بۆ ماوەیەک کوێر کرد، بۆیە کە تێپەڕی نەیانبینی، ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە پەرچووەکانی پێغەمبەر ﷺ دادەنرێت.

- دەرچوون لە مەککە 

پێغەمبەر ﷺ توانی بگاتە لای ئەبووبەکری سدیقی هاوەڵی کە دوو حوشتر و باری گەشتکردنی ئامادە کردبوو و دابووی بە عەبدوڵڵای کوڕی ئەریقط تاکوو دوای چەند ڕۆژێک باری حوشترەکان بباتە ئەشکەوتی ثەور و ڕێنیشاندەرییان بکات. ڕاجیایی لەسەر ڕۆژ و کاتی کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکر هەیە، بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی و ئیسلامی ٢٧ـی مانگی سەفەر لە ساڵی ١٤ پێغەمبەرایەتی کۆچکردن بۆ مەدینە ئەنجام دراوە. ئەبووبەکری سدیق هەموو سامان و سەروەتەکەی لەم کۆچەدا بەکارهێنا و لەگەڵ خۆی بردبووی.

- مانەوە لە ئەشکەوتی ثەور 

ئەبووبەکر و پێغەمبەر ﷺ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە ئەشکەوتی ثەور مانەوە و قوڕەیشییەکان سەد حوشتریان کردە دیاری بۆ ئەو کەسەی کە پێغەمبەر ﷺ دەدۆزێتەوە.

دوای گەیشتنی پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری سدیق بۆ ئەشکەوتی ثەور قوڕەیشییەکان بە هەواڵەکەیان زانی دوایان کەوتن، کاتێک گەیشتنە پێش ئەشکەوتەکە بینیان کە جاڵجاڵۆکەیەک دەرگای ئەشکەوتەکەی بە تۆڕێک گرتووە، بۆیە کە ئەمەیان بینی گەڕانەوە، ئەم ڕووداوەش بە پەرچووەیەکی تری خوای گەورە دادەنرێت، هاوکات لەم ڕووداوە پێغەمبەر ﷺ دڵنەوایی ئەبووبەکری هاوەڵی کردووە و ئەم ڕووداوە لە قورئان باسکراوە و لە سوورەتی التوبة ئایەتی ٤٠ خوای گەورە دەفەرموێت: (إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ ٱللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ ٱلَّذِينَ کَفَرُوا۟ ثَانِىَ ٱثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِى ٱلْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَـٰحِبِهِۦ لَا تَحْزَنْ إِنَّ ٱللَّهَ مَعَنَا ۖ فَأَنزَلَ ٱللَّهُ سَکِينَتَهُۥ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُۥ بِجُنُودٍ لَّمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ کَلِمَةَ ٱلَّذِينَ کَفَرُوا۟ ٱلسُّفْلَىٰ ۗ وَکَلِمَةُ ٱللَّهِ هِىَ ٱلْعُلْيَا ۗ وَٱللَّهُ عَزِيزٌ حَکِيمٌ)، واتا: خوا بۆ خۆی پێغەمبەر ﷺ سەردەخات تەنانەت ئەگەر ئێوە یارمەتی پەیامبەر نەدەن، دڵنیابن خوا یارمەتی دەدا هەر چۆن یارمەتیدا ئەو کاتەی کە بێ باوەڕەکان لە مەککە دەریانکرد و ناچاریان کرد کۆچ بکات بۆ مەدینە، ئەو یەکێک بوو لەو دوو کەسانە، لەو دەمەدا کە تەنیا دوو کەس بوون، (پەیامبەر و ئەبووبەکر) خوا لەو کات و ساتە تەنگەدا ئەبووبەکری کردە پاڵپشت و پشتیوان بۆی کە لە ئەشکەوتەکەی کێوی (ثەور) بوون.

پەیامبەر بە هاوڕێکەی خۆی ئەبووبەکری دەگوت: خەمی منت نەبێ و لەبەر من دڵتەنگ مەبە و دڵنیابە خوا لەگەڵمانە، ئەمەش ئەو کاتە بوو کە بێباوەڕەکان دوایان کەوتبوون و ئەوەندەش نزیکبووبوونەوە ئەگەر تەماشای بەرپێی خۆیانیان کردایە ئەمانیان دەبینی، بۆیە ئەبووبەکر لە گیانی پێغەمبەر ترسا بوو، پەیامبەریش فەرمووی: ترست نەبێ، چونکە خوا لەگەڵمانە، پاشان خوا ئارامی و هێمنی خۆی ناردە سەر ئەبووبەکر و پێغەمبەریشی بە لەشکرێک کە ئێوە نەتانبینی لە فریشتەکان پشتگیر کرد، وشەی بێباوەڕەکانیشی بن خست و تێکشکان و هەر وشەی خوا بەرز و بڵندە. کێوی ثەور شاخێکە دەکەوێتە نزیک شاری مەککەوە، پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵەکەی لەوێ سێ ڕۆژ مانەوە.

- ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سووراقەی کوڕی مالک

دوای دەرچوونیان لە کێوەکە تووشی قافڵەی سووراقەی کوڕی مالک بوون، سووراقە بڕیار دەدات کە هەواڵ و شوێنی ئەوان بۆ قوڕەیش بەرێتەوە، بەڵام پێغەمبەر ﷺ نزا دەکات کە سوارەکەی نغرۆی لم بێت، دوای ئەوە کە سووراقە بەڵێنی بە پێغەمبەر ﷺ دا کە هەواڵی ئەوان ناگێڕێتەوە بۆ قوڕەیش، پێغەمبەر هەواڵی بە سووراقەدا کە لە داهاتوودا بازنەکانی کیسرا تۆ دەبێتە خاوەنی، لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب و دوای فەتحکردنی فارس بازنەکانی کیسرا دران بە سووراقە و وتەکانی پێغەمبەر ﷺ ڕاست دەرچوون.

- گەیشتن بە شاری مەدینە

لە ڕۆژی هەشتی مانگی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی یەکەمی کۆچی، بەرانبەر بە ساڵی ٦٤٤ـی زایینی پێغەمبەری خوا و ئەبوبەکر گەیشتنە مەدینە و پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە ناوچەی قیبا مایەوە کە دوو میل لە ناوەندی مەدینەوە دوورە، لەوێ بڕیاری دروستکردنی یەکەمین مزگەوت درا و مزگەوتی قیبا دروستکرا، پێغەمبەری خوا تێیدا نوێژی بۆ موسڵمانان کرد و دوای چوار ڕۆژ چووە ناوەندی مەدینە، لەوێ بڕیاری دروستکردنی مزگەوتی پێغەمبەر درا.

دەرەنجامی کۆچکردن و گرنگترین کارەکانی پێغەمبەر ﷺ لە مەدینە

کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ لە مەککەوە بۆ مەدینە لە هەنگاوەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام و بنیاتنانی دەسەڵاتی ئیسلامی بوو لە نیمچەدوورگەی عەرەبی، گرنگترین دەرەنجامەکانی بریتی بوون لە:

- گۆڕینی ناوی شارەکە: دوای گەیشتنی پێغەمبەر ﷺ بۆ شارەکە، ناوەکەی لە "يەثرب"ـەوە کرا بە "شارەکەی پێغەمبەر" و ئەو شارە هەر بە مەدینە ناوی دەرکرد و بەو ناوە مایەوە.

- بنیاتنانی مزگەوت: یەکەم کار کە دوای کۆچکردن بۆ مەدینە ئەنجام درا بریتی بوو لە بنیاتنانی مزگەوتێک لە ناوەندی مەدینە کە دواتر ناسرا بە مزگەوتی پێغەمبەر، لەسەر زەوی دوو نەوجەوانی هەتیو بڕیاری دروستکردنی مزگەوتەکە درابوو، بۆیە پێغەمبەر ﷺ بە بڕی دە دینار زەوییەکەی لێیان کڕییەوە، بەپێی گێڕانەوە دروستەکان پارەی زەوییەکە لەلایەن ئەبووبەکری سدیقەوە دابین کراوە.

مزگەوتەکە لە کەرەستەی سەرەتایی وەک خشت و قوڕ دروستکراوە و سوود لە قەد و گەڵای دارخورما لە دروستکردنەکەی وەرگیراوە، پێغەمبەر ﷺ خودی خۆی بەشداری لە دروستکردنی مزگەوتەکەدا کردووە، سێ دەرگای سەرەکی بۆ مزگەوتەکە دروستکراوە، ئەو مزگەوتە بووە ناوەندی بڕیاردان و ڕاوێژکردن و شوێنێکی گرنگ بۆ موسڵمانان. لە سەرەتادا ڕووگەی موسڵمانان ڕووەو مزگەوتی ئەقسا بوو، پاشان دوای دوو ساڵ لە کۆچکردن بە فرمانی خوا ڕووگەی موسڵمانان کرایە ڕووەو کەعبەی پیرۆز.

- برایەتی کردنی نێوان پشتیوانانی مەدینە و کۆچەرییەکانی مەککە: دوای نزیکەی سێ مانگ لە کۆچکردن بۆ مەدینە، لە ماڵی ئەنەسی کوڕی مالیک پێغەمبەر ﷺ لە نێوان ٩٠ پیاوی مەککە و مەدینە برایەتی دروستکرد و سامان و ماڵی لە نێواندا دابەشکردن.

- دانانی دەستووری مەدینە: دوای ڕاگەیاندنی برایەتی لە نێوان پشتیوانانی مەدینە و کۆچەرییەکانی مەککە، پێغەمبەر ﷺ دەستوورێکی ٥٢ بەندی دانا کە دواتر بە "الصحيفة" ناسرا، تێیدا ئەرک و مافی دانیشتووانی مەدینەی دیاری کردبوو، هەر یەک لە پشتیوانانی مەدینە و کۆچەرییەکانی مەککە و جوولەکەکانی مەدینە ماف و ئەرکیان دیاریکرا.

گرنگترین کەسایەتییەکان کە هاوکاری کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺـیان کرد 

- عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب لە جێگەی پێغەمبەر ﷺ مایەوە و پۆشاکەکانی پێغەمبەر ﷺـی لەبەرکرد و لە جێگەکەی ئەو خەوت، تاکوو فێڵ لە پیاوانی قوڕەیش بکات کە کۆببوونەوە و لەسەر کوشتنی پێغەمبەر ﷺ ڕێککەوتن، هەروەها پێغەمبەر ﷺ فرمانی بە عەلی کردبوو کە هەموو ئەو سپاردانەی کە خەڵکی لە مەککە پێیان سپاردبوو، دوای کۆچکردنی بۆ ڕۆژی دواتر سپاردەکان بۆ دانیشتووانی مەککە بگێڕێتەوە.

- عەبدوڵڵای کوڕی ئەبووبەکر هەواڵی مەککەی دەگەیاندە پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری باوکی لە ئەشکەوتی ثەور.

- ئەسمای کچی ئەبووبەکر ئاو و خۆراکی دەگەیاندە پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری باوکی لە ئەشکەوتی ثەور.

- عەبدوڵڵای کوڕی ئەریقط ئەبووبەکری سدیق بە کرێی گرتبووی تاکوو لە گەشتەکە ڕێنیشاندەریان بێت.

- سووراقەی کوڕی مالیک لە مەککەوە دەرچوو تاکوو شوێنەواری پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکر بزانێت و هەواڵی ئەوان بۆ قوڕەیش بگێڕێتەوە، بەڵام کاتێک شوێنەواری ئەوانی دۆزییەوە گەڕایەوە مەککە و لەسەر پێغەمبەر ﷺ هیچ هەواڵێکی بە قوڕەیشییەکان نەدا.


سەرچاوەکان



3130 بینین