خورانی لێوەکان

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-28-20:38:00 - کۆدی بابەت: 10796
خورانی لێوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

خورانی لێوەکان (بە ئینگلیزی: Itchy lips، بە عەرەبی: شفاه حكة)، هەستکردن بە خورانی لێوەکان حاڵەتێکە دەکرێت لەناکاو ڕووبدات و کەسەکە هەست بە ناڕەحەتییەکی زۆر بکات. زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە خورانی لێو پەیوەندی بە هەستیاری وەرزییەوە هەیە، هەندێکجار ئاماژەیەکە بۆ تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی دیاریکراو. 

هۆکارەکانی خورانی لێو

١. هەوکردنی لێوەکان بەهۆی هەستیاریی بەرکەوتن

حاڵەتێکە لێوەکان هەودەکەن یاخود تووشی خوران دەبن بەهۆی بەرکەوتن بە جۆرە هەستیارییەکی دیاریکراو. ئەو بەرهەمانەی بۆ لێو بەکاردەهێنرێن، دژەخۆر، دەرمان، یان ئەو بەرهەمانەی بۆ شۆردنی دەم بەکاردێن، دەتوانن ئەم جۆرە کاردانەوەیە دروست بکەن. هەروەها ئەو خۆراکانەی تامی دەستکردیان تێدایە، بە هەمان شێوە دەکرێت ببنە هۆی تووشبوون بەم حاڵەتە.

٢. هەوکردنی لێوەکان بەهۆی دەرمان

هەندێک جۆری دەرمان وەکوو کاریگەرییەکی لاوەکی کەسەکە تووشی خورانی لێو دەکەن. بۆ نموونە هەندێک دەرمانی وەک ئایزۆتریتینۆوین (isotretinoin)، ئاسیتریتن (acitretin)، و ئالیتریتینۆوین (alitretinoin)، بەشێکن لەو دەرمانەنەی دەشێت ببنە هۆی تووشبوون بە خورانی لێوەکان، تەنانەت دەبنە هۆی قڵیشان و خوێن لێهاتنی لێوەکان. هەروەها هەستیاری بە دەرمانی دژەبەکتریای وەکوو ئەمۆکسلین (amoxicillin) دەکرێت هەمان حاڵەت دروست بکات. 

٣. هەوکردنی لێوەکان بەهۆی زەبربەرکەوتن

ئەم جۆری هەستیارییە بەهۆی زیاد چالاکبوونی پێستی لێو ڕوودەدات. هەندێک خووی وەک زمان هێنان بە لێودا یان گازگرتن لە لێو، دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی لێوەکان و لە ئەنجامدا دەکرێت خورانیشی لەگەڵدا بێت. ئەم حاڵەتە بەبێ بەکارهێنانی چارەسەر نامێنێت، بە مەرجێک لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە خووە بووەستیت و ئەنجامی نەدەیت. ئەم حاڵەتە زیاتر لە منداڵاندا باوە. 

٤. هەوکردنی لێوەکان بەهۆی کەشوهەوا

هەر وەکوو لە ناوەکەیدا دیارە، ئەم جۆری هەوکردنە لە ئەنجامی بەرکەوتنی لێو بە کەشوهەوا ڕوودەدات، بۆ نموونە بە گەرمییەکی زۆر یان بە پلەیەکی گەرمی نزم واتە کەشوهەوایەکی سارد. دەشێت ئەم حاڵەتە لەو کەسانەدا ڕووبدات کە لە کەشوهەوایەکی ساردا دەژین، یان ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەن. لە ئەنجامدا لێوەکە دەقڵیشێت و دەشێت خوێنیشی لێبێت. 

٥. تووشبوونە میکرۆبییەکان

تووشبوونە میکرۆبییەکانی وەک ڤایرۆس و بەکتریا و کەڕووەکان دەکرێت ببنە هۆی خورانی لێوەکان. ئەمە باوترین هۆکاری تووشبوون بە خورانی لێوە، کەسەکە تووشی ناڕەحەتی دەبێت. لەم حاڵەتەدا، واتە ئەگەر تووشبوونە میکرۆبییەکان هۆکارەکەی بێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ نەمانیدا، خورانەکەشی نەمێنێت. هەندێکجار دەرمانی دژەبەکتریا بۆ ئەم کەسانە پێشنیار دەکرێت. 

خوران و وشکبوونی لێوەکان

دەکرێت هەر یەک لەم نیشانانە بەجیا هەستی پێ بکەیت. بەڵام هەندێکجار خورانی لێو لە ئەنجامی وشکبوونی لێوەکان ڕوودەدات. ئەگەر لێوەکان بەهۆی هۆکاری ژینگەییەوە وشک ببنەوە، ئەوا دەکرێت لە ئەنجامدا خورانیش ڕووبدات. کاتێک پێست وشک دەبێتەوە، بەرگری لەش لاواز دەبێت، بەمەش لێوەکان هەودەکەن یان سووردەبنەوە، وات لێدەکات ئارەزوو بکەیت پێستە زیادەکەی لێو بە ددانەکانت ڕابکێشیت. بەزۆری تووشبوون بە وشکبوونی لێو ئاماژە بۆ هیچ حاڵەتێکی مەترسیدار ناکات، واتە وەکوو نیشانەیەک بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکی دیاریکراو بەکار نایەت. بەڵام خورانی لێو دەشێت ئاماژە بۆ حاڵەتێکی دیاریکراو بکات. 

چۆن خورانی لێوەکان چارەسەر دەکرێت؟

دیاریکردنی جۆری چارەسەر بۆ خوارنی لێوەکان بە هۆکارەکەیەوە پەیوەستە. دەشێت دکتۆرەکەت پێشنیاری دەرمانی دژەبەکتریات بۆ بکات، ئەگەر تێبینی هەبوونی تووشبوونە میکرۆبییەکان بکات. دەرمانی دژەبەکتریا لەڕێگەی دەمەوە یان کرێمی دژەکەڕوو خورانی لێو کەم دەکاتەوە. هەروەها دەکرێت دەرمانی دژە هیستامین لەڕێگەی دەمەوە بەکاربهێنرێت، ئەگەر لەشت دووچاری کاردانەوە ببێت، واتە هەستیاری. ئەگەر هەردوو حاڵەتەکە لە هەمان کاتدا، لە کەسەکەدا بوونی هەبوو واتە خوران و وشکبوونەوەی لێوە، ئەوا کەسەکە پێویستی بە کرێمی شێدارکەرەوە دەبێت. لە کاتی تووشبوون بەم حاڵەتە، باشترین ڕێگە ئەوەیە سەردانی پزیشک بکرێت، تاکوو هۆکارەکەی دەستنیشان بکرێت و چارەسەرێکی گونجاویش بۆ حاڵەتەکە دیاریبکرێت.

چۆن خۆت لە خورانی لێو بەدوور دەگریت؟

دەتوانیت بە ئەنجامدانی ئەم ڕێنماییانە ڕێگری لە تووشبوون بە خورانی لێو بکەیت یان نەهێڵیت دووبارە تووشی هەمان حاڵەت ببیتەوە:

١. لێوەکانت بپارێزە

لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا پارێزگاری لە لێوەکانت بکە و گرنگیان پێبدە، شێدارکەرەوە بۆ لێوەکانت بەکاربهێنە، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی دژەخۆریان تێدایە. پێشنیار دەکرێت، لە وەرزە ساردەکانی ساڵدا لە کاتی چوونە دەرەوە، لێوەکان و دەم بە ملپێچێک دابپۆشرێت، تاکوو بەهۆی هەوا ساردەکەوە هیچ زیانێکیان پێنەگات. لە کاتی بەکارهێنانی هەر جۆرە بەرهەمێکیشدا، دڵنیابەرەوە تامی دەستکردی تێدا نییە و هەستیاری دروست ناکات. 

٢. لە ئەنجامدانی خووەکانت دووربکەوە

ئەگەر بە بەردەوامی زمان بە لێوەکانتدا دەهێنیت، هەموو هەوڵێکی خۆت بدە تاکوو لەم جۆرە خووە دووربکەویتەوە. لەوانەیە وابزانیت ئەم جۆرە کردارە وا دەکات لێوەکانت شێدار ببنەوە، بەڵام بەپێچەوانە دەبێتە هۆی زیاتر وشکبوونەوەی لێوەکانت. هەروەها دڵنیابەرەوە لە کاتی بەکارهێنانی کەلوپەلی جوانکاری یان بەرهەمەکانی پێست، لێوەکانت بەرکەوتە نەبن. بەشێوازێکی گونجاو هەناسە بدە، بە تەنها هەناسەدان لە ڕێگەی دەمەوە و کەمتر لە ڕێگەی لووتەوە، وا دەکات زیاتر لێوەکانت وشک ببنەوە و لە ئەنجامدا دەکرێت هەست بە خورانیش بکەیت. 

٣. جەستە بە شێداری بهێڵەوە

خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو بۆ تەواوی لەش پێویستە و چەندەها سوودی هەیە. خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو لە هەموو وەرزەکاندا پێویستە، جەستە لە وشکبوونەوە دەپارێزێت و بەشێداری دەیهێڵێتەوە، بەمەش لێوەکانت وشک نابنەوە و ناقڵیشێن و تووشی خورانی لێوەکانیش نابیت.


سەرچاوەکان



687 بینین