زیادبوونی کێش لە زستاندا

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-28-20:55:00 - کۆدی بابەت: 10797
زیادبوونی کێش لە زستاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیادبوونی کێش لە زستاندا (بە ئینگلیزی: Weight gain in winter، بە عەرەبی: زيادة الوزن في الشتاء)، ئەمە حاڵەتێکی باوە کە لە ئەنجامی هەندێک هۆکار ڕوودەدات، وەکوو کەمبوونەوەی چالاکی و وەرگرتنی کالۆرییەکی زۆر بەتایبەتی لە بۆنەکاندا. زیادبوونی کێشێکی زۆر لە زستاندا دەکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستە دروست بکات و کار لە کوالێتی ژیان بکات. خۆشحاڵانە، دەتوانیت بە ئەنجامدانی چەند ڕێگایەک لە تەواوی ساڵەکەدا و لە هەموو وەرزەکاندا، کێشی لەشت بە هاوسەنگی بهێڵیتەوە و ڕێگری لە زیادبوونی بکەیت. بێگومان زیادبوونی کێش هۆکاری هەیە و دەشتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت، هەروەها ئەگەر حاڵەتەکە ڕوویدابێت، واتە ئەگەر کەسێک دووچاری زیادبوونی کێش بووبێتەوە، ئەوا دەتوانێت کێشی بۆ باری ئاسایی بگەڕێنێتەوە. 

هۆکارەکانی زیادبوونی کێش لە زستاندا

زیادبوونی کێش لە وەرزی زستاندا زۆر باوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، بەشێوەیەکی گشتی زیادبوونی کێش لە وەرزی پاییز و زستاندا زیاترە بە بەراورد بە وەرزی هاوین. بەزۆری کێشی لەش لە وەرزی زستاندا زۆر زیاد دەکات و بەپێچەوانەوە لە وەرزەکانی تردا وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، وەکوو: 

١. وەرگرتنی کالۆرییەکی زۆر

لە ئەمریکا و هەروەها زۆربەی وڵاتەکانی تری جیهان، زۆربەی بۆنە و ئاهانگەکان دەکەونە وەرزی زستانەوە. لەم ئاهەنگانەدا تەواوی ئەندامانی خێزانەکە کۆدەبنەوە و چەندین خۆراکی جۆراوجۆر ئامادە دەکرێت، کەواتە برێکی زۆر لە کالۆری وەردەگیرێت. لێکۆڵینەوەکان دەیانخستووە، هۆکاری سەرەکی زیادبوونی کێش لە زستاندا بریتییە لە زۆر وەرگرتنی کالۆرییەکی زۆر بەهۆی بۆنە و ئاهەنگەکانەوە. 

٢. گۆڕانی چالاکی جەستەیی 

بێجگە لەوەی زیاد وەرگرتنی کالۆری دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کەس لە وەرزی زستاندا چالاکییان کەمتر دەبێتەوە. کەمبوونەوەی چالاکی واتە ڕێژەیەکی کەمتر کالۆری لە تەواوی ڕۆژەکەدا دەسووتێنرێت، بەمەش کێشی لەش زیاد دەکات. دەشێت ئەمە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کورتبوونەوەی ڕۆژ ڕووبدات، لە ئەنجامدا کاتێکی کەمتر بۆ جووڵە دەمێنێتەوە.

لە ئەنجامی پێداچوونەوە بە ٢٦ لێکۆڵینەوەدا، کە نزیکەی ٩،٣٠٠ کەس بەشداریان کردووە و لە نێوان ١٨ وڵاتی جیاواز ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە چالاکی جەستەیی لە وەرزی هاویندا زۆرترین و لە وەرزی زستاندا کەمترین بووە، کەواتە کەسەکان لە وەرزی زستاندا چالاکییان کەمبووە و زیاتر ئارەزووی حەسانەوەیان کردووە. لەگەڵ ئەوەی کەمبوونەوەی جووڵە و چالاکیی ڕۆژانە یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کێش، بەڵام هۆکاری سەرەکی بریتییە لە وەرگرتنی کالۆری زیاد لە پێویست، واتە زیاتر لەو بڕەی جەستە پێویستێتی. 

٣. خەمۆکیی وەرزی (Seasonal affective disorder) 

ئەمە جۆرە خەمۆکییەکە، کە لە کاتێکی تایبەتی ساڵەکەدا ڕوودەدات، بەزۆری لە وەرزی زستاندا. خەمۆکیی وەرزی دەکرێت مامناوەند بێت یان کەسەکە زۆر بە تووندی تووش ببێت. هۆکاری سەرەکی ئەم خەمۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی هۆڕمۆنەکان و دەمارەگوێزەرەوەکان لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ڕووناکی و هەروەها گۆڕانی سووڕی خەو کە لە وەرزی زستاندا ڕوودەدات. نیشانەکانی خەمۆکیی وەرزی بریتیین لە:

  • کەمبوونەوەی وزەی جەستە بە شێوەیەکی نائاسایی. 
  • خەمباربوون 
  • ئارەزووکردنی خەوێکی زۆر 
  • زیادبوونی ئارەزووی خواردن 
  • ئارەزووکردنی ئەو خۆراکانەی شەکر و کاربۆهیدراتیان زۆرە. 

ئەو کەسانەی خەمۆکی وەرزییان هەیە، دەکرێت بەهۆی ئەم نیشانانەوە، لەوەرزی زستاندا دووچاری زیادبوونی کێش ببنەوە. 

ئایا دەتوانرێت لە زستاندا ڕێگری لە زیادبوونی کێش بکرێت؟

لەگەڵ ئەوەی زیادبوونی کێش زۆر باوە، بەڵام بەگشتی کەسەکە کێشێکی کەم زیاد دەکات. زیادبوونی چەند کیلۆیەکی کەم زیان بە تەندروستی جەستە ناگەیەنێت و پێویست بە نیگەرانی ناکات. بەڵام گوێنەدان بە زیادبوونی کێش، هەروەها زیادبوونی کێشی زیاتر تەنانەت لەدوای زستان ئەگەری تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی وەک نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات. هەروەها بەردەوام گۆڕانی کێشی لەش، بۆ نموونە زیادبوونی کێش لە زستاندا و دواتر دابەزاندنی کێش لە وەرزەکانی تردا، بە هەمان شێوە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو زیاد دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە هێشتنەوەی کێش بە تەندروستی بۆ تەواوی لەش گرنگە. خۆشحاڵانە، دەکرێت کێشی لەش لە زستاندا ڕێکبخرێت، بە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست و زیادبوونی چالاکی جەستەیی.

ڕێگاکانی هێشتنەوەی لەش بە تەندروستی 

بەزۆری زیادبوونی کێش لە زستاندا پەیوەندی بە زیاد وەرگرتنی کالۆرییەوە هەیە، بە تایبەتی لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا. خۆشحاڵانە دەتوانیت چێژ لە وەرزی زستان ببینیت و لە هەمان کاتدا کێشی لەشت بە تەندروستی بهێڵیتەوە، لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ئەم ڕێنماییانە:

١. گرنگی بە خۆراکی تەندروست بدە

ئاگاداربە چی جۆرە خۆراکێک بۆ خواردن هەڵدەبژێریت، نەک بە تەنها لە زستاندا بەڵکوو لە تەواوی ساڵەکەدا. زیاتر گرنگی بە دروستکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست بدە و هەوڵبدە لەگەڵ خۆراکەکانی تردا هاوسەنگی بکەیت. بۆ نموونە، هەوڵبدە لەگەڵ خواردنی ئەو خۆراکانەی ناتەندروستن گرنگی بە خۆراکە تەندروستەکانیش بدەیت، با بەشێکی خۆراکەکەت سەوزە و ڕیشاڵەکان بێت، یان ئەگەر ئارەزووی خۆراکێکی کالۆری بەرزت کرد، هەوڵبدە بڕێکی کەمی لێ بخۆیت تاکوو کاریگەری گەورە لەسەر جەستە جێنەهێڵێت. 

٢. بەردەوام چالاکبە

زۆربەی کەس لە زستاندا چالاکییان کەمترە بە بەراورد بە وەرزەکانی تر. دەشێت هۆکاری ئەمە بگەڕێتەوە بۆ کورتبوونەوەی ڕۆژ، کەشوهەوای سارد، خەمۆکیی وەرزی یان نەبوونی کاتی پێویست بۆ وەرزشکردن. چالاکبوون و جووڵەی پێویست بۆ تەندروستی گشتی جەستە پێویستە و یارمەتی هێشتنەوەی کێشی لەش دەدات. هەروەها ئەو کەسانەی خەمۆکیی وەرزییان هەیە، بە ئەنجامدانی وەرزش یان ڕاهێنانکردن خەمۆکییان کەم دەبێتەوە و وزەی جەستەیان زیاد دەکات. کەواتە هەوڵبدە، چالاکی وەک پیادەڕەوی، ڕاهێنان کردن یان مەلەکردن ئەنجام بدەیت. 

چەند ڕێگایەک بۆ دابەزینی کێش لە زستاندا

ئەگەر کێشت لە وەرزی زستاندا زیادیکردووە و دەتەوێت ئەو کێشە زیادەیە دابەزێنیت، چەند ڕێگایەک هەیە، دەتوانیت ئەنجامیان بدەیت. وەکوو:

- لە خواردنی خۆراکی ئامادەکراو  و خێرا دووربکەوە، زیاتر گرنگی بە خۆراکی سروشتی بدە. هەروەها هەوڵبدە ئەو خۆراکانەی دەیخۆیت، بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەند بێت، بەشێوەیەکی یەکسان گرنگی بە خواردنی سەوزە، پاقلەمەنی، میوە، چەرەسات، هێلکە و ماسی بدە.

- لە خواردنی ئەو خۆراکانەی شەکری دەستکردیان تێدایە، دووربکەوە، بەتایبەتی لە خواردنەوە گازییەکان. بێجگە لەوەی بەکارهێنانی شەکر دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی لەش، لەگەڵ ئەوەشدا زیان بە تەندروستی جەستە دەگەیەنێت. 

- لەکاتی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست و دابەزینی کێشدا، هەموو جۆرە خۆراکێک سنووردار مەکە. دەکرێت هەندێک خۆراک هەبێت زۆر ئارەزووی بکەیت بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر خۆت بەدوور بگریت، کە ئەمەش شتێکی هەڵەیە، چونکە دەشێت بۆ جاری داهاتوو زۆر زیاتر لەو خۆراکە وەربگریت بە هۆکاری ئەوەی ماوەیەکی زۆرە نەتخواردووە. 

- گرنگی بە تەندروستی جەستەشت بدە، نەک بە تەنها دابەزینی کێش. ئەو کەسانەی لەبەر تەندروستی گشتی خۆیان هەوڵی دابەزینی کێش دەدەن، بۆ ماوەیەکی زیاتر لەسەر ئەو جۆرە پلانە دەمێننەوە و کەمتر بێزار دەبن.

- بەردەوام چالاکبە و جووڵەبکە، هەوڵبدە هەندێک خووی وەکوو پیادەڕەوی یان هەر جۆرە چالاکییەکی تر کە ئارەزووی دەکەیت، بکەیت بە بەشێک لە ژیانت.


سەرچاوەکان



263 بینین