ئەمریکای ناوەڕاست

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-06-22:18:00 - کۆدی بابەت: 10850
ئەمریکای ناوەڕاست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

ئەمریکای ناوەڕاست یان ئەمریکای ناوین یاخود ئەمریکای ناوەندی (بە عەرەبی: أمريكا الوسطى، بە ئینگلیزی: Central America) ناوچەیەکی جوگرافییە و دەکەوێتە ناوەڕاست و ناوەندی هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور بەو هۆیەشەوە پێی دەوترێت ئەمریکای ناوەڕاست، بە دیاریکراوی درێژدەبێتەوە لە مەکسیکەوە تاکوو دەگاتە وڵاتی کۆڵۆمبیا، لەڕووی جوگرافییەکەیەوە بە باشووری کیشوەری ئەمریکای باکوور ناوزەد دەکرێت و بە بەشێکی سەر ئەو کیشوەرە دادەنرێت، هەریەک لە وڵاتانی پەنەما، کۆستەریکا، نیکاراگوا، هیندۆراس، سلڤادۆر، گواتیمالا و بلیز لەخۆدەگرێت، هەروەها بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەکە وڵاتی مەکسیک و بلیز سەر بە ئەمریکای ناوەڕاستە و ژمارەی وڵاتەکانی ئەمریکای ناوەڕاست بە هەشت وڵات دادەنێن، بەڵام پێناسەی یەکێتی ئەورووپا دژی ئەو بڕیارەن و ڕەتیدەکەنەوە کە هەریەک لە وڵاتی مەکسیک و وڵاتی بلیز سەر بە ئەمریکای ناوەڕاست بێت و ژمارەی وڵاتەکانی ناوچەکە بە شەش وڵات پێناسە دەکەن.

بەپێی سەرژمێرییەکان ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکای ناوەڕاست بە نزیکەی ٤٤٫٥ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت. ڕووبەری ناوچەکە بە ٥٠٨ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێندرێت و درێژییەکەی بە ١٨٤٢ کیلۆمەتر مەزەندە کراوە.

شوێنی جوگرافی

دەریای کاریبی سنووری ئاوی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە پێکدەهێنێت، هەروەها کەنداوی مەکسیک لە باکوورییەوەیە و هاوکات زەریای هیندیش دەکەوێتە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوای ناوچەکەوە.

ئەمریکای ناوەڕاست کەوتووەتە نێوان هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور بۆیە بە ڕێگای سەرەکی نێوان هەردوو کیشوەرەکە دادەنرێت و ڕێگایەکی سەرەکی خێرا هەیە هەردوو کیشوەرەکە بە یەکەوە دەبەستێەوە، لە ئەوپەڕی باکووری ئەمریکای باکوور لە ئالاسکاوە دەست پێدەکات تاکوو ئەوپەڕی ئەمریکای باشوور لە ئەرجەنتین کۆتایی دێت، لە ناوچەی پەنەما تا دەگاتە کۆڵۆمبیا ڕێگەکە بڕاوە و بەو ناوچەیە دەوترێت "بۆشایی دارین" لەو شوێنە هیچ ڕێگەیەکی وشکانی نییە، چونکە دارستانی چڕی باراناوی تێدایە و چەندان جار ویستراوە ڕێگەکە تەواو بکرێت بەڵام لەلایەن دانیشتووان و گرووپە توندڕەوەکانەوە ڕێگری کراوە.

مێژووی ناوچەکە

ئیمپراتۆرییەتی مایا کە بە یەکێک لە کۆنترین ئیمپراتۆرییەکانی جیهان دادەنرێت بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاستەوە دەرکەوتووە. دێرینترین نیشینگەی شارستانییەتی مایا دەگەڕێتەوە بۆ ١٨٠٠ پێش زایین. هەروەها لە چاخی پێش کۆڵۆمبی و دوای کۆلۆمبۆس ئەمریکای ناوەند بوونی هەبووە. لە سەدەی شازدەیەمەوە داگیرکارییەکانی ئیسپانیا بۆ سەر ناوچەکانی ئەمریکای ناوەندی دەستی پێکرد، هەموو ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاست کەوتنە ژێر داگیرکارییەکانی ئیسپانیا جگە لە وڵاتی بلیز کە وەکوو کۆمارێکی جیای ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی بەریتانیای ئینگلیزەوە داگیر کرا.

لە ساڵی ١٨١١ جووڵانەوە ئازادیخوازەکان لە وڵاتی کۆستەریکاوە دەرکەوتن و بە پلەبەندی زۆرێک لە وڵاتانی داگیرکراوی ناوچەکە سەربەخۆییان لە دەسەڵاتی ئیسپانیا وەرگرت. لە ساڵی ١٨٢٣ هەریەک لە وڵاتانی گواتیمالا، سلڤادۆر و کۆستەریکا و نیکاراگوا و هیندۆراس لەژێر ناوی کۆماری ئەمریکای ناوەڕاستی فیدڕاڵ یەکیان گرت و بوونە کۆمارێکی فەرمی جیهان، بەهۆی یەکگرتنی ئەو وڵاتانەوە جەنگی ناوخۆ لەنێوان لیبڕالییە ئازادیخوازەکان و پارێزکارە پەیوەستبووەکان بە ئایینەوە لە ناوچەکەدا هەڵگیرسا، بۆیە لە ساڵی ١٨٤٠ دوای ١٢ ساڵ کۆمارەکە هەڵوەشایەوە و شکستی هێنا.

وڵاتەکانی ئەمریکای ناوەڕاست 

لە ڕووی جوگرافییەوە ئەمریکای ناوەڕاست لە حەوت وڵات پێکهاتووە، کە بریتیین لە:

  • پەنەما
  • کۆستەریکا
  • گواتیمالا
  • بلیز
  • هیندۆراس
  • نیکاراگوا
  • سلڤادۆر

نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەکسیک بە هەشتەم وڵاتی ناوچەکە دادەنێن، بەڵام یەکێتی ئەورووپا بەپێچەوانەی ئەوان مەکسیک و بلیز لە ناوچەکە دادەبڕێنن و وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست بە شەش وڵات پێناسە دەکەن. لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە وڵاتی گواتیمالا لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەترین وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاستە و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ١٨ ملیۆن کەس خەمڵێندراوە.

لەڕووی ڕووبەرەوە وڵاتی سلڤادۆر بچووکترین وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاستە و بەڵام چڕی دانیشتووان تێیدا بەرزترینە، بە جۆرێکە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٦٫٤ ملیۆن کەسە بە تێکڕای چڕی ٤٠٠ کەس بۆ هەر کیلۆمەترێکی دووجا. وڵاتی کۆستەریکا لەڕووی سیاسییەوە بە ئارامترین وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاست دیاریکراوە و تەنانەت وڵاتەکە سوپای هەمیشەیی نییە. لەڕووی زمانەوانییەوە بلیز تاکە وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاستە کە دانیشتووانەکەی بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، زمانی ئیسپانی و زمانی ئینگلیزی و زمانی نیشتمانی و زمانی گەلانی مایا ناودارترین زمانن کە لە ناوچەکەدا باون.


سەرچاوەکان



634 بینین