ئارکانساس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-06-23:45:00 - کۆدی بابەت: 10938
ئارکانساس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئارکانساس (بە ئینگلیزی: Arkansas، بە عەرەبی: أركنساس)، ویلایەتێکی بێ کەنارە لە باشووری ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی تێنسی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میسیسیپی، لە باشوورەوە لەگەڵ لویزیانا و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ویلایەتەکانی تەکساس و ئۆکلاهۆمادا هاوسنوورە. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٢٩ـیەم گەورەترین ویلایەت و ٣٤ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا کەمێک زیاترە لە ٣ ملیۆن کەس بوو. هەروەها پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکە لیتل ڕۆکە، کە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی ویلایەتەکە و ناوەندێکی گواستنەوە، بازرگانی، کولتوور و حکوومەتە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی ئارکانساس ١٣٧,٧٣٢ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٣٤,٧٧١ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٢,٩٦١ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٢,١٥٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢١,٨ کەس و لە پلەی ٣٤ـی وڵاتدا بوو.

مێژوو

ویلایەتی ئارکانساس پێشتر بەشێک بوو لە لویزیانای فەڕەنسا و لە ١٥ـی حوزەیرانی ١٨٣٦ـدا وەک ٢٥ـەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا. لە ڕابردوودا زۆربەی زۆری دێلتای ئارکانساس بۆ چاندنی لۆکە بەکارهاتبوو و خاوەن زەویەکانی ئەوێ بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە هێزی کاری ئەمریکییە ئەفریقییەکان بەست. لە ساڵی ١٨٦١ـدا، ئارکانساس لە ئەمریکا جیابووەوە و لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا پەیوەندی بە ویلایەتە کۆنفیدڕاڵییەکانی ئەمریکاوە کرد. لە کاتی گەڕانەوەی بۆ یەکێتییەکه لە ساڵی ١٨٦٨، ئارکانساس لەڕووی ئابوورییەوە بەردەوام لەزیاندا بوو چونکه بەتەواوی پشتی بە ئابووری کێڵگە گەورەکان بەستبوو، لۆکە وەکوو بەرهەمی پێشەنگ مایەوە و ڕێژەی کڕین و فرۆشتنی لۆکە کەم بووەوە. لەبەر ئەوەی جووتیاران و بازرگانان لەسەر بەرهەمی هەمەچەشن کاریان نەدەکرد و وەبەرهێنانی پیشەسازی کەم بوو، بۆیە ویلایەتەکە لە دەرفەتی ئابووریدا دواکەوت. دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵانی چلەکاندا، وردەوردە ئابووری ئارکانساس هەمەچەشن بوو و ویلایەتەکە بووژایەوە. لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا، ویلایەتەکە بوو بە بنکەی کۆمپانیای وۆڵمارت. پاشان و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئابووری ویلایەتی ئارکانساس پشتی بە کەرتەکانی پیشەسازی خزمەتگوزاری، فڕۆکە، پەلەوەر، پۆڵا و گەشتیاریی دەبەست، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمە کشتوکاڵییە گرنگەکانی ویلایەتەکە لۆکە، پاقلەی سۆیا و برنجن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئارکانساسی لە یەکی تەممووزی ٢٠١٩دا بە ٣,٠١٧,٨٠٤ کەس مەزەندەکرد. ئەم ژمارەیە لە دوای سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٣,٤٩٪ زیادیکردووە. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە گەشتە ٣,٠١١,٥٢٤ کەس.

ژمارەی دانیشتووانی ئارکانساس لە کەمتر لە ١٥,٠٠٠ کەس لە ساڵی ١٨٢٠ـەوە بۆ ٥٢,٢٤٠ کەس لە ساڵی ١٨٣٥ـدا گەشەی کرد. دوای بەدەوڵەتبوونی ئارکانساس لە ساڵی ١٨٣٦ تا سەرژمێری ساڵی ١٨٧٠ ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە هەر دەیەیەکدا دوو هێندە زیادی کرد. ویلایەتەکە لە هەر دەیەیەکی یەک لە دوای یەکدا گەشەی تۆمارکرد، بەڵام لە سەدەی بیستەمدا گەشەی دانیشتووانەکەی وردەوردە خاو بووەوە. لە سەرژمێرییەکانی ساڵی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئارکانساس بەهۆی دەرەکۆچەوە کەمیکرد، ئەم دەرەکۆچەش لە ئەنجامی بەمەکینەکرانی کێڵگە، کەمبوونەوەی خواستی هێزی کار و کۆچی گەنجانی خوێندەوار بۆ دەرەوەی ویلایەتەکە بەهۆی نەبوونی پیشەسازیی ناکشتوکاڵی لە ویلایەتەکەدا. پاشان ئارکانساس دیسانەوە دەستی بە گەشەکردن کرد و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨٠ دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاند.

ڕەگەز و نەتەوە

پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی ویلایەتی ئارکانساس لە ساڵی ٢٠١١ـدا بەمشێوەیە بوو، ٨٠,١٪ سپی پێست (٧٤,٢٪ سپی پێستی ناهیسپانی)، ١٥,٦٪ ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی، ٠,٩٪ هیندی ئەمریکی و خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا، ١,٣٪ ئاسیایی و ١,٨٪ ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیسپانییەکان یان لاتینیەکانی تر ٦,٦٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو.

ئەمریکییە ئەوروپییەکان لە باکووری ڕۆژاوای ئۆزارک و بەشی ناوەندی ئارکانساس و ئەمریکییە ئەفریقییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکەدا نیشتەجێن. هەروەها ئەو دانیشتووانەی کە بە ڕەچەڵەک ئێرلەندی، ئینگلیزی و ئەڵمانین زیاتر لە ئەوپەڕی باکووری ڕۆژاوای ئۆزارک، لە نزیک سنووری میزۆریدا دەدۆزرێنەوە. بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٠ ڕەچەڵەکە سەرەکییەکانی دانیشتووانی ویلایەتی ئارکانساس ئەمانەی خوارەوە بوون:

  • ئەمریکییە ئەفریقییەکان: ١٥,٥٪
  • ئێرلەندی: ١٢,٣٪
  • ئەڵمانی: ١١,٥٪
  • ئەمریکی: ١١٪
  • ئینگلیزی: ١٠,١٪
  • مەکسیکی: ٤,٧٪
  • فەڕەنسی: ٢,١٪
  • سکۆتلەندی: ١,٧٪
  • هۆڵەندی: ١,٧٪
  • ئیتاڵی ١,٦٪
  • سکۆتلەندی-ئیرلەندی: ١,٤٪

زۆربەی ئەو کەسانەی لە ویلایەتەکەدا خۆیان بە "ئەمریکی" دەناسێنن بە ڕەچەڵەک ئینگلیزی و/یان سکۆتلەندی-ئێرلەندین. خانەوادەی ئەمانە لەمێژ و پێش بەویلایەتبوونی ئارکانساس لە ناوچەکەدا ژیاون، بۆیە ڕەچەڵەکی خۆیان بە ئەمریکی دەناسێنن، لە ڕاستیدا هەندێکیشیان زانیاریان دەربارەی ڕەچەڵەکی خۆیان نییە. مێژووی ڕەچەڵەکیان بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ کۆلۆنی ١٣ و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش زۆربەیان ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ڕەچەڵەکیان ئەمریکییە. زۆرێک لەوانەشی کە ڕەچەڵەکی خۆیان بە ئێرلەندی دەناسێنن لە بنەچەدا سکۆتلەندی-ئیرلەندین.

زمان

بەپێی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨، ٩٣٫٨٪ـی دانیشتووانی سەروو تەمەن پێنج ساڵی ویلایەتی ئارکانساس لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی، نزیکەی ٤٫٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ماڵەوە بە زمانی ئیسپانی قسەیان کرد. هەروەها نزیکەی ٠٫٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە زمانێکی تری هیندۆئەورووپی، نزیکەی ٠٫٨٪ـی دانیشتووان بە زمانێکی ئاسیایی و ٠٫٢٪ـی دانیشتووانی ئارکانساس بە زمانەکانی تر قسەیان کرد.

ئایین

ئارکانساس وەکوو زۆربەی ویلایەتەکانی تری باشووری ئەمریکا بەشێکە لە پشتێنەی کتێبی پیرۆز و زۆربەیان پرۆتستانتین. گەورەترین گرووپی ئایینی بەپێی ژمارەی لایەنگران لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، کۆبوونەوەی باپتیستی باشوور لە پلەی یەکەمدا بوو و ٦٦١,٣٨٢ لایەنگری هەبوو؛ ٦٦١،٣٨٢؛ پاشان کڵێسای یونایتد میتۆدیست بە ١٥٨,٥٧٤ لایەنگرەوە لە پلەی دووەم، پرۆتستانتی ئینجیلی نائایین بە ١٢٩,٦٣٨ لایەنگرەوە لە پلەی سێیەمدا بوو؛ دواتر کڵێسای کاسۆلیکی و مۆرمۆن دێن کە یەکەمیان ١٢٢,٦٦٢ لایەنگر و دووەمیان ٣١,٢٥٤ لایەنگری هەبوو. هەندێک لە دانیشتووانی ویلایەتەکە پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی ترن، وەک ئیسلام، جوولەکە، ویکا/پاگانیزم، هیندۆسی، بوودی و هەندێکیشیان سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ئارکانساس بەم شێوەیە بوو:

  • پرۆتستانت: ٧٠٪
  • بێ ئایین: ١٨٪
  • کاسۆلیکی: ٨٪
  • موسڵمان: ٢٪
  • مۆرمۆن: ١٪
  • ئایینەکانی تر: ١٪

کەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتی ئارکانساس بەگشتی نیمچە خولگەیی شێدارە. هەرچەندە ئارکانساس لەگەڵ کەنداوی مەکسیکدا هاوسنوور نییە، بەڵام ئەوەندە نزیکە لە تەنە ئاوە گەرم و گەورەکەی تا کاریگەری لەسەر کەشوهەوای ویلایەتەکە هەبێت. بە شێوەیەی گشتی هاوینی ویلایەتەکە گەرم، شێدار و کەمێک وشکترە، زستانی مامناوەند تا فێنکە. لە لیتڵ ڕۆکی پایتەخت و لە مانگی تەممووزدا، تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی ڕۆژانە لە دەوروبەری ٣٤ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرما لە دەوروبەری ٢٣ پلەی سەدیدای. لە مانگی کانوونی دووەمدا تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی لە دەوروبەری ١١ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی لە دەوروبەری سفر پلەی سەدیدایە. لە بەشی باکووری ڕۆژاوای ویلایەتەکە، تێکڕای پلەی گەرمی بەرز و نزم لە مانگی تەممووزدا ٣٢ و ١٩ پلەی سەدیە و تێکڕای پلەی گەرمی بەرز و نزم لە مانگی کانوونی دووەمدا ٧ و ٥ پلەی سەدییە.

ساڵانە بە تێکڕایی لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا لە نێوان ١,٠٠٠ بۆ ١,٥٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت؛ بەشی باشووری ویلایەتەکە تا ڕادەیەک باراناویترە و بەشی باکوور وشکترە. لەگەڵ ئەوەشدا، بارینی بەفر شتێکی دەگمەنە بەڵام لە نیوەی باکووری ویلایەتەکەدا زۆر باوە. هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ئارکانساس ٤٩ پلەی سەدیە کە لە ١٠ـی ئابی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا؛ نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٤- پلەی سەدیە کە لە ١٣ـی شوباتی ١٩٠٥ـدا تۆمارکرا.

ئارکانساس بە کەشوهەوای توند و باوبۆرانی بەردەوام ناسراوە. لە ساڵێکی ئاساییدا هەریەک لە ڕەشەبای بروسکاوی، گەردەلوول، تەرزە، بەفر و زریان لە ویلایەتەکەدا ڕوو دەدەن. هەروەها ویلایەتەکە دەکەوێتە کۆڵانی گەردەلوولەوە و چەند گەردەلوولێکی وێرانکەر لە مێژووی ئەمریکادا لەم ویلایەتەدا ڕوویانداوە.


سەرچاوەکان



276 بینین