سندووقی فریاگوزاری

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-11-22:45:00 - کۆدی بابەت: 10971
سندووقی فریاگوزاری

ناوه‌ڕۆك

سندووقی فریاگوزاری چییە؟

فەندی فریاگوزاری، سەرمایەی باری لەناکاو، سەرمایەی فریاگوزاری یان پارەی فریاگوزاری (بە ئینگلیزی: Emergency Fund، بە عەرەبی: صندوق الطوارئ) زاراوەی سندووقی فریاگوزاری ئاماژەیە بۆ ئەو پارەیەی کە لە شوێنێکدا هەڵگیراوە و خەڵک دەتوانن لە کاتی تەنگانەی داراییدا بەکاریبهێنن. ڕووداوەکانی وەک لەدەستدانی کار، نەخۆشی، یان قەیرانی ئابووری نموونەی ئەو کاتەن کە زۆرێک لە تاکەکان پێویستیان بە بەکارهێنانی سندووقی فریاگوزاری خۆیان بۆ بەردەوامبوون دەبێت.

بەم شێوەیە ئامانجی سەرەکی سندووقەکە دابینکردنی خەرجییە فریاگوزارییەکانە لە کاتی بارودۆخی پێشبینینەکراودا. بەم کارە پێویستی قەرزکردن بە ڕێژەیەکی بەرزی سوود یان بەکارهێنانی پارەی خانەنشینی کەمدەکاتەوە.

سەروەت و سامانەکانی ناو سندووقی فریاگوزاری زیاتر پارەی کاشن. ئەمەش ئەو پێویستییە کەمدەکاتەوە کە یان سوود لە بژاردەی قەرزی سوودی بەرز وەربگریت، وەک کرێدیت کارت یان قەرزی بێ زەمانەت، یان ناچاربوون بە بەکارهێنانی سندووقەکانی خانەنشینی کەمدەکاتەوە.

تێگەیشتن لە سندووقەکانی فریاگوزاری

کاتێک سندووقی فریاگوزاری دادەنێیت مەبەست لێی بەکارهێنانە لە کاتی سەخت و تەنگانەدا، ئەمەش لەدەستدانی کارەکەت، نەخۆشییەک، قەیرانی ئابووری یان چاککردنەوەی گەورەی ماڵەکەت یان ئۆتۆمبێلەکەت دەگرێتەوە. 

باشترین قەبارە بۆ سندووقی فریاگوزاری پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، لەوانە دۆخی دارایی، خەرجییەکان، شێوازی ژیانت و قەرزەکانت. زۆرێک لە ڕاوێژکارە داراییەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەوەندە پاشەکەوت بکەیت کە بتوانیت لە سێ بۆ شەش مانگ خەرجییەکانتی پێ دابین بکرێت، ئەمەش دەتوانێت لە بەرگەگرتنی پارەیەکی کەمی چاودێری تەندروستی یان کاتێکی کورتی بێکاری یارمەتیت بدات.

بەڵام هەندێک لە شارەزایان قسە لەسەر سندووقێکی قورستر دەکەن. بۆ نموونە، سوزی ئۆرمان پێشنیاری سندووقێکی فریاگوزاری دەکات کە بتوانێت بۆ ماوەی هەشت مانگ خەرجییەکانت بەڕێوەببات.

ڕەنگە بارودۆخی تاکەکەسی ئاستی ئەو پاشەکەوتە تایبەتە دیاری بکات کە تۆ ئاسوودەیت لەگەڵیدا. بۆ نموونە، کەسێکی گەورە کە منداڵی نییە، ڕەنگە بە بەڕێکردنی سێ مانگی خەرجییەکانی ڕازی بێت، لە کاتێکدا کەسێک بۆ بژێوی ژیانی تەواوی خێزانێک ڕەنگە بیەوێت بەشی ئەوە پاشەکەوت بکات کە نیو ساڵ یان زیاتر پێی بژین.

ئەگەر بژێوی ژیانت بەندە بە مووچەیەکی دیاریکراوەوە، لەوانەیە بتەوێت بە پاشەکەوتێکی کەمتر دەست پێ بکەیت، وەکوو دانانی ٢٪ـی داهاتەکەت بۆ سندووقی فریاگوزاری، پاشان دەتوانیت هەر چەن مانگ جارێک ئەو ڕێژەیە زیاد بکەیت.

سوودەکانی سندووقی فریاگوزاری

دروستکردنی سندووقی فریاگوزاری ئەم سوودانە پێشکەش دەکات:

ئاستی دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە: لەژێر کاریگەری بارێکی لەناکاودا، وەک لەدەستدانی لەناکاوی کار، کێشەی ئۆتۆمبێل، یان چاککردنەوەی چاوەڕواننەکراوی ماڵ، ئەم جۆرە ڕووداوانە مەترسی دارایی دروست دەکەن، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی فشار. تاکەکان دەتوانن مانگانە بڕە پارەیەک لە خۆیان بگرنەوە، ئەمەش لە کاتی کۆبوونەوەی پارەکە ئارامییەکیان پێ دەبەخشێت کە دەکرێت لە هەر بارێکی لەناکاودا بەکاری بهێنن. 

هانی ڕەفتاری پاشەکەوتکردن دەدات: دروستکردنی سندووقێکی فریاگوزاری، پاڵنەرێکە بۆ تاکەکان بۆ پاشەکەوتکردن و کەمکردنەوەی خەرجکردنی پارەکانیان بۆ کاڵای بێبایەخ، وەکوو کاڵای کات بەسەربردنەکان لە تەلەفزیۆنەکانەوە تا یارییە ڤیدیۆییەکان.

دوور کەوتنەوە لە قەرزی خراپ: بە سندووقی فریاگوزاری، تاکەکان پێویست ناکات تەنانەت بیر لە بەکارهێنانی قەرز بکەنەوە، وەک کرێدیت کارت بە سوودی بەرز بۆ دابینکردنی خەرجی پێداویستییەکانیان. بەهۆی ڕەفتاری نابەرپرسیارانە، بەکارهێنانی ئەم جۆرە قەرزە دەتوانێت ببێتە هۆی پارەدانی زیاتر کە بەهۆی سوودی زیادە و کرێ و سزای زیاتری گشتییەوە دروست دەبێت.

کەموکورتییەکانی سندووقەکانی فریاگوزاری

کەموکورتییەکانی هێشتنەوەی سندووقی فریاگوزاری بریتین لەمانەی خوارەوە:

کەمکردنەوەی پاشەکەوتی خانەنشینی: بە زیادکردنی پارە بۆ سندووقی فریاگوزاری، بژاردەی تەرخانکردنی هەر پارەیەکی زیادە بۆ لایەنەکانی تر کەمدەکاتەوە، وەک پاشەکەوتی خانەنشینی یان دانی قەرزی خانووبەرە. بەم شێوەیە سندووقەکانی فریاگوزاری ئەگەری گەیشتن بە ئامانجە داراییەکانی تر کەم دەکەنەوە.

تێچووی دەرفەتی وەبەرهێنان: بەهای پارە ئێستا بەهای زیاترە لەوەی لە داهاتوودا هەیە. بە زیادکردنی پارە بۆ سندووقی فریاگوزاری، تاکەکان هەلی وەرگرتنی داهاتێکی زیاتر کەم دەکەنەوە بە وەبەرهێنان لە بازاڕی بۆرسە و وەبەرهێنانەکانی تر. بەم شێوەیە سندووقەکانی فریاگوزاری دەستبەرداری دەرفەتی بەکارهێنانی پارەی مرۆڤ دەبن بۆ بەدەستهێنانی سامانی زیاتر و وەبەرهێنان.

چۆن سندووقی فریاگوزاری دروست بکەین؟

زوو دەستپێکردن کلیلی دامەزراندنی سندووقی فریاگوزارییە، چونکە یارمەتیت دەدات زووتر لە بەرانبەر بارە فریاگوزارییە چاوەڕواننەکراوەکان کە دەکرێت لە دواتردا لە ژیاندا ڕووبدەن ئاسوودەتر بیت.

 دەستپێکردنی  سندووقەکانی فریاگوزاری تاڕادەیەک ئاسانە. بۆ نموونە مانگانە بڕە پارەیەک کە پێی ئاسوودەیت لە مووچەکەت تەرخان بکە. خەرجییەکانی ژیانت بۆ ماوەیەکی گونجاو هەژمار بکە، پاشان ئەوە بۆ سندووقێکی فریاگوزاری بکەرە ئامانج. دواتر دەتوانیت بەشێک لە مووچەکەت پاشەکەوت بکەیت، کاتێک سندووقەکە دروست بوو، پاشەکەوتی زیادە بۆ ئامانجە درێژخایەنەکان یان ئامانجەکانی تر وەبەربهێنە، وەکوو پارەی پێشەکی بۆ گرێبەستی خانووبەرە. 

ڕەنگە هەندێک کەس بیانەوێت بە کڕینی ئۆتۆمبێلێک سندووقی فریاگوزاری دروست بکەن، لە کاتێکدا هەڵگرتنی پارە لە هەژماری پاشەکەوتدا ڕێگەیەکی سەلامەتترە. بەڵام ڕێگەی تاڕادەیەک پارێزراوی تر هەیە بۆ هەڵگرتنی بەشێک لە سندووقی فریاگوزاری کە توانای بەدەستهێنانی سوودی زیاتر پێشکەش دەکەن، ئەمانەش بریتین لە هەژماری پاشەکەوتی سوودی بەرز، هەژماری بازاڕی پارە و بەڵگەنامەی پارە دانانی بێ سزا، کە پارە لە پاشەکەوتکەران وەرناگرن ئەگەر پێش بەرواری پێگەیشتن پێویستیان بە دەرهێنانی پارەکانیان بێت.

گونجاوە سندووقێکی فریاگوزاری دروست بکەیت پێش ئەوەی خۆت بخەیتە ناو وەبەرهێنانی ناجێگیر وەکوو پشکەکانەوە، چونکە بەدەستهێنانی پارە لە وەبەرهێناندا ناجێگیرە و توانای گەشەکردنی درێژخایەنە، دەکرێت ڕووداوێک بێتە ئاراوە و پێویستت بە پارەی تر بێت.

نموونەی سندووقی فریاگوزاری

لێرەدا نموونەیەکی گریمانەیی دەخەینەڕوو کە چۆنیەتی کۆکردنەوەی سندووقی فریاگوزاری نیشان دەدات. با بڵێین دوو هاوسەر خەرجی مانگانەیان هەیە کە کۆی گشتی ٥٠٠ دۆلارە. ئەمەش پارەی خانووبەرە و پارەی خۆراک و پارەی ئۆتۆمبێل و خەرجییە پێویستەکانی تری هاوسەران دەگرێتەوە. بە بەکارهێنانی یاسای سێ مانگی، ئەو دوو هاوسەرە پێویستە لانیکەم ١٥٠٠ دۆلار یان ٣٠٠٠ دۆلار بۆ ماوەی شەش مانگ و ٤٠٠٠ دۆلار بۆ ماوەی هەشت مانگ بۆ چارەسەرکردنی هەر بارگرانییەکی دارایی چاوەڕواننەکراو تەرخان بکەن، بۆیە پێوسیتە دەست بکەن بە دروستکردنی سندووقێکی فریاگوزاری کە پێویستییەکانی ئەو چەند مانگەیان لە کاتی بارگرانیدا پڕ بکاتەوە.

پێویستە چەندت لە سندووقی فریاگوزاریدا هەبێت؟

بڕە پارەکە بەپێی خەرجییەکانی ژیانت دەگۆڕێت، بەڵام یاسای گشتی ئەوەیە کە ئەوەندە پاشەکەوتت هەبێت سێ بۆ شەش خەرجییەکانت پڕ بکاتەوە.

چۆن دەتوانم سندووقی فریاگوزاری دروست بکەم ئەگەر بە پارەی مووچە بژیم؟

ئاسان نابێت، بەڵام لەبری ئەوەی نیگەران بیت لە بڕی پاشەکەوتی کۆتاییت، بڕیار بدە لەسەر ڕێژەیەک کە بتوانیت پاشەکەوتی بکەیت، دەتوانێت ١٪ یان ٢٪ـی مووچەکەت بێت. گرنگ ئەوەیە کە لە هەر ڕۆژێکی مووچەدا بڕە پارەیەکی دیاریکراو پاشەکەوت بکەیت و دەستی لێ نەدەیت تا پارەکە کۆدەبێتەوە.


سەرچاوەکان



395 بینین