پردی دەلال

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-14-22:18:00 - کۆدی بابەت: 11004
پردی دەلال

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنەکەی

پردی دەلال یان پرا دەلال یاخود پردی مەزن (بە عەرەبی: جسر دلال، بە ئینگلیزی: Delal Bridge) شوێنەوار و هێمایەکی مێژوویی کوردستانە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەندی شاری زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک، پردەکە ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی دهۆکەوە دووره و لەسەر ڕووباری خابوور بنیاتنراوە و هەردوو بەشی زاخۆ پێکەوە دەبەستێتەوە.

مێژووی پردی دەلال

مێژووی پردی دەلال دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا، چەند بۆچوونێکی جیاواز سەبارەت بە مێژووی دروستکردنی پردی دەلال بوونی هەیە، یەکەمیان بۆچوونێکە کە بنیاتنان و دروستکردنی پردەکە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانییەکان و ڕۆمانییەکان بە بنیاتنەری پردەکە دادەنێت، چونکە شێواز و دیزاینی پردەکە لە شێوازی ئەندازیاری و تەلارسازی ڕۆمانەکانەوە نزیکە.

بۆچوونێکی تریش بوونی هەیە کە مێژووی بنیاتنانی پردەکە دەگێڕنەوە بۆسەردەمی ئیسلامی و بە دیاریکراوی سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان و ئەوان بە بنیاتنەری پردی دەلال دادەنرێن. لە ڕابردوودا پردەکە بە چەند ناوێک ناودار بووە، بە پردی مەزن یان پردی عەباسکی ناوزەد کراوە، لە ساڵی ١٩٠٩ بە فەرمی ناوی پردەکە کرا بە پردی خابوور، بەڵام لەناو خەڵکیدا پردەکە هەر بە "پردی دەلال" ناسراوە و کە واتای جوانی یان شۆخی دەبەخشێت.

لە ئێستادا چەند جارێک پردەکە نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام لەسەر شێوازە کۆنەکەی نۆژەنکراوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ستایل و شێوە کۆنەکەی نەکراوە و بۆیە پردەکە مەترسی لەناوچوون و ڕووخانی لەسەر نییە. هاوکات چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاریی کەرتی تایبەتیش لە نزیک پردەکە دروستکراون، بەوهۆیەوە لە ئێستادا پردی دەلال بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ لە زاخۆ و دهۆک، ساڵانە گەشتیاری زۆر لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان و عێراق سەردانی دەکەن.

چەند ڕووداوێک کە کاریگەری لەسەر پردەکە هەبووە

  • لە ساڵی ١٨٣٣ لەکاتی داگیرکارییەکانی عوسمانییەکان بۆ سەر ناوچه کوردییەکان، پاشا میر محەمەدی ڕەواندزی بەشی سەرەوەی پردەکەی ڕووخاند تاکوو ڕێگری لە سوپای عوسمانییەکان بکات.
  • لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای داگیرکردنی زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق لەلایەن هێزەکانی بەریتانیاوە، کاتێک بەریتانییەکان ویستیان زاخۆ داگیر بکەن ماددەی تی ئێن تییان لەسەر پردەکە دانا و ویستیان بە تەواوی خاپووری بکەن، بەڵام هێزە عوسمانییەکان ڕێگر بوون لە تەقاندنەوەی پردەکە، دوای شەڕ شوێنەوار و ماددەکان هەر لەسەر پردەکە مانەوە تاکوو لە ساڵی ١٩٥٥ شوێنەواری ماددەکان لێکرانەوە و نۆژەن کرایەوە.
  • لە ساڵی ١٩٦٩ بەهۆی لافاوێکی بەهێزەوە بەشی باکووری پردەکە ڕووخا و زیانی پێگەیشت.

شێوازی تەلارسازی پردەکە

درێژی پردەکە ١١٤ مەترە و پانییەکەی ٤٫٧٠ مەترە و بەرزییەکەی لەسەر ڕووباری خابوورەوە ١٥٫٥٠ مەترە. لە ناوەڕاستەوە پردەکە ١٨ مەتر لەسەر ئاستی ئاوەکەوە بەرزە و پێنج کەوانە لە ناوەڕاستی پردەکە بوونیان هەیە و هەر کەوانەیەکیش بە ستوونێکی بەهێز پاڵپشتی کراوە، کەوانە و ستوونەکان لە کاتی لافاودا پارێزگارییان لە ڕووخانی پردەکە کردووە، هاوکات ڕێگرییان لە هەڵگیرسانی لافاو کردووە لە ناوچەکە.

بە گشتی پردەکە لە چەند جۆرە بەردێکی ڕەقی قەبارە گەورەی مەیلەو ڕەنگی زەرد بنیاتنراوە، هەروەها چەند پێکهاتەیەکی تر لە دروستکردنی پردەکەدا هەیە وەکوو خۆڵ و کلس و ئاسن. بەشی سەرەوەی پردەکە بە بەرد ڕووپۆش کراوە، چونکە لە ڕابردوودا بۆ هاتوچۆى پیاده‌ى خه‌ڵك، ئه‌سپسواره‌كان و عاره‌بانه‌كان به‌كارهێندراوە.


سەرچاوەکان



2929 بینین