ماپوتۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-08-29-19:44:00 - کۆدی بابەت: 11152
ماپوتۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماپوتۆ (بە ئینگلیزی: Maputo، بە عەرەبی: مابوتو)، ناوی فەرمی پێشووی، تا ساڵی 1976، لۆرینسو مارکێس (Lourenço Marques) بوو، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆماری مۆزەمبیقە. ئەم شارە دەکەوێتە نزیک کۆتایی باشووری وڵاتەکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی 2017 1,088,449 کەس بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، گەورە ناوچەی ماپوتۆ، کە شاری ماتۆلا لەخۆ دەگرێت، خاوەنی 2,717,437 دانیشتووە. ماپوتۆ شارێکی بەندەرییە و ئابوورییەکەی پشتی بە کەرتی بازرگانی بەستووە. هەروەها، شارەکە بەهۆی دیمەنە کولتوورییە زیندووەکەی و تەلارسازییە جیاواز و هەمەجۆرەکەیەوە ناوبانگی دەرکردووە.

 ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ماپوتۆی پایتەخت دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای کەنداوی ماپوتۆ و ڕووبەری شارەکە 347.69 کیلۆمەتر دووجایە. هەروەها، چڕی دانیشتووانەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی 2017، 3,100 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. 

 دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری ماپوتۆ لە ساڵی 1950ـدا 91,852 کەس بوو، ئەم ژمارەیە وردەوردە بەرزبوویەوە تا لە ساڵی 2023ـدا بە 1,162,793 کەس خەمڵێندرا. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی پێشوو (2022)ـەوە 23,833 کەسی بۆ زیاد بووە کە ئەمەش گۆڕانکاری ساڵانە بە ڕێژەی 2.09% دەردەخات.

 زمان

ماپوتۆ شارێکی جیهانییە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکانی بانتوی، پورتوگالی و تا ڕادەیەکی کەمتر عەرەبی، هیندی و چینی لە ناوچەکەدا قسەیان پێ دەکرێت.

 مێژووی شارەکە

ئەم ناوچەیەی کە ئێستا ماپوتۆی لێیە یەکەمجار گوندێکی ماسیگرتن بوو و خەڵکی کۆنی گەلی تسۆنگای لێ جێگیربوو. پاشان و لە ساڵی 1544ـدا دەریاگەرێک بە ناوی لۆرینسو مارکێس (Lourenço Marques) گەشتی بۆ ئەم ناوچەیە کرد و دواتر ناوی شارەکە بەناوی ئەم دەریاگەڕەوە نرا. شارە مۆدێرنەکە لە قەڵایەکی پورتوگالییەوە گەشەی سەند کە لە ساڵی 1781ـدا لەو ناوچەیە دامەزرا، دواتر لە ساڵی 1850ـدا للە دەوروبەری قەڵاکەدا شارۆچکەیەک دروستبوو و لە ساڵی 1877 پێگەی شاری پێدرا. لە ساڵی 1898ـدا کۆلۆنی پورتوگالیی مۆزەمبیق پایتەختەکەی گواستەوە بۆ ئەوێ. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لۆرینسو مارکێس هەم لەڕووی ژمارەی دانیشتووان و هەم لەڕووی ئابوورییەوە وەک شارێکی بەندەر گەشەی کرد. ڕاستەوخۆ دوای سەربەخۆیی مۆزەمبیق لە ساڵی 1975، شارەکە بوو بە پایتەختی نیشتیمانی و ناوی گۆڕدرا بۆ ماپوتۆ. لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی مۆزەمبیقدا ئابووریی شارەکە داڕما و تێکشکا. کاتێک شەڕەکە کۆتایی هات، حکوومەتی (FRELIMO) دەستی بە بوژاندنەوەی ئابووریی شارەکە کرد.

 ئابووری شارەکە

ئابووری موپوتۆ تاڕادەیەکی باش پشتی بە بەندەرەکەی بەستووە، ئەویش بە کەشتی گواستنەوە و هەناردەکرد و هاوردەکردن. ئەو بەرهەمە سەرەکییانەی کە لە شارەکەوە هەناردە دەکرێن بریتین لە پەموو، شەکر، کڕۆمایت، گوش، کاکڵە گوێزی هندی و سەختەدار. سەرباری کاروباری بازرگانی، شارەکە کەرتی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بەهێزی هەیە.

 کەشوهەوا

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری موپوتۆی پایتەخت کەشوهەوایەکی ساڤانایی خولگەیی هەیە. ماپوتۆ شارێکی تاڕادەیەک وشکە و ساڵانە بە تێکڕای 813.6 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت. بارانبارین بەزۆری لە وەرزی هاویندایە و لە زستاندا تەنها بڕێکی کەم باران دەبارێت. کەشوهەوای شارەکە تاڕادەیەک گەرمە و تێکڕای پلەی گەرمی 22.8 پلەی سەدییە. گەرمترین مانگ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای پلەی گەرمی تێیدا 26.8‌ پلەی سەدیە، لە کاتێکدا ساردترین مانگ مانگی تەممووزە و تێکڕای پلەی گەرمی 18.8 پلەی سەدیە.


سەرچاوەکان



250 بینین