یاریکردنی منداڵ لە دەرەوە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-09-00:31:00 - کۆدی بابەت: 11250
یاریکردنی منداڵ لە دەرەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاریکردنی منداڵ لە دەرەوە (بە ئینگلیزی: Children's playing outside، بە عەرەبی: لعب الأطفال في الخارج)، یاریکردن لە دەرەوە یارمەتی منداڵەکەت دەدات کۆنتڕۆڵی جووڵەی قۆڵەکانی، قاچەکانی و لەشی بکات، هەروەها یارمەتی دەدات گەشە بە هاوسەنگیی لەشی و هەمامەنگی نێوان ئەندامەکانی لەشی بدات، یارییەکانی دەرەوە هەلی باش دەدەن بە منداڵەکەت بۆ فێربوونی شتی نوێ. 

تۆپ

تۆپێکی زۆر بدە بە منداڵەکەت، بۆ ئەوەی تەپە تەپیان پێ بکات، هەڵیانبدات یان بیانگرێت، چەند جۆری تۆپی بدە، وەک: تۆپی یاری کەنار دەریا، تۆپی لاستیک، تۆپی پلاستیک و تۆپی کون کون، منداڵەکەت فێربکە چۆن تۆپ هەڵبداتە ناو سەتڵێکەوە، یان بووکەڵەیەک بەلادا بخات بە تۆپ، تۆپەکە بەرەو بەرزاییەک هەڵبدات و چاوەڕێ بکات تا دێتەوە بۆ لای، دابنیشێت لەسەر تۆپەکە و هەڵبەز و دابەزی پێ بکات و چالاکی و یاری تر. 

یاریکردن بە ئاو 
مەلەوانگەیەکی منداڵان پڕ بکە لە ئاو و منداڵەکەت بکە ناوی، با بۆ خۆی یاری بە ئاوەکە بکات، هەندێک بووکەڵە و یاری تایبەت بە ئاوی بۆ بێنە، تا چێژێکی زیاتر وەربگرێت، وەک: بەلەمی پلاستیک، ئەو یارییانەی کە ئاو هەڵدەدەن، سەتڵی ئاودان و شتی دیکە، دڵنیا ببەرەوە لەوەی کە بەبەردەوامی ئاگات لە منداڵەکەت دەبێت. 
یاری بووکەڵەی پاڵنان و ڕاکێشان 
عەرەبانەیەکی منداڵان بدە بە منداڵەکەت ڕایبکێشێت و هانی بدە پڕی بکات لە بووکەڵە و بە ناو حەوشەدا بیانگوازێتەوە، ئامڕازێکی گیا دوورینی منداڵانە یان عەرەبانەیەکی منداڵانەی بدەرێ، بۆ ئەوەی پاڵیان بنێت و وای پیشان بدات کە خەریکی گیا دوورینە یان بووکەڵەکانی هەڵدەگرێت. 
دنیای ویل و تایە
با منداڵەکەت پایدەر لێبدات بەدەوری باخچەکەدا، قەراغ ڕێگاکە، یان سەر ڕێگاکە بە پاسکیلێکی سێ تایەیی، دڵنیا بەرەوە لەوەی کڵاو لەسەر بکات و هەمیشە یاساکانی سەلامەتیی بە بیر بێنەوە بۆ ئەوەی ئازار بە خۆی نەگەیەنێت. 
کارتۆنی لم 
مەلەوانگەیەکی منداڵان پڕ بکە لە لم و منداڵەکەت بکە ناوی، با بۆ خۆی یاری بە لمەکە بکات و لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی وردبێتەوە. 

چێژ و خۆشییەکی زۆر لە دەرەوە

ئەمانە هەندێک چالاکین بۆ چێژ وەرگرتن لە دەرەوە لەگەڵ منداڵەکەت: 

  • هەندێک پارچە تەباشیر بدە منداڵەکەت با بۆخۆی شەقامەکەی پێ بڕازێنێتەوە، وێنەی سێبەرەکەی بکێشە و بە تاباشیری ڕەنگاو ڕەنگ بیکە بە پاڵەوان، ڕێگە دروست بکە بۆ پاسکیلی سێ تایەی تا پێیدا بڕوات، یان وێنەی گاڵتە ئامێزی ئەندامانی خێزانەکە بکێشە لەگەڵ شتی تر. 
  • چێژ وەرگرتن لە یاریی دۆزینەوەی خەزێنە، هەندێک بووکەڵە بشارەوە لە باخچەکەدا، تا منداڵەکەت بیاندۆزێتەوە بە شێوەیەک بیانشارەوە کە دۆزینەوەیان کارێکی زۆر قورس نەبێت. دواتر سەرەی ئەو بێت بۆ شاردنەوەی بووکەڵەکان و ئەرکی تۆ بێت دۆزینەوەیان، دەتوانن بچن بگەڕێن بە دوای بەری سنەوبەردا، یان بەرد و شتی تر. 
  • یاری شوێنکەوتن، بە منداڵەکەت بڵێ بە دوای تۆدا بێت بە ناو باخچە و پارکەکەدا، بە شێوازی جیاواز بڕۆ لە ڕێگا، خۆت دانەوێنە کاتێک بەژێر بەربەستێکدا دەڕۆیت، بەسەر گردێکی بچوکدا سەربکەون، وەکو باڵندە قۆڵەکانیان باڵەفڕە پێ بکەن و بە شێوەیەکی گشتی خۆشی و چێژێکی داهێنەرانە ببینن، پاشان با سەرەی منداڵەکەت بێت کە پێش بکەوێت، تۆ شوێنی بکەویت. 
  • پیاسە بکەن، لەگەڵ منداڵەکەت بە کۆڵانەکانی دەوری ماڵەوەدا پیاسە بکەن، لە پارکێکی نزیک ماڵەوە یان شوێنێکی تر، ڕێگە بدە ئەو ڕێنیشاندەرەکە بێت، ئەگەر کرا قسە بکەن لەسەر ئەو شتانەی کە دەیبینن، دەیبیستن و بۆنی دەکەن لە ڕێگا.

سەلامەتی لە دەرەوە 

هەرچەندە شتی خۆش زۆرە لە دەرەوە بۆ منداڵەکەت، بەڵام لە هەمان کاتدا شتی مەترسیداریش بوونی هەیە، ئەمانە هەندێک ئامۆژگاریی یاریدەدەرن تا منداڵەکەت بە سەلامەتی بهێڵێتەوە کاتێک لە دەرەوەیە: 

  • هەرگیز منداڵەکەت بەجێ مەهێڵە کاتێک لە دەرەوە بوو. 
  • کرێمی دژە خۆر بدە لە پێستی منداڵەکەت، پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە. 
  • بە وردی سەیری ئەو یارییانە بکە کە لە دەرەوە هەیە و منداڵەکەت یارییان پێ دەکات، بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لەوەی سەلامەتن سووچ و قەراغی تیژ، پارچەی شکاوی، یان بەشی گەرم. 
  • شوێنێکی نەرم بۆ منداڵەکەت دابین بکە بۆ یاریکردن ئەگەر کرا، ئەگەر کەوت ئەوا ئەگەری ئازار پێگەیشتنی کەمتر دەبێت.
  • ئاگاداری ئاژەڵی بێ خاوەن بە کاتێک لە دەرەوە پیاسە دەکەن یان یاری دەکەن، چونکە ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکەیت کە ئەو ئاژەڵە لەوانەیە چی ئەنجام بدات. 
  • ئەگەر منداڵەکەت لە نزیک منداڵی تر یاری دەکات، چاوێکت لەسەر ئەوانیش بێت کە بەڕەقی یاری نەکەن، یان لم هەڵنەدەن، یان هەر شتێکی تر ئەنجام بدەن کە ئازار بە کەسانی دیکە بگەیەنێت. 
  • منداڵەکەت بکە ناو عەرەبانەیەکی منداڵان ئەگەر ویستت بە باشترین شێواز بیپارێزیت کاتێک لە دەرەوە بوویت. 


سەرچاوەکان



595 بینین