ڕێبازی بکوژان خاچ پارێزە نهێنییەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-15-22:31:00 - کۆدی بابەت: 11291
ڕێبازی بکوژان خاچ پارێزە نهێنییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێبازی بکوژان خاچ پارێزە نهێنییەکان (بە عەرەبی: عقيدة القاتل حرب صليبية سرية، بە ئینگلیزی: assassin´s creed: secret crusider) ڕۆمانێکی ژانەری هونەری و مێژووییە کە تێکەڵکردنی ڕووداوەکانی مێژوو و کەسایەتییە ڕاستەقینەکانە بە کەسایەتی و ڕووداوی خەیاڵی کە لە بارەی حەشاشییەکانی سووریا دەدوێت. 

ناسامەی کتێبەکە

ناو Assassin´s creed: secret crusider
نووسەر ئۆلیڤەر بۆودن
زمان ئینگلیزی
ژانەر ڕۆمانی هونەری، مێژوویی
دەزگای بڵاوکەرەوە Ubisoft publications و Penguin publication 

ناوەڕۆکی کتێبەکە

دەستپێکی ڕۆمانەکە بە ئەرکێکی نهێنی سێ خۆبەختکار بە ناوەکانی مالیک و قەدەر کە برای یەکترن لەگەڵ خۆبەتخکارێکی باڵا کە ناوی ئەڵتایر کە نازناوی (کوڕی هیچ کەس) دەچن بۆ شاری قودس بۆ ئەرکێک کە لەلایەن سەرکردەی حەشاشییەکان احمەد سینان پێیان سپێردراوە، ئەڵتایر چونکە خۆبەختکارێکی بێ باک بوو و خۆی پێ زۆر گەورە بوو بە ویستی خۆی پلانەکان دەگۆڕێت و هێرش دەکاتە سەر کڵێسایەک لە شاری قودس بۆ لەناوبردنی خاچ پارێزەکان. لەم ئەرکەدا مالیک دەکوژرێت و قەدەریش بریندار دەبێت ئەڵتایر کە باجی خۆپەرستی دا ناچار بوو گەڕایەوە قەڵای مەسیاف. 
دوای گەڕانەوەیان بۆ مەسیاف موعەلیم کە سەرمەشقی خۆبەختکارانی قەڵاکە بوو تانەی زۆریدا لە ئەڵتایر و پێی گووت "ئەگەر دەتەوێت هەڵەکانت ڕاست بکەیتەوە دەبێت بڕۆیت بۆ ئەرکێک بە تەنها ئەمە هەم سزایەکە و هەم ڕێبەرییەکیشە تا لە بارەی ڕێبازەکەمان فێربیت"  ئەڵتایر ڕازی دەبێت کە بە دوای ژیردا بگەڕێت و هەست و سۆز لە ناخیدا بکوژێت و لایەنی ژیری زاڵ بکات بەسەر جەستەیدا، بۆ ئەمەش دەبێت نۆ سەرکردەی خاچ پارێز بکوژێت و بەڵگەی کوشتنیان بگێڕێتەوە مەسیاف. 

لایەنی مێژوویی لە کتێبەکە چییە؟ 

گێڕانەوەی چیرۆکی ئەڵتایر کە کارەکتەرێکی هونەرییە لە زاری نیکۆلۆ پۆلۆ و مافیۆ پۆلۆ گێڕدراوەتەوە کە لە قەڵای مەسیافدا میوانی ئەحمەد سینان بوون ئەم دوو کارەکتەرە کەسایەتی ڕاستەقینەن و کۆدەکانی حەشاشییەکانیان له سووریا بردە ئەو وڵاتانەی سەردانیان دەکرد و لە شوێنە سەختەکاندا حەشاریان دەدا کە بەناوی "نامەیەک بۆ ئەو" بوو. ئەو لێرەدا ئەو کەسەیه کە هەر یەک لەو کۆدانە بدۆزێتەوە و بەیەکتریان ببەستێتەوە بەڵام تا ئەم سەردەمەش نازانرێت ئایا کۆدەکان دۆزراونەتەوە یاخود نا. 
جگە لەو خاڵانە باس لە پەیوەندی نێوان سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی کراوە کە سەردانی ئەحمەد سینان دەکات و داوای هاوکاری لێ دەکات کە بەیەکەوە قودس ڕزگاربکەن، ئەحمەد سینان دەڵێت "هێزەکەم ئەزموونی شەڕی ڕووبەڕوویان نییە، بەڵام بێئومێدت ناکەین سوڵتان" لە جەنگی دەروازەی قودس کە ئۆپراسیۆنی حەشاشییەکان بوو لە خاکی پیرۆز یان فەڵەستین نزیک بە ٣٠ هەزار خاچ پارێزیان بە دیل گرت کە بە دزە کردن چوونەتە ناو سەربازگەی خاچ پارێزەکان و تەواوی سەرکردەکانیان دەکوژن و ڕۆژی دواتر خۆیان دەدەن بە دەستەوە لە نەبوونی سەرکردەدا. 

لایەنی هونەری لە کتێبەکەدا چییە؟ 

ڕۆمانەکە بەیەکتر بەستنەوەی لایەنی مێژوو لەگەڵ یاری ڤیدیۆیی Assassin´s creed کە سکریپتی یارییەکە بە گۆڕانکارییەوە لە شێوازی ڕۆماندا لەلایەن ئۆلیڤەر بۆودن نووسەری کۆمپانیای یوبیسۆفت خاوەنی یارییەکانی Assassin´s creed نووسراوەتەوە. 
جگەلەوە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ئەڵتایر وەکو خودی خۆی لە هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی حەشاشییەکان ئاماژەی پێنەدراوە کە دوای ئەحمەد سینان بۆ ماوەی ٤٢ ساڵ حووکمی کردبێت، بەڵام کەسایەتی ئەڵتایر نزیکە لە حەشاشییەکی ڕاستەقینە بە ناوی عومەر کوڕی ئەحەد کە یەکێک بووە لە خۆبەختکارە باڵاکان. 


سەرچاوەکان



354 بینین