ناوهڕۆك
ناساندن
پیسبوون بە تیشک (بە ئینگلیزی: Radiation pollution، بە عەرەبی: التلوث الأشاعي)، یەکێکە لە پیسبوونە مەترسییدارەکان، مەترسییەکەشی بە خێرای بڵاودەبێتەوە، بڕی تیشکەکان زۆر زیادیان کردووە، پێشتر مەترسییەکانی تیشک تەنها لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە بوو وەک ئەو تیشکانەی کە لە لە بەردەکان و توخمە سروشتییەکانی وەک کاربۆن و پۆتاسیۆمەوە دەردەچن، پاشان دەستێوەردانی مرۆڤ و گۆڕینی بەردەوامی سروشت ئەو مەترسییانەی لە تیشکەوە دەکەوتەوە ئەوانەی ئاو، هەوا، خۆراک پیس دەکەن ئەو مەترسییانە زۆرتر بوون.
سەرچاوەکانی پیسبوون بە تیشک
لە سەرچاوە جیاوازەکانی پیسبوون بە تیشک بەکارهێنانی گەردیلەیە وەک سەرچاوەی وزەی ئەتۆمی و بەکارهێنانی لە کەرەستە تیشکدەرەکان لە تاقیکردنەوە زانستییە نوێیەکاندا، لە زۆر بواردا وەک: بواری زانستە پزیشکییەکان، زانستە بایۆلۆجییەکان، هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە جیاوازەکان. سەرباری ئەو تیشکانەی کە لە دەزگاکانی تەلەفزیۆن و کۆمپیوتەر و دەزگا ئەلیکترۆنییەکانی تر، هەندێک لەو دەزگا پزیشکییانەی کە لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکاندا هەن.
مەترسی پیسبوون بە تیشک لە لایەن مرۆڤ و ئاژەڵەوە لەوەدایە کە ئەوان تووشی زیانی زۆر دەبن، یان تووشی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەبن کە چارەسەرکردنیان زۆر قورسە، وەک: شێرپەنجەی خوێن، کۆئەندامی دەمار و کۆئەندامی هەناسە و کۆئەندامی هەرس یان نەخۆشییە بۆماوەییەکان شێوان و ناشرین بوونی کۆرپەلەکان. سەرچاوەکانی پیسبوون بە تیشک هەندێکیان سەرچاوەی سروشتیین، هەمیشە لە سروشتدا بوونیان هەیە هەندێک سەرچاوەی تریش هەیە لە ئەنجامی چالاکییە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤەوە پەیدا دەبێت.
سەرچاوە سروشتییەکان
ئەو بڕە تیشکەی کە لە خاکەوە پەیدا دەبێت
توێکڵی دەرەوەی زەوی بڕێکی زۆر کەمی توخمی تیشک دەرەوەی تێدایە، وەک توخمی یۆرانهیۆم و پوریۆم، چڕی توخمە تیشکدەرەکان لە بەردە گرانیتییەکاندا زۆرترن لە چاو بەردە لیتییەکان و خاکە لمینەکاندا. خاک بڕێکی زۆر کەمی کالیسیۆمی٤٨ تیشکدەرەوەی تێدایە کە مەترسی هەیە بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ. بەزۆری ئەو تیشکانەی لە خاکەوە دروست دەبن بریتین لە تیشکی گاما، تیشکی ئەلفا و تیشکی بێتا.
تیشکە گەردوونییەکان
بڕی تیشکە گەردوونییەکان دەگۆڕێت بە گوێرەی بەرزی شوێنەکان لە ئاستی ڕووی دەریاوە بە گوێرەی شوێنە جوگرافیەکە، لەو ناوچانەی کە نزیکن لە ئاستی ڕووی دەرایاوە بڕەکەی کەم دەکات و بە پێچەوانەشەوە هەتا ئاستی ڕووی دەریا بەرز ببێتەوە بڕکەی زیاد دەکات، بۆ نموونە ئەگەر ١٠ هەزار پێ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرز ببینەوە بڕی تیشکە گەردوونییەکان بە ئەندازەی ٣ جار زۆرتر دەبێت.
لەشی مرۆڤ و ئەو کەرەستە تیشکدەرەوانەی لە خۆراکدا هەیە
هەندێک توخمی تیشکدەر بە بڕێکی زۆر کەم لە لەشی مرۆڤ و خۆراکدا هەیە وەک کاربۆن١٤ تیشکدەرە، پۆتاسیۆمی ٤٠، بە بڕێکی کەم توخمەکانی ڕادیۆمی٢٢٦، پۆڵۆنیۆمی ٢١٠، ئەستنیۆمی٩٠، بڕی ئەو تیشکەی لە لەشی مرۆڤدا دەگۆڕێت لە ئەندامێکەوە بۆ یەکێکی تر، بۆ نموونە بڕی ئەو تیشکەی لە سییەکاندا زۆرترە لەوەی لە مۆخی ئێسکدا هەیە، یان سییەکانی جگەرەکێش بڕێکی زۆرتر کەرەستەی تیشکدەری تێدایە ئەگەر بەراوردی بکەین بە سییەکانی کەسێک جگەرە نەکێشێت، ئەمەش وای کردووە کە سییەکانی جگەرەکێش زۆر تووشی شێرپەنجە و جەڵتە دەبێت بە گشتی زانایان و پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ڕێگە بدرێت بە شێوەیەکی سادە و بە بڕێکی کەم تیشک وەربگیرێت.
تیشکە پیشەسازییەکان
خستنەکاری تیشکەکان لە بواری پزیشکیدا
وەک دەزانین تیشکی سینی یان ئەتۆمی لە بواری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەرکردنی وەک چارەسەرکردنی گلاندنی دەرەقی کە بە یۆد چارەسەر دەکرێت، زۆرینەی لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە بەکارهێنانی دەرمانە تیشکدەرەوەکان ساڵ لە دوای ساڵ لە زۆربووندایە، بۆیە ئەم دەرمانانە بە سەرجاوەیەکی گرنگی پیسبوون بە تیشک دادەنرێت.
چەکی ئەتۆمی
کە باس لە چەکی ئەتۆمی دەکرێت یەکەم جار کارەساتە ئەتۆمییەکەی ساڵی ١٩٤٥ی هێرۆشیما و ناگازاکی ژاپۆنیمان بیر دەکەوێتەوە، بە دوای ئەودا تاقیکردنەوەی ئەتۆمی وتوێژینەوەی ئەتۆمی زۆری تر ڕوویدا هەتا ساڵی ١٩٦٣، لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سۆڤییەتی جاران و بەریتانیا ڕوویدا، دواتر هەر سێ وڵاتەکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی لەسەر ڕووی زەوی ئەنجام نەدرێت، بەڵام زۆرێک لە وڵاتەکانی تر پابەندی ئەم ڕێککەوتنامەیە نەبوون، وەکو چین و فەڕەنسا کە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی زۆریان لەو ماوەیەدا کرد. تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دوای ئەوەش هەر بەردەوام بوو بەڵام لە تونێلی تایبەت و لە ژێر زەویدا دەکران، بەلام هەندێک توخمی تیشکاوەر هەر دزەی دەکرد بۆ خاکەکەی دەوورووبەر ئەمە سەرباری ئەو تۆزە ئەتۆمییەی کە بەسەر ناوچەکەدا بڵاودەبووەوە.
ئەو هۆکارانەی کۆنتڕۆڵی قەبارەی تووشبوون بە تیشک دەکەن
قەبارەی تووشبوون بە تیشک لەسەر هەندێک هۆکاری گرنگ بەندە لەوانە جۆری تیشکەکە، جۆری هێزی بڕینەکەی، بڕی ئەو تیشکەی کە لە بوونەوەرە زیندووەکە دەدات، ئەو بڕەی کە تیشکەکەی بەردەکەوێت، هەستەوەری ئەو ئەندامەی لەش کە تیشکەکەی بەردەکەوێت وەکو: چاو، ئێسک، ڕیخۆڵە و پێست. لە ڕاستییدا مرۆڤ لە ژینگەیەکدا دەژیت پڕە لە تیشکی مەترسییدار و شەپۆلی زیانبەخش هەر لە شەپۆلەکانی ڕووناکییەوە تا دەگاتە شەپۆلەکانی تیشکی گاما و بێتا و ئەلفا، ئەم تیشکانە لە دەوورووبەرماندا هەیە لە هەوادا لە خاکدا لە ئاو و خۆراکدا لە ناو خانووبەرە و تەلارەکاندا هەروەها دەزگا و ئامێرە نوێیەکاندا. ئەمە سەرباری ئەو بڕە تیشکە سروشتییەیی لە ژینگەکەدا هەیە.
چۆن لە پاشەڕۆی تیشکەکان ڕزگارمان دەبێت؟
زۆر ڕێگا هەن بۆ خۆ ڕزگارکردن لە پاشەڕۆ تیشکدەرەکان هەندێک لەو وڵاتانەی لە بواری ئەتۆمییدا کاردەکەن چەند ڕێگایەکییان جێبەجێکردووە:
١- ناشتن یان لە چاڵنانی پاشەڕۆکان لە ناو زەوییدا، هەندێک لە وڵاتان لەمێژە ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن بەلام مەترسی زۆری تێدایە، چونکە لە ئەنجامی داخورانی چینەکانی زەوی ئەگەری زۆری هەیە دزە بکات بۆ ناو ئاوی ژێر زەوییەکە.
٢- نقوومکردنی پاشەڕۆەکان لە قوڵاییەکی زۆری ئاوی دەریا و زەریاکاندا، ئەم ڕێگەیەش زیانی زۆری هەیە چونکە ئەو تیشکانە کە لە بوونەوەرە ئاوییە زیندووەکان دەکات.
٣- ناردنی پاشەڕۆ تیشکدەرەکانی بۆ بۆشایی دوور لە گۆی زەوی ئەویش بەهۆی مانگە دەستکردەکانەوە، ئەم ڕێگایە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
٤- ڕزگاربوون لە پاشەڕۆ تیشکدەرەکانی کارگەکانی توێژینەوە و تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان.
خۆپاراستن لە پیسبوون بە تیشک
- پاراستنی کرێکار و کارمەندان ئەوەش بە ئەنجامدانی پشکنینی خوێن، بە تایبەت خڕۆکە سپییەکان، پشکنینی چاو، دوورخستنەوەی ئەوانەی کە تووشبوون و دەست بەجێ چارەسەریان بۆ بکرێت چونکە لەم بارودۆخانەدا کات زۆر گرنگە.
- دوورخستنەوەی هەر کارمەندێک کە ڕووی پێستی هەوی کردبێت و قڵیشا بێت چونکە تیشکەکان دەتوانن لەو قڵیش و کەلێنانەوە بە ئاسانی بچنە ژوورەوە و ڕاستەوخۆ تووشی بکەن.
- دەبێت کاتژمێرەکانی کارکردن لە ڕۆژدا دیاری بکرێت بە جۆرێک بێت کە بگونجێت لەگەڵ توانای بەرگری لەشی مرۆڤدا.
- دەبێت ٥ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کاربکرێت، بۆ ئەوەی بڕی زۆر لەو تیشکانە نەچێتە لەشی کارمەندەکەوە.
- پاککردنەوەی ئەو کەل و پەلانەی کە بەکاردەهێنرێن وەک دەست کێش و جل و بەرگ و پێڵاو.