کاریگەری کەشوهەوا لەسەر پیشەسازی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-10-06-16:43:00 - کۆدی بابەت: 11410
کاریگەری کەشوهەوا لەسەر پیشەسازی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری ئاو و هەوا لەسەر پیشەسازی (بە عەرەبی: تأثیر المناخ على الصناعة، بە ئینگلیزی: Effects of Climatology on Industry). پیشەسازی بریتییە لە گۆڕینی کەرەستەی خاوی ئاژەڵی، ڕووەکی و کانزایی بۆ کەل و پەلێکی ئامادەکراو. ئاو و هەوا لە ڕێگای ڕەگەزەکانی، وەکوو (پلەی گەرمی و دابارین و شێوەکانی) کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر چالاکی پیشەسازی، زۆربەی کات دەبێتە هۆی پەک خستنی ئەم چالاکییە. لە کاتی هەڵبژاردنی شوێن بۆ ئەنجامدانی چالاکییە پیشەسازییەکان دەبێت ڕەچاوی بارودۆخی ئاووهەوای شوێنەکە بکرێت.

ئەو پیشەسازییانەی کەش و هەوا زۆر کاریان تێدەکات 

1. بیناسازی (Construction)

زۆربەی چالاکییەکانی دروستکردنی بیناسازی لە دەرەوە ئەنجام دەدرێن، بەم جۆرەش ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا (پلەی گەرمی و با و دابارین) ڕاستەوخۆی کاریان تێدەکات.

2. پیشەسازی گەشت و گوزار (tourism industry)

زانیارییە کەش و هەواییەکان بۆ پیشەسازی گەشت و گوزار زۆر پێویستن، چونکە، ڕەگەزە ئاوهەواییەکان لە گرنگترین تایبەتمەندییە سروشتییەکانی پیشەسازی گەشت و گوزارن، بۆ نموونە گونجاوترین جۆری پلەی گەرمی و شێ کە گەشتیار هەست ئاسوودەیی و ئارامی بکات لە نێوان (١٧ بۆ ٢٥)° پلەی سیلیزی (٪٤٠ بۆ ٪٦٠) شێی هەواییە.

بە تایبەتی گەشتی زستانە ئەو ناوچانەی خۆریان بە دەرەوەییە بۆ دەربازبوون لە سەرما گەشتیار ڕووی تێدەکەن، جگە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان کە چەندین چالاکی تیادا ئەنجام دەدرێت وەکوو خلیسکێنەی سەر بەفر و چێژ بینین لە سروشت و دیمەنی جوانی بەفر.

گەشتی هاوینە، ناوچە شاخاوییەکان و کەناراوییەکان بەهۆی ئەوەی پلەی گەرمیان نزمترە بە بەراورد بە ناوچەکانی تر گەشتیاران ڕووی تێدەکەن، ئەنجامدانی ئەم جۆرە گەشتانە بە پلەیەکی زۆر دەوەستێتەوە سەر ڕەگەزە ئاو و هەواییەکان.

3. پیشەسازی کشتوکاڵ (Agricultural Industry)

تایبەتمەندییە ئاو و هەواییەکان جۆری بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ هەرێمەکان دیاری دەکەن، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەش جۆری پیشەسازییەکان دیاری دەکەن، بۆ نموونە کارگەی لە قوتوونانی سەوزە و میوە.

4. پیشەسازی ڕستن و چنین (weaving industry)

ئەم جۆرە پیشەسازییە پێویستی بە کەشێکی شێدارە، چونکە کەشی وشک دەبێتە هۆی زۆر پچڕانی دەزووەکان و کوالێتی بەرهەمەکە دادەبەزێت، لەبەر بوونی ئەم هۆکارە پیشەسازی ڕستن و چنین لە هەرێمە شێدارەکان بڵاو بۆتەوە نموونە وەکوو دەڵتای نیل لە میسڕ و لانکشیری لە بەریتانیا و نیوئینگڵاند لە ئەمریکا. 

5. پیشەسازی فڕۆکە (plane industry) 

پیشەسازی فڕۆکە پێویستی بە کەشێکی ساماڵە کە کاتژمێرەکانی بە دەربوونی تیشکی خۆری زۆر بێت، بۆ ئەوەی کاری دەرەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت و ئاسانتر هەڵگرتنی ئامێرەکانی بۆ دابین بکرێت. بۆیە ئەم جۆرە پیشەسازییە لە بەشی ڕۆژاوای ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمریکا. گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە بارودۆخی کەش و هەوای ناوەندییە و تەم و بای کەمە و کاتژمێرەکانی بە دەربوونی تیشکی خۆری زۆرە. بارودۆخی کەش و هەوا کاریگەری ڕاستەوخۆ دروست دەکات لەسەر چالاکی پیشەسازی، بەتایبەتی گواستنەوەی بەرهەمە پیشەسازییەکان و ڕێگا و بان و کەرەستەی خاو و شوێنی دامەزراندنی کارگە پیشەسازییەکان.

ئەو پیشەسازیانەی لە بەرهەم هێنان و گواستنەوەیان بۆ بازاڕ پشت بە بارودۆخی کەش و هەوا دەبەستن، بەتایبەتی لە وەرزە کانی ساڵ خواست لەسەریان زیاد دەبێت، وەکوو پیشەسازی بەرهەم هێنانی خواردنەوە گازییەکان و ئاو، بەڵام لە وەرزی زستان خواست لەسەر پیشەسازی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و ئامێرەکانی گەرم کەرەوە زیاد دەبێت. ئەو پیشەسازیانەی لە دەرەوە ئەنجام دەدرێن، وەکوو پیشەسازی دروستکردنی کەشتی و پیشەسازی دروستکردنی تەختە کە پێویستی بە پلەیەکی گەرمی بەرز هەیە.

ئاووهەوا کاردەکاتە سەر ئەو بوارانەی پیشەسازی

1. شوێنی پیشەسازی (Industrial location)

لە کاتی هەڵبژاردنی شوێن بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی پیشەسازی، دەبێت بارودۆخی ئاو و هەوای شوێنەکە لەبەر چاو بگیردرێت، بۆ نموونە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی کە کەش و هەوایەکی سەختیان هەیە ڕێگر دەبێت لەبەردەم گواستنەوەی کەرەستەی خاو و بەرووبوومە پیشەسازییەکان و کارکردن. جگە لەمەش دەبێت ڕەچاوی پیسکردنی هەوای شوێنەکە بکرێت، هەربۆیە دامەزراندن کارگە پیشەسازییەکان دەبێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ دووربن. 

2. پێداویستییە گەرم کەرەوەکان و سارد کەرەوەکان (Heating and cooling supplies)

دابینکردنی ئاو و هەوایەکی گونجاو بۆ پیشەسازی وەکوو (پلەی گەرمی و شێ و تیشک) دابینکردنی ئەم جۆرە کەشە ئەگەر بە شێوەیەکی سروشتی بێت تێچووی بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە، بۆ نموونە پیشەسازی ڕستن و چنین پێویستی بە پلەی گەرمی (٢٠ بۆ ٢٥)° پلەی سیلیزی و ڕێژەی (٪٦٠ بۆ ٪٧٠) شێ هەیە، کەچی پیشەسازی بەرهەمهێنانی سینەما و وێنەگرتن و دراما کە پیشەسازییەکی دەرەکییە پێویستی بە شوێنێکە کە ژمارەی کاتژمێرەکانی تیشکی خۆری زۆر بێت و بڕی هەور و تەمی کەم بێت. 

3. گواستنەوەی بەرهەمە پیشەسازییەکان (transportation of industrial products)

گواستنەوەی بەرهەمە پیشەسازییەکان و خستنە بازاڕیان لە کەش و هەوایەکی گونجاودا گرنگە، چونکە زۆربەی کات جێگیر نەبوونی بارودۆخی کەش و هەوا ڕێگر دەبێت لە بەردەم گواستنەوەی بەرهەمە پیشەسازییەکان بۆ بازاڕ، بەتایبەت دروستبوونی شەختە (زووقم)، تەم و بەفر.

4. تێکچوونی بەرهەمە پیشەسازییە خۆراکییەکان (spoilage of industrial products food)

هەندێک لە بەرهەمە پیشەسازییە خۆراکییەکان لە کاتی گواستنەوەیان بۆ بازاڕ لە ژێر کاریگەری بارودۆخی ئاو و هەوا تێک دەچن، بۆ نموونە پیشەسازی (شیرنەمەنییەکان و پیشەسازی شیرەمەنی) پێویستە ئەم جۆرە کارگانە لە نزیک شارەکان دابمەزرێن بۆ ئەوەی بە کاتێکی کەمتر و تێچوویەکی کەمتر لە ڕێگای ئامێری ساردکەرەوە بگوازرێنەوە بۆ بازار، بۆ ئەوەی بەرزی پلەی گەرمی کاریان لێنەکات.

کاریگەری پیشەسازی لەسەر ئاووهەوا 

لە ئەنجامی درێژەدان بە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان و بە کارنەهێنانی ڕێگایەکی زانستییانە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆی پیشەسازی کاریگەری کردۆتە سەر ئاو و هەوا بە چەند جۆرێک: 

  • دەردان و زیادبوونی گازە گەرمەکان.
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان.
  • پیسبوون و ژەهراوی بوونی هەوای شارەکان.
  • دروستبوونی دیاردەی ترشە باران لە ئەنجامی پیسبوونی ئەوا.
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی شارە پیشەسازییەکان، بە تایبەتی لە وەرزە گەرمەکان و دروستبوونی دیاردەی دوورگەی گەرمی شار.


سەرچاوەکان



774 بینین