ڕێبازی بکوژان - تراویلکە (یاریی ڤیدیۆیی)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-10-08-19:07:00 - کۆدی بابەت: 11414
ڕێبازی بکوژان - تراویلکە (یاریی ڤیدیۆیی)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێبازی بکوژان تراویلکە (بە عەرەبی: اساسین کرید سراب، بە ئینگلیزی: Assassin´s creed Mirage) یارییەکی ڤیدیۆیی نوێیە کە بەرواری ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ پلاتفۆرمەکانی پلەیستێشن چوار و پێنج، ئێکس بۆکس وەن و زنجیرەی ئێس و ئێکس و ویندۆز بڵاوکرایەوە. ساڵی داهاتوو واتا ٢٠٢٤ بۆ سیستمی IOS بەتایبەتی ئایفۆن ١٥ بڵاودەکرێتەوە.

زانیاری گشتی لە بارەی یارییەکە

پەرەپێدەر Ubisoft Bordeaux
بڵاوکەرەوە Ubisoft
بەڕێوەبەر ستیفانی بۆودن
نیگارساز جان لوک سالا
نووسەر سارا باولین
ئاوازدانەر براندێن ئەنجێلیدیس
زنجیرەی یاری Assassin´s creed
بزوێنەر Ubisoft Anvil
 بەرواری بڵاوکردنەوە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
پلاتفۆرمەکان PS4&PS5, XBOX ONE, XBOX SERIES S|X, PC, IOS
ژانەر ئەکشن، سەرکێشی
جۆری یاری تاکە کەسی (چیرۆک)

سەردەمی یارییەکە سەدەی نۆیەمی زاینییە و لە وڵاتی عێراقە کە هاوکاتە لەگەڵ خەلافەتی عەباسی. بە کارەکتەرێک یاری دەکەیت بەناوی "باسم کوڕی ئیسحاق" کە لە گرووپێکی دزی کردن کار دەکات لە ناوچەی ئەنبار. ئەم گرووپە لەلایەن کەسێک بەناوی "دەرویش" بەڕێوەدەبرێت کە کاریان تێکۆشانە لە پێناو بەدی هێنانی ئامانجەکانیان. لە هەمان کاتدا ئەم گرووپە کاردەکەن بۆ بکوژێک بەناوی "ڕۆشان" کە بکوژێکی کارامەیە و سوود لەم گرووپە دەبینێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر "تێمپڵارەکان" کە دەستەیەکن دژی ئەساسنەکانن یاخود ڕوونتر بکوژەکان.

شێوازی یاریکردن

یارییەکە لە ژانەری ئەکشن و سەرکێشییە، بە بەراورد بە سێ بەشەکەی ڕابردوو کەمتر ژانەری ڕۆڵ بینینی تێدایە و زیاتر تیشک خراوەتە سەر دزە کردن. لە هەمان کاتیشدا تەواوی تیشک و سەرنجی یارییەکە لەسەر چیرۆکە. لە ڕووی شێوازی یارییەکەوە گەڕاوەتەوە بۆ بەشە کلاسیکەکان لە ڕووی شەڕکردن و تەواو کردنی خێرا و بەکارهێنانی بینایی هەڵۆ - Eagle vision کە تیایدا شوێنی دوژمنەکانت ئاشکرا دەکات یاخود ئەو دوژمنانەی زانیاری یان کەلوپەلی گرنگیان لایە و ئامانجی سەرەکین. 

یارییەکە ئامڕازی Black Boxی گەڕاندووەتەوە کە لە بەشەکانی Unity و Syndicateدا هەبوون ئەویش ئەوە بوو یاریزانان دەبوو ڕێگای خۆیان بەکاربێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکان. واتا یارییەکە ئاڕاستەت ناکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت و دەبێت خۆت پلان و ڕێگای گونجاو بدۆزیتەوە، باشترین ڕێگاش ئەوەیە بێ ئاشکرا بوون بگەیتە ئامانجەکەت و تەواویان بکەیت.

یارییەکە بەشێوەیەکی گشتی لە شاری بەغدادە و ڕووداوەکان لەوێ ڕوودەدەن. شاری بەغداد دابەشبووە بۆ چوار ناوچەی سەرەکی، ئەوانیش کەرخ، عەباسییە، ماڵی دانایی، حەربییە. لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانان دەتوانن سەردانی ئەلەموت بکەن کە پایتەخت و مەڵبەندی حەشاشییەکانە کە لە یارییەکەدا پێیان دەوترێت Hidden ones

باسم وەک کارەکتەرەکانی پێشووی زنجیرە یارییەکە دەتوانێت چەند جۆرێکی چەک هەڵبگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی، وەکو چەقۆی شاراوە کە لە باسکیدا حەشار دراون، بۆمبی دوکەڵی کە سوودی لێ دەبینێت لە خۆ ون کردن لە دوژمنەکانی، چەقۆی هاویشتن کە بە خێرایی دوژمنەکان دەکوژێت بێ ئەوەی ژاوەژاو دروست بێت، تیری ژەهراوی، ئەمەیان سوودێکی گرنگی هەیە کە ئەو دوژمنەی ژەهرەکەی بەرکەوتووە تا دەمرێت شەڕ لەگەڵ هاوڕێکانی دەکات بەمەش ژمارەیەک دەکوژرێن لەو شەڕەدا. 

تەواوی چەک و پێداویستییەکانت لە ڕێگەی Skill tree ئاستیان بەرەو پێش دەچێت بە تەواو کردنی ئەرکەکانت skill point وەردەگریت و دەتوانیت تواناکانتی پێ بەرەوپێش ببەیت. هەر توانستێک سوودی بۆ بابەت و ئامڕازێک هەیە. بۆ نموونە Hidden bladesـەکان دەتوانیت زیاتر لە کەسێکی پێ بکوژیت کاتێک لە بەرزاییەوە هێرش دەکەیتە سەریان و خۆت هەڵدەدەیت بەسەریاندا. یاخود تەکنیکی دزەکردنی جیاواز کە یارمەتیدەرت دەبن بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانت لە جێگە قەدەغەکراوەکان.

چیرۆک

چیرۆکی یارییەکە چەند دەیەیەک بەر لە بەشی Valhallaــەیە و باسی کارەکتەرێک دەکات بەناوی "باسم کوڕی ئیسحاق" کە دزێکی پیشەگەرە، دەستپێکی یارییەکە بەوە دەستپێدەکات کە باسم خەونێک دەبینێت کە تیایدا ئینکیدو ئەفسانەیەکی داستانی گلگامیش هەوڵ دەدات ماسولکەکانی لەشی لە ئێسکەکان جیابکاتەوە ئەم دیمەنە زۆر دێتە خەونی و پێی دەڵێت جنۆکە. باسم لەگەڵ کەسێکدا دەژی کەناوی "نیهال"ــە، باسم ئامانجی گەورەی هەیە و نایەوێت تەنها دزێکی پیشەگەر بێت. بەڵام نیهال ڕێگری لێدەکات چونکە دەڵێت لە کۆتاییدا بەتەنها دەمێنیتەوە و کەس هاوکاریت ناکات بۆیە واز لە پاڕانەوە بهێنە بۆی ببیتە یەکێک لە ئەوان "ئەساسنەکان".

یارییەکە بە وردی باسی باسم کوڕی ئیسحاق دەکات کە چۆن پەیوەندی دەکات بە گرووپی Hidden ones لە بەغداد بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی و ڕێگری کردن لە خراپه و گەندەڵی، ئەم گرووپە لەلایەن بکوژێکی لێهاتوو و کارامە بەڕێوەدەچێت بەناوی "ڕۆشان" کە لە ئەلەموتەوە هاتووە بۆ بەغداد و گرووپی دزەکانی شارەکە بەکاردەهێنێت تا زانیارییە گرنگەکانی خەلیفە "موتەوەکیل" بدزن و زانیاری گرنگ کۆبکەنەوە ئەویش لە بەرامبەردا پارەیان پێ دەدات.


سەرچاوەکان



301 بینین