تیۆرە دەروونییەکانی یاریکردن لەلای منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-22-11:22:00 - کۆدی بابەت: 11499
تیۆرە دەروونییەکانی یاریکردن لەلای منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیۆرە دەروونییەکانی یاریکردن لەلای منداڵ (بە ئینگلیزی: Psychological theories of play in children، بە عەرەبی: النظريات النفسية للعب عند الأطفال)، ئەو ڕۆڵە گەورەیەی یاریکردن لە ژیانی منداڵدا دەیگێڕێت، وایکردووە بەشێکی زۆر لە زانایانی دەروونزانی هەوڵی شیکردنەوەی ئەم چالاکییە بدەن، تیۆرە دەروونییەکان بە گشتی دابەشدەبن بۆ دوو بەش ئەوانیش: تیۆرە کلاسیکییەکان و تیۆرە نوێیەکانن. 

تیۆری کلاسیکی 

تیۆری وزەی زیادە 

ئەم تیۆرە لەلایەن زانای ئەڵمانی فریدرێک شیلەر پێشکەشکرا، شیلەر پێیوایە هەموو مرۆڤێک وزەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە لە چالاکییەکانی ڕۆژانەیدا بەکاریدەهێنێت، بە مەبەستی بەردەوامبوونی لە ژیان، بەڵام ئەو بەشەی کە بەکاریناهێنێت و لێی زیادە لە ڕێگەی یاریکردنەوە سەرفی دەکات، بۆیە ئەو منداڵانەی بۆیان ناڕەخسێت جووڵەی زۆر بکەن، ویستی سەرفکردنی ئەو وزە زیادەیە، هەستی ئازادبوون لە فشار و دڵەڕاوکێیان پێ دەدات، لەم ڕێگەیەوە هێور دەبنەوە، دەکرێت لە ڕێگەی ئەم تیۆرەوە چالاکی زۆری منداڵ کەمبکرێتەوە. 

لێرەدا ئەوەی گرنگە بووترێت ئەوەیە کە دایکان و باوکان و مامۆستایانی باخچەکانی منداڵان و قۆناغی بنەڕەتی، نابێت ڕێگری لە منداڵان بکەن بۆ یاریکردن، چونکە منداڵ پێویستی بە سەرفکردنی ئەو وزەیەیە کە تێیدایە، لە کاتی سەرفنەکردنی ئەو وزەیە و پابەندکردنی بە دانیشتن و نەجووڵان، ئەگەری دروستبوونی بارێکی دەروونی نائارام لە منداڵەکەدا هەیە، لەوانەیە خاڵی نەبوونەوەی ئەو وزەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە کاتێک چاودێری لەسەر نامێنێت، ئازاری خۆی یان هاوڕێکانی بدات، بۆیە گرنگە ماوەی یاریکردنی منداڵ کورت نەبێت و ئەوەندەی پێ بدرێت کە لە ڕێگای یاریکردنەوە خاڵی ببێتەوە. 

تیۆری ڕاهێنان لەسەر لێهاتوویی

پێشدەوترێت تیۆری ئامادەکردن، ئامادەبوون بۆ ژیانی داهاتوو، بە پێچەوانەی تیۆری کۆکردنەوە، کە گرۆس خاوەنی ئەم تیۆرەیە، پێیوایە یاریکردن غەریزەی پێویست بۆ ژیانی داهاتوو بەهێز دەکات، منداڵ لە ڕێگەی یاریکردنەوە تایبەتمەندی و زانیاری پێویستی بۆ داهاتوو بەدەستدەهێنێت، بۆ نموونە منداڵی کچ یاری بە بووکەڵەیەک دەکات وەک ڕاهێنانی بوون بە دایک، کوڕان کە یاری بە ئۆتۆمبێل دەکەن، هەروەها منداڵان لە یارییە کۆمەڵەکاندا ڕۆڵی دایک و باوک دەبینن، کە ئەمەش ڕاهێنانە لەسەر بوون بە دایک یان باوک، کەواتە یاریکردن تەنها سەرفکردنی وزەی زیادە و کات بەسەربردن نییە، بەڵکو هۆیەکیشە بۆ کەڵەکەکردنی زانیاری و بەدەستهێنانی لێهاتووی بۆ قۆناغەکانی تری تەمەن، خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەو ڕۆڵەی کە لە داهاتوودا دەبێت بیگێڕێت. 

تیۆری کورتکراوەیی

ئەم تیۆرییە لەلایەن زانا ستانلی پێشکەشکرا، ستانلی پێیوایە یاریکردن کورتکردنەوەی ڕابردووە و مرۆڤ لە لەدایکبوونەوە تا دەگاتە ئەوپەڕی گەشە، ئارەزوو دەکات بەهەمان ئەو ڕۆڵانەدا بڕوات کە شارستانییەتی مرۆڤایەتی پێیدا ڕۆشتووە لە یەکەم دەرکەوتنی مرۆڤەوە تا ئێستا. ئەو یاری و جووڵانەی مرۆڤ دەیکات بیرهێنانەوە و گەڕاندنەوەی ئەو غەریزانەیە، کە بەدرێژایی مێژووی گەشەکردنی مرۆڤ پێیدا تێپەڕیووە. بەپێی ئەم تیۆرە، منداڵ بە شێوەیەکی غەریزی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی باوانی پێش خۆی، لە ڕێگەی یاریکردنەوە دووبارە دەکاتەسە و هەموو ڕابردووی مرۆڤ لە چەند جۆرێک یاریکردن کورتدەکاتەوە. 

تیۆری هێوربوونەوە و بەسەربردنی کاتی خۆش

پێشیدەوترێت تیۆری نوێکردنەوە بە هێوربوونەوە، ئەم تیۆرە لەلایەن لازارۆسەوە پێشکەشکراوە و بڕوای وایە یاریکردن گێڕانەوە و نوێکردنەوەی ئەو وزەیەیە کە لە کارکردن سەرف بووە، بێگومان مرۆڤ بەشێکی زۆر لە وزەکانی بۆ کارکردن سەرفدەکات، بۆ نوێکردنەوەی ئەو وزەیە دەخەوێت یان یاری جۆراوجۆر دەکات. واتا: یاریکردن ئەو چالاکییەیە کە دەکرێت لە ڕێگەیەوە هێز بۆ لەش بگەڕێنێتەوە، ئامادەی بکات بۆ دووبارە کارکردن بە هێزێکی تەواوە. 

تیۆری گەشەی جەستەیی 

ئەم تیۆرە لەلایەن زانا کار پێشکەشکرا، ئەم زانایە پێیوایە یاریکردن یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ هاوکاریکردنی منداڵ لە گەشەکردنی ئەندامەکانی ناوەوە و دەرەوەی لەش، وەکو مێشک، ئەندامەکانی کۆئەندامی دەمار، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە یاریکردن یارمەتیدەرە لە ئامادەکردن و گەشەکردنی ئەندامەکانی لەشی منداڵدا تا ئەرکەکانی بە شێوەیەکی ڕاست و گونجاو جێبەجێ بکات، لەم ڕوانگەیەوە ئەم تیۆرە هاوڕایە لەگەڵ تیۆری ڕاهێنان لەسەر لێهاتوویی، کە یاریکردن بە هۆکارێک لە هۆکارەکانی ئامادەکردنی بۆ ژیانی داهاتووی دادەنێت. 

تیۆری پەیوەندی کۆمەڵایەتی

ئەم تیۆرە یاریکردن ڕاڤە دەکات لەسەر بنەمای ئەوەی کە مرۆڤ لە دایک و باوکێکی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو لە دایک دەبێت، کە ڕۆشنبیرییەکی تایبەت و دیاریکراوی هەیە، بۆیە سروشتییە کە منداڵ کاریگەر بێت بەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە تیایدا لە دایکبووە، شێوەی ئەو چالاکییە کۆمەڵایەتیە وەردەگرێت، بۆیە دەبینین منداڵان ئەو یارییانە دەکەنەوە کە دایک و باوکیان کردوویانە یان ئەو یارییانەی کە لە ژینگەکەیاندا دەکرێت. 

تیۆری هاوسەنگ 

ئەم تیۆرە لەلایەن زانا کۆنراد لانگەوە پێشکەشکرا، ئەم زانایە پێیوایە، هەر یەکێک لە ئێمە لە ژیانماندا کاری ڕاستەقینە هەن کە دەبێت بیانکەین، ئەم کارانە لە ڕێگەی غەریزە و ئارەزووکانمانەوە جێبەجێیان دەکەین، بۆیە مرۆڤ ئارەزووی ئەو جووڵانە دەکات کە ڕاستەقینە نین و ناومانناون یاریکردن، مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەو توانایە وەربگرێت کە لە کارە ڕاستەقینەکاندا بەدەستی ناهێنێت، ئەوا لەم ڕێگایەوە هاوسەنگی دەروونی بەدەستدەهێنێت. 

کەواتە: یاریکردن هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی دەروونی و دوورکەوتنەوە لە کارە تاقەت پروکێنەکان، کە زۆرجار دەبنە هۆی تێکچوونی دەروونی و دەکرێت لە ڕێگەی یاریکردنەوە ئەو تێکچوونە دەروونییە بگۆڕدرێت  بۆ بارێکی دەروونی هاوسەنگ. بێگومان کاتێک منداڵ یاری دەکات، نیشانەی ئەوپەڕی هاوسەنگی دەروونییەتی، ڕێگریکردن لێی دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە دەروونییە. کە زۆرجار دایکان و باوکان یان پەروەردکاران، بەهۆی بێئاگاییانەوە لە گرنگی و ڕۆڵی یاریکردن بۆ منداڵ، ڕێگری لەو چالاکییەی منداڵ دەکەن و بەمەش بەبێ ئەوەی پێی بزانن دەبنە هۆکاری تێکچوونی هاوسەنگی دەروونی منداڵەکە.

تیۆرە نوێیەکان 

تیۆری فرۆبڵ 

فرۆبڵ گرنگی بە پێداویستییە جەستەییەکانی منداڵ دەدات، لەگەڵ هەست و خەیاڵی منداڵ، بەو شتانەی کە ناوی لێناوە وێنەی جوان، وەک هونەری لێهاتوویی دەستەکان، سروشتی و بیرکاری، بۆ ئەمەش یاری و کاری دەستی و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی سروشت و زمانی بۆ منداڵ داناوە، ئەم زانایە یاریکردن و کارکردنی لە یەکتر جیاکردووەتەوە و پێیوایە یاریکردن ئەوەیە کە منداڵ خۆی بڕیاری کردنی دەدات و تیایدا ڕۆ دەچێت، بەڵام کارکردن ئەوەیە کە گەورەکان داوای لێدەکەن کە بیکات. 

تیۆری شیکردنەوەی دەروونی

فرۆید پێی وایە یاریکردن یارمەتی منداڵ دەدات بۆ بەتاڵکردنەوەی هەڵچوونەکانی، ڕزگاربوون لەو هەستانەی کە پەیوەستە بە ڕووداوە ئازار بەخشەکانەوە، لە ڕێگەی هەڵچوون و وزە کپکراوەکانی دەروونی، ئەمەش هاوکاری دەکات تا دوور بێت لە ڕەفتارە ناجۆر و نا شایستەکان، وەک دەستدرێژی و لێدان، بۆ نموونە کاتێک باوک و دایک لە منداڵ دەدەن، ئەویش لە یارییەکەی دەشکێنێت یان لە هاوڕێکەی دەدات، لەم ڕێگایەوە منداڵ کار لەسەر هەستەکانی دەکات و زاڵ دەبێت بەسەریاندا. 

تیۆری زانینی پیاچێ

جان پیاچێ، کە خاوەنی ئەم تیۆرەیە، وای دادەنێت کە یاریکردن پاڵنەری دۆزینەوە و پشکنین و فێربوون لە پشتییەوەیەتی، یاریکردن ڕەفتارێکە ئامانجی هەیە، منداڵ دەیەوێت یاری بکات و فێر ببێت و بپشکنێت، هەر ئەم خولیا خۆڕسکەیە کە پاڵ بە منداڵەوە دەنێت بە دوای هۆکارێکدا بگەڕێت بۆ تێرکردنی خولیاکەی. بەپێی ئەم تیۆرە، یاریکردنی منداڵ بەفیڕۆدانی کات نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ئەوەی دەبێت بیدۆزێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی پشکنینەوە دەبێت و هەر دۆزینەوەیەکیش هۆکارە بۆ فێربوونی شتگەلێکی نوێ. 

تیۆری سمایلانسکی 

سارا سمایلانسکی چوار جۆر یاریکردنی منداڵانی پێشەکەشکردووە بەپێی قۆناغەکانی گەشە بە دوای یەکدا دێن، ئەوانیش: 

  • یاری وەزیفی
  • یاریکردنی بونیادنانی 
  • یاریکردنی درامی
  • یاری بە یاسا 

تیۆری فیگۆتسکی 

لای زانا فیگۆتسکی پڕۆسەی فێربوون پڕۆسەیەکی مێژووی کەلتوورییە، لەم پڕۆسەیەدا منداڵ پێویستی بە زمان هەیە و خودی زمانیش لە ئەنجامی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبێت. 


سەرچاوەکان



651 بینین