چەند یارییەکی منداڵان کە تایبەتە بە جووڵە و هێز

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-22-12:01:00 - کۆدی بابەت: 11502
چەند یارییەکی منداڵان کە تایبەتە بە جووڵە و هێز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەند یارییەکی منداڵان کە تایبەتە بە جووڵە و هێز (بە عەرەبی: ألعاب الأطفال التي تركز على الحركة والقوة، بە ئینگلیزی: Children's games that focus on movement and power)، کۆمەڵێک یاری هەن کە ئەم یارییانە یارمەتی جووڵە و بەهێزبوونی منداڵ دەدات لە ڕووی جەستەییەوە. 

ئەو یارییانەی کە تایبەتن بە جووڵە و هێز

١- خوولانەوە بە دەوری کورسییدا
ئەم یارییە پێویستە ژمارەی منداڵەکان لە کورسییەکان زیاتر بێت، ئەرکی مامۆستاش ئەوەیە کە چاودێرییان بکات لە ڕووی سەلامەتییەوە، و چۆنیەتی ئەنجامدانی یارییەکە ڕوون بکاتەوە، هەروەها باشتر وایە بازنەیەک بکێشرێت بۆ ئەوەی نەڕۆنە دەرەوەی بازنەکە، خوێندکارەکان بە دەوری کورسییەکەدا دەخولێنەوە، دوای چەند چرکەیەک مامۆستا دەڵێت دانیشن، ئەو خوێندکارەی کە کورسی بۆ نامێنێتەوە دوور دەخرێتەوە، هەر جارە و کورسییەک کەم دەکرێتەوە، ئەمە دووبارە دەبێتەوە تا یەک خوێندکار دەمێنێتەوە و براوەی یارییەکە دەبێت. سوودەکانی ئەم یارییە، جگە لەوەی سوود وەرگرتنە، سوود دەگەیەنێت بە منداڵ لەم ڕووانەوە: بڕوا و متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات، سەرەڕای بەهێزکردنی ماسوولکەکانی قاچ بە تایبەتی. بەشێوەیەکی گشتی لە ڕووی جەستەییەوە سوودێکی زۆر باشی بۆ منداڵ هەیە، چونکە لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە. 

٢- پەت ڕاکێشان 
ئەم یارییە یاری هێزە، منداڵەکان دابەشدەکرێن بەسەر دوو گروپدا بە یەکسانی لە ڕووی ڕەگەز و هێزەوە، هەردوو گروپ پەتێک ڕادەکێشن و هێڵێک وەکو سنوور بەکاردێت لە نێوان هەردوو گروپدا ڕادەکێشرێت، لە کاتی بەزاندنی سنوورەکە لە لایەن گروپێکەوە بە دۆڕاو هەژمار دەکرێت، ئەم یارییە چەند سوودێکی هەیە وەک: بەهێزکردنی قۆڵ و ئەژنۆ و ڕان. منداڵ زۆر پێویستی بەم جۆرە یارییانە هەیە، هیچ یارییەک بەبێ چاودێریکردنی دایک و باوک یاخو مامۆستا ئەنجامنەدانی باشترە. 

٣- یاری بالە بە میزەڵان 
ئەم یارییە ئەوەندە کەرەستەی پێویست نییە کە مامۆستا ئەنجامی نەدات لە ناو پۆلدا، بریتییە لە دوو گروپ خوێندکار، لە دوو کورسی و پەتێک و میزەڵانێک، ئەم یارییە بە دوو شێوە ئەنجام دەدرێت، یەکەم: بە فوو، دووەم: بە سەر. لە هەردوو جۆرەکەدا دەبێت میزەڵانەکە بەسەر تەنافەکەوە یاری پێ بکرێت، ئەگەر گروپێک نەیتوانی وەڵامی لێدانی گروپی بەرانبەر بداتەوە و میزەڵانەکە بەر زەوی کەوت، ئەوا خاڵێک لەسەری تۆمار دەکرێت. ئەم یارییە بە سوودە بۆ مل و سییەکان پاکدەکاتەوە، سییەکان بەهێز دەکات، ماسولکەکانی مل و شان و قاچ زۆر بەباشی گەشە دەکەن. 

٤- هەر گروپێکی خوێندکاران لە دوو خوێندکار پێکدێت

بە شێوەیەک کە خوێندکاری یەکەم پشتی لەوی دیکەیان بێت و تۆپەکە هەڵبداتە دواوە و هاوڕێکەی هەوڵبدات تۆپی هاوڕێکەی بگرێتەوە و بکەوێتە سەبەتەکەی دەستییەوە. ئەم یارییە زۆر سوودی هەیە کاتێک کە خوێندکارەکە تۆپەکە هەڵدەدات جەخت و سەرنجێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی تۆپەکەی بکاتە ناو سەبەتەی هاوڕێکەیەوە، هەروەها خوێندکارەکەی پشتەوە هەمیشە لە جووڵەدا دەبێت بە سەرنجەوە بۆ ئەوەی تۆپی هاوڕێکەی بگرێتەوە. 

٥- یاری پەتپەتێن 
پەتپەتێن یارییەکی تاکییە، بە مەبەستی بەهێزکردنی قاچ و دەست و شان دەکرێت، کە پێکدێت لە گرتنی پەتێک کە درێژییەکەی لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەدا دەگۆڕێت، سووڕاندنی پەتەکە بە هەردوو دەستی منداڵەکە بە شێوەیەکی بازنەیی و بەرزکردنەوەی هەردوو قاچی تا پەتەکە بەرقاچی نەکەوێت. 

٦- یاریکردن بە تۆپ 
دوو خوێندکار بەرانبەر یەک دادەنیشن و هەردوو قاچیان دەکەنەوە، تۆپێک ئاڕاستەی یەکتر دەکەن بە دەست، تۆپەکە بە دەست دەگرن و پاشان پاڵی پێوە دەنێنن بۆ پێشەوە و بۆ دواوە، ئەمە سوودێکی زۆری هەیە بۆ بڕبڕەکانی پشت و بەهێزی دەکات.

٧- یاری وەرزشی ڕاهێنانی سویدی
ئەم یارییە وەرزشییە جگە لەوەی کە لە سەرەتای جووڵە وەرزشییەکاندا ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی خۆ گەرمکردن و ئامادەباشی بۆ دەستپێکردنی وەرزش، لە هەمان کاتدا وەک یارییەک ئەنجام دەدرێت کە بە شێوەیەک منداڵان چێژی لێ وەردەگرن کە زۆربەی کات لە زۆر شوێن ئەنجامی دەدەنەوە. یارییەکە بە ئەنجامدانی جووڵەی هەردوو دەست بۆ سەرەوە و پاشان بۆ خوارەوە، دواتر دەست بۆ سەر کەمەر و جووڵاندنەوەی بەلای ڕاست و چەپدا. ئەم یارییە وەرزشییە سوودی هەیە و بۆ بەهێزکردنی ئەندامەکانی لەش بە گەشتی و بە تایبەت دەست و قاچ و شان و مل. 

٨- یاری هاوسەنگی 
لە سەرەتای ئەم یارییە جوڵەییە منداڵەکە لەسەر یەک قاچ دەوەستێت، بە مەرجێک قاچەکەی کەی لەسەر زەوی نەبێت بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ چرکە، دواتر قاچەکەی تر، لەسەر هەر پلەیەک جارێک بکرێت بە مەرجێک هەموو لەشی منداڵەکە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بێت وەکو ڕاستە، بۆ جاری یەکەم و دووەم دەست بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدانی هاوسەنگی لەش، دواتر نابێت بەکاریبهێنیت، ئەم ڕاهێنانە جگە لەوەی کە سووودێکی هەیە بۆ هاوسەنگی لەش سوودێکی باشی هەیە بۆ ئەوەی کە منداڵ لە شوێنی بەرز نەترسێت، لە ڕووی جەستەییەوە بێگومان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی قاچ. 

٩- یاری تۆپی گەورە 
ئامادەکردنی تۆپی گەورە پاشان منداڵەکە خۆی دەدات بەسەر تۆپەکەدا و دەجووڵێت. ئەم جۆرە یارییە سوودێکی زۆری هەیە بۆ بەهێزکردنی ماسوولکەکانی لەش بە گشتی و بە تایبەت ماسوولکەکانی کڕکڕاگەی پشت، منداڵ کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بەسەر دەبات و چێژی لێ وەردەگرێت و هاوسەنگی زیاد دەکات لە ئەنجامی مانەوە لەسەر تۆپەکان، ئەمجۆرە جووڵەیە پسپۆڕانی پزیشکی وەرزشی وەک چارەسەر بەکاریدەهێنن بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی کرکڕاگەی پشتیان هەیە، جگە لە منداڵ و نەخۆش، کەسانی ئاسایش دەتوانن بەکاری بهێنن. 

١٠- یاری پاسکیلی سێ تایە
وەکو دەزانین لێخوڕینی پاسکیل هیچی کەمتر نییە لە ڕاکردن و مەلەوانی کە سوودێکی زۆر دەگەیەنن بە گەشەکردنی جەستەی منداڵ، تەنانەت مرۆڤ تا تەمەنێکی زۆر دەتوانێت ئەم چالاکییە ئەنجام بدات، بەڵام ئاست و تواناکان دەگۆڕێن بەپێی تەمەن، مەبەست لە پاسکیلی سێ تایە تەنها ئەوەیە کە منداڵ هێشتا نەگەشتووەتە ئەو ئاستەی کە کۆنتڕۆڵی لەشی خۆی بکات لەسەر پاسکیلی ئاسایی و دوو تایە، ئەگینا لە ڕووی سوودەوە بۆ منداڵان هیچ جیاوازییەکیان نییە، جگە لەوەی کە پاسکیل بەهێزی هەردوو قاچ دەڕوات، بەڵام سەرجەم ماسوولکەکانی لەش تیایدا بەشدارە وەکو ئەژنۆ، ڕان، دەست و تەنانەت مل، دوای ماوەیەک کە منداڵەکە بەباشی فێری دەبێت دەتوانین لە شوێنێکدا لە ڕێگەی هێڵکارییەوە شەقامی تایبەتیان بۆ دروست بکەین، کە ئەوانەش سوودی تریان هەیە وەکو وریابوون، تێگەیشتن، ڕێزگرتن لە کات و یاسا

١١- یاری ئەسپی پلاستیکی 
سواربوونی ئەسپ بۆ منداڵ خۆی لە خۆیدا چێژی تایبەت بە خۆی هەیە، بە تایبەت ئەگەر بێت و ئەسپەکان ڕەنگاو و ڕەنگ بن و جۆر و قەبارەیان جیاواز بێت، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە هەمووی تاقی بکاتەوە، مەبەستمان لە زۆری جۆر و ڕەنگەکان ئەوەیە کە منداڵ بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاریبهێنێت، لەبەر ئەوەی یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە یارمەتی منداڵ دەدات زوو لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت و دواتریش دەبنە هۆی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی پێ و ئەژنۆ. 

١٢- یاری مەلەکردن لەسەر ئیسفەنج
مەلەکردن لەسەر ئیسفەنج بۆ منداڵ سوودێکی یەکجار زۆری هەیە، لەبەر ئەوەی جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەوەی منداڵەکە لە ناو ئاوەکە نییە، بەڵکو لەسەر ئیسفەنجێکی نەرم و ناسکە، چونکە دەتوانێت هەردوو قۆڵی بجووڵێنێت چ بۆ مەلەی ئاسایی بێت چ بۆ مەلەی سنگ بێت کە هەردوو دەستی دەجووڵێت، چونکە لە کاتی جووڵانەوەی هەردوو قۆڵی و بەرزکردنەوەیان دەبنە هۆی ئەوەی پشت و سەر و ملی بەرز بکاتەوە لە یەک کاتدا، هەردوو قاچی بە شێوازی تەریب و بە بەردەوامی دەجووڵێنەوە، واتە لەشی منداڵەکە تەنها لەسەر نیوەی سک و حەوزی وەستاوە لەسەر ئیسفەنجەکە. 

یاری بازنەیی 

بۆ منداڵانی ساڵی یەکەم لە باخچە یارییەکی ڤازنەی سیانی ئامادە دەکرێت بۆ چوار مانگی یەکەمیان، و یارییەکی بازنەیی پێنجییان بۆ چوار مانگی دووەم ئامادە دەکەین، بۆ منداڵانی قۆناغی دووەمی باخچە، بازنەیی حەوتی ئامادە دەکەین بۆ چوار مانگی یەکەمیان و دواتر بازنەیی نۆیی، ژمارەی بازنەییەکان تاکن، چونکە بازنەیە لەبەر هۆکاری تر نییە. 

یاری بازنەیی: بریتییە لەوەی کە مامۆستا بۆ نموونە پێنج یاری ئامادە دەکات بە کەرەستەکانییەوە لە یەک کاتدا کە بریتین لە یاری مەلەکردن لەسەر ئیسفەنج، هاوسەنگی لەش، ئەسپی پلاستیکی، تۆپی گەورە، ڕاهێنانی سویدی، دوای ئەوەی مامۆستا فەرمان دەکات بە دەستپێکردن، هەر منداڵێک بەردەوام دەبێت لەسەر یارییەک بۆ دوو خولەک، دوای دوو خولەکەکە مامۆستا فیکە لێدەدات و دەڵیت یارییەکە بگۆڕن، دوای دوو خولەکی تر بە هەمان شێوە تا هەر خوێندکارێک هەموو یارییەکان تاقی دەکاتەوە، ئەمە بریتییە لە یاری بازنەیی. 


سەرچاوەکان



314 بینین