ناوهڕۆك
ناساندن
فیسیۆلۆجی مردنی کتوپڕ (بە عەرەبی: فسويولوجية الموت المفاجئ، بە ئینگلیزی: The physiology of sudden death)، ئەم جۆرە مردنە، پێی دەوترێت مردنی کتوپڕ تەنها تایبەت نییە لە یەک ناوچە و لە یەک ناوچەدا ڕووبدات، بەڵکو ئەمە مردنێکی زۆر بڵاوە و لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا هەیە. ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٧ لە ئەمریکا، ئەوە دەردەخەن کە هەموو ڕۆژێک تەنها لە ئەمریکادا ١٢٠٠ کەس بەم مردنە دەڕۆن. بە هەموو پێوانەیەک، ئەم مردنە، مردنێکی چاوەڕوان نەکراوە یا مردنێکە کە بێ هیچ هۆکارێکی برینداری ڕوودەدات، واتا کەسەکە لە چەند خولەک و کاتژمێرێکدا، کەسەکە لە پڕ نامێنێت و دەمرێت.
هۆکاری ئەندامی
زۆربەی زاناکان لەسەر ئەوە کۆکن کە لە %٧٥ی ئەو کەسانە، لە پێشووتردا نەخۆشی دڵیان هەبووە، پێیان نەزانیوە و فەرامۆشیان کردووە، یان نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن، بەشی هەرە زۆری ئەمانەش تووشی ڕەقبوونی دڵە خوێنبەرەکان بوون، کە لە پێشدا چەند جارێک بە ئازار یان هەناسەسواری، یان سنگە کوژێ دەردەکەوێت، ئەگەر پشتگوێخرا، یان لە ژێر چاودێری پزیشکدا نەبوو، وردە وردە ئەو خوێنبەرانەی کە پێیان دەوترێت خوێنبەرەکانی دڵ تەسک دەبنەوە لە ئەنجامی نیشتنی ماددە چەورییەکان لەسەر ناوپۆشی ناوەوەیان، ئیتر بە باشی ناتوانن وەک جاران چالاکی گەیاندنی خوێن و ئۆکسجین جێبەجێ بکەن بۆ ماسولکەکانی دڵ لەبەر ئەوەی ماسولکەکانی دڵ تووشی کەم ئۆکسجینی دەبن و بێ خواردن دەبن، لەبەر ئەوە لاواز دەبن، ناتوانن چالاکییەکانیان بنوێنن، لە پاشتریشدا دوور نییە بەهۆی پارچە چەوری بچوک یان کڵۆبوونی بچوکی خوێنەوە بگرین و بە تەواوی پەکی ئەو ماسولکانە بخەن و لە ئەنجامیشدا دەبنە هۆی تێکچوونی لێدانەکانی دڵ، ئەو لە %٢٥ی کە دەمێنێتەوە، ئەو کەسانەن کە بە کتوپڕ دەمرن.
هەندێک جاریش هۆیەکە لە دەماخدا هەیە، بە تایبەتی خوێن بەربوونی دەماغ یان لە سییەکاندا، بە تایبەتی گیرانی لوولە خوێنەکانی سی، بە زۆری یا باش نەگەیشتنی ئۆکسجین بە لەش، لە ئەنجامی سییەکانەوە یان قڵیش بردن و دڕاندنی شا خوێنبەر یان بوونی بەرزە پەستانی خوێن هۆکاری بۆماوەیی زۆربەی توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە هۆکاری بۆماوەیی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە مردنی کتوپڕدا، بە تایبەتی لە تێکچوون و شپرزەبوونی ماسولکەکانی دڵ و زمانەکان و گیران یان تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکاندا، ئەمەش بە ڕوونی لە هەندێک خێزاندا دەردەکەوێت کە زۆربەیان بەم جۆرە مردنە دەڕۆن.
هۆکاری سایکۆلۆجی
باری دەروون و سایکۆلۆجیای مرۆڤ، کاریگەری زۆری لەسەر باری تەندروستییەوە هەیە، بۆ نموونە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار و لوولە خوێنەکان و پەستانی خوێن، بە تایبەتی لەو کەسانەی کە زۆر هەستیارن و زوو هەڵدەچن و زوو تووڕە دەبن، تووڕەبوونەکەیان تا ڕادەیەک توندە و ئاگایان لە خۆیان نامێنێت، یان ئەوانەی خەمۆکیان هەیە یان زۆر گۆشەگیرن یان کپ کراون، یاخود ئەوانەی بەردەوام هەست دەکەن فەرامۆشکراون، یان ئەوانەی هەست دەکەن کۆمەڵگە خۆشی ناوێن، یان ئەو کەسانەی زۆر نا کۆمەڵایەتین یان ئەوانەی بەردەوام ئیرەییان هەیە و ئەوانەی کە لە دڵەڕاوکێدان.
هۆکاری ژینگەیی
مپشێوی وڵات و ئاژاوەی ناوخۆ و نائارامی و پەیدابوونی ترس و بێ دەرەتانی و هەژاری، دەست کورتی بەرانبەر پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خێزان و نەتوانینی جێبەجێکردنیان، یان سەرنەکەوتن لە کار و فەرمان، یا دوورکەوتنەوە لە کەس و کار و هاوڕێ و دۆست وەک لە کاتی کۆچکردندا ڕوودەدات یان کێشەی خێزانی، یا مردنی کتوپڕی کەسێکی نزیک و خۆشەویست، یا پەیدابوونی فۆبیا، یاخود خوو گرتن بە مادەی هۆشبەر و مەی خواردنەوە و جگەرەکێشان و شەونخونی و ماندووبوون، یان زۆر نوستن و نەجووڵان و وەرزش نەکردن، یان زۆر خواردنی چەوری و ماددە پڕ کۆلیستڕۆڵەکان، ئەمانە هەموو کاری تەواو دەکەنە سەر هیلاک کردن و لاوازکردن و تێکدانی دڵ و پەکخستنی.
تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە هۆرمۆن و ئەنزیمەکانی بەشی پێشەوەی مێشک بە تایبەتی لە ناوبردنی موولوولە وردەکانی ناو ماسولکەکانی دڵ، یان نیشتنی چەوری لەناوپۆشەکەیاندا، لە ئەنجامدا تێکچوونی شانە ماسولکەییەکانی دڵ، و کارەباییەکەی و شپرزبوونی لێدانەکانی، وەک لە کاتی خنکاندن، هەندێکجاریش پێش خنکاندنەکە بە چەند خولەکێک دڵەکە خۆی ڕادەوەستێت، یان لە کاتی تەقاندنی نارنجۆکدا یان پێدانی هەواڵی لە پڕی ناخۆش.
خۆپاراستن
١- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان بە هەر ڕێژەیەک.
٢- کەمکردنەوەی خۆراکی چەوری، بە تایبەتی ئەوانەی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵیان زۆرە.
٣- وەرزشکردنی ڕێک و پێک، هەموو ڕۆژێک لە کاتی دیاریکراو و بەپێی پڕۆگرامێکی گونجاو لەگەڵ تەمەن و کاردا.
٤- گونجاندنی کێشی لەش لەگەڵ تەمەن و درێژی باڵا و دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرەکانی قەڵەوی.
٥- خواردنی خۆراکی تێکەڵ لە سەوزە و میوە و گۆشت و پڕۆتینەکانی دیکە.
٦- دوورکەوتنەوە لە مەی خواردنەوە، بە هەموو جۆرەکانیەوە.
٧- دوورکەوتنەوە لە تەمبەڵی و دانیشتنی زۆر، هەوڵدان بۆ گەڕان و پیاسە.
٨- لەگەڵ هەموو هەستکردنێک بە ئازاری سنگ و ناوچەی دڵ، پێویستە مرۆڤ خۆی پێشانی پزیشک بدات، لە ژێر چاودێرییەکانی دەرنەچێت.