هەوکردنی جومگەی منداڵان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-11-10-14:29:00 - کۆدی بابەت: 11617
هەوکردنی جومگەی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەوکردنی جومگەی منداڵان یاخود هەوکردنی جومگەی هۆکار نەزانراوی منداڵان (بە ئینگلیزی: Juvenile idiopathic arthritis، بە عەرەبی: التهاب المفاصل اليفعي مجهول السبب) ناسراویشە بە هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی منداڵلان (juvenile rheumatoid arthritis) کە باوترین جۆری هەوکردنی جومگەیە لە منداڵانی خوار تەمەن شانزە ساڵ.

وشەی Juvenile بە مانای کەسی خوار تەمەن هەژدەساڵان دێت، واتا منداڵ و لاوانی کەم تەمەن.

ئەم هەوکردنە کە پێشی دەوترێت هەوکردنی جومگەی هۆکار نەزانراوی لاوان کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئازاری جومگەکان و هەوکردن و ڕەقبوونی جومگەکان. هەندێک منداڵ لەوانەیە تەنها بۆ چەند مانگێک نیشانەکانیان هەبێت، لە کاتێکدا هەندێکی تر دەکرێت بۆ چەندین ساڵ نیشانەکانیان هەبێت.

هەندێک لە جۆرەکانی هەوکردنی جومگەی منداڵان لەوانەیە ببنە هۆی ئاڵۆزییەکی گەورە، وەک کێشەی گەشەکردن، زیان گەیاندن بە جومگەکان و تەنانەت هەوکردنی چاویش. چارەسەرکردنی ئەم جۆرە هەوکردنە تەرکیز دەکاتە سەر کۆنترۆڵکردنی ئازار، هەوکردن، باشترکردنی کردار و ڕێگریکردن لە زیانەکانی.

نیشانەکان

باوترین نیشانەکانی هەوکردنی جومگەی منداڵان بریتین لە:

ئازار: لە کاتێکدا منداڵەکە لەوانەیە گلەیی لە ئازاری جومگەکان نەکات، بەڵام دەکرێت تێبینی ئەوە بکەیت کە دەشەلێت، بەتایبەتی یەکەم شت لە بەیانیان یان دوای لە خەو هەڵسان.

هەڵئاوسان: ئەمە باوە، بەڵام زۆرجار لە جومگە گەورەترەکاندا تێبینی دەکرێت وەک ئەژنۆ.

ڕەقبوون: لەوانەیە تێبینی ئەوە بکەیت کە منداڵ ڕۆشتنی ڕەقتر لە ئاسایی دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە بەیانیان یان دوای لە خەو هەڵسان.

تا، هەڵئاوسانی لیمفە گرێکان و برین: لە هەندێک حاڵەتدا، تایەکی بەرز، هەڵئاوسانی لیمفە گرێکان یان برینێک لە قەدی کەسەکە دروستدەبێت و لە شەواندا خراپتر دەبێت.

هەوکردنی جومگەی هۆکار نەزانراوی منداڵان دەتوانێت کاریگەری لەسەر یەک جومگە یان زۆرتر هەبێت. چەندین جۆری لاوەکی جیاواز هەیە لە نەخۆشی جومگەی هۆکار نەزانراوی لاوان، بەڵام سەرەکیترینیان لەشی، یەک جومگەیی و فرە جومگەییە. ئەو جۆرەی کە منداڵ هەیەتی پشت دەبەستێت بە نیشانەکانی، ژمارەی ئەو جومگانەی کە تووشی دەبن، و ئەگەر تا و برین تایبەتمەندییەکی بەرچاوبن.

وەک شێوەکانی تری هەوکردنی جومگەکان، هەوکردنی جومگەی منداڵان بەو کاتانە دەناسرێتەوە کە نیشانەکان دەردەکەون و ئەو کاتانەی کە نیشانەکان لە کەمبوونەوەدان.

چی کاتێک سەردانی پزیشک بکەیت

منداڵەکەت ببە بۆ لای پزیشک ئەگەر ئازاری جومگەی هەبوو، هەوکردن یان ڕەقبوونی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک هەبوو، بەتایبەتی ئەگەر تای لەگەڵ بوو.

هۆکارەکان

هەوکردنی جومگەی منداڵان کاتێک ڕوودەدات کە کۆئەندامی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر خانە و شانەکانی خۆی. تا ئێستا نازانرێت بۆچی ئەمە ڕوودەدات، هەر بۆیەش پێی دەوترێت هەوکردنی جومگەی هۆکار نەزانراوی منداڵان،  بەڵام هەردوو بۆماوە و ژینگە ڕۆڵیان هەیە.

هۆکارەکانی مەترسی

هەندێک لە جۆرەکانی هەوکردنی جومگەی منداڵان لە کچاندا باوترن.

ئاڵۆزییەکان

چەند ئاڵۆزییەکی گەورە لەوانەیە بەهۆی نەخۆشی جومگەی منداڵانەوە دروستبێت. بەڵام پاراستنی چاودێرییەکی ورد لەسەر دۆخی منداڵ و گەڕان بەدوای چاودێری پزیشکی گونجاودا دەتوانێت مەترسی ئەم ئاڵۆزییانە کەم بکاتەوە:

کێشەی چاو: هەندێک شێوە لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی چاو. ئەگەر ئەم حاڵەتە چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی ئاوی سپی و ئاوی ڕەشی چاو تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی کوێری.

هەوکردنی چاو زۆرجار بەبێ هیچ نیشانەیەک ڕوودەدات، بۆیە گرنگە بۆ ئەو منداڵانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە بە بەردەوامی لەلایەن پزیشکی چاوەوە پشکنینیان بۆ بکرێت.

کێشەکانی گەشەکردن: هەوکردنی جومگەی منداڵان دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەشەکردن و بەتایبەت گەشەی ئێسکی منداڵ هەبێت. هەندێک لەو دەرمانانەی کە بەکاردێن بۆ چارەسەر بەزۆری کۆرتیکۆستڕۆیدەکان دەتوانن ڕێگری لە گەشەکردن بکەن.

دەستنیشانکردن

دەستنیشانکردنی هەوکردنی جومگەی منداڵان لەوانەیە قورس بێت چونکە ئازاری جومگەکان دەکرێت بەهۆی چەندین جۆری جیاواز لە کێشەکانەوە دروست ببن. هیچ پشکنینێک ناتوانێت دەستنیشانکردنەکە پشتڕاست بکات، بەڵام پشکنینەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ڕەتکردنەوەی هەندێک حاڵەتی تر کە نیشانەی هاوشێوە دروست دەکەن.

  • پشکنینی خوێن

هەندێک لە باوترین پشکنینەکانی خوێن بۆ حاڵەتە گومانلێکراوەکان بریتین لە:

پشکنینی ڕێژەی نیشتنی خڕۆکە سوورەکان (ESR): ڕێژەی نیشتنەوە ئەو خێراییەیە کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە خوارەوەی بۆری خوێن جێگیر دەبن. ڕێژەیەکی بەرز دەتوانێت ئاماژە بە هەوکردن بکات. پێوانەکردنی ESR بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ئاستی هەوکردن.

پشکنینی پڕۆتینی پەرچيدەرەوەی سی (C-reactive protein): ئەم پشکنینی خوێنە ئاستی هەوکردنی گشتی لە لەشدا پێوانە دەکات بەڵام بە پێوەرێکی جیاواز لە ESR.

پشکنینی دژەتەنی دژەناوکی (Antinuclear antibody): دژەتەنی دژە ناوکی پڕۆتینێکن کە بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن کۆئەندامی بەرگری مرۆڤەوە بەرهەم دەهێنرێن لەگەڵ هەندێک نەخۆشی بەرگری خۆیی. لەوانە هەوکردنی جومگەکان. ئەمانە نیشانەیەکن بۆ ئەگەری زیادبوونی هەوکردنی چاو.

پشکنینی هۆکاری ڕۆماتیدی (Rheumatoid factor): ئەم پشکنینە ئەنجامدەدرێت چونکە ئەم دژەتەنە هەندێک جار لە خوێنی ئەو منداڵانەدا دەدۆزرێتەوە کە نەخۆشی جومگەی هۆکار نەزانراوییان هەیە و لەوانەیە مانای ئەوە بێت کە مەترسی تێکشکانیان بە هەوکردنی جومگەکان زیاترە.

پشکنینی پێپتیدی سایکڵیک سیترینەیتد (Cyclic citrullinated peptide): وەک هۆکاری ڕۆماتیدی، CCP دژەتەنێکی دیکەیە کە لەوانەیە لە خوێنی ئەو منداڵانەدا بدۆزرێتەوە کە نەخۆشی جومگەی هۆکار نەزانراوییان هەیە و لەوانەیە نیشانەی مەترسی زیان گەیاندن بێت.

لە زۆرێک لەو منداڵانەی کە هەوکردنی جومگەی هۆکار نەزانراوییان هەیە، هیچ نائاساییەکی بەرچاو لەم پشکنینەکانی خوێندا نادۆزرێتەوە.

  • سکانکردنی وێنە

تیشکی ئێکس یان وێنەگرتنی زرنگانەوەی موگناتیسی لەوانەیە بەکاربهێنرێت بۆ دەرکردنی نەخۆشییەکانی تر، وەک شکان، گرێکان، هەوکردن یان کەموکوڕییەکانی لە دایکبوون. هەروەها وێنەگرتن لەوانەیە جار جار بەکاربهێنرێت دوای دەستنیشانکردنەکە بۆ چاودێریکردنی گەشەی ئێسک و بۆ دۆزینەوەی زیانی جومگەکان.

چارەسەرەکان

چارەسەری نەخۆشی جومگەی منداڵان تیشک دەخاتە سەر یارمەتیدانی منداڵ بۆ پاراستنی ئاستێکی ئاسایی چالاکی جەستەیی و کۆمەڵایەتی. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، پزیشکەکان لەوانەیە تێکەڵەیەک لە ستراتیژی بەکاربهێنن بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردن و هێشتنەوەی جووڵە و هێزی تەواو و ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان.

  • دەرمانەکان

ئەو دەرمانانەی بەکاردێن بۆ یارمەتیدانی منداڵانی تووشبووی هەوکردنی جومگەی بۆ کەمکردنەوەی ئازار و باشترکردنی کردار و کەمکردنەوەی زیانی جومگەکانە.

دەرمانە ئاساییەکان بریتین لە:

دەرمانەکانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی (NSAIDs): ئەم دەرمانانە، وەک ئیبۆپرۆفین (ئەدڤیل، مۆترین، ئەوانی تر) و ناپرۆکسین سۆدیۆم (ئەلێڤ)، ئازار و هەوکردن کەم دەکەنەوە. کاریگەرییە لاوەکییەکان بریتین لە کێشەی گەدە و زۆر کەمتر کێشەی گورچیلە و جگەر.

دەرمانەکانی دژە ڕۆماتیزمەی گۆڕاو (DMARDs): پزیشکەکان ئەم دەرمانانە بەکاردەهێنن کاتێک NSAID بە تەنها شکست دەهێنێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئازار و هەوکردنی جومگەکان یان ئەگەر مەترسییەکی زۆر هەبێت بۆ زیان گەیاندن لە داهاتوودا. DMARDs لەوانەیە لەگەڵ NSAIDs بەکاربهێنرێت بۆ خاوکردنەوەی پێشکەوتنی هەوکردنی جومگەی هۆکار نەزانراوی منداڵان. باوترین بەکارهێنانی DMARD بۆ منداڵان مێثۆترێکسەیتە (Trexall Xatmep، ئەوانی تر). کاریگەرییە لاوەکییەکانی مێثۆترێکسەیت لەوانەیە بریتی بێت لە هەستکردن بە نەخۆشی، کەمی خوێن، کێشەی جگەر و مەترسی زیادبوونی هەوکردن.

بریکاری زیندەزانی (Biologic agents): هەروەها ناسراوە بە گۆڕینی وەڵامی بایۆلۆجی، ئەم پۆلە نوێیەی دەرمانەکان بلۆکەرەکانی هۆکاری لووی شێرپنجەیی یاخود تیومەر نیکرۆسس فاکتەر (TNF) لەخۆ دەگرێت، وەک ئیتانێرسێپت (Enbrel، Erelzi، Eticovo) adalimumab (Humira)، golimumab (Simponi) و infliximab (Remicade، Inflectra، Others). ئەم دەرمانانە دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردنی سیستەماتیک (بڵاوبووەوەی لەشی) بدەن و ڕێگری لە زیانی جومگەکان بکەن. لەوانەیە لەگەڵ دەرمان و دەرمانەکانی تر بەکاربهێنرێن.

دەرمانە بایۆلۆجییەکانی تر کاردەکەن بۆ سەرکوتکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش بە شێوەیەکی کەمێک جیاواز، لەوانە ئەباتاسێپت (Orencia)، ڕیتوکسیماب (Rituxan, Truxima, Ruxience)، ئەناکینرا (Kineret) و تۆسیلیزوماب (Actemra). هەموو بریکارە بایۆلۆجییەکان دەتوانن مەترسی تووشبوون بە هەوکردن زیاد بکەن.

کۆرتیکۆستیرۆیدەکان: دەرمانەکانی وەک پرێدنیسۆن لەوانەیە بەکاربهێنرێن بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان تا ئەو کاتەی دەرمانێکی تر کاریگەری دەبێت. هەروەها بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن کاتێک لە جومگەکاندا نییە، وەک هەوکردنی سک لە دەوروبەری دڵ.

ئەم دەرمانانە دەتوانن دەستێوەردان لە گەشەی ئاسایی بکەن و ئەگەری تووشبوون زیاد بکەن، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی دەبێت بۆ کورتترین ماوە بەکاربهێنرێن.

  • چارەسەر سروشتی

پزیشک لەوانەیە پێشنیاری ئەوە بکات کە منداڵ لەگەڵ پزیشکێکی چارەسەری جەستەیی کار بکات بۆ ئەوەی یارمەتی جومگەکانی بدات کە نەرم بێت و مەودای جووڵە و ماسولکەکانی بپارێزێت. چارەسەری جەستەیی یان چارەسەری پیشەیی لەوانەیە پێشنیاری زیاتر بکات سەبارەت بە باشترین وەرزش و کەلوپەلی پاراستن بۆ منداڵ.

هەروەها پزیشکێکی چارەسەری جەستەیی یان پیشەیی لەوانەیە پێشنیاری ئەوە بکات کە منداڵ پاڵپشتی جومگەکان یان سپلینتەکان بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدان لە پاراستنی جومگەکان و هێشتنەوەیان لە دۆخێکی کرداری باشدا.

  • نەشتەرکاری

لە حاڵەتە زۆر سەختەکاندا، لەوانەیە نەشتەرکاری پێویست بێت بۆ باشترکردنی کرداری جومگەکان.

شێوازی ژیان و چارەسەری ماڵەوە

چاودێران دەتوانن یارمەتی منداڵان بدەن لە فێربوونی تەکنیکەکانی چاودێریکردنی خۆیان کە یارمەتی سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی نەخۆشی جومگەی منداڵان دەدات. تەکنیکەکان بریتین لە:

ڕاهێنانی ئاسایی: وەرزش گرنگە چونکە یارمەتی بەهێزکردنی ماسولکەکان و نەرمبوونی جومگەکان دەدات. هەروەها مەلەکردن بژاردەیەکی زۆر باشە چونکە کەمترین فشار دەخاتە سەر جومگەکان.

بەکارهێنانی پەستانی سارد یان گەرم: توندبوونی جومگە کاریگەری لەسەر زۆرێک لەو منداڵانە دەکات کە هەوکردنی جومگەیان هەیە، بەتایبەتی لە بەیانیاندا. هەندێک لە منداڵان بە باشی وەڵامی پاکەتە ساردەکان دەدەنەوە، بەتایبەتی دوای چالاکی. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی منداڵان گەرمییان پێ باشترە، وەک پاکەتێکی گەرم یان حەمامێکی گەرم یان دۆش، بەتایبەتی لە بەیانیاندا.

خواردنی باش: هەندێک لەو منداڵانەی کە هەوکردنی جومگەیان هەیە ئارەزووی خواردنیان لاوازە. هەندێکی تر لەوانەیە کێشیان زیاد بکات بەهۆی دەرمان یان ناچالاکی جەستەیی. خۆراکی تەندروست دەتوانێت یارمەتی پاراستنی کێشی لەش بدات.

کالسیۆمی پێویست لە خۆراکدا گرنگە چونکە ئەو منداڵانەی نەخۆشی جومگەیان هەیە مەترسی گەشەکردنی ئێسکە لاوازەیان لەسەرە بەهۆی نەخۆشییەکەیانەوە، هەروەها بەکارهێنانی کۆرتیکۆستیرۆیدەکان و کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی و کێش هەڵگرتن.

ڕووبەڕووبوونەوە و پشتگیری

ئەندامانی خێزان دەتوانن ڕۆڵی گرنگ ببینن لە یارمەتیدانی منداڵان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەیان. وەک دایک و باوکێک، لەوانەیە بتەوێت ئەمانەی خوارەوە بکەیت:

  • مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەت بکە وەک منداڵەکانی تری خێزانەکەت تا ئەوپەڕی توانا.
  • ڕێگە بە منداڵەکەت بدە توڕەیی دەرببڕێت دەربارەی هەوکردنی جومگەی. ڕوونی بکەرەوە کە نەخۆشییەکە بەهۆی هیچ شتێکەوە نییە کە کردوویەتی، واتا هەڵەی ئەوی تیا نییە.
  • هاندانی منداڵەکەت بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە جەستەییەکان، بە  بیرکردنەوە لە ڕاسپاردەکانی پزیشک و چارەسەری جەستەیی منداڵەکەت.
  • باسی بارودۆخی منداڵەکەت و کێشەکانی دەوروبەری بکە لەگەڵ مامۆستا و بەڕێوەبەرەکانی قوتابخانەکەی.

ئامادەکاری بۆ چاوپێکەوتنی پزیشک

ئەگەر پزیشکی منداڵان یان پزیشکە خێزانییەکەت گومانی ئەوەی هەیە کە منداڵەکەت نەخۆشی جومگەی هۆکار نەزانراوی هەیە، ئەوا لەوانەیە تۆ ڕەوانەی پزیشکێک بکات کە تایبەتمەندە بە نەخۆشی جومگە (ڕۆماتۆلۆجیست) بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنەکە و دۆزینەوەی چارەسەر.

تۆ دەتوانی چی بکەیت؟

پێش ئەوەی سەردانی پزیشک بکەیت، لەوانەیە بتەوێت لیستێک بنووسیت کە پێکدێت لە:

  • چەند نیشانەیەک لەسەر نیشانەکانی منداڵەکەت.
  • چەند زانیارییەک دەربارەی کێشە پزیشکیەکانی منداڵەکەت لە ڕابردوودا.
  • چەند زانیارییەک دەربارەی ئەو کێشانەی کە لە خێزانەکەتدا هەیە.
  • هەموو ئەو دەرمان و خۆراکانەی کە منداڵەکەت وەریدەگرێت.
  •  دۆخی کوتانی منداڵەکەت.
  • ئەو پرسیارانەی کە دەتەوێت لە پزیشکی بکەیت.

هەروەها پزیشک لەوانەیە چەند پرسیارێک بکات، لەوانە:

  • کام جومگە کارتێکراوە؟
  • کەی نیشانەکان دەستیان پێکرد؟ وا دەردەکەوێت کە بێن و بڕۆن؟
  • ئایا هیچ شتێک نیشانەکان باشتر دەکات یان خراپتر؟
  • ئایا جومگەکانی دوای پشوودان خراپتر دەبن؟


سەرچاوەکان



848 بینین