قاوەی بێ کافایین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-01-06-00:11:00 - کۆدی بابەت: 11821
قاوەی بێ کافایین

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

قاوەی بێ کافایین یان قاوەی دیکاف (بە عەرەبی: القهوة منزوعة الكافيين، بە ئینگلیزی: decaf coffee) بریتییە لەو قاوەیەی کە ماددەی کافایینی تێدا لابراوە و تەنیا بڕێکی کەمی لە ماددەکە لەخۆگرتووە. تام و بۆن و ڕەنگی قاوەی بێ کافایین لەگەڵ ئەو قاوەیەی کافایینی تێدایە زۆر جیاوازی نییە، بۆ ئەو کەسانە پێشنیار دەکرێت کە کێشەیەکی تەندروستییان هەیە و ماددەی کافایین زیانی بۆیان هەیە یان هەستیاریان بە ماددەکە هەیە.

مێژووی بەرهەمهێنانی قاوەی بێ کافایین دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، کاتێک زانای ئەڵمانی "فریدریک فێردیناند ڕونگ" شیکاری بۆ دەنکی قاوە کرد بۆ دۆزینەوەی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بەشداربوون لە کەمکردنەوەی چڕی کافایین لە قاوەدا و توانی بڕێکی زۆر لە ماددەکە لە دەنکی قاوەکان لابەرێت.

ماددەی کافایین چییە؟

ماددەی کافایین ماددەیەکی بلووری بێ ڕەنگە کە بە هاندەر و چالاککەر دادەنرێت، بە ڕێژەیەکی زۆر لە قاوەدا هەیە لەگەڵ چەند خواردنێکی تری وەکوو چا، خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە وزەبەخشەکان، کاکاو، شوکولاتە. هەروەها کافایین لە پێکهاتەی هەندێک دەرمانیش بوونی هەیە وەکوو ئەو دەرمانانەی کە ئارەزوی خواردن زیاد دەکەن لەگەڵ دەرمانە ئازارشکێنەکان.

جیاوازی قاوەی بێ کافایین و ئەو قاوەیەی کافایینی تێدایە چییە؟

جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان قاوەی ئاسایی و قاوەی بێ کافایین نییە، بە بەکارهێنانی چەندان شێواز و ڕێگای جیاواز ماددەی کافایین لە دەنکی قاوە هاڕدراوەکان دەردەهێنرێت، تام و بۆن و ڕەنگی قاوەی بێ کافایین زۆر کەم دەگۆڕێت و زۆر کاریگەر نابێت، بەڵام پارێزگاری لە مانەوەی ماددە خۆراکییە سوودبەخشەکان تا ڕادەیەکی زۆر دەکات، ڕەنگی قاوەکە لەوانەیە کەمێک بگۆڕێت بەپێی ئەو شێواز و ڕێکارەی کە کافایینەکەی تێدا لابراوە و ڕەنگەکەی تاڕادەیەک کاڵتر دەبێتەوە.

قاوەی بێ کافایین چۆن دروست دەکرێت؟

قاوەی بێ کافایین لە کارگەی تایبەتمەند بە شێوازێکی ورد دروست دەکرێت، بەڵام بە گشتی کافایین بە چەند شێوازێک لە دەنکی قاوەکان دەردەهێنرێت، نموونەی بەکارهێنانی توێنەرە ئۆرگانیکەکان لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەویش لە ڕێگەی دانانی دەنکی قاوەی سەوز پێش برژاندن لەناو ئاودا لەگەڵ زیادکردنی ماددە توێنەرەکان بۆ تواندنەوەی ماددە کافایینەکەی ناو دەنکی قاوەکان، پاشان لە کۆتاییدا ماددە توێنەرەکان لە قاوە بێ کافایینەکە جیادەکرێتەوە.

ڕێگایەکی تری بەرهەمهێنانی قاوەی بێ کافایین بریتییە لە بەکارهێنانی "تەکنیکی سویس وەتر"، دەنکی قاوە سەوزەکان پێش برژاندن لە ئاودا دادەنرێت بۆ ئەوەی ئاوەکە هەڵبمژێت، بەم شێویەش ماددەی کافایینی ناو قاوەکە دەتوێتەوە و دەتوانرێت بە ئاسانی لاببرێت.

وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت قاوەی بێ کافایین بریتییە لەو قاوەیەی کە ڕێژەیەکی زۆری لە ماددە کافایینەکەی لێ لابراوە، بەڵام بە تەواوی لە سەدا سەد لەو ماددەیە خاڵی نییە و بە جۆرێکە کە لە هەر کوپێک قاوەدا ٣٪ ماددەی کافایینی تێدایە واتا دەکاتە نزیکەی سێ ملیگرام، ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە قاوەکانی تر کە کافایینیان تێدایە زۆر کەمە.

بەها و پێکهاتەی خۆراکی

شارەزایانی بواری خۆراک پشتڕاستیان کردۆتەوە کە قاوەی بێ کافایین هەمان بەهای خۆراکی قاوەی ئاسایی هەیە، تەنها ئەوە نەبێت کە ڕێژەی ماددەی کافایینەکەی کەمترە و کەم کراوەتەوە. هەروەها قاوەی بێ کافایین بە ڕێژەی ١٥٪ کەمتر دژە ئۆکسێنی تێدایە بە بەراورد بە قاوەی ئاسایی ئەمەش بەهۆی لابردن و کەمکردنەوەی ماددەی کافایینەکەوەیە، جگە لەوەی پێکهاتەی هایدرۆجینی و پۆلیفینۆڵی تێدایە کە دژە ئۆکسێننی زۆر گرنگن بۆ لەش.


ڕێژەی کافایین لە جۆرەکانی قاوەی ئاساییدا

ڕێژە و بڕی ماددەی کافایین لە کوپێک قاوەدا بەپێی هەر جۆرە قاوەیەک دەگۆڕێت، تام و پلەی برژاندن و بڕ و چۆنێتی هاڕین و وردی قاوەکە کە بەکاردەهێنرێت لەگەڵ چۆنێتی ئامادەکردنی قاوەکە کاریگەرن لەسەر ڕێژەی ماددەی کافایین، بڕی کافایین لە دیارترین جۆرەکانی قاوە بریتییە لە:

قاوەی تورکی: کوپێک لەم قاوەیە لە نێوان ٩٠ بۆ ٢٠٠ میلیگرام کافایینی تێدایە، لەکاتێکدا قاوەی تورکی بێ کافایین لە هەر کوپێکدا لە نێوان ٢ بۆ ١٢ میلیگرام کافایینی تێدایە.

قاوەی ئیسپرێسۆ: ڕێژەی کافایین لە ئیسپرێسۆ لە نێوان ٤٧ بۆ ٧٥ میلیگرام کافایینی تێدایە، لەکاتێکدا ڕێژەی هەمان جۆری قاوەی بێ کافایین دەگاتە ۰٪ واتا هیچ کافایینی تێدا نییە.

قاوەی خێرا تواوە: ئەم جۆرە قاوەیە نزیکەی ١٣٧ میلیگرام کافایینی تێدایە بۆ هەر کوپێک، لەکاتێکدا قاوەی بێ کافایینی ئەم جۆرە قاوەیە لە نێوان ٠ بۆ ٢٧ میلیگرام کافایینە لە هەر کوپێکدا.
ـقاوەی عەرەبی و قاوەی ئەمریکی کەمترین ڕێژەی کافایینی لە کوپێکدا هەیە، کە دەکاتە ٤٠ میلیگرام، لەکاتێکدا ڕێژەی کافایین لەم دوو جۆرەی قاوەدا کە ماددەکەی تێدا نییە تەنها لە نێوان ٠ بۆ ٣ میلیگرامدایە.

جۆرە ناودارەکانی قاوەی دیکاف

  • قاوەی بێ کافایینی NESCAFE GOLD
  • قاوەی بێ کافایینی DUNKIN
  • قاوەی بێ کافایینی Starbucks
  • قاوەی بێ کافایینی illy
  • قاوەی بێ کافایینی Lavazza
  • قاوەی بێ کافایینی Nescafé
  • قاوەی بێ کافایینی Folgers
  • قاوەی بێ کافایینی Golden Cloud

سوودەکانی قاوەی بێ کافایین

  • قاوەی بێ کافایین دەوڵەمەندە بە بوونی دژە ئۆکسێنەر لە پێکهاتەکەیدا کە سوودی بۆ تەندروستی گشتی لەش هەیە.
  • قاوەی بێ کافایین ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بە تایبەت شەکرەی جۆری دوو دەکات.
  • قاوەی بێ کافایین تەندروستی مێشک دەپارێزێت و کاریگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە و پارکینسۆن و زەهایمەر کەم دەکاتەوە.
  • قاوەی بێ کافایین کاریگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جگەر و جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە.

ئەو کەسانەی کە پێویستە ئەم جۆرە قاوەیە بخۆنەوە

  • ئەو کەسانەی کە هەستیارن بە ماددەی کافایین یان هەستیارییان بە ماددەی کافایین هەیە.
  • ئەو نەخۆشانەی کە بەهۆی خواردنی هەندێک جۆری دەرمان بە تایبەت دەرمانەکانی خەو خواردنی ماددەی کافایینیان لێ قەدەغەیە.
  • ژنانی دووگیان بۆیان گونجاو نییە قاوەی ئاسایی بخۆنەوە چونکە ماددەی کافایین کاریگەری نەرێنی و خراپ لەسەر تەندروستی کۆرپەلە دروست دەکات.
  • دایکانی شیردەر چونکە ماددەی کافایین دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی خەو لە کۆرپەلەدا و زیان بە تەندروستی بگەیەنێت. بۆیە زۆربەی پزیشکان ڕێنمایی دەدەنە خانمانی شیردەر کە قاوە چەند کاتژمێرێک پێش شیرپێدان نەخورێتەوە یان قاوەی بێ کافایین بخۆنەوە.
  • ئەو گەنج و هەرزەکارانەی بەهۆی کافایینەوە تووشی کەمخەوی و تێکچوونەکانی خەو دەبن دەتوانن قاوەی بێ کافایین بخۆنەوە.


سەرچاوەکان



238 بینین