گرفتەکانی پیسبوونی ژینگە

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-12-18:20:00 - کۆدی بابەت: 11843
گرفتەکانی پیسبوونی ژینگە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

گرفتەکانی پیسبوونی ژینگە (بە عەرەبی: مشاكل التلوث البيئي، بە ئینگلیزی: Environmental pollution problemsگرفتەکانی پیسبوونی ژینگە یان کێشەکانی پیسبوونی ژینگە، هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە. پیسبوونی ژینگە کارێکی تازە و نوێ نییە، بەڵکوو لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی جێگیربووە و ئاگری دۆزیوەتەوە ئەم گرفتە سەریھەڵداوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەم گرفتە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە دەرئەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پیشەسازی.

چەمک و زاراوەکانی پیسبوون

پیسبوونی ژینگە

بریتییە لە ھەر گۆڕانێکی چەندییەتی یان چۆنییەتی لە پێکھاتە زیندووەکان یان نازیندووکانی ژینگە، بەجۆرێک کە سیستمی ژینگەیی نەتوانێت قەرەبووی ئەو گۆڕانکارییە بکاتەوە و دەرئەنجام دووچاری لاسەنگبوون ببێت، یان بریتییە لە کۆمەڵە کردارێک کە لە بەرگی جوگرافیدا ڕوودەدەن، بەجۆرێک کە دەبێتە ھۆی گۆڕانی بڕو چڕی ئاسایی تەنەکان لەو بەرگەدا.

پیسکەر

بریتییە لە بوونی ھەر تەنێک یان توخمێک یان وزەیەک لە ناوچەیەکی دیاریکراو، کە پێویستە لەو ناوچەیەدا بوونیان نەبێت، یان بریتییە لەو تەن و توخم و وزانەی کە دێنە ناو ژینگە و کاریگەری زیانبەخشیان ھەیە لەسەر پێکھاتەکانی ژینگە. 

مانای پیسبوون

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٧٢ کە پێناسەی پیسبوونی ژینگە دەکات بەوەی کە بریتییە لەو چالاکییەی مرۆڤ کە دەبێتە هۆی پێویستی زیادبوونی وزەی نوێی بۆ ژینگە، ئەم زیادبوونی وزەیەش ژیانی مرۆڤ و تەندروستی و خۆشگوزەرانی و سەرچاوەکانی سروشت دووچاری مەترسی دەکاتەوە جا ئەگەر بە شێوەیەکی راستەوخۆبێت یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت.

سەرچاوەکانی پیسبوون

١- پیسبوونی سروشتی: بریتییە لەو گۆڕانکارییەی کە لە سروشتی ژینگەدا ڕوو دەدات بەهۆی چەند هۆکارێک وەکوو (لافاو، سووتان، تەقینەوەی گڕکانەکان و خۆڵبارین). ئەو گۆڕانکارییە سروشتیانە دەبنە ھۆکاری چەند کێشەیەک، گرنگترینان بریتین لە:

  • دەرکەوتنی ڕێژەیەکی زۆر لە گەردە زیانبەخشەکان لە هەوادا، وەکوو وردیلەکانی تۆز وخۆڵ، دەنکە هەڵاڵە، ستووی سوتاوی لە ئەنجامی سوتانی دارستانەکان و تەقینەوە گڕکانەکان.
  • ماددە هەڵواسراوەکانی ناو ئاو، وردیلەی تۆز و خۆڵ و چەندین هۆکاری تر کە زیان بە سەرچاوەی ماسی دەگەیێنن.
  • گۆرانکارییەکان لە ئاوی سازگار (ئاوی شیرین) و گۆڕانیان بۆ ئاوی سوێر.
  • سوتانی دارستانەکان بەهۆی هەورەبروسکەوە.
  • دەرکەوتنی هایدرۆکاربۆنەکان (نەوت) لەگەڵ ماددە خاوەکان لە ئەنجامی ڕوودانی بوومەلەرزە.
  • دروستبوونی چەندین گازی ژەهراوی بەهۆی تەقینەوەی گڕکانەکان وەکوو گازی میسان بەهۆی کانە کانزاییەکانەوە.
  • چالاکبوونی کرداری ڕاماڵینی چینی سەرەوەی خاک.

٢- پیسبوونی ناسروشتی: بریتییە لە هەر گۆڕانکارییەک لە ژینگەدا کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤەوە ڕوو دەدات بەهۆی (ئەنجامدانی چالاکی کشتوکاڵی بە شێوەییەکی نازانستییانە، دروستکردنی بینا، پیشەسازی زۆری، بەکارهێنانی قرکەرەکان لە چالاکی کشتوکاڵی، پاشەڕۆی ماڵان و ناوچە پیشەسازییەکان و بنکە تەندروستییەکان). 

٣- پیسکەرەکانی ژینگە: بریتییە لە پێکهاتە کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجییەکان کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ژینگە بە هۆی گۆڕانکاری لە گەشەی جۆرەکان و لێکدانەوەی لەگەڵ زنجیرەی خۆراک و تەندروستی بە شێوەیەکی گشتی پیسکەرەکان پولێندەکرێن بەسەر چەند جۆرێک کە بریتین لە:

  • پیسبوونی بایۆلۆجی: نموونە وەکوو بەکتریا لە ھەوادا و  کرداری گواستنەوەی دەنکەھەڵاڵە.
  • پیسبوونی کیمیایی: نموونە وەکوو تێکچوونی پێکھاتەی ئاو یان ھەوا بەھۆکاری زیادبوونی ژمارەی کارگە پیشەسازییەکان و ئامرازەکانی گواستنەوە.
  • پیسبوونی فیزیایی: نموونە وەکوو پیسبوون بە هۆکاری دەنگە دەنگ، گۆڕانی پلەی گەرمی و ھەوا و کەناراوەکان.
  • پیسبوون بەھۆی کانزا ژەهراوییەکان: نموونە وەکوو قورقوشم، کادمیۆم، زینک و تۆتیا.
  • پیسبوون بەھۆی قرکەرە کشتوکاڵییەکان: نموونەوەکوو مێروو کوژ و گیا کوژ. 
  • پیسبوون بەھۆی پەینە کیمیاوییەکان: نموونە وەکوو یۆریا و ئەمۆنیۆم و سەلفەین ئەمۆنیۆم فۆسفەیت. 
  • پیسبوون بەھۆی تیشک:  نموونە وەکوو ماددەکانی یۆڕانیۆم (U) و سۆریۆم (Th). 

ئاستەکانی پیسبوونی ژینگە

١- پیسبوونی نامەترسیدار بەربڵاوترین جۆری پیسبوونە لەسەر ڕووی زەوی و هیچ جێگایەک نییە لەسەر ڕووی زەوی کە بەدەربێت لەم جۆرە پیسبوونە، مرۆڤ توانیوییەتی بەرگری لەگەڵ ئەم جۆرەیان بکات بەبێ ئەوەی زیانی پێبگات، کاریگەری نییە لەسەر هاوسەنگی ژینگە.

٢- پیسبوونی ترسناک ئەم جۆرەیان شوێنەواری خراپ جێ دەھێڵێت لەسەر مرۆڤ و ژینگە، ھۆکارێکی سەرەکی ئەم جۆرە پیسبوونە دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی ھاوسەنگی ژینگەیی.

٣- پیسبوونی لەناوبەر ئەم جۆرەیان دەبێتە هۆی لەناوبردنی مرۆڤ و هەموو زیندەوەران و تێکدانی ژینگە و تێکچوونی هاوسەنگی ژینگەیی بەهەموو هۆکارەکانییەوە.

جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە

  • پیسبوون ھەوا
  • پیسبوونی ئاو
  • پیسبوونی خاک
  • پیسبوونی بینین
  • پیسبوون بە دەنگە دەنگ
  • پیسبوون بە ڕووناکی 
  • پیسبوون بە پاشماوە ڕەقەکان
  • پیسبوون بە تیشک 
  • پیسبوون بە گەرمی 
  • پیسبوونی بە کانزاکان
  • پیسبوون بە نەوت 
  • پیسبوون بە ماددەی کیمیایی
  • ژەھراویبوونی خۆراک 

پیسبوونی ژینگە وەکوو زۆربەی کێشەکانی تر بەھۆکاری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و مرۆڤ ڕوودەدات کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەڵام پیسبوونی ژینگە تەنھا بەند نییە بەھۆکارە مرۆییەکان، بەڵکوو زۆربەی کات ھۆکارە سروشتییەکانیش وەکوو (تەقینەوەی گڕکانەکان و سووتانی دارستانەکان و لافاو) ھۆکارێکی ترن بۆ پیسبوونی ژینگە، ئەگەرچی ھەموو پێکھاتەییەکی سروشتی لەچەند توخمێک پێکھاتووە و بڕەکەشیان سنووردارە، بۆنموونە (CO2) لە ھەوادا (٢٥٠ بۆ ٣٠٠) بەش لە ملیۆن بەش بێت ئەوا پیسبوون ڕووی نەداوە، بەڵام ئەگەر ئەم بڕە زیادیکرد بۆ (٤٠٠) ملیۆن بەش کەواتە لە سنووری سروشتی خۆی تێپەڕیووە.

ئامارەکان دەریانخستووە کە مرۆڤ لە ماوەی (٣٠) ساڵی ڕابردوودا ھێندە پاشماوەی فڕێداوەتە ژینگە دووھێندەی ئەو پاشماوانە بووە کە مرۆڤ لە سەرەتای سەرھەڵدانییەوە تاکوو ساڵی (١٩٥٠) فڕێیداوە. بۆیە بۆچوونی پاراستنی ژینگە لە سەدەی بیستەم سەریھەڵداوە، بەڵام بەشێوەیەکی فراوان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بڵاوبووەوە، ئەمەش لە ئەنجامی چەند ھۆکارێک بوو:

  • زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەجۆرێک کە پێشبینی نەکراوبوو.
  • دەرکەوتنی ھەندێک کێشەی ژینگەیی گەورە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، بۆنموونە کێشەی کەمی خۆراک لە ئەفریقا و کێشەی پیسبوون بە گشت جۆرەکانییەوە و کێشەی کەمبوونەوەی وزە
  • پێداویستییەکانی مرۆڤ لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم زۆر زیادیکرد و جۆراوجۆر و ئاڵۆزبوون ئەم ھۆکارەش وایکرد کە پەستان لەسەر ژینگە و دەرامەتە ژینگەییەکان زیاد بکات.
  • لەو ماوەییەدا چەندین دامو دەزگای فەرمی و نافەرمی دروستبوون بۆ بڵاوکردنەوەی ھوشیاری ژینگەیی و ھاوکات لە زانکۆ جیھانییەکان بەشی ژینگەیی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم کرایەوە.

بۆ ئەوەی ئەرکی پاراستنی ژینگە ئەنجامبدرێت پێویستە ئەم ھەنگاوە کرداریانە ئەنجام بدرێن

١- بڵاوکردنەوەی ھوشیاری ژینگەیی لە کۆمەڵگا، لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکان (بیستراو و بینراو و نووسراو).

٢- دانانی یاساییەکی تایبەت بە بواری ژینگە و پاراستنی ژینگە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پسپۆڕانی بواری یاسایی ئەم ئەرکە ئەنجام بدەن، بەڵام دەبێت ئەو یاساییە لەگەڵ کۆمەڵگا بگونجێت بۆ ئەوەی تاکەکان جێبەجێی بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسیش ھەماھەنگیان ھەبێت لەگەڵ پسپۆڕانی بواری یاسایی.

٣- پێویستە بابەتی ژینگە و پاراستنی ژینگە بکرێت بە بابەتێکی سەرەکی و لە ھەموو پڕۆگرامەکانی خوێندن گشت قۆناغەکانی خوێندن ھەبێت، بە جۆرێک فێرخواز ئاشنا بکرێت بە ژینگە و پاراستنی کە لە دوواڕۆژدا نەبێتە مەترسی لەسەر ژینگە.

٤- پێویستە دامو دەزگای تایبەت بە پاراستنی ژینگە دابمەزرێن، جا فەرمی بێت یان نافەرمی وەکوو (وەزارەت، بەڕێوبەرایەتی، دەستە و فەرمانگە و ڕێکخراو). 

٥- پێویستە ھاوکارییەکی نیشتیمانی و ھەرێماییەتی و نێودەوڵەتی ھەبێت بۆ پاراستنی ژینگە، چونکە کێشە ژینگەییەکان کێشەییەکی ناوخۆیی (محلی) نین و دان بەسنووری سیاسی و جوگرافی نانێن و دەرئەنجامەکانیان تەنھا ناوچەیەک و وڵاتێک ناگرێتەوە، بەڵکوو ھەموو جیھان دەگرێتەوە.


سەرچاوەکان



414 بینین