شێرپەنجەی مێشک

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-01-13-14:56:00 - کۆدی بابەت: 11855
شێرپەنجەی مێشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێرپەنجەی مێشک (بە ئینگلیزی: brain cancer، بە عەرەبی: سرطان الدماغ) دوو جۆری شێرپەنجەی مێشک بریتین لە شێرپەنجەی مێشکی سەرەکی و شێرپەنجەی مێشکی دووەمی، شێرپەنجەی مێشکی سەرەکی بریتییە لە دروستبوونی لووی مێشک کە لە مێشکەوە دەست پێ دەکات و بۆ بەشەکانی تری جەستە بڵاو نابێتەوە. شێرپەنجەی مێشکی دووەمی بریتییە لە دروستبوونی لوو کە لە بەشەکانی تری جەستەوە دروست دەبێت و بۆ مێشک دەگوازرێتەوە. شێرپەنجەی مێشک دەکرێت لەناو شانەکانی مێشک یان لە نزیک شانەکانی مێشک دروست ببێت.

نیشانەکان

  • یەکەم نیشانەی ئەم حاڵەتە بریتییە لە سەرئێشە، دەکرێت سەرئێشەکە هێواش و کەم ئازار بێت یان سەرئێشەیەکی توند بێت، هەروەها دەکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە یان ماوەیەکی کەم بێت و دواتر نەمێنێت. هەموو کات ئازاری سەر نیشانەی شێرپەنجە نییە، بەڵام ئەگەر ئازارەکە زۆر بوو بەڕادەیەک ببێتە هۆی نیگەرانکردنی کەسەکە پێویستە سەردانی پزیشک بکات.
  • نۆرەفێ
  • هەستکردن بە بێهێزی و لەدەستدانی توانای جووڵە لە بەشێکی جەستەدا.
  • تێکچوونی هاوسەنگی جەستە.
  • تووڕەبوون، هەستکردن بە تەمبەڵی و گۆڕانی کەسایەتی.
  • سەرگێژخواردن و ڕشانەوە.
  • تێکچوونی بینین، بیستن و بۆنکردن.

لووی مێشک و شێرپەنجەی مێشک

هەموو شێرپەنجەکانی مێشک لوون (Tumor)، بەڵام مەرج نییە هەموو لووەکانی مێشک شێرپەنجە بن. ئەو لووانەی مێشک کە شێرپەنجە نین پێیان دەوترێت لووی بێزیان، ئەم جۆرە لووانە بەهێواشی گەشە دەکەن سنوور یان چوارچێوەی ئاشکرایان هەیە و بە دەگمەن بۆ بەشەکانی تری لەش بڵاو دەبنەوە، بەڵام دەکرێت مەترسیدار بن و ببنە هۆی دروستبوونی پەستان لەسەر بەشەکانی مێشک و کار نەکردنی بەشەکانی مێشک. بە کەمی ڕوودەدات کە لووە بێزیانەکانی مێشک بۆ لووی خراپ یان زیاندار بگۆڕێن کە ئەم جۆرەیان پێی دەوترێت شێرپەنجە. ئەو لووانەی کە زیاندارن بەخێرایی گەشە دەکەن و زیان بە بەشە تەندروستەکانی مێشک دەگەیەنن.

هۆکارەکان

پزیشکەکان دڵنیانین کە بۆچی هەندێک لە خانەکان دەست دەکەن بەوەی لوو دروست بکەن، ڕەنگە بەهۆی جین، ژینگەوە یان هەردوو هۆکارەکەوە بێت.

هۆکارە باوەکان بریتین لە:

  • شێرپەنجە کە لە بەشەکانی تری جەستەوە دروست دەبێت و بۆ مێشک بڵاو دەبێتەوە.
  • کێشەی جینی کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕێژەیەکی نائاسایی خانەکان و زۆربوونیان.
  • بەرکەوتن بە هەندێک تیشکی زیانبەخش.

ئایا شێرپەنجەی مێشک بۆماوەیی دەمێنێتەوە؟

جین یان بۆماوە و ژینگەش هەردووکیان کاریگەرییان لەسەر نەخۆشیی شێرپەنجەی مێشک دەبێت، بەڵام وەک هەندێک نەخۆشیی تر ڕاستەوخۆ لە باوان (دایک و باوک) بۆ منداڵ ناگوازرێتەوە. شێوازی ژیانکردنی گونجاو و ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام پێویستە تا لە مەترسییەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە بەدوور بن.

چەند ڕێنماییەک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون:

  • خواردنی تەندروست

پێویستە هاوسەنگی خواردنەکان لەنێوان سەوزە، دانەوێڵە و میوەکان پارێزراو بن.

  • وەرزشکردن

ڕاهێنان و وەرزشکردن بۆ هێشتنەوەی جەستە بە تەندروستی گرنگە.

  • خۆت لە ماددە زیانبەخشەکان بپارێزە

هەوڵبدە بەرکەوتنت بە ماددە زیانبەخشەکان وەک ماددە کیمییایەکان و تیشکە زیانبەخشەکان کەم بکەیتەوە.

  • ئەنجامدانی پشکنین

ئەنجامدانی پشکنینەکان بە بەردەوامی لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان سوودبەخش دەبێت.

  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان

جگەرەکێشان کاریگەرییەکی زۆری لە تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە هەیە.

لە توێژینەوەیەکدا کە دەربارەی کاریگەری نیکۆتین لەسەر مێشک کە لەسەر مشک ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، نیکۆتن توانای بڵاوکردنەوەی شیرپەنجەی بە جەستەدا هەیە. مایکرۆگلیا کۆمەڵێک خانەی پارێزەرن لە مێشکدا، بەڵام دوای بەرکەوتن بە نیکۆتن ئەم خانانە ناتوانن فرمانی ئاسایی خۆیان کە پاراستنە ئەنجام بدەن بە پێچەوانەوە هانی گەشەکردنی لووەکانی مێشک دەدەن.


سەرچاوەکان



769 بینین