چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکی نزیکم بکەم کە تووشیی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-02-04-13:32:00 - کۆدی بابەت: 11937
چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکی نزیکم بکەم کە تووشیی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکی نزیکم بکەم کە تووشیی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە؟ (بە ئینگلیزی: How do i deal with someone close to me that have the cancer?)  زانینی ئەوەی کە کەسێکی نزیکت تووشیی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە ڕەنگە بارودۆخێکی سەخت بێت، دەکرێت هەست بە نیگەرانی و تووڕەیی بکەیت و بەردەوام بیر بکەیتەوە ئایا لە داهاتوودا چی ڕوودەدات؟ لێرەدا چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە و پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی تووشی ئەم بارودۆخە بوون باس دەکرێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکەت کە تووشتی ئەم جۆرە نەخۆشییە بووە ئاسان نییە، زیاتر پشت بە ژیانی کەسەکە و قۆناغی نەخۆشییەکە دەبەستێت. دوو هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە گوێ لەیەکتری بگرن و هاوسۆزی یەکتر بن.

دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەدا دەبێتە هۆی چەند گۆڕانکارییەک کە کاریگەری لەسەر ئەندامانی تری خێزانەکە دەبێت و پێویستیان بە کاتە بۆ ڕاهاتن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا.

ئەو کەسانەی دەست دەکەن بە بەکارهێنانی چارەسەرە کیمیاییەکان وزەی پێویستیان نیە تاکوو بتوانن بە هەمان شێوەی پێشوو کارەکانیان ئەنجام بدەن یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان وەک پێشوو بمێنێتەوە، دەکرێت واز لە هەندێک بەرپرسیارێتی خۆیان لە خێزانەکەیاندا بهێنن. بۆ نموونە دەکرێت توانای ئامادەکردنی خواردن و کاروباری ماڵیان نەمێنێت. دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی ڕوودەدەن کەسەکە پێویستی بە پشتگیری دەبێت لە ڕووی هەست و سۆز و پشتگیری فیزیکی.

جۆری پشگیریکردنەکە لەسەر جۆری کەسایەتی نەخۆشەکە و ژمارەی ئەو کەسانەی لە چواردەوری هەن بەند دەبێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ تووشبووی شێرپەنجە

ئامادە بە، تەنانەت ئەگەر نەشزانیت کە پێویستە چی بڵێیت

دەکرێت قورس بێت وشەی گونجاو بدۆزیتەوە کاتێک لەگەڵ کەسێک گفتوگۆ دەکەیت کە تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە بێت. بەڵام زۆر کات مانەوە لەلای کەسی نەخۆش و گوێ گرتن بۆی گرنگترە لەوەی بیربکەیتیەوە کە پێویستە چی پێ بڵێیت.

هەوڵبدە گوێی لێ بگریت و تێبگەیت لەوەی هەست بە چی دەکات، پێویستە ئەو کەسە هەست بکات لەهەر کاتێکدا بێت دەتوانێت باسی هەستەکانیت بۆ بکات و تۆش گوێی لێ دەگریت. باشترە بۆ گفتوگۆکردن زۆر لە کەسی نەخۆش نەکرێت، بەڵکوو هەرکات ویستی گفتوگۆ بکات ئەو کات تۆش گوێگرێکی باش بیت بۆی. دەکرێت کەسی تووشبوو بە نەخۆشییەکە هەست بە بێزاری، بێتاقەتی و تووڕەیی بکات. ئەم گۆڕانکارییانە ئاسایین، هەندێک کەس دەتوانێت ئاسانتر لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی بەهۆی شێرپەنجەوە لە ژیانیدا ڕوودەدات ڕابێت، بەڵام هەندێک کەس کاتی زیاتریان پێویستە و پێویستیان بە پشتگیری زیاتر و ئامۆژگاری پزیشک دەبێت. پرسیارکردن لە کەسی تووشبوو بە شێرپەنجە دەربارەی ئەوەی ئایا لە پێشتردا کارێکی ئەنجام داوە کە بۆتە هۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە؟ ئەم پرسیارە دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکە هەستی تاوانباری تێدا دروست ببێت و هەست بکات کە خۆی هۆکاری دروستبوونی نەخۆشییەکە بووە. دروستبوونی ئەم بارودۆخە کاریگەری لەسەر تەندروستی و چارەسەرەکانی نەخۆشەکە دەبێت.

یارمەتیدان بەبێ داوالێکردن

"بهێڵە ئاگاداربم ئەگەر پێویستت بە شتێک هەبێت" دەکرێت ئەمە بۆ کەسێکی توشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە پشگیری بێت. هەندێک کەس نایانەوێت داوای یارمەتی لە کەسانی دەوروبەریان بکەن و لایان قورس دەبێت ئەو کارە بکەن، زیاتر دەیانەوێت بە سەربەخۆیی بمێننەوە. هەوڵمەدە بۆ یارمەتیدانی ئەم کەسانە پێداگری بکەیت بەڵکوو ئەوەندە بەسە بزانن ئەگەر بیرکردنەوەیان گۆڕا و پێویستیان بە یارمەتی هەبوو تۆ بۆ ئەوان لەوێ دەبیت.

هەندێک بیرۆکە کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت:

  • مانەوە لەگەڵ نەخۆشەکە لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکانی لە نەخۆشخانە.
  • یارمەتیدان لە کارەکانی وەک کاری ماڵەوە یان هەر کارێکی تر بێت.
  • پێش ئەوەی سەردانی بکەیت ئاگاداری بکەرەوە.


سەرچاوەکان



192 بینین