بۆچی هەست بە تووڕەیی دەکەم؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-02-24-22:27:00 - کۆدی بابەت: 12020
بۆچی هەست بە تووڕەیی دەکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی هەست بە تووڕەیی دەکەم؟ (بە عەرەبی: لماذا اشعر بالغضب؟، بە ئینگلیزی: Why do I feel angry) تووڕەیی هەستێکی نەرێنییە هەموو مرۆڤێک تووشی دەبێت، وەک بەرچەکردارێکی ئاسایی یان وەڵامدانەوەیەکە بۆ بارودۆخ و گرفتەکانی ژیان. تووڕەبوون و ئاڵۆزی بە بەردەوامی بۆ شتە سادەکانی ژیان ناتەندروست و زیانبەخشە، زۆرکات کەسی تووڕە هەست بە تووڕەیی خۆی ناکات بۆیە پێویستە ئاگادار بیت و هۆکاری تووڕەییەکەت بزانیت تاکوو لەڕێگەی هۆکارەکەوە چارەسەری تووڕەییەکەت بکەیت.

هۆکارەکانی تووڕەیی

بێزارکردن: دەکرێت ڕەفتار یان کردەوەی کەسانی تر بێزار و تووڕەت بکات و بەهۆی کەسانی ترەوە هەست بە تووڕەیی بکەیت.

نائومێدبوون: دەکرێت لە ژیانی کەسی یان پیشەیی خۆتدا تووشی کێشە یان ڕاڕایی یان ماندوویی ببیتەوە، ئەمەش وادەکات هەست بە تووڕەبوون بکەیت بەرامبەر بەو دۆخەی کە تووشی بوویتە و بەهۆی نائومێدی و بێزاری هەست بە تووڕەیی دەکەیت.

سترێس و فشاری دەروونی: ئەگەر ژیانێکی پڕ سەرقاڵی و فشارێکی زۆرت لەسەر بێت، دەکرێت هەست بە تووڕەبوون بکەیت بەهۆی نەتوانینی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە بەشێوەیەکی تەندروست.

نادادپەروەری: ئەگەر هەستت کرد نادادپەروەرییەک بەرامبەرت هەبووە یان ڕێز لە مافەکانت نەگیراوە، ئەوە دەکرێت هەست بە تووڕەیی بکەیت لەو بارەیەوە.

ترس: ترسی زۆر یان دڵەڕاوکێی بەردەوام بۆ شتەکان و بارودۆخەکانی ژیانت دەبێتە هۆی هەستکردن بە تووڕەیی، بەهۆی ئەوەی توانای کۆنترۆڵنەکردنی دۆخەکەت نییە تووڕە و شپرزە دەبیت.

ئازاری جەستەیی: هەوکردن یان برینداربوونی جەستەیی یان بوونی نەخۆشییەکی جەستەیی کاریگەری لەسەر باری دەروونیت دەبێت و هەست بە تووڕەیی یان ناڕەزایی بکەیت.

نەخۆشی دەروونی: هەندێک نەخۆشی دەروونی  وەک خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ دەبنە هۆی دروستبوونی هەستی تووڕەیی و ناڕەزایی لە کەسەکەدا.

بوونی بیر و هزری ناواقعی: کاتێک بۆچوونەکانت بۆ شتەکان یان بۆ بارودۆخەکانی ژیانت زۆر بەرز و ناواقعیانەیە و لەگەڵ واقع یەک ناگرنەوە ئەوە تووشی تووڕەبوون دەبیت.

بە کەم سەیرکردن: ئەگەر هەستت کرد ئەو ڕێزە بەدەست ناهێنیت کە شایەنیت و بەکەم دەبیرێیت ئەوە دەکرێت ئەم شتە ببێتە هۆی هەستکردن بە تووڕەییت.

نەتوانینی دەربڕینی هەستەکان: هەندێک جار ڕەنگە نەتوانیت بە شێوەیەکی کاریگەر هەستەکانت دەرببڕیت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی هەستە نەرێنییەکان و دروستبوونی تووڕەیی تۆ.

چارەسەری تووڕەیی

ئەگەر هەستی تووڕەییت کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییەکانت هەیە، پێویستە بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێیت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تووڕەیی ڕۆژانەت بە شێوەیەکی دروست، هۆکاری تووڕەییت دیاری بکە و پاشان بە دوای چارەسەردا بگەڕێ، کاتێک زانیت تووڕەیت یان تووڕە دەبیت چەند تەکنیکێکی سادە بەکاربهێنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەییەکەت وەک شوێنەکە بەجێ بهێڵە یان هەناسەی قووڵ بدە یاخود لە یەکەوە تاکوو دە بژمێرە و زوو هەڵمەچۆ، هاوکات هەرگیز لە کاتی تووڕەیی بڕیاری گرنگ مەدە و هەوڵبدە تووڕەییت نەبێتە هۆی ڕەنجانت لە کەسانی تر، تا دەتوانیت لەکاتی تووڕەیی تۆنی دەنگت زۆر بەرز مەکەرەوە و هاوارمەکە یان ئاماژەی دەستەکانت کۆنتڕۆڵ بکە.


سەرچاوەکان



151 بینین