کانزا بەنرخەکان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-22-00:16:00 - کۆدی بابەت: 12209
کانزا بەنرخەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کانزا بەنرخەکان (بە ئینگلیزی: Precious metals، بە عەرەبی: المعادن الثمينة)، توخمە کیمیاییە کانزاییە دەگمەنەکانن، بە شێوەیەکی سروشتی هەن و بەهای ئابوورییان بەرزە. لەڕووی کیمیاییەوە، کانزا بەنرخەکان کەمتر کارلێک دەکەن وەک لە زۆربەی توخمەکان، بەزۆری نەرمن و بریقەیان زۆرە. لەڕووی مێژووییشەوە، وەک دراو گرنگ بوون بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی سەرەکی وەک وەبەرهێنان و کەرەستەی خاو لە پیشەسازیدا بایەخیان پێ دەدرێت. زێڕ، زیو، پڵاتین و پاڵاديۆم هەریەکەیان کۆدی دراوی ISO 4217ـیان هەیە.

ناسراوترین جۆری ئەم کانزانە بریتین لە کانزا سکەییەکان کە زێڕ و زیون. هەرچەندە هەردووکیان چەند بەکارهێنانێکی پیشەسازییان هەیە، بەڵام بە بەکارهێنانیان لە بواری هونەر، زێڕینگەریی و سکەیدا زیاتر ناسراون. کانزا بەنرخەکانی تر بریتین لە کانزاکانی گرووپی پڵاتین: ڕوسينيوم، ڕۆديوم، پاڵاديۆم، ئۆزميۆم، ئيريديۆم و پڵاتين، لەنێو ئەم گرووپەشدا زۆرترین بازرگانی بە پڵاتينەوە دەکرێت. خواست لەسەر کانزا بەنرخەکان تەنها بە بەکارهێنانە کردارییەکان زیادی ناکات بەڵکوو بە ڕۆڵیشیان وەک سه‌رمایه‌گوزاری و کۆگایەکی بەها زیاد دەکات. لەڕووی مێژووییشەوە، کانزا بەنرخەکان داواکاری زۆر زیاتریان لە کانزا پیشەسازییە باوەکان لەسەر بووە.

داڕشتە

ئەگەر کانزایەک دەگمەن بێت ئەوا بە بەنرخ دادەنرێت. دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی کانزای خاو یان باشتربوونی پڕۆسەکانی کانسازی یان پاڵاوتن ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی بەهای کانزایەکی بەنرخ. هەروەها دەتوانرێت دۆخی کانزایەکی "بە نرخ" بە خواستی زۆر یان بەهای بازاڕ دیاری بکرێت. کانزا بەنرخەکان لە فۆڕمی گەورەدا بە داڕشتە یان کەستەک ناسراون و لە بازاڕە کاڵاییەکاندا بازرگانیان پێوە دەکرێت. ڕەنگە ئەم داڕشتانە لەقاڵب بدرێن و دراوەکانیان لێ دروست بکرێت. تایبەتمەندی داڕشتە لەوەدایە کە بەهۆی بارستە و خاوێنی خۆیەوە بەهای پێ دەدرێت نەک بە بەهای ڕووکەش وەک پارە.

خاوێنی و بارستایی

ئاستی خاوێنی لە دراوێکەوە بۆ دراوێکی تر دەگۆڕێت. 99.9% ڕێژەیەکی خاوێنی باوە، خاوێنترین دراوی داڕشتە کە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرهەم هێنراوە لە کۆمەڵەی گەڵای داری ئسفەندانیی زێڕینی کەنەدی (GML)ـدایە و ڕێژەی خاوێنییەکەی 99.999%. لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەی پیسییەکان، وردەوردە پاککردنەوەی کانزاکە قورستر دەبێت، بۆیە 100%ـی داڕشتەی خاوێن شتێکی ئەستەمە. لەڕووی مێژووییەوە، دراوەکان بڕێکی دیاریکراو کێشی تێکەڵە کانزایان تێدابووە و بە ڕێژەیەکی ستانداردی ناوخۆیی خاوێن بوون. کروگێراند (کە دراوێکی زێڕینی ئەفریقای باشوورە) یەکەم نموونەی مۆدێرنی پێوانەکردنە لە "زێڕی خاوێن"ـدا کە پێویستە لانیکەم 12/11 ئۆنسە بەلایەنی کەمەوە 11/12 زێڕی خاوێنی تێدابێت. دراوی تری داڕشتە (بۆ نموونە سەڤەرنی بەریتانی، کە دراوێکی ئاڵتوونی بەریتانییە) نە خاوێنی و نە قورسایی زێڕی خاوێن لەسەر دراوەکە نیشان نادات بەڵام وا ناسراون کە لە پێکهاتەکەیاندا هاوتان. ئەگەر لە مێژووش وردبینەوە دەبینین کە زۆرێک لە دراوەکان بەهایان لەسەر بووە وەک دراوی ئاڵتوونی پێشووی ئەمریکا کە بەرانبەر $20ـی ئەمریکی بوو.

سکە‌

زۆرێک لە گەلان دراوی داڕشتەیی دروست دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەم دراوانە بە ناو وەک تەندەری یاسایی دروستکراون، بەڵام بەهای ڕووکەشیان وەک دراو زۆر لە خوار بەهای داڕشتەییەیانە. بۆ نموونە، کەنەدا دراوێکی زێڕین دروست دەکات (GML) بە بەهای ڕووکەشی 50 دۆلار کە یەک ئۆنسی ترۆی (31.1035 گرام) زێڕی تێدایە. یەکێک لە گەورەترین دراوە داڕشتەییەکانی جیهان دراوی زێڕینی 10,000 دۆلاری ناگێتی ئوسترالی بوو کە لە ئوسترالیادا دروستکرا و لە کیلۆگرامێکی تەواو پێکدێت و 99.9%ـی زێڕی خاوێنە. لە ساڵی 2012ـدا، سکەخانەی پێرس (Perth Mint) دراوێکی یەک تۆنی بەرهەمهێنا کە 99.99%ـی زێڕی خاوێنە و بەهای ڕووکەشی یەک ملیۆن دۆلاری ئوسترالی بوو، ئەمەش کردوویەتی بە گەورەترین دراوی جیهان و بە بەهای زێڕی نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی.

وڵاتی چین بە بڕی زۆر سنووردار دراوی بەرهەمهێناوە (کەمتر لە 20 دراو دروستکران) کە زیاتر لە 8 کیلۆگرام زێڕیان تێدابوو. هەروەها وڵاتی نەمساش دراوێکی دروستکرد کە 31 کیلۆگرام زێڕی لەخۆگرتبوو (دراوی فیلارمۆنیکی  ڤییەنا کە لە ساڵی 2004 دروستکرا بە بەهای ڕووکەشی 100 هەزار یۆرۆ). دراوخانەی شاهانەی کەنەدی لە ساڵی 2007ـدا، بۆ ڕێگیریکردن لە گەشەکردنی کۆمەڵە دراوی زێڕی GMLـی کەنەدی یەک ئۆنسی 99.999% خاوێن داوێکی زێڕی 100 کیلۆگرامی  99.999%ـی خاوێنی دروستکرد، کە بەها ڕووکەشییەکەی یەک ملیۆن دۆلار بوو، ئێستاش خواستیان لەسەر بێت دراوخانە کەنەدییەکە بەرهەمیان دەهێنێت، بەڵام نرخەکەی بەپێی بەهای زێڕ لە بازاڕدا دەگۆڕێت.

بەکارهێنانی ئابووری

زێڕ و زیو و هەندێکجاریش کانزا بەنرخەکانی تر، زۆرجار وەک پەرژینەکان لە دژی هەردوو هەڵاوسان و سستی ئابووری سەیر دەکرێن. دراوە زیوییەکان بەهۆی توانادارێتیی ڕێژەیییانەوە بووەتە جێی بایەخی کۆکەرەوەکان کە کاری وەبەرهێنانیان پێوە دەکەن، بە پێچەوانەی زۆربەی دراوە زێڕی و پلاتینییەکانەوە کە بەهایان بەندە بە بازاڕەکانەوە، دراوە زیوییەکان، بە بەراورد بە بەهای ڕاستەقینەی داڕشتەییەیان، زیاتر وەک ماددە کۆکراوەکان بەهادارن.

ئەلەمنیۆم

سەرەتا ئەلەمنیۆم کانزایەکی بەنرخ بوو. سەرەڕای ئەوەی ئەلەمنیۆم سێیەم زۆرترین توخم و کانزای توێکڵی زەویە، بەڵام لە سەرەتادا ئەوە دەرکەوت کە دەرهێنانی کانزاکە لە کانزا خاوە جۆراوجۆرە ناکانزاییەکانیدا لە ڕادەبەدەر قورسە. خەرجییە زۆرەکەی پاڵاوتنی کانزاکە وایکرد بڕێکی کەمی ئەلەمنیۆمی خاوێن بەنرختر بێت لە زێڕ. تووڵە کانزاییەکانی ئەلەمنیۆم لە پێشانگای جیهانی ساڵی 1855ـدا نمایشکرا و گرنگترین میوانەکانی ناپۆليۆنی سێیەم، چەقۆ و چەتاڵی ئەلەمنیۆمییان پێدرا، لە کاتێکدا ئەو میوانانەی کە کەمتر شایستە بوون تەنها چەقۆ و چەتاڵی زیوییان پێ بەخشرا. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات نرخی کانزاکە دابەزی، سەرهەڵدانی بازرگانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی 1882 و داهێنانی پرۆسەی هۆڵ-هێرۆڵت (Hall–Héroult) کە پرۆسەیەکی پیشەسازییە بۆ تواندنەوەی ئەلەمنیۆم لە ساڵی 1886 بووە هۆی دابەزینی نرخی ئەلەمنیۆم بە شێوەیەکی بەرچاو لە ماوەی کورتدا.

نرخی نزیکەیی لە بازاڕەکانی جیهاندا (دۆلاری ئەمریکی/کیلۆگرام)

کانزا، هێما، ڕێژە لە توێکڵی زەویدا (بەشێک لە بلیۆنێک)، نرخ لە بازاڕەکانی جیهاندا (لە 22ـی تەممووزی 2009)

  • ڕۆديوم، Rh، یەک، 46,200
  • پڵاتين، Pt، پێنج، 37,650
  • زێڕ، Au، چوار، 30,590
  • پاڵاديۆم، Pd، پازدە، 8,140
  • ئيريديۆم، Ir، یەک، 12,960
  • ئۆزميۆم، Os، یەک و نیو، 12,200
  • ڕينيوم، Re، سفر پۆینت حەوت، 7,000
  • ڕوسينيوم، Ru، یەک، 2,730
  • جەرمانيۆم، Ge، هەزار و پێنج سەد، 1,050
  • بێريليۆم، Be، دوو هەزار و هەشت سەد، 850
  • زیو، Ag، حەفتا و پێنج، 439
  • ئينديۆم، In، پەنجا، 325
  • گاليۆم، Ga، نۆزدە هەزار، 425
  • بيزمۆس، Bi، هەشت پۆینت پێنج، 15.40
  • جيوە، Hg، هەشتا و پێنج، 18.90


سەرچاوەکان



74 بینین