کاتژمێری فیل

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2024-03-23-23:17:00 - کۆدی بابەت: 12280
کاتژمێری فیل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتژمێری فیل (بە ئینگلیزی: Elephant o'clock) مۆدێلێکی کاتژمێری ئاوە لەلایەن ئەندازیاری ئیسلامی اسماعیل ئەلجەزەری لە ساڵی ١٢٠٦-١١٣٦ دروستکراوە، جەزەری چەندین کاتژمێری دروستکردووە، بەڵام ئەوەی لەهەموو کاتژمێرەکانی زیاتر جێی سەرنج بووە ئەو کاتژمێرەیە کە بە کاتژمێری فیل ناسراوە. هەر لە سەرەتای دۆزینەوەی یەکەم کاتژمێری هەتاوییەوە مرۆڤ هەمیشە گرنگی بە کات داوە، هەوڵی داوە پارێزگاری لێ بکات. کاتژمێری فیلیش یەکێکە لە داهێنانە سەرنجڕاکێشەکان و میکانیزمێکی تایبەتی ئیشکردنی هەبووە. پێکهاتەکانی ئەم کاتژمێرە:

  • فیل
  • باڵندە
  • قەڵا
  • نووسەر
  • قەڵەم
  • میکانیزمی دیاریکردنی کات کە لە دەفرێک پێکهاتووە
  • هەڵۆ
  • دوو ئەژدیها
  • فیلەوان

هەریەک لەم پێکهاتانە ئاماژەیە بۆ ڕۆشنبیری و کولتووری تایبەت بە نەتەوەیەک بە جۆرێک فیل ئاماژەیە بۆ کولتووری هیند و ئەفریقا، دوو ئەژدیهاکە ئاماژەن بە کولتووری چین، سەرپێچ ئاماژەیە بە کولتووری ئیسلامی و باڵندە ئاماژەیە بۆ میسری کۆن.

چۆنیەتی کاركردنی کاتژمێرەکە

لەناو سکی فیلەکەدا حەوزێکی ئاو دروستکراوە، لەناو حەوزەکە کاسە ( قاپێکی قووڵ) کە لەبەشی ژێرەوی قاپەکە کونێک هەیە دانراوە. کاتێک قاپەکە بەهێواشی نوقم دەبێت، گوریسەکان ڕادەکێشێت ڕاکێشانی ئەم گوریسانە دەبێتەهۆی جوڵاندنی نووسەر و قەڵەمەکەی بۆ ئاماژەدان بە ژمارەی خولەکەکان کە تێپەڕیوون. هەموو نیو کاتژمێرێک بەهۆی پڕبوونی کاسەکەوە تۆپێک لەسەری قەڵاکەوە دەکەوێتە خوارەوە. چەرخێک لەسەری قەڵاکەوە دەجوڵێنێت بۆ ئاماژەدان بەو کاتەی لە کاتی خۆرهەڵاتنەوە تێپەڕیووە. تۆپەکە لەلایەن هەڵۆکەوە وەردەگیرێت و دواتر دەکەوێتە خوارەوە، ئەژدیهاکان تۆپەکە وەردەگرن. قورسی تۆپەکە دەبێتە هۆی خولانەوەی ئەژدیهاکان، لە کۆتایدا تۆپەکە دەکەوێتە ناو دەفرێکی ئاسنەوە و دەنگێکی لێوە دەردەچێت و ئەو پەیکەرەی لەسەر فیلەکە دانراوە لەو تەپڵە دەدات کە لەژێر دەستیدایە. دواتر بەردەوام ئەم سوڕە دووبارە دەبێتەوە.

ئەم کاتژمێرە پێویست بوو لە ڕۆژێکدا دووجار لە کاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا ڕێک بخرێت. هەروەها پێویست بوو ئەم کاتژمێرە لەگەڵ درێژی نایەکسانی ڕۆژەکانی ساڵدا ڕێک بخرێت، بۆ ئەم مەبەستەش گۆڕانکاری لە لێاشاوی ئاوەکەدا دەکرا و دوو تانکی بۆ کاتژمێرەکە دانرابوون. تانکی سەرەوە بە میکانیزمی دیاریکردنی کات پەیوەست بوو و تانکی خوارەوە پەیوەندی بە ڕێکخەری کۆنتڕۆلی لێشاوی ئاوەوە هەبوو.

دوای ئەم کاتژمێرە چەندین بەرهەم هێنانەوەی تر لەلایەن ڕێخراوی ١٠٠١ داهێنانەوە دروستکراوە. لە سەردانێکدا بۆ مۆزەخانەی زانستی لەندەن لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٠دا، ڕۆژنامەنووسی بی بی سی BBC  نیک هایام باسی لە کاتژمێرێکی فیل کرد کە بەرزییەکەی پێنج مەتر دەبێت و لەلایەن ڕێکخراوی ١٠٠١ داهێنانەوە بەرهەم هێنراوە.

هەروەها ئەم کاتژمێرە لە مۆڵی ئیبن بەتوتە لە دوبەی دووبارە دروستکراوەتەوە کە سێ هێندەی قەبارە سەرەکییەکەیەتی، کە بۆتە هۆی سەرجڕاکێشانی گەشتیارەکان. ئەو سەردانیکەرانەی دەچن بۆ مۆڵەکە بەتایبەتی بۆ سەیرکردنی ئەم کاتژمێرە سەرنجڕاکێشە و وێنەگرتن لەگەڵی دەچن. ئەو گەشتیارانەی پێشتر کاتژمێری فیلیان بینیووە دەڵێن، بە ڕادەیەکی زۆر لێکچوون لەنێوان کاتژمێرەکەی مۆڵی ئیبن بەتوتە لە دوبەی و کاتژمێرەکەی جەزەری هەیە.


سەرچاوەکان



58 بینین