محەمەد شیاع سوودانی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-07-08:40:00 - کۆدی بابەت: 12462
محەمەد شیاع سوودانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد شیاع سوودانی یان محەمەد شەییاع (بە عەرەبی: محمد شياع السوداني، بە ئینگلیزی: Mohammed Shia’ Al-Sudani) سیاسەتوانی عێراقییە و لە ٢٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ پۆستی سەروەزیرانی عێراقی وەرگرتووە.

زانیاری گشتی

ناو محەمەد شەییاع سەبار حاتم سوودانی
بەروار و شوێنی لەدایکبوون ساڵی ١٩٧٠، بەغداد
پیشە سەروەزیران، سیاسەتوان، ئەندازیاری کشتوکاڵ
ئایین ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی شیعە 
ڕەگەزنامە عێراقی

ژیاننامەی

محەمەد شیاع سەبار حاتم سوودانی لە ساڵی ١٩٧٠ لە پارێزگای بەغداد لەدایکبووە، ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای میسان، باپیری کە بە شێخ سەبار حاتەم سەیهوود ناسراو بووە یەکێک بووە لە شێخی شیعە ناودارەکانی باشووری عێراق و پارێزگای میسان. سەباری باوکی لە بانکی کستوکاڵ فەرمانبەر بووە و لە خێزانێکی ئاست مامناوەند پەروەردە کراوە، باوکی محەمەد ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بووە کە حیزبێکی چەپڕەوی شیعەکان بووە و دژی سەدام حسێن بوون. محەمەد سوودانی کاتێک ئەگاتە تەمەنی دە ساڵی خێزانەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەعس تووشی کێشە بوونەتەوە و بەهۆی ئەوەی

باوکی ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بووە زیندانی کراوە و لە ساڵی ١٩٨٠ باوکی لەگەڵ پێنج کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە لەسەر ئەندامێتی لە حیزبی دەعوەی ئیسلامی سزای لەسێدارەدرانیان لەسەر جێبەجێ کرا.
محەمەد سوودانی لە ساڵی ١٩٩٢ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی کشتوکاڵ لە زانکۆی بەغداد بەدەست هێناوە و لە بوارەکەی خۆی لە کەرتی تایبەت کاری کردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٩٧ پلەی ماستەری لە بەڕێوەبردنی پرۆژەکاندا وەرگرتووە، هەرەها خێزاندارە و خاوەنی چوار کوڕە.

ئەزموونی سیاسی

محەمەد سوودانی لە تەمەنی لاوییەوە بووە بە ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق، بەشداری ڕاپەرینەکانی ساڵی ١٩٩١ کردووە کە بە ڕاپەرینی شەعبانییەی شیعەکان ناسراو بووە و دوای کۆتایی جەنگی کەنداو ڕوویداوە. دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و کۆتایی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ سوودانی وەکوو ڕێکخەری کاروباری ئیداری لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق کاری کردووە و دوای پرۆسەی ئازادی عێراق زیاتر ناوی دەرکردووە و ناسێنراوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ بووەتە سەرۆکی شارەوانی پارێزگای عەماڕە، ساڵێک دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٥ وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان هەڵپژێردراوە. سوودانی بە کەسایەتی نزیک لە نووری مالیکی ناسراوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بووە،

بۆیە لە کابینەی دووەمی حکوومەتەکەی نووری مالیکی لە ساڵی ٢٠١٠ وەکوو وەزیری مافی مرۆڤ بەربژێر کراوە و کاری کردووە.
لە کابینەی حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی لە ساڵی ٢٠١٨ محەمەد سوودانی وەکوو وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دیاریکراوە و بە وەکالەت وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیشی بۆ ماوەیەک هەر لەو کابینەیە بەڕێوەبردووە. دوای ماوەیەک لە خۆپیشاندانەکانی تشرین لە عێراق و قەیرانەکانی ساڵی ٢٠١٩ محەمەد سوودانی دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە حیزبی دەعوە ڕاگەیاند، پاشان حیزب و بزووتنەوەیەکی نوێی بە ناوی (بزووتنەوەی فووراتەین) تایبەت بە خۆی ڕاگەیاند، کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ سێ کورسی لە ئەنجوومەنی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنا.

هەڵبژاردنی وەکوو سەرۆک وەزیرانی عێراق

دوای ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق، کێشە و ناکۆکی لە نێوان لایەنە عێراقییەکان و بە تایبەت لایەنە شیعەکان دروست بوو، لایەنی سەدرییەکان کە براوەی حکوومەت بوون لەگەڵ لایەنە شیعە دۆڕاوەکان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن و پێکهێنانی حکوومەت. دوای ئەوەی لایەنە سوننەکان محەمەد حەلبووسییان وەکوو سەرۆکی پەرلەمان دیاری کرد و لەلایەن لایەنەکانی ترەوە پەسەند کرا و بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵبژێردرا، پاشان لایەنە کوردییەکان عەبدوللـەتیف ڕەشیدیان وەکوو سەرۆک کۆمار بەربژێر کرد و لەلایەن لایەنەکانی ترەوە پەسەند کرا و وەکوو سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا، بەڵام لایەنە شیعەکان لەنێوان خۆیاندا ڕێکنەدەکەوتن بۆ پێشکەشکردنی کەسێک وەکوو سەرۆک وەزیران و ناکۆکی لە نێوانیان دروست بوو، بۆیە لایەنە دۆڕاوەکان (چوارچێوەی هەماهەنگی)ـیان پێکهێنا و دوای دیاریکردنی چەند کەسایەتییەک، محەمەد شیاع سوودانییان وەک بەربژێری سەرۆک کۆماری عێراق بۆ لایەنەکانی تر پێشکەش کرد، سەرباری ئەوەی لایەنی سەدر بە بڕیارەکە ڕازی نەبوون و لە پەرلەمان کشانەوە، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر پێشکەش کردن و دانانی محەمەد سوودانی وەکوو سەرۆک وەزیران و دواجار لە ٢٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی درایە محەمەد شیاع سوودانی.

پۆست و پلەکانی محەمەد شیاع سوودانی

  • ئەندام بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای بەغداد بۆ سێ خولی لەسەریەک لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٨، ٢٠٢١.
  • سەرۆکی بزووتنەوەی فوڕاتەین بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١.
  • وەکوو ئه ندامی لێژنەی پەرلەمانتاران دیاریکرا کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و پلانی ستراتیژی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ساڵی ٢٠٢١ دەکات.
  • لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠ پارێزگاری میسان بووە.
  • لە ساڵی ٢٠١٠ تاکوو ساڵی ٢٠١٤ وەزیری مافەکانی مرۆڤ بووە لە عێراق.
  • جێگری وەزیری چەندین وەزارەت بووە و بە وەکالەت لە کابینە جیاوازەکانی حکوومەتی عێراق چەند وەزارەتێکی بەڕێوەبردووە نموونەی وەزارەتی پیشەسازی، بازرگانی، دارایی، کۆچ و کۆچبەران، کشتوکاڵ و سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی.
  • وەک سەرۆکی لێژنەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانەی بەهۆی لافاو و بارانەوە زیانیان بەرکەوتووە هەڵبژێردراوە.
  • وەک سەرۆکی لێژنەی قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتووی لافاو و باران له بەغداد دیاریکراوە.
  • سەرۆکی لێژنەی بەرپرس لە نووسینی ڕاپۆرتی په یماننامە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان بووە.
  • سەرۆکی لێژنەی گفتوگۆ لەسەر پرۆژەی مینای فاو بووە.
  • سەرۆکی لێژنەی دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە وەزارەتەکانی عێراق بووە.
  • سەرۆکی لێژنەی پڕۆژەی ئاوی گەورەی بەسرە بووە.
  • سەرۆکی لێژنەی وزەی ئەنجوومەنی هەماهەنگی عێراق و سعوودییە بووە.
  • ئەندامی لێژنەی باڵای وەزیرانی نێوان عێراق و ئوردن بووە.
  • سەرۆکی لێژنەی باڵای وەزیرانی عێراق و کۆماری چیک بووە.
  • سه رۆکی لێژنەی باڵای وەزیرانی عێراق و ئەڵمانیا بووە.
  • سەرۆکی لێژنەی باڵای نیشتمانی بۆ خستنەکار و پیشەکان بووە.
  • لە ٢٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە.


سەرچاوەکان



71 بینین