یۆهان کرۆیف

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ شوان شاگوڵ شوان - به‌روار: 2024-04-14-15:33:00 - کۆدی بابەت: 12500
یۆهان کرۆیف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یۆهان کرۆیف (بە عەرەبی: یوهان کرویف، بە ئینگلیزی: Johan Cruyff)، یاخود باوکی تۆپی پێی مۆدێرن ئەو کەسەی کە داهێنەری تیکی تاکایە و مێژووی مۆدێرنی یانەی بەرشەلۆنە بەتایبەتی و تۆپی پێی بە گشتی گۆڕی. یاریزانی پیشەگەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەکانی ئەیاکسی هۆڵەندی و بەرشلۆنەی ئیسپانی، کە بە "سکینی" یان بە "هۆڵەندییە فڕیوەکە" ناسراوە ئەو ناوەی کە لەگەڵ دی ستیفانۆ و پێلێ و مارادۆنا دەهێنرێت. ئەو یاریزانەی کە لەگەڵ فرانز بێکنباوەری ئەڵمانی ستەیجی باشترین یاریزانی ئەو سەردەمەیان بەشکردبوو. وەک یاریزان و ڕاهێنەر بە یەکێک لەو کەسایەتیانە دادەنرێت کە کاریگەری هەبووە لەسەر مێژووی یانەکانی بەرشلۆنە و ئەیاکس و هەڵبژاردەی هۆڵەندا.

ژیانی

یۆهان کرۆیف، ناوی تەواوی هێندریک یۆهانس کرۆیف، لە ٢٥ی نیسانی ١٩٤٧ لە شاری ئەمستردام پایتەختی وڵاتی هۆڵەندا لەدایک بووە. لە ٢٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە شاری بەرشەلۆنە لە وڵاتی ئیسپانیا کۆچی دووای کردووە. یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ و چەندین خەڵاتی تاکە کەسی و کۆمەڵی بەدەستهێناوە و خاوەنی سێ تۆپی ئاڵتونییە (١٩٧١، ١٩٧٣ ،١٩٧٤). لەپاڵ ئەوەی کە یاریزانێکی لێهاتوو بووە هەروەها ڕاهێنەرێکی داهێنەر و کاریگەر بووە کە داهێنەری تیکی تاکا بووە. لەگەڵ ئەوەی کە وەرزشوانێکی لێهاتوو بووە هەروەها کرۆیف خاوەنی کەسایتیەکی خێرخوازی بووە کە لە بواری خخوازیدا بەشدار بووە و ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی بۆ هاندانی منداڵان بۆ بەشداریکردن لە وەرزش دامەزراندووە بە ناوی دامەزراوەی خێرخوازی یۆهان کرۆیف وە خاوەنی پەیمانگای ئەکادیمی یۆهان کرۆیفە کە پەروەردەییە بۆ توێژینەوەی وەرزشی. چەندین فیلمی جۆراو جۆر لەسەر ژیانی یۆهان کرۆیف بەرهەم هێنراون.

ژیانی پیشەگەری

کرۆیف کاتێک تەمەنی ١٠ ساڵ بوو پەیوەندی بە پێکهاتەی پەرەپێدانی لاوانی یانەی تۆپی پێی ئەیاکسی ئەمستردامەوە کردووە. تەمەنی تەنها ١٧ ساڵان بووە کاتێک یەکەم یاری خۆی لەگەڵ تیپی پیشەگەراندا ئەنجامداوە. دوای ئەوەی یارمەتی ئەیاکسی دا بۆ بەدەستهێنانی شەش نازناوی خول و چوار جامی نیشتمانی و سێ جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (ئێستا بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ناسراوە)، لە ساڵی ١٩٧٣ پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی کردووە، یانەی بەرشلۆنە دوای ١٣ ساڵ لەبەدەست نەهێنانی نازناو یۆهان کرۆیف یەکەم خولی خۆی بەدەستهێنا ١٩٧٤ و لە ساڵانی ١٩٧٦ و ١٩٧٧ پلەی دووەمی بەدەستهێنا لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە.

کرۆیف لەگەڵ فرانز بێکنباوەری ئەڵمانی، وەک باشترین یاریزانی جیهان سەیر دەکرا لە سەردەمێکدا کە یارییە ئەوروپییەکان بە "تۆپی پێی گشتگیر" زاڵ بوو، کە شێوازێکی یاریکردنە لەلایەن ڕینۆس میشێلسی ڕاهێنەری هۆڵەندییەوە پەرەی پێدرا و ئەم شێوازە یاریکردنە جەختی لەسەر لێهاتوویی هەموو لایەنەکان دەکردەوە.

لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی نیشتیمانی کرۆیف لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا یەکەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئەنجامدا و لە ٤٨ یاری نێودەوڵەتیدا ٣٣ گۆڵی تۆمارکردووە. لە پاڵەوانێتی مۆندیالی ساڵی ١٩٧٤دا، هەڵبژاردەی هۆڵەندی بە سەرۆکایەتی کرۆیف و لەنێویاندا یۆهان نیسکێنز و ڕود کرۆل، یاریەکی سەرکەوتووی تۆپی پێی گشتگیریان پێشکەشکرد کە نازناوی “پرتەقاڵی کاتژمێر”یان پێبەخشی (ناوێک کە لە ڕۆمانەکەوە وەرگیراوە بەڵام ئیلهامەکەی لە درێسی پرتەقاڵی تیپەکەیدا وەرگیراوە). هەرچەندە هۆڵەندا لە یاریی پاڵەوانێتییەکەدا بە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا دۆڕا، کرۆیف خەڵاتی تۆپی زێڕین (باشترین یاریزان)ی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.

لە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٠ کرۆیف لەگەڵ چەندین تیپی ئەمریکی یاری کردووە، لەوانە یانەی لۆس ئەنجلۆس ئازتێکس و واشنتۆن دیپلۆماتس، لە ساڵی ١٩٧٩ وەک باشترین یاریزانی خولی تۆپی پێی ئەمریکای باکوور دەستنیشانکرا. لە ساڵی ١٩٨١ گەڕایەوە ئەیاکس، بەڵام دوای دوو ساڵ دوای ئەوەی ناکۆکی  لە گرێبەستەکەیدا ڕوویداوە، پەیوەندی بە تیپی ڕکابەرەکەی فەینۆردەوە کرد. لەوێ نۆیەمین پاڵەوانێتی هۆڵەندی و پێنجەم جامی نیشتمانی لە ژیانی وەرزشیدا بەدەستهێنا. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٤ وەک یاریزان وازی لە یاریکردن هێنا، کرۆیف ڕاهێنەری هەردوو یانەی ئەیاکس (١٩٨٧) و بەرشەلۆنە (١٩٨٩)بووە.

لە ساڵی ١٩٩٢ ڕێنمایی یانەی بەرشەلۆنەی کرد بۆ هەردوو جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و جامی سوپەری ئەورووپا، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٦ لە کارەکەی دوورخرایەوە، لە ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە گەڕایەوە بۆ یاریگاکان ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا بووە ئەو پۆستەی تا ساڵی ٢٠١٣ بەدەستەوە بوو.

دەستەکەوتەکانی

وەک ڕاهێنەر خاوەنی ١١ نازناوە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە، یەک خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یەک ئەورووپا لیگ، چوار خولی ئیسپانی، چوار سوپەری ئیسپانی، وە یەک جامی شا.

نازناوەکانی وەک یاریزان

٣ جار تۆپی ئاڵتونی (باڵۆن دۆر)

  • 1974
  • 1973
  • 1971

١ جار جامی نیشتیمانی هۆڵەندی

١ جار بەژداری یۆرۆ

١ جار بەژداری مۆندیال

١ خولی ئیسپانی

١ جار سوپەری ئەورووپی

٢ جار باشترین یاریزانی دەرەکی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە

٣ جار خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا

٦ جار خولی هۆڵەندی

١ جار جامی ئیسپانی

٧ جار گۆڵکاری خول+جامی هۆڵەند


سەرچاوەکان



67 بینین