کۆچکردنی موسڵمانان بۆ حەبەشە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-14-21:29:00 - کۆدی بابەت: 12520
کۆچکردنی موسڵمانان بۆ حەبەشە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆچکردنی موسڵمانان بۆ حەبەشە یان کۆچی یەکەمی موسڵمانان (بە عەرەبی: هجرة المسلمين الی الحبشة، بە ئینگلیزی: Migration to Abyssinia) ڕووداوێکی مێژوویی ئیسلامییە، دوای ئاشکراکردنی بانگەوازی ئیسلام لەنێو هۆزە بتپەرستەکانی شاری مەککە و قوڕەیشییەکان، موسڵمانان و باوەڕداران و شوێنکەوتووەکانی پێغەمبەر تووشی ئازاردان و ئەشکەنجەدانێکی زۆر بوونەوە، بە فرمانی پێغەمبەر ژمارەیەک لە موسڵمانان بە مەبەستی سەرخستن و پاڵپشتی کردنی پەیامی پێغەمبەر لە شاری مەککەوە کۆچیان کرد بۆ ناوچەی حەبەشە.

کۆچی یەکەمی موسڵمانان بۆ حەبەشە لە مانگی ڕەجەبی ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتی بوو، ١١ پیاو و ٤ ژن لە هاوەڵان کۆچیان کرد بۆ حەبەشە و ئەم کۆچە بە کۆچی یەکەمی هاوەڵان بۆ حەبەشە ناسرا، حەبەشە ناوچەی ئەسیوبیا دەکات.

هۆکاری کۆچکردنی موسڵمانان بۆ حەبەشە

دوای ئاشکراکردنی بانگەوازی ئیسلام لەنێو هۆزەکانی مەککە و قوڕەیشییەکان، هۆز و بتپەرستانی مەککە بانگەوازی یەکتاپەرستیان پەسەند نەکرد و کەوتنە دژایەتیکردنی باوەڕداران و ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە پەیامەکەی محەمەد هێنابوو، بۆیە باوەڕداران ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەدان و دەربەدەری و زیندان بوونەوە، پێغەمبەر فرمانی بە هاوەڵ و باوەڕدارانی مەککە کرد کە کۆچ بکەن بۆ حەبەشە و فەرمووی (لو خرجتم إلى أرض الحبشة؟ فإن بها ملكا لا يظلم عنده أحد، وهي أرض صدق  حتى يجعل الله لكم فرجا مما أنتم فيه). واتا: (ئایا بۆچی کۆچ ناکەن بۆ حەبەشە؟ چونکە فەرمانڕەوایەک دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیەیە ستەم لە هیچ کەسێک ناکات، خاکەکە خاکی ڕاستگۆیانە و خوای گەورە بەم کۆچە ناخۆشی و ئازارەکانتان لەسەر لادەبات).

کات و مێژووی کۆچی یەکەم بۆ حبەشە

مێژووی کۆچکردنی یەکەمی هاوەڵان لە شاری مەککەوە بۆ حەبەشە ڕاجیایی لەسەر هەیە، هەندێک سەرچاوە ئایینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای کۆچی دوایی ئەبووتالیبی مامی پێغەمبەر کۆچکردنی یەکەمی هاوەڵان بۆ حەبەشە ڕوویداوە، بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە هەندێک سەرچاوەی مێژوویی و ئایینی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچکردنی یەکەمی هاوەڵان بۆ حەبەشە لە پێش کۆچی دوایی ئەبووتالیبی مامی پێغەمبەر بووە، بەڵام بەشێکی زۆری زانایانی ئیسلام و سەرچاوە دیارەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە کات و مێژووی یەکەم کۆچ بۆ حەبەشە لە مانگی ڕەجەب بووە و لە ساڵی پێنجەمی بانگەوازی و پێغەمبەرایەتی بووە.

کۆچی یەکەمی موسڵمانان بۆ حەبەشە

دوای بڕیار و فرمانی پێغەمبەر بۆ کۆچکردن بۆ حەبەشە، بەشێک لە هاوەڵان بڕیارەکەیان جێبەجێ کرد و ١١ پیاو و ٤ ژن لە هاوەڵان کۆچیان کرد بۆ حەبەشە، لە هەندێک سەرچاوەی تر ئاماژە بەوە دراوە کە ١٢ پیاو و ٢ ژن بوونە.

بە شێوەیەکی نهێنی ئەو هاوەڵانەی بڕیاری کۆچیان دا لە مانگی ڕەجەبی ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتی بەرانبەر ساڵی ٦١٥ـی زایینی لە شاری مەککەوە دەرچوون و گەیشتنە نزیک دەریای قەلزەم کە بە دەریای سوور ناسراوه، لە نزیک دەریاکە دوو کەشتیان بە کرێ گرت، کەشتییەکان بۆ هەر کەسێک نیو دینار کرێی وەرگرت و هاوەڵان گەیشتنە حەبەشە، کاتێک هۆزەکانی مەککە و قوڕەیش بە هەواڵەکەیان زانی شوێنی ئەو هاوەڵانە کەوتن کە لە مەککەوە بۆ حەبەشە دەرچووبوون، بەڵام درەنگ گەیشتن و تا قوڕەیشییەکان گەیشتبوون موسڵمانان لەسەر کەشتییەکان بوون و بەرەو حەبەشە کەوتبوونەڕێ.

ناوی ئەو هاوەڵانەی کە لە کۆچی یەکەمی حەبەشە بەشدار بوون

بەپێی سەرچاوە ئایینییەکان عوسمانی کوڕی عەففان و خاتوو ڕوقیەی کچی پێغەمبەر ـی هاوسەری، یەکەم کەس بوونە کە لە مەککەوە بەرەو حەبەشە کۆچیان کردووە و پاش ئەوان هاوەڵەکانی تری پێغەمبەر کە ژمارەیان  ١١ پیاو و ٤ ژن بوون بەرەو حەبەشە کۆچیان کردووە، ناوی ئەو هاوەڵانەی کە لە کۆچی یەکەمی حەبەشە بەشداربوون بریتین لە:

  • عوسمانی کوڕی عەففان و هاوسەرەکەی کە خاتوو ڕوقیەی کچی پێغەمبەر بوو.
  • ئەبووحوزەیفەی کوڕی عوتبە و هاوسەرەکەی کە ناوی سەهلەی کچی سوهەیل بووە.
  • عامڕی کوڕی ڕەبیعە و هاوسەرەکەی کە ناوی لەیلای کچی ئەبوو حەسمە بووە.
  • ئەبووسەلەمەی کوڕی ئەسەد و هاوسەرەکەی کە ناوی ئوم سەلەمەی کچی ئومەیە بووە.
  • زوبەیری کوڕی عەوام
  • موسعەبی کوڕی عومەیر
  • عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف
  • عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود
  • عوسمانی کوڕی مەزعون
  • حاتبی کوڕی عەمڕو
  • ئەبووسەبرەی کوڕی ئەبوو ڕەهم

کۆچی دووەمی موسڵمانان بۆ حەبەشە

دوای گەیشتنی موسڵمانان بۆ حەبەشە، لە مانگی شەوالی ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتی پڕوپاگەندە و هەواڵێکی ناڕاست گەیشتە حەبەشە کە هەموو هۆزەکانی مەککە و قوڕەیشییەکان موسڵمان بوونە و باوەڕیان بە پەیامی پێغەمبەر هێناوە، بۆیە بەشێک لە هاوەڵەکان بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ شاری مەککە، کاتێک لە شارەکە نزیک بوونەوە بینیان هەواڵەکە ناڕاستە بۆیە بەشێکیان ڕاستەوخۆ گەڕانەوە بۆ حەبەشە، بەڵام هەندێکی تریان چوونەوە ناو شاری مەککە.

بۆیە لەسەر داوای پێغەمبەر دووبارە بەشێکیان بڕیاریان دا کە کۆچ بکەنەوە بۆ حەبەشە و ژمارەیان زیاتر بوو و بوونە نزیکەی ٨٣ پیاو و ١٩ ژن، بەم کۆچە دەوتریت کۆچی دووەمی حەبەشە و جەعفەری کوڕی ئەبووتالیب ڕێبەری موسڵمانان بووە لەم گەشتە و بووە بە وەرگێڕ و قسەی لەگەڵ نەجاشی پاشای حەبەشە کردووە.

ئەنجامی کۆچکردن و گەیشتنی موساڵمانان بۆ حەبەشە

لە کۆچی دووەمی هاوەڵان بۆ حەبەشە موسڵمانان بە یەک قافڵە لە مەککەوە دەرنەچوون، بەڵکوو بوونە چەند قافڵەیەک و هەر کۆمەڵێک هاوەڵێک ڕێبەری دەکردن، هۆزەکانی مەککە و قوڕەیش لە (دار نەدوە) کوبوونەوە و دوو کەسیان هەڵبژارد لەگەڵ کۆمەڵێک بەخشش و دیاری گرانبەها ئامادەکران و نێردران بۆلای نەجاشی پاشای حەبەشە تاکوو موسڵمانەکانیان ڕادەست بکاتەوە، ئەو دوو کەسەی کە لەلایەن قوڕەیشەوە دیاری کران و نێردران بۆ حەبەشە عەمری کوڕی عاس و عەمارەی کوڕی وەلید بوون، لە ڕێگەی کەشتییەوە گەیشتنە لای نەجاشی و کۆمەڵێک دیاری و بەخششی گرانبەهایان پێشکەش کرد تاکوو موسڵمانەکانیان ڕادەست بکاتەوە، بەڵام نەجاشی داوای کرد کە موسڵمانە کۆچەرییەکان ببینێ و گوێبیستی داواکانیان بێت.

بۆیە موسڵمانە کۆچەرییەکان لە حەبەشە بە پێشەوایەتی جەعفەری کوڕی ئەبووتالیب چوون بۆ دیداری نەجاشی کە پرسیاری لەسەر ئیسلام و پەیامەکەیان لێکردن، جەعفەری کوڕی ئەبووتالیب بووە قسەکەری موسڵمانان و باسی پەیامی ئیسلامی بۆ نەجاشی کرد، پاشان نەجاشی داوای لێکرد کە بە بەڵگە پەیامەکەی پێغەمبەر بسەلمێنن، جەعفەریش چەند ئایەتێکی سەرەتای لە سوورەتی مەریەم بۆ خوێندەوە، بۆیە نەجاشی داواکەی قوڕەیشییەکانی ڕەتکردەوە و ڕێگەی بە موسڵمانەکان دا کە لەژێر ڕکێفی ئەودا لە حەبەشە بمێننەوە و کەس ئازاریان نەدا.

گەڕانەوەی موسڵمانان و کۆچکردنیان بۆ مەدینە

کاتێک موسڵمانە کۆچەرییەکانی حەبەشە زانیان هاوەڵان لە شاری مەککەوە کۆچیان کردووە بۆ مەدینە، ٣٣ کەسیان گەڕانەوە مەککە و بڕیاریاندا ئەوانیش کۆچ بکەن بۆ شاری مەدینە، بەڵام حەوت کەس لەوان لە مەککە زیندانی کران و ڕێگرییان لێ کرا کە کۆچ بکەن، لەو ژمارەیە ٢٤ کەسیان کە گەیشتنە مەدینە لە جەنگی بەدری گەورە بەشدار بوون.

ئەو هاوەڵانەی کە لە حەبەشە مانەوە پێغەمبەر پەیامێکی نارد بۆ نەجاشی داوای لێکرد کە ڕێگە بە هاوەڵەکانی بدات بگەڕێنەوە و کۆچ بکەن بۆ شاری مەدینە، بۆیە نەجاشی داواکەی پێغەمبەر ـی پەسەند کرد و بە دوو کەشتی ئەو هاوەڵانەی کە لە حەبەشە مابوونەوە دوای جەنگی خەیبەر لە ساڵی حەوتەمی کۆچی گەڕێنرانەوە بۆ شاری مەدینە.

نەجاشی پاشای حەبەشە

نەجاشی پاشای حەبەشە ناوی تەواوی ئەسحەمەی کوڕی ئەبجەر بوو، نەجاشی نازناوی پاشا و دەسەڵاتدارەکانی حەبەشە بوو کە وڵاتی ئەسیوبیا دەکات. لەو سەردەمەدا دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکانی شانشینی ئەکسووم لە حەبەشە کە ڕۆژهەڵاتی ئەسیوبیا و ئیرتیریایە بەو ناوە ناوزەد دەکران.

کاتێک موسڵمانان لە شاری مەککەوە کۆچیان کرد بۆ حەبەشە پاشا نەجاشی پێشوازی لێکردن، پاشایەکی نەسڕانی بووە و باوەڕی بە یەکتاپەرستی هەبووە و شوێنکەوتەی پەیامی پێغەمبەر عیسا بووە، هەروەها بە پاشایەک ناسراوە کە ستەمی لە کەس نەکردووە و دادپەروەر بووە، بۆیە کاتێک هەواڵی کۆچی دوایی نەجاشی گەیشتە لای موسڵمانان لە مەدینە، پێغەمبەر و هاوەڵانی نوێژی مردووی غایبیان لەسەر ئەنجام دا، نەجاشی تاکە کەس بوو کە پێغەمبەر و هاوەڵان لە شاری مەدینە نوێژی مردووی غایبیان لەسەر ئەنجام دا.


سەرچاوەکان



99 بینین