ناوهڕۆك
سەرەتا
ئەو کچەی حەزی لەناوی خۆی نەبوو (بە عەرەبی: الفتاة التي لم يعجبها اسمها، بە ئینگلیزی: the girl who didn´t like her name) ڕۆمانێکی نووسەری بەناوبانگی تورک زمان "ئێلیف شەفەق"ـە کە لە ساڵی ٢٠١٥ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە بە زمانی تورکی بە Sakiz Sardunya ناسراوە و لە وەرگێڕانی کوردیشدا بە گوڵی ساردۆنیا چاپ کراوە.
ڕۆمانەکە ژانەری خەیاڵییە و بە یەکێک لە دیارترین کتێبەکانی نووسەر دادەنرێت لە پاڵ هەریەکە لە ٤٠ ڕێساکەی ئەشق و سێ کچەکەی حەوا دادەنرێت. ئەم ڕۆمانە پەیامێکی جوان دەبەخشێت و خوێنەر تا تەواوی نەکات دەستی لێ هەڵناگرێت. ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە گشتییە و پەیوەستە بە هەموو دایک و باوکێک.
زانیارییە گشتییەکان
ناوی ڕۆمان بە تورکی | Sakiz Sardunya |
ناوی ڕۆمان بە وەرگێڕدراوی کوردی | گوڵی ساردۆنیا |
ژانەر | خەیاڵی |
زمانی یەکەم | تورکی |
ساڵی چاپ | ساڵی ٢٠١٥ |
وەرگێڕی کوردی | سامان مامڵێسی |
ناوەندی چاپی کوردی | دەزگای چاپ و پەخشی ئەدیبان |
ناوەڕۆکی کتێبەکە
ڕۆمانەکە لە بارەی ناو دەدوێت، ناو کێشەیەکی گەورەیە بۆ کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، گوڵی ساردۆنیا کچێکی هەرزەکارە گرفتارە بەدەست ناوەکەی، گەرچی ساردۆنیا ناوێکی ناخۆش نییە و ناوی جۆرە گوڵێکە، بەڵام ئەم ناوە بووەتە هۆی ئەوەی لەلایەن هاوپۆلەکانی بە لا قرتێ گاڵتەی پێ بکەن و بە دەمیەوە پێ بکەنن. ساردۆنیا حەزی دەکرد ناوێکی تری هەبێت، کاتێک پرسیار لە دایکی دەکات سەبارەت بە ناوەکەی، دایکی هەمیشە خۆی لێ لادەدات و (نوقتە سەری دێڕ) باسەکە دادەخات.
نووسەر لە بارەی ئەم بابەتە دەڵێت " ئەرکی دایکان و باوکانە کە ناوێکی خۆش بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن کە بە جۆرێک بێت شەرمەزار نەبێت" هەروەها لەسەر دایکان و باوکان پێویستە ناز بە منداڵەکانیان بدەن، کاتێک پرسیارێکی لا دروست بوو هەر نەڵێن کە گەورە بوویت هەموو شتێک دەزانیت، نابێت وەڵامەکان بۆ کات جێ بهێڵدرێن و دەبێت بەرچاویان ڕۆشن بکرێت.
ساردۆنیا دەبێتە هاوڕێی کتێب لێرەدا نووسەر داهێنان و دۆزینەوەی گەورە دەخاتە ئەستۆی منداڵ ئەگەر هان بدرێت و بخوێنێتەوە لە توانایدا هەیە داهێنانی گەورە ئەنجام بدات یاخود دۆزینەوەی گەورە بکات، هەروەکو ئەوەی ئەوەی سەردانی کیشوەری هەشتەم دەکات و دوای ئەوەی ڕووداوێک بەسەر ساردۆنیا و دوو هاوڕێیەکەی دێت و بیرۆکەی داهێنانەکان کە کۆیان کردووەتەوە بە ئاسماندا بڵاو دەبنەوە، ساردۆنیا دەڵێت کاغەز و پێنووس بخەنە بەردەستی منداڵانی وڵاتەکەتان، ئەوان دەتوانن بیرۆکەی داهێنان بنووسن و بە جیهاندا بڵاوی بکەنەوە.
ڕۆمانەکە بۆ چ جۆرە خوێنەرێک گونجاوە؟
کتێبەکە بۆ خوێنەری سەرەتایی گونجاوە، بەڵام خوێنەری کارامەش دەتوانێت بیخوێنێتەوە و چێژی لێ ببینێت.