وێنای مەرگ لە هۆنراوەکانی گۆران

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-17-14:45:00 - کۆدی بابەت: 12554
وێنای مەرگ لە هۆنراوەکانی گۆران

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وێنای مەرگ لە هۆنراوەکانی گۆران (بە عەرەبی؛ صورة الموت في قصائد کوران، بە ئینگلیزی؛ Image of death in Goran's poems) عەبدوڵڵا گۆران یەکێکە لە شاعیرە ڕۆمانتیکییەکان و ناهاوسەنگەکان، هۆنراوەکانی خۆیان لە جوانی سروشت، جوانی ئافرەت، نیشتمان پەروەری و سیاسی دەبینێتەوە. گۆران شاعیرێک بووە بێ ئەوەی ئاگاداربووبێت لەسەر ڕێبازی ڕۆمانتیک و نووسەرە ناهاوسەنگەکان بووە کە نووسەرانی ئەم ڕێبازە هەموو شتێک لە جوانی ئافرەتدا بچووک دەکەنەوە، کاتێک ڕووداوێک دەبێت دیمەنی شۆخ و شەنگی ئافرەتێک دەکەن بە چارەسەر بۆ کێشەکان، یاخود تەواوی لایەنەکانی ژیان و بابەتە ئەقڵانییەکان فەرامۆش دەکەن و تەنها ئافرەت دەهێڵنەوە لە ژیانیان. 

گۆران لە هۆنراوەکانیدا بە ڕوونی ئەم شێوازەی تێدا بەدی دەکرێت کە لە هەموو بارودۆخێکدا بوونی ئافرەت بەرجەستە بووە. کاتێک وەسفی ئافرەت دەکات بە جۆرێک وەسفی دەکات وەک خانمێکی ڕۆژاوایی و ئەورووپی و خانەدان دێتە بەرچاومان، ئەمەش هەموو پەیامی ڕێبازی ڕۆمانتیکە کە وێناکردنی ئافرەتە بە جوانترین شێوە. گۆران لە هۆنراوەکانیدا بابەتێکی تر بەرجەستە دەکات ئەویش وێناکردنی مەرگە بەڵام مەرگیش دەبەستێتەوە بە ئافرەت، کە ئەمەش لە سێ هۆنراوەدا بە جوانی بەدی دەکرێت.

هۆنراوەی گوڵی خوێناوی 

ئەم هۆنراوەیە لەسەروبەندی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوان دوو هۆزە کە ئەو کاتە کۆمەڵگەی کوردی پێیەوە ناڵاندوویەتی کە کەسانی زۆر بوونەتە قوربانی، بەڵام گۆران هەستاوە بە باسکردنی چیرۆکی ئەوینداری نێوان دوو کەس بە شێوازێک کە وێنای قوربانیدان و ئشقێکی پاک دەکات لە نێوانیاندا بەم جۆرە دەدوێت: 
کوڕ:
بڕوانە شاییە، چۆپییە، لەو ماڵە،
گوێ بگرە، زوڕنایە، دەهۆڵە، شمشاڵە!
زەرد و سوور تێکەڵبوون، ژن و پیاو، هەرایە،
لەو ناوە هەر هاڕەی هەیاسەی تۆ نایە!
سا توخوا، خێراکە، بابڕۆین، دەست بگرین،
بە کامی دڵداری پێکەوە هەڵپەڕین! 
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم: ئاڵ چەپکێ، زەرد چەپکێ،
نایەم بۆ زەماوەند نایەم بۆ هەڵپەڕکێ! 
کوڕ:
کچ لەڕێی جوانیتا، کچ لە ڕێی جوانیتا،
کچ لە ڕێی نێونیگای هاتوچۆی ڕێی کانیتا
پایزە، گەڵای دار ڕژاوە، باغ ڕووتە،
گوڵ کوانێ گوڵ بە بزە پشکووتە! 
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم: زەرد چەپکێ، ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەند نایەم بۆ هەڵپەڕکێ
بتدایە دڵ بە من بە هەموو مەعناوە
دوو چەپکت ئەهانی لە باغی پاشاوە! 
کوڕ:
باغچەی پاشا ورد گەڕام، خوار و ژوور،
زەرد هەبوو بۆم چنیت، چنگ نەکەوت گوڵی سوور
نازانم ئەمجا دێیت بۆ هەڵپەڕکێ! 
کچ:
نایەم: گوڵ ماویەتی بۆ سەرم، سوور چەپکێ! 
کوڕ: (یەخەی مراخانی ترازاند) 
ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لە باتی؟ 
کچ:
هەی هاوار! تفەنگی دوژمنیش پێکاتی؟
ڕاکشێ تاوێ سەر بنێرە لەسەر ڕانم؛
با بگریم بۆ دڵێ؛ بۆ گوڵێ دۆڕانم! 
لەم هۆنراوەیەدا گۆران تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندی سۆزداری دوو کەس لە میانەی جەنگی دوو هۆزدا، بابەتەکەی بەستووەتەوە بە هەڵسوکەوتی ئافرەتانە، کاتێک ئافرەت لە پەیوەندی سۆزداریدایە حەز دەکات ئەویندارەکەی سەرکێشی بۆ بکات و خۆی بسەلمێنێت کە خۆشی دەوێت و قوربانی بۆ دەدات لەم چیرۆکەشدا کە شاییە و زەماوەندە بابەتەکە بە مەرگی کوڕەکە کۆتایی دێت سەرەڕای ئەوەی ئەوەی کچەکە داوای دەکات بۆی جێبەجێ دەکات و دەچێتە ناو باخچەی دوژمن بۆ هێنانی دوو چەپک گوڵ بۆ قژی یارەکەی (چەپکێ زەرد و ئاڵ چەپکێ) لە کاتێکدا وەرزی پاییزە کەوا زەحمەتە گوڵ دەست کەوێت بە بزە پشکوتووبێت بەڵام بۆ بە دەست هێنانی دڵی کچەکە قوربانی بۆ دەدات. 

هۆنراوەی پاییز 

شاعیرە ڕۆمانسییەکان بە زۆری وەرزی پاییزیان بە وەرزی شیوەن و مردن داناوە چیرۆکە ئەویندارییەکانیان بە مەرگ لە وەرزی پاییزدا بە کۆتا هێناوە. لێرەدا گۆران هۆنراوەیەکی زۆر ناوبانگی هەیە بەناوی پاییز کە مەرگی خۆی و وەرزی پاییزی تێکەڵ بە یەکتر کردووە و شیوەن دەکات. لە هۆنراوەکەدا دەڵێت: 
پاییز پاییز
بووکی پرچ زەرد
من مات تۆ زیز 
هەردوو هاودەرد 
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من هەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ هەوری گریانت
دوایی نایە دادم دادت
پاییز پاییز!
****
پاییز پاییز 
شان و مل ڕووت
من مات تۆ زیز
هەردووکمان جووت 
هەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین
بگرین...بگرین... چاومان نەسڕین
هەرگیز، هەرگیز
پاییز پاییز 
لەم هۆنراوەیەدا گەر سەرنج بدەینە بەشی یەکەم گۆران وەرزی پاییز وێنا دەکات بە بووکێکی قژ زەردی جوان بەڵام لەگەڵیدا ئاماژە بە وشەی مات دەکات وەک دەڵێت (من مات تۆ زیز) واتا من دەمرم تۆش زیز بوویت. زیز بوونی پاییزی وا وێنا کردووە ئەو جوانییەی درەختێک و سروشت لە وەرزی بەهار بە هۆی ڕەنگ سەوزی هەیەتی لە پاییزدا نایمێنێت بەهۆی گۆڕانی وەرز و کەشوهەوا، ئەم دیمەنەی بە زیزبوون وەسف کردووە.

پاشان دەڵێت (من فرمێسکم تۆ بارانت) بەواتای ئەوە دێت من دەگریم بۆ حاڵم کە دەمرم تۆش کە سروشت وەک بووکێکی قژ زەرد دەردەکەوێت و زیز بووە لە بەهار تەنها گریان ڕێگەیە بۆ ساڕێژ بوونی برینەکانی. 

پاشان دەڵێت (من هەناسەم تۆ بای ساردت) کاتێک پاییز بەتەواوی دەردەکەوێت و گەڵای درەختەکان دەوەرن و گژ و گیای سەوز نامێنێت بایەکی سارد هەڵدەکات کە واتای مەرگ دەدات، کاتێکیش مرۆڤ مەرگی نزیک دەبێتەوه جووڵە لە دەست دەدات و تا ڕۆحی دەکێشرێت تەنها هەناسە دەدات، هەناسەیەک کە وەک بای ساردی وەرزی پاییز وایە کە نیشانەی مەرگی گەڵای درەختەکانە. 

لە دوو دێڕی دواتردا دەڵێت (من خەم تۆ هەوری گریانت، دوایی نایەت دادم دادت) واتا من خەمم هەیە کە دەمرم بۆ ئەمەش فرمێسک دەڕژم، تۆش کە خەمت هەیە لە ڕێگەی باران خەمەکانت دەردەبڕیت. بەم شێوەیە لە کۆپلەی دواتردا زیاتر ڕۆدەچێتە بابەتی مەرگ و ژیانەوە. 

هۆنراوەی ماری شێرپەنجە 

ئەم هۆنراوەیە کۆتا هۆنراوەی گۆرانە، کە باسی مەرگی خۆی دەکات بەڵام لەم هۆنراوەیەدا هەردوو چەمکی ناهەوسەنگی و ڕۆمانتیک دەردەکەون کە ئەو کاتە لە یەکێتی سۆڤێت لە نەخۆشخانەدا لە ژێر چاودێریدا بووە و لە قۆناغی کۆتایی نەخۆشییەکەیدا بوو، لێرەدا وەسفی ئەو پزیشکە دەکات کە چاودێری دۆخی گۆرانی دەکرد. 

لەم هۆنراوەیەدا دەڵێت:

لەسەر جێگاکەم ڕاکشابووم 
دکتۆرەکەم ماری شێرپەنجەی ئەکوشتم 
ناڵێم وەک دایکێکی دڵسۆز 
فرمێسکی بۆ هەڵئەڕشتم
بەڵام تەواو وەکو کچی خۆم 
دەستی ئەخستە ناو مشتم 

لەم چەند دێڕەدا مەرگی خۆی و هەست و سۆزی ئەو پزیشکەی وەک پەیوەندی باوک و کچ وەسف کردووە کە وەک دەڵێن ئەو خۆشەویستییەی باوک بۆ کچەکەی هەیە یان بە پێچەوانەوە پتەوترین جۆری پەیوەندییە وەک دەوترێت باوک هێزی ئەژنۆیە بۆ منداڵەکانی، بەم جۆرە لەم هۆنراوەیەدا مەرگی خۆی تەوەرێکە و لایەنی سۆزی پزیشکەکەش کە خەم دەخوات بۆ مەرگی نەخۆشەکەی کە گۆرانە و دڵنەوایی دەداتەوە تا هەست بە ئاسوودەیی بکات و دەست دەخاتە ناو دەستی یان مشتی وەک پەیوەندی باوک و کچ وەسف کردووە واتا هێندە لێک نزیک بوون بەم جۆرە وەسفی کردووە.


سەرچاوەکان



68 بینین