کۆرپە لە چ مانگێک دەست بە خواردن دەکات؟

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-04-17-23:47:00 - کۆدی بابەت: 12562
کۆرپە لە چ مانگێک دەست بە خواردن دەکات؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆرپە لە چ مانگێک دەست بە خواردن دەکات؟ (بە ئینگلیزی: ?In which month infants can eat food, بە عەرەبی: في أي الشهر يستطيع الرضيع تناول الطعام؟) ئەمە بووەتە پرسیارێکی باو لای دایکان کە ئایا لە چ تەمەنێکدا منداڵان دەتوانن خۆراک بخۆن، بێگومان بەهۆی ڕێژەی زۆری بۆچونەکان و ڕێنماییەکان ترسێکی زۆر لای دایکان هەیە و تەنانەت جۆری خۆراکەکانیش مشتومڕی لەسەرە.

منداڵ

هەر وەک باسکرا دایکان هەمیشە لە هەوڵدان بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارە، بۆ ئەوەی باشترینەکان پێشکەش بە منداڵەکانیان بکەن و ڕێگای گونجاو بدۆزنەوە بۆ گەشەی باشی منداڵەکانیان، بەڵام ئەوەی کە پزیشکان و شارەزایان لێی دڵنیان ئەوەیە کە منداڵان تاوەکو تەمەنی یەک ساڵی بە تەواوی پەیوەستن بە شیری دایکیان یاخود شیری دەستکرد و کە وەکو تەواوکاری خۆراکی ڤیتامین و کانزاکان کاردەکات. 

ئەو تەمەنەی کە منداڵ دەست بە خواردن دەکات

منداڵان کە تەمەنیان لە ٤ مانگ کەمتر بێت توانای کۆنترۆڵ کردنی ماسولکەکانی دەم و زمانیان نییە، بۆیە تەنیا دەتوانن پاڵ بەو شیرەوە بنێن کە دەخرێتە دەمیانەوە و جگە لەوە ناتوانن هیچ شتێک بجون، بەڵام ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان بووەتە ٤ مانگ یان زیاتر دەتوانن کۆنتڕۆڵی دەم و زمانیان بکەن و توانای جوینی خۆراکیان هەیە و جگە لەوەش کاری دەردانی ئەنزیمەکانی هەرسکردنیش لە گەدەیاندا چالاک دەبێت هەر بۆیە تەمەنی ٤ بۆ ٦ مانگ گونجاوە بۆ دەست کردن بە پێدانی خۆراک پێیان.

ئەو شتانەی کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت لە کاتی دەستپێکردنی خۆراکدان بە منداڵ

دایکان دەبێت کەم تا زۆر ببنە شارەزایەک لە بواری پێدانی خۆراک بە منداڵەکانیان، دەبێت ئەو بەرهەمانە بناسن کە گرنگن بۆ دەستپێکردن بە خۆراکدان بە منداڵەکانیان. بۆ نموونە وا باشە کە سەرەتا بە ئاردی برنج دەستپێبکەن، دواتر دۆشاوی جۆ، پاشان ئاردی جۆ، بە مەرجێک تێکەڵ بکرێن لەگەڵ شیر بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەرسی منداڵەکە دروست نەکات.

دوای ئەوەی منداڵەکە ڕاهات لە وەرگرتنی ئارد و پێی ئاشنا بوو، ئیتر دایکان دەتوانن هەندێک سەوزەی ڕەنگ تۆخ بکەنە ناو خۆراکەکانیانەوە وەک: کولەکە، پەتاتەی شیرین، گێزەر دواتر بە کوڵاوی خۆراکەکەی پێ بدات. دەتوانێت میوەش زیاد بکرێت بۆ ژەمە خۆراکییەکانی منداڵ کە سوودێکی زۆریان هەیە بۆ گەشەی منداڵ لەوانەش: سێو و مۆز. جگە لەوانەش دەتوانێت گۆشتیش بدرێت بەمنداڵ جیاوازی نییە ئەگەر سپی بێت یان سوور، بەڵام زۆر گرنگە کە جوان ورد بکرێت. 

پێویستە لەسەر دایکان کە خۆیان بە دوور بگرن لە پێدانی هێلکە لە سەرەتاکانی تەمەنیان. وا باشترە کە لە هەفتەیەکدا لە ٣ جار زیاتر خۆراک نەدرێت بە منداڵ بۆ ئەوەی تووشی هەستیاری نەبێت و کۆرستڕۆڵی بەرز نەبێتەوە چونکە هێلکە بڕی کۆلستڕۆڵ تێیدا بەرزە.

هەروەها وا باشترە کە دایکان بە پێی خشتەیەکی گونجاو و جێگیر ژەمی منداڵەکانیان دیاری بکەن و پابەندبن پێوەی، دەبێت ڕێژەی خۆراکەکان دیاری کراو بێت و تەواوکەری ئەو شیرە بێت کە ڕۆژانە پێیان دەدرێت نە زیاتر بێت نە کەمتر، وا باشترە کە خۆراکەکان سەرەتا لە شلەمەنی پێک بێن بۆ ئەوەی منداڵەکە لە قورگی گیر نەبێت و نەخنکێت چونکە کاتی پێویستە تاوەکو منداڵ سەرەتا لەگەڵ خۆراک ڕادێت، بۆیە پێویست ناکات ڕاستەوخۆ دەستبکرێت بە پێدانی خواردنی ڕەق و چڕ کە ئازار بە دەم و قورگ و گەدەی منداڵەکە بگەیەنێت.

دایک لە سەرەتادا چاوەڕوانی چی دەکات؟

لەوانەیە ئەم بابەتە بەلای زۆرێک لە دایکانەوە نوێ بێت و بۆیان قورس بێت، بەو پێیەی کە ڕاهاتوون لەوەی خواردنی شلەمەنی پێویستی بە جوین نییە بۆیە لەوانەیە هەندێک گۆڕانکاری بەسەریاندا بێت، وەک کۆمەڵە کاردانەوەیەک چونکە ڕانەهاتوون بە خۆراک، گرینگترین و دیارترین گۆڕانکارییەکان بریتین لە گۆڕانی ڕەنگ و چڕی پیسایی و ڕەقتر دەبێت، لەوانەیە پارچە خۆراکی هەرسنەبوو لەگەڵیدا دەربچێت، هەروەها بۆنەکەی دەگۆڕێت بەهۆی ئەو شەکر و چەورییەی کە لە خۆراکەکەدا هەیە. 


سەرچاوەکان



90 بینین