گۆڕستانی بەقیع

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-22-00:02:00 - کۆدی بابەت: 12618
گۆڕستانی بەقیع

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆڕستانی بەقیع (بە عەرەبی: مقبرة البقيع، بە ئینگلیزی: Al-Baqi cemetery) گۆڕستانی سەرەکی شاری مەدینەیە کە دەکەوێتە وڵاتی سعوودیەوە، لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ گۆڕستانی بەقیع دروست کراوە و تایبەت کراوە بە ناشتنی گۆڕی موسوڵمانان. گۆڕی ژمارەیەکی زۆر لە هاوەڵان و خێزان و بەشێک لە کەسوکار و ئال بەیتی پێغەمبەر ﷺ لەو گۆڕستانە نێژراوە. ڕووبەری گۆڕستانەکە نزیکەی ١٨٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە، شوێنی گۆڕستانەکە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی مزگەوتی پێغەمبەر ﷺـەوە لە مەدینەی پیرۆز.

هەرکەسێک لە زیارەتکاران و عومرەکاران کە سەردانی گۆڕ و مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ دەکەن ئەگەر لە شاری مەدینە کۆچی دوایی بکەن لەسەر ڕەزامەندی کەسوکاری کۆچکردوو لە گۆڕستانی بەقیع دەنێژرێت. هەر موسڵمانێک سەردانی شاری مەدینە و مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ بکات زۆرجار سەردانی گۆڕستانی بەقیع دەکات و دوعا و داوای لێخۆشبوون بۆ مردووەکان دەکات. 

مێژووەکەی

کاتێک لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٦٢٢ـی زایینی پێغەمبەر ﷺ و کۆچەرییەکان لە شاری مەککەوە کۆچیان کرد بۆ شاری مەدینە و دوای بنیاتنانی مزگەوتی پێغەمبەر لەسەر خاکی مەدینە، هاوەڵێک لە پشتیوانانی مەدینە بە ناوی (ئەسعەدی کوڕی زەرارە) کۆچی دوایی کرد، لە ناوچەی بەقیع نێژرا و بە یەکەمین هاوەڵی پشتیوانانی مەدینە دادەنرێت کە لە بەقیع نێژراوە. لە کاتی جەنگی بەدر، ڕوقیەی کچی پێغەمبەر ﷺ تووشی نەخۆشی بوو و هاوەڵ عوسمانی کوڕی عەففانی هاوسەری لەلای مابووەوە، بۆیە پێش گەڕانەوەی هاوەڵان و پێغەمبەر ﷺ لە جەنگ خاتوو ڕوقیە کۆچی دوایی کرد، بەپێی سەرچاوەکان عوسمانی کوڕی عەففان خاتوو ڕوقیەی لە بەقیع ناشتووە.

پاش جەنگی بەدر هاوەڵ (عوسمانی کوڕی مەزغوون) کە هاوەڵێکی کۆچەری شاری مەککە بوو کۆچی دوایی کرد و بووە یەکەم کۆچەری و هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ کە لە بەقیع نێژرا. ناوی بەقیع لە (بقيع الغرقد) وەرگیراوە لە ناوی ڕووەکێکی وشک وەرگیراوە کە لەو ناوچەیە زۆر دەڕوێت و ناودارە، داری غەرقەد یان غەردەق (ناوی لاتینی: Nitraria) جۆرە ڕووەکێکی وشکی کورتی سپییە کە لە ناوچە وشک و بێبارانەکاندا دەڕوێت، لە ڕابردوودا ناوچەی بەقیع بەو ڕووەکە زۆر ناودار بووە. بەقیع لە ڕابردوودا ناوچەیەکی بچووکی سەر بە شاری مەدینە بوو کە درێژی و پانییەکەی ٨٠ مەتر بووە، بۆیە دوای کۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەککە بە ماوەیەکی کەم لەسەر فرمانی خوای گەورە پێغەمبەر ﷺ زەوییەکی لە ناوچەی بەقیعی غەرقەد دیاری کرد و وەکوو گۆڕستانی موسوڵمانانی مەدینە گۆڕستانی بقیع بەکارهێنرا.

لە سەردەمی دەسەڵاتە جیاوازەکانی ئیسلام گرنگی دراوە بە گەورەکردنەوە و پارێزگاریکردن لە شوێنەکە، لە سەردەمی دەسەڵات و خەلافەتی ئومەوییەکان و بە دیاریکراوی خەلیفە موعاویەی کوڕی ئەبووسوفیان بۆ یەکەم جار شوێنی گۆڕستانەکە گەورە کرایەوە و چەند زەوییەکی ناوچەکانی دورووبەری مەدینە لە خاوەنەکانیان کڕانەوە بۆ گۆڕستانەکە زیادکران. لە سەردەمی هاوچەرخ و دەرکەوتنی دەسەڵاتی ئال سعوودەکان لە سعوودیە هەموو ئەو مەزارگە و مزگەوتانەی کە لەسەر گۆڕەکان دروستکرابوون و خەڵکی بە مەبەستی داواکردن و بەدەستهێنانی داواکانیان سەردانیان دەکرد ڕووخێنران و چیتر ڕێگە نەدرا مەزارگە لەسەر گۆڕەکانی نێو گۆڕستانی بەقیع دروست بکرێت. 

ژمارەی گۆڕەکانی گۆڕستانەکە

گۆڕستانی بەقیع بە هەزاران گۆڕی موسوڵمانانی لەخۆگرتووە، هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ و کەسایەتییە دیارەکانی نێو ئیسلام نموونەی خێزانەکانی پێغەمبەر ﷺ جگە لە خاتوو عائیشە و خاتوو مەیموونە، لەگەڵ بەشێک لە ئال بەیتی پێغەمبەر ﷺ لە گۆڕستانەکە نێژراون. عوسمانی کوڕی عەففان، فاتیمەی کچی پێغەمبەر ﷺ، عەباسی مامەی پێغەمبەر ﷺ، خاتوو عائیشەی کچی ئەبووبەکری سدیق لە دیارترین هاوەڵ و کەسی نزیکی پێغەمبەر ﷺـن کە لەم گۆڕستانە نێژراون و بە سەدان گۆڕی هاوەڵ و پیاوچاکی ئیسلامی و شوینکەوتووانی تێدایە. دانیشتووانی شاری مەدینە و شوێنە نزیکەکانی مەدینە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەردانیکەران و ئەو عومرەکارانەی کە لە مەدینە کوچی دوایی دەکەن لەو گۆڕستانە نێژراون. بەپێی سەرچاوە مێژوویی و ئایینییەکان گۆڕستانی بەقیع نزیکەی گۆڕی دە هەزار هاوەڵ و پیاوچاکی ئیسلامی تێدایە. 

ئایا ئەو موسڵمانەی لە گۆڕستانی بەقیع بنێژرێت چاکەی بۆ دەنووسرێت؟

لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ و سەرچاوە ئایینییەکانەوە دەرکەوتووە کە ناشتنی موسوڵمان لە گوڕستانی بەقیع چاکە و فەزڵی هەیە، پێغەمبەر ﷺ لە فەرموودەیەکی سەحیحدا فەرموویەتی: (من استطاع أن يموت بالمدينة فليمت بها فإني أشفع لمن يموت بها.) واتا: (ئەگەر توانرا لەکاتی مردن لە شاری مەدینە بنێژرێن و من دەبمە شەفاعەتکاری ئەو کەسەی کە دەمرێت.) زانایانی ئایینی و ڕاڤەکارانی فەرموودە پێیان وایە کە پێغەمبەر ﷺ لەم فەرموودەیەدا مەبەستی گۆڕستانی بەقیعە.


سەرچاوەکان



47 بینین