فریاگوزاری سەرەتایی بۆ جەڵتەی دڵ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-30-16:00:00 - کۆدی بابەت: 12717
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ جەڵتەی دڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ جەڵتەی دڵ (بە ئینگلیزی: First aid for heart attack، بە عەرەبی: الإسعافات الأولية للنوبة القلبية) زۆر کەس درەنگ نیشانەکانی نەخۆشییەکانی دڵ دەناسنەوە و ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی درەنگ فریای دۆخەکە بکەون ژمارەیەکی زۆر لەو نەخۆشانەی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانە دەمرن. تا زووتر کەسەکە بگاتە ژووری فریاکەوتن، ئەگەری ڕزگاربوون باشتر دەبێت. چارەسەری خێرا بڕی زیانەکانی جەڵتەی دڵ کەم دەکاتەوە.

جەڵتەی دڵ

نیشانەکانی جەڵتەی دڵ لەوانەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان جیاواز بن، زۆربەی جار کەسەکە لەسەر سنگی هەست بە ئازارێکی تیژ و قورس دەکات، هەروەها هەستکردن بە دڵتێکەڵهاتن و هێڵنجدان و دڵەکزێ کە بە هەڵە وەک ناتەواوی لە کرداری هەرس مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لە هەندێک نەخۆشدا، نیشانەکان لەوانەیە تەنها ماندووبوونێکی کتوپڕ یان هەستێکی سەرکوتکەری نزیکبوونەوە بن.

نیشانەکانی جەڵتەی دڵ لە نێو نەخۆشەکان دەکرێت زۆر جیاواز بن و لەوانەیە هاوشێوەی نەخۆشییەکانی تر بن وەک دڵە کزێ یان گەدە تێکچوون و بەدهەرسی. ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە هەموو نیشانەکانی پەیوەندیدار بە جەڵتەی دڵ بە جدی وەربگریت و بە زووترین کات داوای یارمەتی پزیشکی بکەیت.

هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەیت لە دەوری سنگت. ئازارەکە لە سنگتەوە دەگوازرێتەوە بۆ قۆڵ و شان و مل. ئازارەکەت مانای چییە؟ ئایا دەکرێت جەڵتەی دڵ بێت؟ ئایا دەکرێت حاڵەتێکی مەترسیداری جەڵتە بێت؟

جەڵتەی دڵ بەهۆی پچڕانی خوێن بۆ بەشێک لە دڵ دروست دەبێت. ئەگەر ڕۆیشتنی خوێن بلۆک بکرێت و ڕابگیرێت، دڵ ئۆکسجینی پێویست وەرناگرێت و  بەمەش خانەکانی دڵ دەمرن. ماددەیەکی ڕەق بە ناوی پلاک یان پەپکەی خوێن دەکرێت لە دیوارەکانی خوێنبەرەکانی کۆرۆنەریدا دروست بێت. ئەم پەپکە خوێنە لە کۆلیسترۆڵ و خانەکانی تر پێکهاتووە، جەڵتەی دڵ لەوانەیە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی پەپکە خوێن یان شکاندنی یەکێک لەو پەپکە خوێنانە ڕووبدات. نازانرێت جەڵتەی دڵ دەکرێت چ کاتێک ڕووبدات. لەوانەیە تووشی جەڵتەی دڵ بیت کاتێک پشوو دەدەیت یان دەخەویت، یان دوای زیادبوونی کتوپڕی چالاکی جەستەیی، کاتێک لە دەرەوەیت لە کەشوهەوایەکی سارددا، یان دوای فشارێکی جەستەیی لەناکاو، بە نەخۆشیشەوە.

جەڵتەی دڵ چۆن چارەسەر دەکرێت؟ ئەگەر سەردانی نەخۆشخانە بکەیت بۆ جەڵتەی دڵ، پزیشک یان پەرستار گوێ لە سنگت دەگرن بە سیزۆسکۆپ پاشان پشکنینی خوێنت بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانن زیان بە دڵت گەیشتووە یان نا. پشکنینی هێڵکاری خوێنبەری کۆرۆنەری دەتوانێت بە پزیشکی نیشان بدات کە خوێن چەند بە باشی لە دڵدا دەجوڵێت. ئەگەر خوێن بە هێواشی بجوڵێت، یان بە هیچ شێوەیەک لە ڕێگەی خوێنبەرەکانی کۆرۆنەرییەوە نەجوڵێت، ئەوا واتای ئەوەیە خوێنبەرەکە تەسکبۆتەوە یان بلۆک کراوە. پشکنینەکانی تر دەتوانن سەیری دەمەوانەکان و ژوورەکانی دڵ بکەن و لێدانی نائاسایی دڵ بپشکنن.

ئەگەر تووشی جەڵتەی دڵ بوویت، پزیشکەکان دەتوانن نەشتەرکارییەکی بەپەلە ئەنجام بدەن بە ناوی قەستەرە (Angioplasty) ئەم نەشتەرکارییە لەڕێیەوە لوولە خوێنە گیراو و تەسکبووەکان دەکرێتەوە. زۆرجار پزیشک تۆڕێکی کانزای بچووک دەهێڵێتەوە لەناو خوێنبەرەکە، کە پێی دەوترێت شەبەکە (stent)، بۆ ئەوەی بە کراوەیی بمێنێتەوە. هەروەها دەتوانیت دەرمان وەربگریت بۆ شکاندنی مەیینی خوێن لە خوێنبەردا. هەندێک جار پزیشکەکان نەشتەرکاری لاڕێی دڵ ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی خوێن بۆ ماسولکەکانی دڵ بڕوات. دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێیت بۆ جەڵتەی دڵ، دەکرێت پێویستت بە دەرمانەکانی دڵ بێت بۆ ڕوونکردنەوەی خوێن، بۆ پاراستنی دڵ، یان بۆ باشترکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن.

تەنانەت لەوانەیە پێویست بکات ئەم دەرمانانە بە درێژایی ژیانت وەربگریت. زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی جەڵتەی دڵ بوون پێویستیان بە بووژانەوەی دڵ هەیە. ئەمە یارمەتیت دەدات بە هێواشی ئاستی وەرزشکردنت بەرز بکەیتەوە و فێربیت چۆن بەدوای شێوازێکی ژیانی تەندروستدا بگەڕێیت. دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بوویت، ئەگەری تووشبوونی دووبارەت بە جەڵتەی دڵ زیاترە. دوای چەندێک باش دەبیتەوە دوای جەڵتەی دڵ پشت دەبەستێت بەوەی زیانەکانی دڵت چەنێکە و زیانەکەی بە تەواوی لە کوێی دڵدایە و هەروەها چ هەنگاوێک دەگریتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جەڵتەی دڵ.

ئەگەر دڵ چیتر نەتوانێت خوێن بۆ جەستە پاڵبنێت لەوانەیە تووشی شکستی دڵ ببیت و پێویستت بە چارەسەری هەمیشەیی بێت. زۆرجار کەسێک کە جەڵتەی دڵی هەبووە دەتوانێت بە هێواشی بگەڕێتەوە بۆ چالاکییە ئاساییەکان، بەڵام پێویستە هەنگاو بنێیت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جەڵتەی دڵ.

هۆکارەکان

جەڵتەی دڵ کاتێک ڕوودەدات کە ئەو لوولە خوێنەی کە ئۆکسجین دەگوازێتەوە بۆ دڵ بلۆک دەکرێت و دەگیرێت. ماسولکەکانی دڵ کەمی ئۆکسجینیان دەبێت و دەست دەکەن بە مردن.

نیشانەکان

نیشانەکانی جەڵتەی دڵ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. لەوانەیە نەرم یان توند بن. ژنان و کەسانی بەتەمەن و ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە نیشانەی نائاسایی زیاترە.

نیشانەکان لە گەورەکاندا دەکرێت بریتین لە:

  • گۆڕانکاری لە دۆخی دەروونیدا، بەتایبەتی لە کەسانی بەتەمەندا.
  • ئازاری سنگ کە هەست بە پەستان دەکات، پەستان، یان پڕبوون. زۆربەی کات ئازارەکە لە ناوەڕاستی سنگدایە. هەروەها لەوانەیە هەستی پێبکرێت لە چەناگە و شان و قۆڵ و پشت و گەدە. هەروەها دەکرێت زیاتر لە چەند خولەکێک بخایەنێت یان بێت و بچێت.
  • ئارەقی سارد.
  • هەستیاری بە ڕووناکی.
  • دڵ تێکهەڵاتن و هێڵنجدان (زیاتر لە ئافرەتاندا باوە).
  • گەدە تێکچوون و بەدهەرسی.
  • ڕشانەوە.
  • سڕبوون، ئازار، یان مێروولەکردنی قۆڵ (زۆربەی کات لە قۆڵ و باڵی چەپ، بەڵام باڵی ڕاستیش دەکرێت کاریگەری لێ بکرێت بە تەنها، یان لەگەڵ لای چەپ).
  • هەناسە کورتی.
  • لاوازی یان ماندووبوون، بەتایبەتی لە کەسانی بەتەمەن و ژناندا.

فریاگوزاری سەرەتایی

ئەگەر کەسێک گومانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵی هەبوو پێویستە ئەم خاڵانە جێبەجێ بکات:

  • پێویستە کەسەکە دانیشێت و پشوو بدات و هەوڵ بدات ئارام بێت.
  • هەموو جلێکی توند لەبەر بکاتەوە یان شلیانبکاتەوە بەتایبەتی بۆینباخ و دووگمەی قەمیس.
  • پرسیار بکە کە ئایا کەسەکە هیچ دەرمانێکی ئازاری سنگ وەردەگرێت، وەک نایترۆگلیسیرین بۆ نەخۆشییەکی ناسراوی دڵ، و یارمەتییان بدە بۆ وەرگرتنی.
  • ئەگەر ئازارەکە هەر مایەوە دوای پشوودان یان لە ماوەی سێ خولەک دوای بەکارهێنانی نایترۆگلیسیرین، پەیوەندی بکە بە یارمەتی پزیشکی فریاکەوتن.
  • ئەگەر کەسەکە بێ هۆش بوو و وەڵامی نەبوو، و هەناسەی نەبوو یان لێدانی دڵی نەبوو، پەیوەندی بکە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن یان ژمارەی فریاکەوتنی ناوخۆیی، پەرستارەکانی فریاکەوتن دەست بکە بە ئەنجامدانی CPR (بووژانەوەی دڵ و سییەکان) بۆ نەخۆشەکە.
  • ئەگەر ساوایەک یان منداڵێک بێ هۆش بوو و وەڵامی نەبوو، و هەناسەی نەدایەوە یان لێدانی دڵی نەبوو، یەک خولەک CPR ئەنجام بدە، دواتر پەیوەندی بکە بە فریاکەوتنی ناوخۆیی.
  • ئەگەر کەسەکە بێئاگا بوو و وەڵامی نەدایەوە، لێدانی دڵی نەبوو، هەروەها ئامێری ڕاتەکاندنی ماسولکەی دەرەکی ئۆتۆماتیکی (AED) ڕاستەوخۆ بەردەست بوو ڕێنماییەکانی ئامێرەکە جێبەجێ بکە کە مەبەست لێی ناردنی شۆکی کارەباییە بۆ دڵ و بووژانەوەی دڵە.

زۆرێک لە پسپۆڕان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ژەمێکی تەواوی ئەسپرین (٣٢٥ ملگرم) بجویت و قووتبدەیت، دوای پەیوەندیکردن بە ژمارەی فریاکەوتنی ناوخۆییەوە. تەنها کاتێک ئەمە بکە کە هەستیاریت بۆ ئەسپرین نەبێت و هیچ نەخۆشییەکت نەبێت کە ببێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنانی ئەسپرین مەترسیدار بێت بۆت. کارپێکەری فریاکەوتنی ناوخۆییەوە دەتوانێت یارمەتیت بدات بڕیار بدەیت کە ئایا ئەسپرین بەکاربهێنیت یان نا.

باشترە چی نەکرێت؟

  • جێنەهێشتنی کەسەکە، تەنها مەگەر کاتێک پێویستەکات کەسەکە جێبهێڵیت لە پێناو داواکردن و هێنانی یارمەتی.
  • ڕێگە بە کەسەکە مەدە نیشانەکان ڕەت بکاتەوە و قەناعەتت پێ بهێنێت کە داوای یارمەتی فریاکەوتن نەکات.
  • چاوەڕێ مەکه تا بزانیت نیشانەکان خۆیان لادەچن و نامێنن.
  • هیچ دەرمانێکی زارەکی مەدە بە نەخۆشەکە تەنها مەگەر دەرمانێک ڕەچەتەی پزیشک بێت و خۆی وەریبگرێت.

چی کاتێک پەیوەندی بکرێت بە پزیشکی پسپۆڕ

پەیوەندی بکە بە ژمارەی فریاکەوتنی ناوخۆیی ڕاستەوخۆ ئەگەر کەسەکە:

  • وەڵامت نەداتەوە.
  • هەناسە نەدات.
  • ئازاری کتوپڕی سنگ یان نیشانەکانی تری جەڵتەی دڵی هەبێت.

خۆپاراستن

  • پێویستە گەورەکان هەنگاو بنێن بۆ کۆنترۆڵکردنی هۆکارەکانی مەترسی نەخۆشی دڵ هەر کاتێک هەست بکەن مەترسی زیاتری تووشبوونی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی دڵیان هەیە.
  • ئەگەر جگەرە دەکێشیت پێویستە واز بهێنیت. جگەرەکێشان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دوو هێندە دەکات.
  • پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ و شەکرە لە مەودای ئاسایی و کۆنترۆڵێکی باشدا بهێڵەوە و فەرمانەکانی دابینکەری تەندروستی جێبەجێ بکە.
  • کێشت دابەزێنە ئەگەر قەڵەوی یان زیاد لە پێویست کێشت هەبێت.
  • وەرزشێکی بەردەوام بکە بۆ باشترکردنی تەندروستی دڵ. (پێش دەستپێکردنی هەر بەرنامەیەکی نوێی وەرزشی قسە لەگەڵ دابینکەری تەندروستی بکە.)
  • ژەمە خواردنێکی تەندروست بخۆ لەو خۆراکانەی تەندروست و بەسوودن بۆ دڵ، هەروەها سنووردارکردنی چەوری تێر، گۆشتی سوور و شەکر.
  • خواردنی مریشک و ماسی و میوە و سەوزەی تازە و دانەوێڵەی تەواو زیاد بکە بۆ ژەمە خۆراکییەکانت. دابینکارەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات لە ڕێکخستنی خۆراکێکی تایبەت بەپێی دۆخی تەندروستیت.
  • بڕی ئەو خواردنەوە کحولیانە سنووردار بکە کە دەیخۆیتەوە. خواردنەوە کحولییەکان پەیوەندییان هەیە بە ڕێژەی جەڵتەی دڵ، ڕۆژانە خواردنەوە زیان بە تەندروستی دڵ دەگەیەنێت و دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی پزیشکی تر.


سەرچاوەکان



747 بینین