کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمس

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-06-12:52:00 - کۆدی بابەت: 12767
کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمس (بە عەرەبی؛ شرکة روکستار کیمس، بە ئینگلیزی؛ Rockstar Games Company) ڕۆکستار گەیمس کۆمپانیایەکی بڵاوکەرەوەی یاری ڤیدۆییە لەلایەن گرووپی T2 یاخود Take two interactive خاوەنداریەتی دەکرێت و بودجەی بۆ دابین دەکرێت. خودی ڕۆکستار گەیمس خاوەنی ژمارەیەک ستۆدیۆی گەشەپێدانی یاری ڤیدیۆییە کە لە ژێر ناو و لۆگۆی ڕۆکستاردا کاردەکەن. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی کۆمپانیا Rockstar Games Inc 
ناوی پێشوو BMG Interactive 
بارەگای سەرەکی شاری نیویۆرک، ئەمریکا.
دامەزراندن کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨  
دامەزرێنەران تێری دۆنۆڤان، گاری فۆرمان، دان هاوزەر، سام هاوزەر، جەیمی کینگ
کەسایەتییە سەرەکییەکان سام هاوزەر (سەرۆک)، جێنیفەر کۆڵب (جێگری سەرۆک)
بەرهەمە سەرەکییەکان GTA، Red dead، Bully، L.A noire، Manhunt، Midnight club، Max payne 
ژمارەی کارمەند زیاتر لە ٢٠ هەزار کارمەند (ئاماری ساڵی ٢٠٢٢) 

مێژوو

لە بەرواری ١٢ ی ئاداری ١٩٩٨ کۆمپانیای T2 لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە کەوا ستۆدیۆی بەڕیتانی BMG interactive کڕیەوە، کە لە بواری گەشەپێدانی یاری ڤیدیۆیی کاری دەکرد بەڵام ستۆدیۆیەکی شکست خواردوو بوو چەندین یاری بڵاوکردەوە بەڵام کەس گرنگی پێ نەدەدا و نەیان دەکڕی. T2 بە بڕی ١٫٨٥ ملیۆن دۆلار کۆمپانیاکەی کڕیەوە. کە ڕێژەی پشکی لە کۆمپانیاکەدا ١٦٪ بوو. تا بەرواری ٢٥ی ئاداری هەمان ساڵ T2 بەتەواوی خاوەنداریەتی کۆمپانیای BMG entartaintment ی بە دەست هێنا و بارەگاکەی گواستەوە بۆ شاری نیویۆرک. لە هەمان کاتیشا دامەزرێنەرانی ستۆدیۆکەش کە ئەمانە بوون (سام هاوزەر، دان هاوزەر، تێری دونۆڤان، جەیمی کینگ) لە پلە و پۆستەکانیان هێڵدرانەوە. 

لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا برایانی هاوزەر (سام و دان) و تێری دونۆڤان کران بە کەسی یەکەم لە کۆمپانیا نوێیەکە و ناوی گۆڕدرا بۆ Rockstar Games inc هەموو مافێک و سەربەخۆیی تەواویان پێدرا لە گەشەپێدانی یاری ڤیدیۆییدا. ناوی کۆمپانیاکە و نیشانی بازرگانی (لۆگۆ) و دروشمەکەی  لە بەرواری ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ پەسەند کرا. ڕۆکستار لە ڕووی ماوەی تەمەنی دابەش دەبێت بۆ دوو سەردەمی سەرەکی، یەکەمیان سەردەمی خێزانی ڕەسەن کە (دونۆڤان و سام و دان هاوزەر و جێمی کینگ) دەگرێتەوە کە کەسی یەکەمی کۆمپانیا و ستۆدۆکانی ڕۆکستار بوون. ئەم سەردەمە تا ساڵی ٢٠٠٧ ماوەکەی بوو. سەردەمی دووەمیش خێزانی نوێیە کە لە دوای ٢٠٠٨ دەست پێدەکات. هەندێک لە شارەزایان سەردەمی سێیەمیشیان پۆلێن کردووە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٨ دەست پێدەکات ئەویش دوای وازهێنانی ٨٠٠٠ کارمەند و بەشێک لە دەرهێنەران لەوانە "دان هاوزەر" کە بە وازهێنانی ئەو سەرتاپای پلانەکانی ڕۆکستار گۆڕدران. 

فەلسەفەی کارکردن لە ڕۆکستاردا

لە زۆرێک لە پیشەشازی یاری ڤیدیۆییدا ژمارەیەک کۆمپانیا هەیە هەموو ساڵێک یاری بڵاودەکاتەوە یان ڕاگەیاندن بۆ ژمارەیەک یاری دەکات وەک کۆمپانیاکانی EA و Ubisoft و Activision کە هەموو ساڵێک بەرهەمی نوێیان هەیە. بەڵام لە ڕۆکستاردا ئەمە بەرجەستە نابێت. لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠٢٣ تەنها دوو یارییان بڵاوکردووەتەوە ئەوانیش GTA 5 و Red dead redemption 2. یارییەکی وەک RDR2 ١٣ ساڵ کاری گەشەپێدانی بۆ کراوە. 

ساڵی ٢٠١١ کە ساڵێکی گرنگ بوو بۆ یارییە تەقەکردنەکان و بینایی کەسی یەکەمەکان زۆرێک لە کۆمپانیاکان شێوازی کارکردنیان بۆ ئەم شێوازە گۆڕی، بەڵام لە دیمانەیەکدا دان هاوزەر لەگەڵ ڕۆژنامەی "فێمیستۆ" گوتی: "ئێمە بە تەواوی دوور دەکەوینەوە لە گەشەپێدانی یاری بینایی کەسی یەکەم و تەقەکردنی تەواوەتی. چونکە ئەوە لە بیرکردنەوەی ئێمەدا نییە لاسایی کۆمپانیاکانی تر بکەینەوە بۆ زیادکردنی هەژموونمان لە بازاڕدا. ڕۆکستار دەیەوێت یاریزانی یاری ڤیدیۆیی تەواو ئەو دیمەنەی بێتە پێش چاو کە ڕۆکستار پیشەی چییە؟ بۆ چ مەبەستێک یاری بەرهەم دەهێنێت؟". 

لە درێژەی قسەکانیدا دان هاوزەر گوتی "ئامانجی ئێمە بەردەست خستنی ئەو یارییانەیە کە جیاوازن لە هەمان یاری ئەو چەشن و ژانەرە. ئێمە خودی خۆمان ژانەری نوێمان دروست کردووە وەک یارییەکانی GTA کە کۆمپانیای تر سوودیان لەو ئەزموونەی ڕۆکستار بینیوە" 

پێشخستی پیشەسازی یاری ڤیدیۆیی

ستۆدیۆکانی BMG بە زنجیرەیەک شکستدا تێپەڕبوون لەسەر پلاتفۆرمی Nintendo و Play station 1، بەڵام کاتێک لە ژێرناوی ڕۆکستاردا بە هەبوونی بودجەی زیاتر توانیان مێژوو تۆمار بکەن. ستۆدیۆی BMG تەنها ژوورێکی بچووک شوێنی بەرهەمهێنانی یارییەکانیان بوو بەڵام کاتێک T2 ئەم ستۆدیۆیەی کڕیەوە ژمارەیەک ستۆدیۆی بۆ دامەزراند لە وڵاتانی تر وەک هندستان و کۆریا و بەڕیتانیا و ئەمریکا لە ژێر ناوی Rockstar دا کە گرنگترین ستۆدیۆشی Rockstar North ـە.

ساڵی ٢٠٠١ بە بڵاوکدنەوەی یاری GTA III توانی دەنگدانەوەیەکی گەورە دروست بکات دواتر لە هەمان ساڵدا خەڵاتی یاری ساڵیشیان بۆ ئەو یارییە بەدەست هێنا، ساڵی ٢٠٠٤ بە بڵاوکردنەوەی یاری مێژوویی GTA SAN ANDREAS توانی سەدان خەڵات بباتەوە لە نێویاندا یاری ساڵ. ساڵی ٢٠٠٦ یارییەکی تەواو جیاوازیان بڵاوکردەوە بەناوی Bully کە لە یارییەکەدا خوێندکاریت و لە قوتابخانە دەخوێنیت دەتوانیت وانە بخوێنیت و چالاکی جۆراوجۆریش ئەنجام بدەیت. ساڵی ٢٠٠٨ یاری GTA IV بڵاوکردەوە کە بە بۆچوونی ڕەخنەگران پڕ وردەکاریترین یاری ئەو ساڵە بوو کە بە شێوەیەک دروستکرابوو هاوتای ڕاستی بوو. ئەم یارییەش براوەی خەڵاتی یاری ساڵ بوو لە ئیڤێنتی بافتا گەیم ئەوارد.

ساڵی ٢٠١٠ بە بڵاوکردنەوەی یاری Red dead redemption 1 توانی خەڵاتی یاری ساڵ بە دەست بهێنێت، یارییەکە باسی سەردەمی کاوبۆیەکانی دەکرد لە نێوان ساڵانی ١٩١٠-١٩١٢. ساڵی ٢٠١٣ بە بڵاوکردنەوەی یاری GTA V یاخود GTA 5 چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەست هێنا لەوانە یاری ساڵ، دیزاینی دەنگ و ڕەنگ و باشترین یاری ئەکشن و سەرکێشی. ساڵی ٢٠١٨ ش کۆتا یاری خۆی بڵاوکردەوە بەناوی Red dead redemption 2 کە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار تێچووەکەی بوو و لە ماوەی ٤ ڕۆژدا توانی زیاتر لە ١ ملیار دۆلار داهات کۆ بکاتەوە. تەنها لەبەر ئەوەی گرافیکی زۆر لە ڕاستی دەچوو لەلایەن هەندێک پێگە نمرەی ٩/١٠ ی پێدرا لە ئیڤێنتی گەیم ئەواردی ٢٠١٨ چەند خەڵاتێکی بردەوە بەڵام نەبوو بە یاری ساڵ. 

ئەم یارییانەی ڕۆکستار بڵاوی کردوونەتەوه لە ساڵانی ٢٠٠١-٢٠١٨ بواری یاری ڤیدیۆیی زۆر بەرەو پێش بردووە. ڕۆکستار تیشک دەخاتە سەر یاری جیهان کراوە کە ئازادی بدات بە یاریزان کە دوای تەواوکردنی چیرۆکی یارییەکەش هەر بەردەوام بێت لە یاریکردن. گەر دوو یاری وەک GTA 5 و Red dead redemption 2 سەیربکەین GTA 5 ١٠ ساڵە بڵاوکراوەتەوە بەڵام هێشتا لە لیستی پڕفرۆشترین یارییەکانی هەفتە و مانگ و ساڵە. زیاتر لە ١٨٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، سێرڤەری ئۆنڵاینەکەی بەردەوام نوێدەکرێتەوە و هەمیشە پڕە لە یاریزان. یارییەکی تری وەک Red dead redemption 2 بە بۆچوونی ڕەخنەگێک دەڵێت " تەنها ڕۆکستار دەتوانێت یارییەکی باشتر لە RDR2 دروست بکات!" 

یاری RDR2 لە ڕووی چیرۆک و شێوازی یاریکردن یارییەکی زۆر چێژبەخشە بە گوێرەی کاردانەوەی یاریزانن، لە یارییەکەدا دەتوانیت چەندین جۆر کار و چالاکی بکەیت بۆ نموونە (لە ماڵەکەی خۆتدا دەتوانیت ١٧ کار و چالاکی ئەنجام بدەیت وەک: دۆشینی ئاژەڵ بۆ شیر، پێدانی خواردن و ئاو بە ئاژەڵ، پاک کردنەوەی تەویلەی ئاژەڵەکان، پێدانی خۆراک بە مریشک، داربڕین، قاوە خواردنەوە، دانیشتن و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ خێزانەکەت، کتێب خوێندنەوە و چەندین چالاکی تر) کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت تووشی کەسانێک دەبیت هاوکاریان پێویستە و دەتوانیت هاوکارییان بکەیت، لە شارەکاندا دەتوانیت بڕۆیتە میوانخانەکان و خواردن بخۆیت یان گەرماو بکەیت و جلەکانت بشۆیت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە یارییەکانی ڕۆکستار یاری زیندوون و دەمێننەوە لە هزری یاریزانن. 

نموونەیەکی تر GTA SAN ANDREASـە، کاتێک ئەم یارییە لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوکرایەوە بۆ پلەیسێشن دوو هۆکاری پڕفرۆشی ئەم پلاتفۆڕمە بوو. تا ئێستا ئەم یارییە لە ناو یاریزانانی یاری ڤیدیۆیی دووبارە دەکرێتەوە هەر وەک بڵێی یەکەم جارە دەیکەن. یارییەکە سێ ساڵ کاری گەشە پێدانی بۆ کراوە و خاوەنی زۆرترین وردەکاری و نهێنییە کە کەسانێک هەن تا ئێستا نەگەیشتوون بە دۆزینەوەی تەواوی وردەکاری و نهێنییەکان، نموونە یوتیوبەرێک بە ناوی (جێزی) نزیکەی ٨٤٠ ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە لە چەناڵەکەی تەنها لەسەر وردەکارییەکانی ئەم یارییە کە هەر ڤیدیۆیەک ١٥-٢٠ وردەکاری لە خۆ دەگرێت. 


سەرچاوەکان



28 بینین