منداڵەکانی پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-06-14:48:00 - کۆدی بابەت: 12776
منداڵەکانی پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

منداڵەکانی پێغەمبەر ﷺ (بە عەرەبی: ابناء الرسول، بە ئینگلیزی: The children of Muhammadپێغەمبەر ﷺ خاوەن حەوت منداڵ بووە و کوڕ و کچی هەبووە، بەڵام منداڵە کوڕەکانی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە کۆچی دواییان کردووە. پێغەمبەر ﷺ سێ کوڕی هەبووە بە ناوەکانی ئەلقاسم و عەبدوڵڵا و ئیبراهیم هەموویان لە تەمەنی منداڵی کۆچی دواییان کردووە و ئەلقاسم و عەبدوڵڵا کوڕی خاتوو خەدیجەی کچی خوەیلد بوونە و ئیبراهیم کوڕی خاتوو ماریە قبتییە. پێغەمبەر ﷺ خاوەن چوار کچ بووە بە ناوەکانی زەینەب، ڕوقیە، ئوم کەلثوم، فاتیمە، هەر چواریان کچی خاتوو خەدیجە بوونە و باوەڕیان بە ئیسلام و پەیامی باوکیان هێناوە و کۆچی شاری مەدینەیان کردووە، جگە لە خاتوو فاتیمە هەر سێ کچەکەی تری پێغەمبەر ﷺ کاتێک پێغەمبەر ﷺ خۆی لە ژیاندا بووە کۆچی دواییان کردووە، خاتوو فاتیمەش دوای شەش مانگ لە کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ کۆچی دوایی کردووە.

کوڕەکانی پێغەمبەر ﷺ

قاسم

قاسم یان ئەلقاسم یەکەمین منداڵی پێغەمبەر ﷺ بووە کە لە خاتوو خەدیجەی کچی خوەیلد ئەم کوڕەی بووە، قاسم لە شاری مەککەی پیرۆز پێش پێغەمبەرایەتی و دابەزینی سروش لەدایکبووە، پێغەمبەر ﷺ نازناوی باوکی ئەلقاسی (بە عەرەبی: ابو القاسم) لەم کوڕەیەوە وەرگرتووە. لەسەر کاتی کۆچی دوایی و تەمەنی ئەلقاسم چەند ڕاجیاییەک هەیە، لە هەندێک سەرچاوەی ئایینی ئاماژە بەوە کراوە کە هەر لە تەمەنی دوو ساڵی کۆچی دوایی کردووە، هەندێکی تر دەڵێن کە لە تەمەنی ١٨ مانگی ئەلقاسم کۆچی دوایی کردووە، کاتی کۆچی دوایی ئەلقاسمی کوڕی پێغەمبەر ﷺ دیار نییە، هەندێک لە زانایانی ئیسلامی دەڵێن کە هەر لە پێش پێغەمبەرایەتی کۆچی دوایی کردووە، هەندێکی تریش دەڵێن کە لە سەرەتای ساڵانی بانگەوازی نهێنی کۆچی دوایی کردووە.

عەبدوڵڵا

عەبدوڵڵای کوڕی پێغەمبەر ﷺ دووەم کوڕی پێغەمبەر ﷺـە لە خاتوو خەدیجەی کچی خوەیلدی خێزانی، ئەم کوڕەی لە شاری مەککە لە سەردەمی بانگەوازی و دوای سروش و پێغەمبەرایەتی لەدایکبووە، عەبدوڵڵا هەر لە تەمەنی منداڵی کۆچی دوایی کردووە و پێغەمبەر ﷺ نازناوی پاکی (الطاهر) و نەرمونیانی (اللطيف)ـی بۆ بەکاردەهێنا، کاتێک عەبدوڵڵا کوچی دوایی کرد بێباوەڕانی مەککە تانەیان لە پێغەمبەر ﷺ دەدا کە وەجاخی کوێرە و کوڕی نییە، بۆیە خوای گەورە لە بەرپەرچدانەوەی بێباوەڕان ئایەتی سێی لە سوورەتی (الكوثر) دابەزاند و تییدا فەرمووی: (إِنَّ شَانِئَكَ هُوَ ٱلْأَبْتَرُ)، واتا: بێگومان هەر دوژمنان و ناحەزانی تۆ وەجاخ کوێر و دوابڕاون.

ئیبراهیم

ئیبراهیم سێیەمین کوڕ و کۆتا کوڕی پێغەمبەر ﷺـەو لە دوای کۆچکردنی موسڵمانان بۆ مەدینە لە شاری مەدینە لە مانگی ذو لحیجە لە ساڵی هەشتی کۆچی لەدایکبووە، کوڕی مارییە قبتییەی خێزانی پێغەمبەر ﷺـە، پێغەمبەر ﷺ زۆر دڵی بە لەدایبکبوونی ئەم کوڕەی خۆش بووە بەهۆی دڵخۆشییەوە دوای لەدایکبوونەکەی بەندەیەکی کۆیلەی ئازاد کردووە، ئیبراهیمیش وەکوو کوڕەکانی تری پێغەمبەر ﷺ هەر لە تەمەنی منداڵی و لە تەمەنی ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک لە شاری مەدینەی پیرۆز کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی کوچی دوایی ئەم کوڕەیەوە پێغەمبەر ﷺ زۆر دڵگران بووە و بۆی گریاوە.

کچەکانی پێغەمبەر ﷺ

زەینەب

زەینەب کچە گەورە و دووەم منداڵی پێغەمبەر ﷺـە و دوای ئەلقاسم لە شاری مەککە لەدایکبووە و یەکەمین کچی خاتوو خەدیجەی کچی خوەیلدە، زەینەب هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕی پوری خۆی بە ناوی ئەبوولعاسی کوڕی ڕەبیع کردووە، دوای موسڵمانبوونی کۆچی بۆ شاری مەدینە کردووە و لە ساڵی هەشتی کۆچی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

ڕوقیە

کاتێک پێغەمبەر ﷺ تەمەنی ٣٣ ساڵ بووە بووەتە خاوەن ڕوقیە و لە مەککەی پیرۆز لەدایکبووە، ڕوقیە هاوسەرگیری لەگەڵ هاوەڵ عوسمانی کوڕی عەففان کردووە، ڕوقیە و هاوسەرەکەی باوەڕیان بە پەیامی یەکتاپەرستی هێناوە و دووجار کۆچیان کردووە، لەگەڵ هاوەڵان کۆچی حەبەشەیان کردووە و پاشان کۆچی شاری مەدینەشیان کردووە، خاوەن یەک کوڕێک بووە بە ناوی عەبدوڵڵا و هەر لە تەمەنی منداڵی گۆچی دوایی کردووە، ڕوقەیە بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی سەخت بوو لە مەدینە کۆچی دوایی کرد و لەو ڕۆژەدا کۆچی دوایی کرد کە موسوڵمانان لە جەنگی بەدر سەرکەوتن و بە دیاریکراوی لە ساڵی دووی کۆچی لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کردووە.

ئوم کەلثوم

سێیەم کچی پێغەمبەر ﷺ و کچی خاتوو خەدیجە بووە، دوای کۆچی دوایی ڕوقیەی خوشکی هاوسەرگیری لەگەڵ عوسمانی کوڕی عەففان کردووەتەوە. لە ساڵی نۆی کۆچی لە مەدینە ڕوقیە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

فاتیمە

فاتیمە کچە بچووک و چوارەم کچ و خۆشەویسترین کچی پێغەمبەر ﷺـە لە خاتوو خەدیجە، نازناوی فاتیمەی زەهرای هەیە و نزیکترین منداڵ بووە لە باوکییەوە، پێغەمبەر ﷺ کاتێک تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە بووەتە خاوەن فاتیمە، لە ساڵی دووی کۆچی فاتیمە هاوسەرگیری لەگەڵ هاوەڵ عەلی کوڕی ئەبوو تالیب کردووە و خاوەن پێنج منداڵ بوون ئەوانیش حەسەن، حوسەین، موحسین، زەینەب و ئوم کەلثوم، پێغەمبەر ﷺ لەڕێگەی منداڵەکانی فاتیمەوی کچییەوە وەچی بەردەوام بووە. تاکە منداڵی پێغەمبەر ﷺ بووە کە دوای باوکی کوچی دوایی کردووە، لە ساڵی ١١ کۆچی لە شاری مەدینە بە شەش مانگ دوای باوکی کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



118 بینین