ناوهڕۆك
ناساندن
کۆچی سپی یان کۆڕەوی سپی (بە ئینگلیزی: White flight or white exodus، بە عەرەبی: هجرة البيض)، کۆچی لەناکاو یان وردەوردەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سپی پێستە لەو ناوچانەی کە لەڕووی ڕەگەزی یان ئیتنۆکولتوورییەوە زیاتر هەمەچەشن بوون. ئەم کۆچە لە ساڵانی 1950 و 1960ـەوە دەستی پێ کرد و زاراوەی کۆچ یان کۆڕەوی سپی لە ئەمریکا بووە زاراوەی باوی نێو دانیشتووان. زاراوەکە ئاماژەی بە کۆچی بەرفراوانی خەڵکی ئەورووپی ڕەگەز جیاواز کرد کە لە ناوچە شارستانییە ڕەگەز تێکڵاوەکانەوە کۆچیان بۆ ناوچە قەراغ شارییە ڕەگەز هاوچەشنەکان یان ناوچە دەرەکییەکان دەکرد. زاراوەی کۆچی سپی لەو کاتەوە و تا ئەم دواییانەش بۆ ئەو کۆچانەی تر بەکارهات کە سپی پێستەکان دەیانکرد و لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان دەچوون، هەروەها بۆ ئەو سپی پێستانەش بەکارهات کە لە باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکاوە بۆ ئەو ناوچانەی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوا دەچوون کە کەشوهەواکەیان مامناوەندتر بوو. جگە لەوانەش، زاراوەی 'کۆچی سپی' بۆ کۆچی گەورەی سپی پێستەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا، یان بەشەکانی تری کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی بەرزی ئاستی تاوانی توندوتیژی و سیاسەتەکانی دژە کۆلۆنی یان دژە سپی پێست بەکارهات.
کۆچی دانیشتووانی سپی پێستی چینی ناوەڕاست لە سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ساڵانی 1950 و 1960ـدا لە شارەکانی وەک کلیڤلاند، دیترۆیت، کانساس سیتی و ئۆکلاند بەدیکرا، بەڵام بڕیاری نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی له قوتابخانە حکوومییەکان پێشتر لە ساڵی 1954 و لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکاوە درا. لە ساڵانی 1970ـدا، هەوڵ بۆ کۆتایهێنان بە جیاوازی ڕەگەزایەتی درا، کە ئەویش لە رێگەی دابینکردنی پاس بوو لە هەندێک ناوچەدا بۆ گواستنەوەی قوتابیان لەناو یان لە دەرەوەی خوێندنگە ناوچەییەکانی دەڤەری خۆیان بە مەبەستی یەکخستنی ڕەگەزی، ئەمەش بارکردنی خێزانی زیاتری لێ کەوتەوە بۆ ناوچەکانی تر. بە شێوەیەکی گشتیتر، هەندێک لە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچی سپی لە پەرچەکرداری فشارەکانی دانیشتووانەوە ڕوویدا، هەم لە کۆچی گەورەی ڕەش پێستەکان کە لە گوندەکانی ئەمریکای باشوورەوە بۆ ناوچە شارستانییەکانی ئەمریکای باکوور و ڕۆژئاوای ئەمریکا کۆچیان کرد و هەم لە شەپۆلی کۆچبەرە نوێیەکانی سەرانسەری جیهان.
بەڵام، هەندێک لە مێژوونووسان وەک ناوێکی چەوت کە دەبێت دووبارە لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانی بکرێت، دەستەواژەی "کۆچی سپی"ـیان بەرپەرچداوەتەوە. مێژوونووس (ئاماندا سێلیگمان) لە لێکۆڵینەوەکەیدا، کە لە بەشی وێست سایدی شاری شیکاگۆ لە سەردەمی دوای جەنگدا ئەنجامیدا، دەڵێت دەستەواژەکە بە شێوەیەکی ڕێ لێ تێکدەر ئەوە پیشان دەدات کە کاتێک ڕەش پێستەکان چوونەتە گەڕەکەکەوە یەکسەر سپی پێستەکان گەڕەکەکەیان جێهێشتووە، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا، زۆرێک لە سپی پێستەکان بە توندوتیژی، ترساندن، یان تاکتیکی یاسایی بەرگریان لە جێگاکانی خۆیان کردووە. (لیا بوستان)، پڕۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی پرینستۆن، کۆچی سپی بۆ هەردوو هۆکارەکانی ڕەگەزپەرستی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە.
کردارە بازرگانییەكانی جیاکاری ڕەگەزی لە هەر جۆرە نیشتەجێکردنێک، جوداڕوانینی ڕەگەزی ڕەهن و پەیماننامە سنووردارە ڕەگەزییەكان بوون بە هۆی قەرەباڵغی و دابەزینی بەهای خانووبەرە لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی كەمینەیان زۆرە. ئەم جۆرە حاڵەتانەش بە هۆکاری کۆچی دانیشتووانی دیکە دادەنرێن. خزمەتگوزارییه سنووردارەکانی بانک و بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تر بەهۆی کەمی قازانج و باجی زیادەوە تێچوویان لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچە قەراغی و گەڕەکەکانی شار زیاد کرد کە بە شێوەیەکی گشتی هاوڵاتی غەیرە سپی پێستن. بە گوێرەی جوگرافیناسی ژینگەیی (لۆرا پولیدۆ)، پرۆسە مێژووییەکانی گواستنەوەی دانیشتووان لە ناوچە ناوەندییەکانی شارەوە بۆ ناوچە قەراغییەکان و لامەرکەزی شارستانی دەستیان لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی هاوچەرخدا هەیە.
کۆچی سپی لە ئەورووپا
دانیمارک
توێژینەوەیەکی هەڵبژاردنی قوتابخانە لە کۆپنهاگن دەریخست کە ڕێژەی کۆچبەرانی خوار 35% لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی قوتابخانەکانی دايكوباوكايەتی نەبووە. ئەگەر ڕێژەی سەدی منداڵانی کۆچبەر بۆ سەرووی ئەم ڕێژەیە بەرزبێتەوە، ئەوا دانیمارکییە سپی پێستەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە قوتابخانەکانی دیکە هەڵ دەبژێرن. هەروەها، ئەو کۆچبەرانەی کە لە ماڵەوە بە دانیمارکی قسە دەکەن بڕیار دەدەن لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی ناوخۆیی بێنە دەرەوە و کۆچبەرە نوێیەکانی تریش لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا دەمێننەوە.
فینلاند
لە فینلاند، کۆچی سپی لەو ناوچانەدا بەدی کرا کە پشکی دانیشتووانی نافینلاندی 20%ـی کۆی دانیشتووانی وڵات یان زیاتر لەو ڕێژەیە بوو. لە هێڵسینکی گەورە، زیاتر لە 30 ناوچەی لەو جۆرە هەن.
ئێرلەندا
لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2007ـی حکوومەتی ئێرلەندادا هاتووە کە کۆچکردن لە دەبڵین بووە هۆی کۆچی سپیی لەناکاو لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا. 27%ـی دانیشتووانی وڵات کۆچبەری لەدایکبووی بیانی بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەبڵین مەترسی ئەوەی لەسەر بوو کە ناوچە قەراغییەکانی بەتەواوی ببێت بە ناوچەی کۆچەرنشین، هاوشێوەی ئەو جۆرە ناوچانەی لە فەڕەنسا هەن. کۆچبەرانی ناوچەکە بریتی بوون لە ئەورووپییە ڕۆژهەڵاتییەکان، ئاسیاییەکان و ئەفریقییەکان.
نەرویج
لە ساڵانی حەفتاکانەوە کۆچی سپی لە نەرویج و کۆچکردنی خەڵکی ناسکاندیناڤیای لە: پۆڵەندا، پاکستان، عێراق، سۆماڵ، ڤێتنام، ئێران، تورکیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، ڕووسیا، سریلانکا، فلیپین، یوگۆسلاڤیا، تایلەند، ئەفغانستان و لیتوانیا زیادی کردووە. تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009، زیاتر لە 40%ـی زۆرینەی قوتابخانەکانی ئۆسلۆی پایتەخت لە کۆچبەرەکان پێکهاتبوون و پشکی کۆچبەرەکان لە هەندێک لە قوتابخانەکاندا 97% بوو. قوتابخانەکانی ئۆسلۆ تا دێت زیاتر بەپێی نەتەوەیی دابەش دەکرێن. بۆ نموونە، لە چوار ناوچەی دۆڵی گرێروددا کە لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی 165,000 کەسە، لە ساڵی 2008ـدا 1,500 کەس لە ژمارەی دانیشتووانی نەرویجی کەمی بوویەوە، لە کاتێکدا 1,600 کەس چوویە سەر ژمارەی کۆچبەران. لە ماوەی سێزدە ساڵدا، بەگشتی 18 هەزار هاوڵاتی نەرویجی ماڵیان لە ناوچەکەوە گوێزاوەتەوە بۆ شوێنێکی تر.
سوید
دوای جەنگی جیهانیی دووەم، کۆچکردن بۆ سوید لە سێ قۆناغدا ڕوویدا. یەکەم قۆناغیان بەهۆی دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی شەڕەوە ڕوویدا و پەنابەرانی سەربازگەی گرتن و وڵاتانی دەوروبەری سکاندیناڤیا و ئەورووپای باکوور ڕوویان لە ناوچەکە کرد. دووەم قۆناغیان، پێش ساڵی 1970 ڕوویدا کە بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی فینلاند، ئیتاڵیا، یۆنان و یوگۆسلاڤیا بەرەو سوید کۆچیانکرد و لەنێویشیاندا کرێکارانی کۆچبەریان تێدابوو. دوایین قۆناغ لە ساڵی حەفتاکانەوە ڕوویدا، پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتینەوە کۆچیان کرد، پاشانیش کەسوکاریان بەدوایاندا کۆچیان کرد.
شانشینی یەکگرتوو
بۆ ماوەی چەندین سەدە، لەندەن شوێنی مەبەستی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانە بوو کە لە کیشوەری ئەورووپاوە دەهاتن. سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەو کۆچبەرانە ئەورووپی بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دانیشتووانی کۆنی گەڕەکەکان دەڕۆشتن و کۆچبەرە نوێیەکان شوێنیان دەگرتنەوە. لە سەرژمێری ساڵی 2001ـدا دەرکەوت کە ناسپی پێستەکان زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکانی نیوهام و برێنتیان پێکهێنا. لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا دەرکەوت کە بۆ یەکەمجار کەمتر لە 50%ـی دانیشتووانی لەندەن لە بەریتانییە سپی پێستەکان پێک دێن و لە هەندێک ناوچەشدا کەمتر لە 20%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2005ـدا هاتووە کە کۆچی سپی پێستەکانی ناو بەریتانیا بە شێوەیەکی سەرەکی لەو ناوچانەوەیە کە ڕێژەی نەتەوە کەمینەکان تێیاندا بەرزە بۆ ئەو ناوچانەی کە ڕێژەی سپی پێستەکان تێیاندا بەرزە؛ کاتێک زۆرێک لە کۆچبەران لە لەندەن نیشتەجێ بوون، خێزانە سپی پێستە بەریتانییەکان پایتەختیان جێهێشت.
نووسەرانی ڕاپۆرتەکە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەریتانیا دەربڕی و نیگەرانی ئەوە بوون کە دەکرێت توندڕەوەکان سوود لە نەبوونی بەرکەوتن لە نێوان گرووپەکاندا وەربگرن و بە ئاسانی ترس لەلای سپی پێستەکان دروست بکەن. لە توێژینەوەیەکدا، سکوڵی ئابووریی لەندەن بە ئەنجامێکی هاوشێوەی گەشت. (لودی سیمپسۆن)ـی لێکۆڵەر ڕایگەیاند کە گەشەی کەمینە نەتەوەییەکانی بەریتانیا زیاتر بەهۆی گەشەی سروشتی دانیشتووانەوەیە (ژمارەی لەدایکبوون لە ژمارەی مردن زیاترە)، نەک بەهۆی کۆچکردن. ئەگەری ئەوە هەیە کە هەردوو بەریتانی سپی پێست و ناسپی پێست ناوچە ڕەگەزتێکەڵەکانی ناو شار بەجێبهێڵن. بە بۆچوونی ئەم کابرایە، ئەم ڕەوتانە ئاماژە بە پڕۆسەی گوندسازی (بارکردنی هاوڵاتیان لە ناوچە شارستانییەکانەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان) دەکەن، نەک کۆچی سپی.