شێخە مۆزە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-08-17:19:00 - کۆدی بابەت: 12818
شێخە مۆزە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخە موزە یان شێخە مۆزا یان شێخە موزە (بە عەرەبی: الشيخه موزا، بە ئینگلیزی: Sheikha Moza) هاوسەری شێخ بن خەلیفەی ئالی دووەمی ئەمیری پێشووی وڵاتی قەتەڕە و دایکی ئەمیری قەتەڕی شێخ تەمیمی کوڕی حەمەدی خەلیفەی ئالی دووەمە. بە یەکێک لە ١٠٠ ژنی بەهێزی جیهان دادەنرێت و هاوکات بە ٢٥ـین کاریگەرتین ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد کراوە. ژنێکی دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتووی وڵاتی قەتەڕە، سەرباری گەورەیی تەمەنی بە ژنێکی ڕێکپۆش و شیک ناسراوە و گرنگی زۆر بە ستایل و شێوازی پۆشینی جلەکانی دەدات.

زانیاری گشتی

ناو مۆزەی کچی ناسڕی کچی عەبدوڵڵای مەسنەد
نازناو شێخە مۆزە
لەدایکبوون ١٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٩
ڕەگەزنامە قەتەڕی
هاوسەر حەمەدی کوڕی خەلیفەی ئالی دووەم
پیشە سیاسەتوان، نوێنەر

ژیاننامەی

مۆزەی کچی ناسڕی کوڕی عەبدوڵڵای مسنەدە و ناسراوە بە شێخە مۆزە لە ڕۆژی ١٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٩ لە دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەڕ لەدایکبووە، باوکی چالاکوانێکی ئۆپۆزسیۆنی دژی ئەمیری قەتەڕ بووە و لە دژی شای قەتەڕ لە سەدەی ڕابردوودا هەوڵی کودەتایەکی شکستخواردووی داوە، بۆیە بەوهۆیەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی سیاسی و کودەتا لە قەتەڕ دژی ئەحمەدی کوڕی عەلی ئەمیری ئەو کاتەی قەتەڕ لە ساڵی ١٩٦٤ خۆی و خێزانەکەی دوورخرانەوە بۆ وڵاتی کوەیت، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٧ گەڕانەتەوە بۆ وڵاتی قەتەڕ.

لە ساڵی ١٩٨٦ شێخە مۆزە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری کۆمەڵناسی لە زانکۆی قەتەڕ وەرگرتووە. بڕوانامەی ماستەری لە سیاسەتی گشتی لە ئیسلامی لە کۆلێجی لێکۆڵینەوەی ئیسلامی (CIS) لە زانکۆی حەمەد بن خەلیفە وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی دکتۆرای فەخری لەسەر پەیامە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی ڤێرجینیا بەدەستهێناوە.

ژیانی تایبەتی و منداڵەکانی

شێخە مۆزە لە ساڵی ١٩٧٧ هاوسەرگیری لەگەڵ شازادەی جێنشینی قەتەڕ حەمەدی کوڕی خەلیفەی ئالی دووەم کرد و بوونە خاوەن حەوت منداڵ کە بریتین لە:

  • شێخ جاسم (نوێنەری تایبەتی ئەمیر)
  • شێخ تەمیم (ئەمیری دەوڵەتی قەتەڕ)
  • شێخە ئەلمەیاسە (سەرۆکی دەسەڵاتی مۆزەخانەکانی قەتەڕ)
  • شێخە ھند (بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەمیر)
  • شێخ جوعان (ئەفسەر لە هێزە چەکدارەکانی قەتەڕ)
  • شێخ محەمەد (سەرۆکی تیمی پێشبڕکێی بەرگەگرتنی قەتەڕ)
  • شێخ خەلیفە

خەڵاتەکانی

  • خەڵات و مەدالیای کارنیجی بۆ کارە خێرخوازییەکان و خەڵاتی جۆرج بوش بۆ لێهاتوویی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەدەستهێناوە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکانی پەیمانگای فەڕەنسا وەکوو خانمێکی لێهاتوو و سەرکەوتوو ناسێنرا.
  • لە ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی پەیمانگای شاهانەی کاروباری نێودەوڵەتی وەرگرت بەهۆی بەشدارییەکانی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەی.
  • ناوی لە لیستی ١٠٠ بەهێزترین ژنانی جیهانی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکییە، هاوکات گۆڤاری تایمزی بەریتانی ناوی لە لیستی ٢٥ کاریگەرترین سەرکردە ژنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە.

پلە و پۆستەکانی

  • شێخە مۆزە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرانی دامەزراوەی قەتەڕە بۆ پەروەردە و زانست و گەشەپێدانی کۆمەڵگا، کە پشتیوانی لە پڕۆژە سەرەکییەکەی دەکات بە ناوی شاری پەروەردە، کە تیایدا ئەکادیمیای نموونەیی تێدایە و لقی زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی لەخۆگرتووە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٣ شێخە مۆزە وەک نێردەی تایبەتی خوێندنی سەرەتایی و باڵا لەلایەن ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) دەستنیشان کرا بۆ برەودان بە چەندین پڕۆژەی نێودەوڵەتی بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی پەروەردە و بەردەستکردنی دەرفەتی خوێندن لە ناوچە هەژارنشینەکانی جیهان.
  • لە ساڵی ٢٠٠٥ شێخە مۆزە هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی گرووپی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی هاوپەیمانی شارستانییەتەکان کە لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆفی ئەنان دامەزرا بوو.
  • لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ وەکوو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کەرتی تەندروستی لە وڵاتر قەتەڕ دەست بەکار بووە.
  • لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٢ وەکوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کەرتی پەروەردەی وڵاتی قەتەڕ کاری کردووە.
  • سەرۆکی کۆمپانیای موشیربە کە تایبەتە بە خانووبەرە و بازاڕسازی و بەڕێوەبردن لە جیهان.


سەرچاوەکان



50 بینین