ھۆکار و قۆناغەکانی کلۆربوونی ددان

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-05-10-14:24:00 - کۆدی بابەت: 12852
ھۆکار و قۆناغەکانی کلۆربوونی ددان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ھۆکار و قۆناغەکانی کلۆربوونی ددان (بە عەرەبی: اسباب و مراحل تسوس الاسنان, بە ئینگلیزی: Causes and stages of Tooth Decay) کلۆربوونی ددان بریتییە لە پرۆسەی پوکانەوەی مینا کە بەهۆی ترشەکانەوە دروست دەبێت. هەروەها یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی ئازاری ددان و دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت بە ڕۆتینی پاراستنی دەم و ددان. بە زۆری لە کاتێکدا هەست بە ئازار دەکرێت کە چینەکەی مینا تەنکتر دەبێت، و چینی ژێر مینا مەترسی هەوکردنی زیاتر لەسەر دەبێت و دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکە.

بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دروستبوونی بۆشایی و کلۆربوونی ددان، ناسینەوەی  چینە جیاوازەکانی ددان و هەروەها چۆن کاریگەرییان لەسەر قۆناغەکانی کلۆربوون  هەیە بە هۆکارێکی یارمەتیدەر دادەنرێت. کلۆری ددان دەست پێدەکات کاتێک مینا دەست بە شکان دەکات، دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی لەسەر ڕووی ددانەکان.

ددانەکان لە سێ چین پێکهاتوون:

مینا

مینا (توێکڵە سەختەکەی دەرەوەی ددان Enamel) چینێکی دەرەکییە کە یارمەتی پاراستنی ددانەکانت دەدات لەو زیانانەی کە زۆرجار بەهۆی کلس و بەکتریاوە دروست دەبێت کاتێک بە شێوەیەکی دروست پاک ناکرێتەوە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکە.

دێنتین

دێنتین (بەشە ئێسکەکەی ددان: Dentin) ڕاستەوخۆ لە ژێر مینادایە، دەرکەوتنی ئەم چینە دەبێتە هۆی هەستیاری.

کڕۆک

کڕۆک Pulp بەشی سێیەم بریتییە لە سیمێنتە‌م ديوارە ڕەقەكەی ديوی دەرەوەی ڕەگی ددانە و ڕەگی ددان داپۆشێت. کڕۆک ئەو شانەیە کە لە ناوەڕاستی دداندایە و دەمارەکان و مولوولەکانی خوێنی تێدایە کە وا دەکات ببێتە هەستیارترین چین لە ددان.

ھۆکارە باوەکان

یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی کلۆربوونی ددان بریتییە لە خواردن و خواردنەوەی شیرینی و ماددە لکاوەکان، هەتا بڕێکی زیاتر بخۆیت مەترسی کلۆربوون زیاتر دەکات.

ھۆکارە باوەکانی دیکەی خراپبوون و کلۆربوونی ددانەکان بریتییە لە:

پاک ڕانەگرتنی دەم و ددان

ڕۆتینێکی وردی پاککردنی ددانەکان کە دەبێت رۆژانە دووجار ددانەکانمان بشۆین ھەروەھا بەلایەنی کەم رۆژی یەکجار بە دەزوو پاکیان بکەینەوە بۆ ئەوەی ئەو بەکتریایانە لەناوببات کەدەبنە ھۆی کلۆربوونی ددانەکان. ئەگەر ئەم بەکتریایانە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ددانەکان بمێننەوە ئەوا دەستدەکەن بە زیانگەیاندن بە مینای ددانەکان و لەکۆتاییدا دەبنە ھۆی کلۆربوونی ددانەکان.

خۆراکی ناتەندروست

ئەگەر خواردنە لکاوەکان، شیرینی یان ماددە ترشەکان زاڵن لە خۆراکەکەتدا ئەوا تەندروستی ددانەکانت دەخەیتە مەترسیەوە. ئەو خۆراکانەی کە بە ددانەکانتەوە دەلکێن، لابردنی قورسە و بەو ھۆیەوە ئەگەری زیاترە بۆماوەیەکی زۆر بە دەوری دداندا بلکێن و ببنەھۆی خراپبوونیان.

ھەروەھا شەکر زیانی ھەیە هەتا زیاتر بیخۆیت ترشی زیاتر بەرھەم دێت دەبێتە ھۆی خراپبوونی ددانەکان. کاتێک ئەم جۆرە خۆراکانە دەخۆیت باشتر وایە بەزووترین کات ددانەکانت پاکبکەیتەوە بە خواردنی ئاوێکی زۆر و شۆردنی بە فڵچە و پاککردنەوەی نێوانیان بە دەزوو.

شوێنی ددان

ددانەکانی دواوە زیاتر تووشی کلۆربوون دەبن چونکە لە کاتی شۆردن و پاکردنەوەیان بە دەزوو سەختترە دەست پێیان بگات. لەگەڵ ئەوەشدا بوونی بەرز و نزمی لەسەر ددانەکان وادەکات خۆراکی زیاتر لەسەر رووی ددانەکان کۆ ببێتەوە.

گۆڕانکارییەکان و دووگیانی

ترشەڵۆکی گەدە لە کاتی دڵتێكهەڵاتن و هێڵنجدان لە ئافرەتی دووگیاندا دەبێتە هۆی ڕووشاندنی مینا. ھەربۆیە بەتایبەت بۆ ئافرەتانی دووگیان زۆر گرنگە ئاگاداری ڕۆتینی چاودێریکردنی دەم و ددانیان بن. 

بۆماوەیی

خراپبوونی ددانەکان پەیوەستە بە جیناتەوە. ھەروەھا خۆراکی دایکەکەش گرنگە، ددانەکان ھەر لە ھەفتەی چوارەمی دووگیانیەوە دەست بە دروستبوون دەکەن؛ ھەر بۆیە سنوردارکردنی وەرگرتنی شەکرەکان گرنگە لەھەمان کاتدا خواردنی بەھەمی پرۆتینی زۆر. بەم شێوەیە دایکەکە ئاگاداری بارودۆخی ددانی منداڵەکەی دەبێت.

قۆناغەکانی کلۆربوونی ددانەکان

قۆناغی یەکەم: دروستبوونی پەڵەی سپی لەسەر ددانەکان

قۆناغی یەکەمی کلۆربوونی ددانەکان بریتییە لە دروستبوونی پەڵەی سپی لەسەر رووی ددانەکان. بەھۆی لەدەستدانی کالسیۆم و دروستبوونی چینێک لەسەر ڕووی ددانەکان بەھۆی کرداری مێتابۆلیزمی شەکر لەلایەن بەکتریاکانەوە ڕوودەدات. بەکتریاکان ترش وەک بەرھەمێکی لاوەکی لە پرۆسەی زیندە چالاکیدا بەرھەم دەھێنن. کەڵەکەبوونی ئەم ماددە ترشانە دەبێتە ھۆی تێکچوونی مینای ددانەکان. ئەم پرۆسەیە بە داماڵینی رووی ددان ناودەبرێت. لەم قۆناغەدا دەکرێت ددانەکە بگەرێنرێتەوە باری ئاسایی خۆی ئەویش بەرێگەی چارەسەری گونجاو کە پێویستە لەگەڵ پسپۆرانی ددان گفتوگۆی لەسەربکرێت، ئەویش لە ڕێگەی بەکارھێنانی تەکنیکی پاکردنەوەی ددانەکان، بەکارھێنانی دەزوو،  هەویری ددان کە ستانەس فلۆراید لە پێکهاتەیدا هەیە و هاوەها چارەسەر بە فلۆراید. یەکێک لەباشترین رێگاکان بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی پەڵەی ددانەکان ئەویش رۆژانە بەلایەنی کەم دووجار بەفڵچە بشۆردرێت و پاککەرەوەی تایبەت بە ددان بەکاربھێنرێت بۆ مانەوەیان بە پاکی.

قۆناغی دووەم: پوکانەوەی مینا

لە قۆناغی دووەمی پووکانەوەی ددان، میناکە دەست دەکات بە شکاندن (پوکانەوە) لە ڕووی ناوەوەی ددان. لەم قۆناغەدا، ئەگەر پرۆسەی دووبارە گەراندنەوەی سروشتی ماددەکان نەتوانێت مینا و  کانزای گونجاو بگەڕێنێتەوە، لەوانەیە ببێتە ھۆی ڕووشاندنی ددانەکە بەهۆی بەردەوامی دەردانی ترشەکان بۆ ماوەیەکی درێژ. لەگەڵ بەردەوامبوونی پوکانەوەکە، ڕووی ددانەکە مەترسی شکاندنی ھەیە، ئەمەش گەڕانەوەی نییە و دەتوانێت ببێتە ھۆی دروستبوونی کون یان کلۆری. بۆ ئەوەی باشتر ڕێگری لە پوکانەوەی مینای ددان بکرێت، گرنگە پێش ئەوەی کلۆری دروست بێت، مینای ددانەکە بە هەویری فلۆرایدکراو دووبارە بەھێز بکرێتەوە.

قۆناغی سێیەم: کلۆربوونی ددان

کلۆربوونی ددان ناسراوە بە پووکانەوەی ددان. ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە پووکانەوەکە بڵاو دەبێتەوە لە میناوە بۆ ناو دێنتین (بەشە ئێسکەکەی ناو ددان). دێنتین دەکەوێتە نێوان میناو کرۆکەوە کاتێک پووکانەوەکە دەگاتە دێنتین بە خێرایی بڵاودەبێتەوە چونکە نەرمترە و کەمتر کانزای تێدایە بە بەراورد بە مینای ددان. کاتێک ژێر ڕووی میناکە لاواز دەبێت بەھۆی لەدەستدانی کالسیۆم و فۆسفات، میناکە تێکدەشکێت و کلۆری دروست دەبێت و لەوانەیە بە چاو ببینرێت. بۆ ئەوەی کلۆری ددان روونەدات بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویستت بە پڕکردنەوەی ددان دەبێت، هەرچەندە دەبێت پێش ئەوەی کلۆربونەکە بگاتە دێنتین ددانەکە پربکرێتەوە.

قۆناغی چوارەم: گەشتن بە کڕۆک

کڕۆک بە سەنتەری ددان دادەنرێت. پێکهاتووە لە شانە زیندووەکان و هەروەها دەمار و موولولەی خوێنی تێدایە. ئەگەر کڕۆکی ددانێک تووشی هەوکردن بە بەکتریا بوو، ئەوا ئەو دەردراوەی کە دروست دەبێت دەتوانێت ببێتە ھۆی دروستبوونی دوومەڵ کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازارێکی زۆر. لەوانەیە پووک و دەموچاو ھەڵئاوسێت کە کاریگەری لەسەر قسەکردن دەبێت. لەم قۆناغەدا باوترین کۆرسی چارەسەرکردن بریتین لە چارەسەری ڕەگی ددانەکە  و دواتر دانانی کیف، یان ھەڵکێشانی ددانەکە ئەگەر پێکھاتەی ددانەکە بە تەواوی تێکچووبوو.

قۆناغی پێنجەم: دروستبوونی دوومەڵ 

دروستبوونی دوومەڵ بە ئازارترین قۆناغی کلۆربوونی ددان دادەنرێت. واتا ھەوکردنەکە بەناو کڕۆکی ددانەکەدا تێپەڕیوە و گەیشتووەتە لوتکەی ڕەگی ددانەکە و ئێستا لە شانە و ئێسکی دەوروبەری ڕەگی دداندایە. ھەروەھا ئەم قۆناغە مەترسی توشبوونی ئێسکەکانی تەنیشت ددانەکە زیاد دەکات. ناوچەکە دەئاوسێت و ئازارێکی زۆر دروست دەکات. دواتر پووک و زمانیش دەئاوسێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بە زەحمەت قسەکردن و ئاڵۆزییەکانی دیکە. لەم قۆناغەدا پێویستی بەنەشتەرکاری دەبێت.

قۆناغی شەشەم: لەدەستدانی ددان

کلۆری زۆر و چارەسەرنەکراو دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەگی ددان و پووکی دەوروبەرەوە ھەبێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی لە دەستدانی ددانەکە بە تێپەڕبوونی کات. ئەگەر قۆناغە سەرەتاییەکانی کلۆربوونی ددانەکان پشتگوێ بخەیت و چارەسەری ددانەکە نەکەیت، ئەوا دەبێت ددانەکە ھەڵبکێشرێت.

ڕێگری لە کلۆربوونی ددان

ڕێگری لە کلۆربوونی ددان دەکرێت هۆکارەکانی کلۆری ددان زۆر و جیاواز بن، بۆیە تەنها ڕێکارەکانی خۆپاراستن دەتوانن ددانەکانت بپارێزن لە کلۆربوون و کێشەی تری دەم وەک نەخۆشییەکانی پووک. ئاگاداری خۆراکی خۆت بە، پاکوخاوێنی دەم و سەردانی پزیشکی ددان بکە. جگە لە شۆردنی ددان بە فڵچە، هەروەها گرنگە کە پاککەرەوەی فلۆرایدی گونجاو هەڵبژێریت، کە بە تەواوی ڕووی ددانەکانت خاوێن دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا پارێزگاری دەکات لە مانەوەی مێنیراڵەکانی مینا دەکات.

چاودێریکردن و پاک ڕاگرتنی دەم و ددان ئەمانە دەگڕێتەوە:

  • بەکارهێنانی هەویری ددان و ئەو پاککەرەوانەی کە فلۆراید لە پێکهاتەیاندا هەیە. فلۆراید کاریگەرە لە چارەسەرکردنی قۆناغە سەرەتاییەکانی کلۆربوونی مینا هەروەها بۆ کەمکردنەوەی کلۆربوونی ددان لە منداڵاندا.
  • شۆردنی ددانەکان بە فڵچە. ڕۆژانە بە فڵچە ددانەکانت بشۆ هەروەها فڵچەی کارەبایی بەکاربهێنە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە بەکارهێنانی فڵچەی کارەبایی وەک Oral-B iO دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی کلۆربوونی ددان بدات بە لابردنی بەکتریای کەڵەکە بووی سەر ددانەکان کە دەبێتە هۆی کلۆربوون. سیستەمێکی بەهێزی چاودێری بریتییە لە شۆردنی دەم و ددان ڕۆژی دووجار بۆ ماوەی دوو خولەک هەروەها بەکارهێنانی دەزوو بۆ پاکردنەوەی بەینی ددانەکان بە لایەنی کەمەوە یەک جار لە ڕۆژێکدا دەتوانێت تەندروستی دەمت بپارێزێت و بە باشترین ڕێگای خۆپاراستن دادەنرێت بۆ دووربوون لە کلۆربوونی ددان.
  • خۆت بەدووربگرە لەو خواردنانەی کە شەکریان تێدایە و هەروەها خواردنی نێوان ژەمەکان. زۆربەی کات ئەو منداڵانەی کە خۆراکیان دەوڵەمەندە بە شیرینی و شەکر زیاتر ددانەکانیان کلۆر دەبێت. شەکر خۆی نابێتە هۆی کلۆری ددان - کلۆری ڕوودەدات کاتێک بەکتریاکان لە دەمدا شەکر دەشکێنن بۆ بەرهەمهێنانی ترش، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکشکانی شانە ڕەقەکانی ددانەکان (مینا و دێنتین). زیادەڕەوی لە شەکر (واتا زیادە ڕەوی لە بەکتریا) نەک تەنها دەبێتە هۆی کلۆری ددان بەڵکو دەبێتە هۆی نەخۆشی پووک و تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی ددان.
  • زۆر خواردنەوەی ئاو. مانەوە بە شێداری دەتوانێت یارمەتی بەرهەمهێنانی لیک بدات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە خۆراکپێدانی مینای ددان  و پاککردنەوەی دەم. خواردنەوەی ئاو شەکر لە دەمت ناهێڵیت و هەتا شەکر کەمتر بخۆیتەوە، بەکتریایەکی کەمتر لەسەر ددانەکە گەشە دەکات. ئەمەش بە واتای کەمبوونەوەی مەترسی کلۆربوونی ددان دێت.
  • سەردانی پزیشکی ددان بکە بۆ پشکنینی بەردەوام کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە کلۆربوونی ددان و مانەوەی دەم بە تەندروستی. پشکنینی تەندروستی دەم و ددان پێویستە لانی کەم شەش مانگ جارێک ئەنجام بدرێت. ئەگەر گومانت لە هەر جۆرە کلۆرییەکی ددانت هەیە، پێویستە سەردانی پزیشکی ددان بکەیت بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری گونجاو.


سەرچاوەکان



1911 بینین