جەنگی هەزار ڕۆژە

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-11-20:36:00 - کۆدی بابەت: 12864
جەنگی هەزار ڕۆژە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی هەزار ڕۆژە (بە عەرەبی: حرب الالف ایام، بە ئینگلیزی: The war of thousand days) گەر سەیری لاپەڕەکانی مێژوو بکرێت، ئەوا جۆرەها ڕووداوی سەیر و سەمەرە دەبینرێت، بەتایبەتی لە خانەی جەنگ و ئاڵۆزییەکان، جەنگ هەیە لایەنێک نە کوژراو و برینداری نەبووە، جەنگ هەیە ١١٥ ساڵی خایاندووە کە بە جەنگی سەد ساڵە ناسراوە لە نێوان بەڕیتانیا و فەڕەنسا، جەنگیش هەیە هەزار ڕۆژی تەواوی خایاندووە کە ئەویش جەنگی ناوخۆیی کۆڵۆمبیایە لە نێوان ١٨٩٩-١٩٠٣ کە لە نێوان لیبڕاڵی و پارێزکارانیژ وڵاتەکەدا ڕوویداوە، نزیکەی ٦٠٫٠٠٠-١٣٠٫٠٠٠ کوژراوی لێ کەوتەوە و زیانێکی زۆر بەر ژینگە و ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە کەوت. 

مێژووی ئاڵۆزییەکە

سەرەتای ئاڵۆزییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی پارتی لیبڕاڵی (کرێکاران)ی کۆڵۆمبیا نوێنەرایەتی کێڵگەکانی چاندنی قاوەی دەکرد و هاوردە و هەناردەی بازرگانانی دەکرد، لە ژێر یاسای "لاسیسیز" کە یاسایەکی تایبەت بوو بە بازرگانی کردن بە قاوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە پارتی پارێزکاران لە ساڵی ١٨٨٥ توانی براوەی هەڵبژاردن بێت. ئەم سەرکەوتنەی پارێزکاران بە گوێرەی لیبڕاڵەکان جێگەی دڵەڕاوکێ و مەترسی بوو چونکە زیانی بە کەرتی قاوە گەیاند و تا ساڵی ١٨٩٩ زۆربەی جوتیارانی بەخێوکەری قاوە زیانیان پێ گەیشت. 

پارتی پارێزکاران چی کرد؟ 

هەڵە کوشندەکەی پارتی پارێزکاران لەو کاتەدا چاپکردنی ڕێژەیەکی زۆر بوو لە دراوی کاغەزی بۆ چارەسەری کەمی داهات، ئەمەش لە ڕووی ژمێریاری و ئابووری هەڵەیە، چونکە لەو کاتەی وڵات لە قەیراندایە چاپکردنی دراو دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دراوەکەت بەرامبەر پێوانەی زێڕ و دراوێکی تر. لەو کاتەدا پیزۆ کە دراوی کۆڵۆمبی بوو بە زێڕ پێوانە دەکرا. 

یاخیبوون

لە ئەنجامی ئەم هەڵەیەدا جوتیارانی کێڵگەکانی قاوە لە ساڵی ١٨٩٩ یاخیبوونیان دژ بە پارێزکاران بەرپا کرد، یەکەم شەپۆلی یاخیبوون حەوت مانگی خایاند و لە ٢٥ی ئایاری ١٩٠٠ بە شکستی لیبڕاڵەکان لە (پۆلینگێرۆ) بە کۆتایی هات. 

بەڵام ئەم یاخیبوونە کۆتایی نەهات لە دوو ساڵ و نیوی دواتردا شێوازی شەڕکردنیان هەڵبژارد و بەشێوەی گەریلایی لە ناوچە گوند نشینەکان و لادێییەکان دەستیان بە چالاکی کردەوە. ئەم ناکۆکی و ئاڵۆزییانە بارودۆخێکی دژواری هێنایە کایەوە، زیانی زۆری بە سیمای شارستانیەتی و ژینگە گەیاند و نەخۆشی و پەتای کوشندە بڵاو بووەوە، بە درێژایی جەنگی ناوخۆ ٦٠ هەزار بۆ ١٣٠ هەزار کەس کوژران.

ئەنجامی جەنگەکە

دوای هەزار ڕۆژ لە ئاڵۆزی لە نێوان پارێزکاران و لیبڕاڵەکان، دوای زنجیرەیەک سەرکەوتن و شکستی لیبڕاڵەکان لە بەرواری ١٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٠٢ حکوومەت ڕیفۆرمێکی ئەنجامدا بۆ چاکسازی و کۆتایی هێنان بە جەنگ. لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دوو سەرکردەی لیبڕاڵییەکان بە ناوەکانی (ڕافائێل یوریب و بنیامین هێرێرا) دوای گفتوگۆ و دانوستاندن خۆیان بە دەستەوە دا و ئاشتی لە نێوان هەردوو پارتدا واژۆ کرا. ڕێکەوتنیش کرا کە هەڵبژاردنێکی ئازادانە بکرێت و ئاسایش بێتە کایەوە و چاکسازی لە یاساکان و سیاسەتی نەختینە بکرێت. دوای ئەم جەنگە پەنەما لە کۆڵۆمبیا جیاکرایەوە و سەربەخۆ بوو.


سەرچاوەکان



3281 بینین