نیسکافێ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-22-21:58:00 - کۆدی بابەت: 12963
نیسکافێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

براندی نیسکافێ یان نیسکافێیە (بە عەرەبی: الماركة نسكافيه، بە ئینگلیزی: Nescafé) براندێکی قاوەیە و بەرهەمێکی سەرەکی کۆمپانیای نێسڵێیە. شێوە و قەبارە و جۆری جیاواز و هەمەجۆری هەیە، بۆ یەکەم جار یەکەمین بەرهەمی نیسکافێ لە یەکی نیسانی ساڵی ١٩٣٨ لە وڵاتی سویسرا خرایە بازاڕەکانەوە. ناوی براندەکە (Nescafé) کۆکراوەی هەردوو دەستەواژەی نیسلێیە و کافێیە. قاوەی نیسکافێ بریتییە لە تۆز یان دەنکی قاوەی خێرا تواوە کە بە ئاوی گەرم ئامادە دەکرێت و دەتوێتەوە و زوو ئامادە دەبێت، دەکرێت بەپێی حەزی کەسەکە شیر یان شەکری بۆ زیاد بکرێت.

مێژووەکەی

دوای دامەزراندنی کۆمپانیای نێسڵێیە و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانێ، لە ساڵی ١٩٣٠ پڕۆژەیەکی لەگەڵ حکوومەتی بەڕازیل ڕاگەیاند کە توانی سوود لە بەرهەمی قاوەی ئەو وڵاتە ببینێت و بەکاری بهێنێت. بەوهۆیەوە توانی لە یەکی نیسانی ساڵی ١٩٣٨ براندێکی تایبەت بە قاوە بخاتە بازاڕەکانەوە. دوای ماوەیەک لە بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکە و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم، قاوەی نیسکافێ کە بە قاوەی خێرا تواوە لەنێو خەڵکی ناسرا، بووە بەرهەمێکی سەرەکی لە وڵاتی ئەمریکا.

لە ساڵی ١٩٦٦ نیسکافێ گۆڵد لە هەموو بازاڕەکانی ئەورووپا بڵاوبووەوە، کە هەر براندێکی نیسکافێی سەر بە کۆمپانیای نێسڵێیە بوو، بەڵام تەکنیک و شێوازی بەرهەمهێنانەکەی لەگەڵ نیسکافێی ئاسایی کلاسیک جیاواز بوو، نیسکافێی گۆڵد قاوەیەکی دەنکی وشککراوە بوو کە بە بەکارهێنانی تەکنیکی ساردکەرەوە وشک دەکرایەوە. تاکوو نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەرهەمی براندی نیسکافێ لە بازاڕەکانی ئەمریکا و کەنەدا، پاشان لە هەموو ناوچەکانی شانشینی یەکگرتوو بڵاوبووەوە و ڕەواجی زۆری لەنێو خەڵکیدا هەبوو.

بەرهەمەکانی نیسکافێ

براندی نیسکافێ بەرهەم و جۆر و شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە، لە زەرف و کیس یان قوتووی شووشە یاخوود قوتوی پلاستیک بەرهەمەکانی نیسکافێ بەردەستن. تۆزی قاوە یان دەنکی قاوەی خێرا تواوە پێکهاتەی سەرەکی بەرهەمەکانی نیسکافێن، نیسکافێی جۆری کلاسیک و باو قاوەیەکی تاڵە و چڕییەکەی کەمە تەنها بە بەکارهێنانی بڕێکی دیاریکراو لە ئاوی گەرم بەرهەمەکە دەتوێتەوە و خێرا ئامادە دەبێت. هەموو جۆرەکانی قاوە نموونەی لاتێ، کاپۆچینۆ، نیسکافە، مووگا و جۆرەکانی تری قاوە لە بەرهەمەکانی نیسکافێدا بەردەستن.

قاوەی نیسکافێی تامداری ڤانێلا یان کرێمی یان شیری جۆرێکی ترە لە بەرهەمە باوەکانی نیسکافێ. بەرهەمی نیسکافێ بە تامی تریش بە شێوەیەکی سنووردار بەردەستن نموونەی تامەکانی هێل و زەعفەران و زەنجەفیل و مێخەک. هەندێک جۆری بەرهەمەکانی نیسکافێ تەندروستن، شەکریان تێدا نییە و شیرین نیین، هەندێکی تریان ڕووەکین و هیچ پێکهاتەیەکی ئاژەڵی نموونەی شیر یان کرێم لە دروستکردنیدا بەکارناهێنرێت. چەند جۆرێکی بەرهەمەکانی قاوەی نیسکافێ ئامادەکراون و بە ساردی دەخورێنەوە، زۆرێک لەو بەرهەمانە شیرینن یان شیر و کرێم و کەفی کرێم بە بڕی جیاواز بەپێی جۆری بەرهەمەکە لە پێکهاتەکانیان بوونی هەیە.

چەند بەرهەمێکی ناوداری نیسکافێ

  • نیسکافێی کلاسیک
  • نسیکافێی ڕێد مووگ
  • نیسکافێی بلاک ڕۆست
  • نێسکافێی ٣ لە ١ـی کلاسیک
  • نێسکافێی ٣ لە١ـی کرێمی
  • نیسکافێی کلاس ئایس
  • نیسکافێی مووگا ئایس
  • نیسکافێی ڤانێلا و وێڤەر ئایس
  • نیسکافێ بە تامی قاوەی عەرەبی
  • نیسکافێی ڕووەکی
  • نیسکافێی تەندروست


سەرچاوەکان



1925 بینین