بۆچی لە زستاندا هەست بە برسێتی زیاتر دەکەین؟

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2024-05-26-18:33:00 - کۆدی بابەت: 12998
بۆچی لە زستاندا هەست بە برسێتی زیاتر دەکەین؟

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

بۆچی لە زستاندا هەست بە برسێتی زیاتر دەکەین؟ (بە ئینگلیزی: Why do we feel hungrier in winter, بە عەرەبی: لماذا نشعر بالجوع أكثر في الشتاء) ئەگەر لە زستاندا هەستت بە برسێتی زیاتر کرد لە چاو کاتەکانی تری ساڵ، ئەوا شتێکی ئاساییە. لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما لە وەرزی زستاندا، جەستەت پێویستە زیاتر کاربکات بۆئەوەی بە گەرمی بتهێڵێتەوە، پرۆسەی خواردن و هەرسکردنی خۆراک دەتوانێت پلەی گەرمی جەستەمان بەرز بکاتەوە، بۆیە سروشتییە جەستەمان ئاماژەمان پێبدات کە زیاتر بخۆین وەک ڕێگەیەک بۆ گەرمکردنەوەمان لەکاتی سەرمادا. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بەهۆی پرۆسەی هەرسکردنەوە ڕوودەدات، گرنگ نییە هەرچیەک بخۆیت، شۆربایەکی گەرم بێت یان زەڵاتەیەکی سارد، بەڵام خواردن یان خواردنەوەیەکی گەرم بێگومان کاریگەریەکی گەورەتری دەبێت. لێرەدا هەندێک هۆکار دەخەینەڕوو کە بەهۆیانەوە لە زستاندا هەست بە برسێتی زیاتر دەکەیت، هەروەها چۆن  بتوانی جڵەوی هەستی برسێتی بکەیت لە زستاندا.

هۆکارەکانی زیادبوونی هەستی برسێتی لە زستاندا

گۆڕان لە هۆڕمۆنەکاندا: لەگەڵ کورتبوونەوەی ڕۆژەکان و درێژبوونی شەوەکان، کارلێکە کیمیاییەکانی مێشک دەگۆڕێت، کە دەبێتە هۆی نا هاوسەنگی هۆڕمۆنەکان لە برسێتی و تێربووندا بەتایبەت هۆڕمۆنەکانی (لێپتین و گرێلین)کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە هەستی تێربوونەوە.

کەمی تیشکی خۆر: لەوانەیە ببێتە هۆی کەمی "ڤیتامین D"، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە برسێتی زیاتر بکەیت، زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە باسیان لەوە کردووە، ئەو کەسانەی کەمیی "ڤیتامین D"یان هەیە، زیاتر  تووشی حاڵەتەکانی زۆر خواردن دەبنەوە.

کەمبوونەوەی زیندەماددەکان: دەبێتەهۆی دابەزینی ئاستی سیرۆتۆنین لە مێشکدا، (سیرۆتۆنین): دەمارە گوێزەرەوەی مێشکن، بەشێک لە فرمانەکانیان  ڕێکخستنی  باری دەروونییە. خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە کاربۆهیدرات بڕێکی زۆری سیرۆتۆنینت پێدەبەخشێت، ڕەنگە جەستەت لەڕیگای خواردنی زیاترەوە هەوڵبدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەمۆکی وەرزی کە بەهۆی ئاستی سیرۆتۆنینەوە دروست بووە.

چۆن جڵەوی هەستی برسێتی بکەین لە زستاندا؟

جەستەت بە شێداری بهێڵەوە: خواردنەوەی ئاوی زۆر بە درێژایی ڕۆژ دەتوانێت یارمەتیت بدات ئارەزووی زۆرت بۆ خواردن جڵەو بکەیت و لە کاتی ژەمەکاندا کەمتر بخۆیت.

  • جەستەت بە گەرمی بهێڵەوە: پلەی گەرمی ژورەکەت جێگیر بکە و جل و بەرگی زیاتر لەبەربکە بۆئەوەی بە گەرمی بمێنیتەوە.
  • وەرزش و جووڵە بکە: کاتێک کە ناچالاک دەبیت و جووڵەت نامێنێت، ئارەزووی خواردنت زیاد دەکات بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەش. هەوڵبدە لەسەر ئامێری ڕۆیشتن یاخود بە پێ کاتژمێرێک بڕۆن، یان تەنانەت کشانی جەستەت بۆ ئەوەی جەستەت بجوڵێت و گەرم بێت.
  • خواردنی تەندروست بخۆ: پابەندبە بە سیستەمی خۆراکی هاوسەنگ کە پێکهاتبێت لە دانەوێڵە، پرۆتینی کەم چەوری، سەوزە و میوە. پرۆتینی کەم چەوری و ئۆمێگا سێ دەتوانن یارمەتیت بدەن بۆئەوەی هەست بە تێری بکەیت بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ڕۆژەکەدا.


سەرچاوەکان



1743 بینین