کریاتین کاینەیز

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-27-14:53:00 - کۆدی بابەت: 13004
کریاتین کاینەیز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کریاتین کاینەیز (بە ئینگلیزی: Creatine kinase) ئەنزیمێکە لەناو ماسولکەکانی ئێسکەپەیکەردا، ماسولکەکانی دڵ و بەبڕێکی کەمتر لە مێشکدا دەدۆزرێتەوە. کاتێک هەر یەک لەم شانانە تووشیی شکان ببێت ڕێژەی ئەنزیمی کریاتین کاینەیز لە خوێندا بەرز دەبێتەوە بەرزبوونی ئەم ڕێژەیە نیشانەی برینداربوونی ماسولکەکان یان نەخۆشییە. بڕێکی کەمی ڕێژەی کریاتین کاینەیز کە بەشێوەیەکی ئاسایی لە خوێندا هەیە هی پەیکەرە ماسولکەکانە (ئەو ماسولکانەی کە بە ئێسک یان بە ژێیەکانەوە بەستراوە). هەر حاڵەتێکی برینداری یان زیانگەیشتن بە ماسولکەکان، یان دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە بەرهەمهێنانی وزە یان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەکەی لە خوێندا. هەندێک نەخۆشیی ماسولکەکانیش دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەنزیمەکە.

سێ جۆری ئەنزیمی کریاتین کاینەیز هەیە کە بریتین لە:

  • ئەنزیمی کریاتین کاینەیز کە لە ئێسکەپەیکەردا دەدۆزرێتەوە.
  • ئەنزیمی کریاتین کاینەیز کە لە ماسولکەکانی دڵدا دەدۆزرێتەوە.
  • کریاتین کاینەیز کە لە شانەکانی مێشکدا دەدۆزرێتەوە.

فرمان

کریاتین کاینەیز بە زیادکردنی گرووپی فۆسفات بۆ کریاتین هەڵدەستێت. کریاتین ماددەیەکە لە ماسولکە خانەکاندا یارمەتی بەرهەمهێنانی وزە دەدات. کاتێک کریاتین کاینەیز فۆسفات بۆ کریاتین زیاد دەکات، کریاتین بۆ گەردێکی ئاست بەرزی وزە دەگۆڕێت. کاتێک ماسولکەکان تووشی زیانگەیشتن دەبن، ماسولکە خانەکان تێکدەشکێن و پێکهاتەکەی ناویان وەک کریاتین کاینەیز بۆ ناو خوێن دەکرێتە دەرەوە.

پشکنینی کریاتین کاینەیز

پزیشک بۆ دیاریکردنی کێشەکانی ماسولکە ئەم پشکنینە ئەنجام دەدات ئەو کێشانەش وەک:

  • نەخۆشیی ماسولکەکان
  • برینداربوونی ماسولکەکان
  • هەوکردنی ماسولکەکان

پشکنینی کریاتین کاینەیز ڕێژەی کریاتین کاینەیز لە خوێندا دیاری دەکات. زۆر کات پزیشک بۆ دیاریکردنی ڕوودانی جەڵتەی دڵیش پشکنینی ئەم ئەنزیمە ئەنجام دەدات، بۆ دیاریکردنی ڕوودانی جەڵتەی دڵ پشکنینێکی باوە بەڵام بەزۆری لەجیاتی ئەم پشکنینە پشکنینی ترۆپۆنین ئەنجام دەدرێت.

کاتێک نیشانەکانی کێشەکانی ماسولکە لە کەسەکەدا دەردەکەون پزیشک داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینە دەکات نیشانەکان بریتین لە:

  • ئازاری ماسولکەکان
  • لاوازی ماسولکەکان
  • تێکچوونی هاوسەنگی
  • هەست بە مێروولەکردن و سڕبوون
  • ڕەنگی میز تاریک دەبێت

ڕێژەی کریاتین کاینەیز دوای دوو ڕۆژ لە زیانگەیشتن بە ماسولکەکان دەگاتە لوتکە.

ئەنجام

کاتێک ڕێژەی کریاتین کاینەیز لە ڕێژەی ئاسایی بەرزتر دەبێت:

  • ئەمە واتا برینداربوون یان نەخۆشیی لە ماسولکەکان، دڵ یان مێشکدا هەیە.
  • هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ یان جەڵتەی دڵ ڕووی داوە.
  • جەڵتەی مێشک یان برینداربوونی مێشک ڕووی داوە.

هەروەها ئەم حاڵەتانەش دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کریاتین کاینەیز

  • مەیینی خوێن
  • هەوکردن
  • کەموکوڕی هۆڕمۆن، وەک کەموکوڕیەکانی سایرۆید یان ڕژێنی ئەدریناڵ
  • هەندێک دەرمانی دیاریکراو
  • ئەنجامدانی ڕاهێنانی سەخت

لەگەڵ ئەنجامدانی پشکنینی کریاتین کاینەیز ئەم پشکنینانەش ئەنجام دەدرێت:

  • پشکنینی ئەلیکترۆلایتەکان
  • پشکنینی یوریا نایترۆجین لە خوێندا
  • کریاتینین
  • پشکنینی مایۆگلۆبین لە میزدا

خۆئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی پشکنین

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خۆ ئامادەکردن بۆ پشکنینەکە پێویست نییە، بەڵام کاتێک کەسێک لە کاتی ئەنجامدانی ئەم پشکنینەدا ڕاهێنانی قورس ئەنجام دەدات پزیشک داوا دەکات ڕاهێنانکردن بۆ کاتی ئاسایی خۆی کەمبکرێتەوە. چونکە مەشقکردن و ڕاهێنانکردن بە ماسولکەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەیی کریاتین کاینەیز و دروستبوونی هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکان.


سەرچاوەکان



715 بینین