ئایا فیلەر تەندروستە؟

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-02-17:21:00 - کۆدی بابەت: 13098
ئایا فیلەر تەندروستە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایا فیلەر تەندروستە؟ (بە عەرەبی: هل فلر صحي، و بە ئینگلیزی: Is filler healthy)، خەڵکی هەمیشە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن بۆ نەهێشتی خەتی توڕەیی و هێڵەکانی پێکەنین و گەورەکردنی لێو و ڕوومەت و ئەو کێشانەی کە لە دەستەکانیاندا هەیە، پزیشکی سەنتەری جوانکارییەکانیش هەوڵدەدەن ئەو کێشانە بە فیلەر چارەسەر بکەن بۆ نەخۆشەکانیان. دەرزی فیلەر بەکاردەهێنرێت بۆ هەموو کێشەکانی پێست و ژێرباڵ و دەستەکان، کە دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئارەقکردنەوەی ژێرباڵ و دانانی فیلەر لەناو دەستەکاندا بۆ سپی بوونەوە و قەڵەو دەرخستنی دەستەکان و گەنجکردنەوەیان، هەروەها باشتر دەرکەوتنی هێڵەکانی دەموچاو کە بەهۆی زیاد بوونی تەمەنەوە لە ڕووخساری مرۆڤەکاندا دروست دەبێت. بەڵام فیلەری پێست بۆ هەموو کەسێک نییە چونکە ئەگەری هەیە کە پڕکەرەوە (فیلەر)ی پێست بۆ ئەو کەسانە گونجاو نەبێت کە هەندێک حاڵەتی نەخۆشییان هەیە، وەک خوێنبەربوون لە ناوچە جیاوازەکانی لەشیدا یان هەستیاری. 

فیلەری پێست یان پڕکەرەوەی پێست چییە؟

فیلەری پێست بریتییە لە ماددەیەکی هاوشێوەی جێڵ کە لە ژێر پێستدا لە ڕێگەی دەرزییەوە دادەنرێت، فیلەری پێست بۆ دەرکەوتنێکی نەرمتر یان پڕترە، یان هەردووکی بەکاردەهێنرێت. هەروەها FDA کە کورتکراوەی (Food and Drug Administration) واتا (بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمان) فیلەری پێست وەک کارێکی پزیشکی  دەردەخات وەک لە هەموو کلینیکییەکاندا باسکراوە و کاری لەسەر دەکرێت، پڕکەرەوەی پێست کۆمەڵێک کاریگەری زۆری هەیە کە لەلایەن FDA پەسەندکراون، هەروەها ئەمەش دەرخراوە کە فیلەری پێست کاتییە چونکە لە ماددە دروستکراون کە لە کۆتاییدا لەناو جەستەدا دەشکێن و جەستە هەڵیدەمژێت. لەوانەیە پێویست بکات چەندین جار ڕێکاری دەرزی لێدان دووبارە بکرێتەوە بۆ پاراستنی کاریگەری خوازراو. پڕکەرەوەی کاتی ئەم ماددانە لەخۆدەگرێت:

  • ترشی هیالۆرۆنیک، شەکرێکە کە بەشێوەیەکی سروشتی لە لەشدا هەیە.
  • کالیسیۆم هایدرۆکسیلاپاتایت، کانزایەک و پێکهاتەیەکی سەرەکی ئێسکن.
  • ترشی پۆلی-ل-لاکتیک (PLLA)، مادەیەکی دروستکراو و زیندەیی تێکدەچێت.

تەنها یەک پڕکەرەوەی پێست هەیە کە لەلایەن FDA پەسەندکراوە و لەلایەن جەستەوە هەڵناگیرێت. بە پۆلی میتیل میتاکریلات (PMMA) دروست دەکرێت کە لە گیراوەیەکدا هەڵواسراوە کە کۆلاجینی گا (مانگا)ی تێدایە. بڕبڕەی PMMA دەنکۆڵەی بچووکی گۆڕاو و نەرم و پلاستیکییە.

بەکارهێنانی پەسەندکراوی FDA بۆ پڕکەرەوەی پێست

  • فیلەری پێست پەسەندکراوە لەلایەن FDA بۆ بەکارهێنانی تایبەت لە کەسانی تەمەن ٢٢ ساڵ و سەرووتر. ئەو بەکارهێنانانە بریتین لە:
  • ڕاستکردنەوەی چرچ و لۆچی دەموچاو و چەمانەوەی پێست مامناوەند تا توند.
  • گەورەکردن و پڕبوونی لێو و ڕوومەت و چەناگە و ژێر چاو و هێڵی چەناگە و ژێل مل و چەندین کاری تر.
  • گەڕاندنەوەی لەدەستدانی چەوری دەموچاو لە کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کەمی بەرگری مرۆڤ (HIV).
  • نەهێشتنی شوێنەواری زیپکە لەسەر ڕوخساری کەسەکە.

هۆشدارییەکانی FDA سەبارەت بە پڕکەرەوە پەسەندنەکراوەکان

  • FDA ڕەزامەندی لەسەر دەرزی سلیکۆن یان هیچ پڕکەرەوەیەکی دیکە کە بە دەرزی ئەنجام دەدرێت بۆ بەرزکردنەوەی جەستە یان قەڵەوکردنی بەشە جیاوازەکانی جەستە نەداوە. FDA هۆشداری داوە لە دەرزی فیلەر بۆ مەمک، سمت یان بۆشایی نێوان ماسولکەکان. بەکارهێنانی پڕکەرەوەی دەرزی بۆ کۆنتۆری جەستە بە قەبارەیەکی گەورە یان بەرزکردنەوەی جەستە دەتوانێت ببێتە هۆی برینداربوونی سەخت، لەوانە ئازاری درێژخایەن، هەوکردن، پەڵە یان شێواندنی هەمیشەیی و تەنانەت مردن.
  • FDA ئامێری بێ دەرزی بۆ دەرزی فیلەری پێست پەسەند نەکردووە و هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانیان بۆ دەرزی هیالۆرۆنیک ئەسید یان فیلەری تری لێو و دەموچاو. دەرزی لێدەرەکان پەستانی بەرز بەکاردەهێنن و کۆنترۆڵی پێویست ناکەن لەسەر ئەوەی کە فیلەر لە کوێ دادەنرێت. برینداربوونی سەخت و لە هەندێک حاڵەتدا زیانی هەمیشەیی بۆ پێست، لێو یان چاو ڕوویداوە.
  • هەروەها FDA هۆشداری دەدات لە کڕین یان بەکارهێنانی پڕکەرەوەی لێو یان دەموچاو کە ڕاستەوخۆ بە خەڵک دەفرۆشرێت. پەسەندکراوی FDA نین و لەوانەیە بە ماددە کیمیاییەکان و زیندەوەرە تووشبووەکان پیس بن. تاکە پڕکەرەوەی پێست کە لەلایەن FDA پەسەند کراوە بە ڕەچەتەیەک بۆ دەرزیکردن لەلایەن پسپۆڕێکی چاودێری تەندروستی مۆڵەتپێدراوەوە بە بەکارهێنانی سرنجێک بە دەرزی یان کانولا (بۆرییەکی بچووکی نەرم و نیان کە نووکێکی بچووک و لە ژێر پێستدا دەخرێتە ناوەوە) دابین دەکرێت.

مەترسییەکانی پڕکەرەوەی پەسەندکراوی FDA

وەک هەر ڕێکارێکی پزیشکی تر کە سوودی هەیە بێگومان مەترسییەکانی بەکارهێنانی پڕکەرەوەی پێستیش هەیە. زۆربەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی پەیوەست بە پڕکەرەوەی پێست، وەک ئاوسانی و کێشان دوای ماوەیەکی کەم لە دەرزی لێدان ڕوودەدەن و زۆربەیان لە چەند ڕۆژێک تا هەفتەیەکدا چارەسەر دەبن. لە هەندێک حاڵەتدا کاریگەرییە لاوەکییەکانی چەند هەفتەیەک، چەند مانگێک، یان ساڵانێک دواتر سەرهەڵبدەن. مەترسییە باوەکان بریتین لە:

  • کێشکردن
  • سووربوونەوە
  • ئاوسان
  • ژان و ئازار
  • ناسک بوونەوەی زۆر ئەو جێگەیەی فیلەرەکەی بۆ دەکرێت
  • خوران
  • دروستبوونی پەڵە لەو شوێنەی فیلەری تێکراوە
  • سەختی لە ئەنجامدانی چالاکییەکان (تەنها لەکاتی دەرزی لێدان لە پشتی دەستدا بەدی دەکرێت) هەمیشە پێش ئەنجامدانی فیلەری پێست پێویستە چارەخوازەکان پشکنینی هەستیاری بۆ بکرێت پێش وەرگرتنی پڕکەرەوەی پێست کە بە هەندێک ماددە دروستکراوە، بەتایبەتی ئەو ماددانەی کە لە ئاژەڵەوە وەرگیراون، وەک کۆلاجین.

دەرزی نەخوازراو بۆ ناو خوێنبەرەکان

مەترسیدارترین مەترسی کە پەیوەندی بە پڕکەرەوەی پێستەوە هەیە، دەرزی لێدانی بەڕێکەوتە بۆ ناو خوێنبەرێک. فیلەر کە دەچێتە ناو خوێنبەرێکەوە دەبێتە هۆی نەکرۆزی پێست (مردنی شانەکان)، جەڵتەی مێشک، یان کوێربوون. لە کاتێکدا ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە کەمە بەڵام ئەگەر ڕووبدات ئاڵۆزییەکانی دەرئەنجامی ئەم کارە دەتوانن جدی بن و ڕەنگە هەمیشەیی بن.

لابردنی فیلەری پێست

ئەگەر دەتەوێت فیلەرەکان لاببرێن یان کەمبکرێنەوە لەناو پێستتدا بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانەوە، لەوانەیە پێویستت بە ڕێکاری زیاتر بێت بۆ کەمکردنەوەی فیلەرەکە یان نەشتەرگەری بۆ لابردنی. ئەم ڕێکارانە مەترسییەکانی خۆیان هەڵدەگرن و ئاگاداربە کە ڕەنگە لابردنی هەندێک ماددەی پڕکەرەوە( فیلەر) قورس بێت یان مەحاڵ بێت.


سەرچاوەکان



83 بینین