پارێزگاریکردن لە مانەوەی قژێکی درێژ

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-13-18:41:00 - کۆدی بابەت: 13169
پارێزگاریکردن لە مانەوەی قژێکی درێژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پارێزگاریکردن لە مانەوەی قژێکی درێژ (بە عەرەبی: المحافظة على الشعر الطويل، بە ئینگلیزی: Maintaining long hair)، ئەگەر قژت درێژە پێویستە دڵنیا بیت لەوەی کە بە شێوەیەکی دروست ئاگاداری دەبیت، چوبکە هەمیشە قژی درێژ پێویستی بە چاودێری جیاواز هەیە لە چاو شێوازی قژی کورت. بەڵام زۆر کەس نازانن کە قژی درێژ پێویستی بە چاودێری جیاواز هەیە، واتە بە هەمان شێوەی قژی کورت ئاگاداری دەبن، کە ئەمە دەتوانێت زیانێکی گەورە و بەردەوام بە قژت بگەیەنێت. 

چەند ئامۆژگارییەک بۆ پارێزگاریکردن لە مانەوەی قژێکی درێژ

یەکەم/ شانەی ڕاست بەکاربهێنە
ئەگەر قژت درێژە دەبێت شابەیەک هەڵبژێریت کە ڕاست بێت چونکە ڕەنگە نەتوانیت هەمان جۆری شانەی هاوڕێ قژ کورتەکانت بەکاربهێنیت. شانەیەک کە ڕیشاڵی وردی هەیە زیان بە قژت دەگەیەنێت چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی موخۆرکەی زۆر و لە کۆتاییدا تاڵەکانی قژت دوولەت دەبن و دەشکێن. هەروەها نابێت شانەی ڕیشاڵ ورد بەکاربهێنیت کاتێک قژت تەڕ دەبێت چونکە قژی تەڕ ئاسانتر زیانی پێدەگات وەک لە قژی وشک. لەبری ئەوە شانەی ددانی پان یان شانەی ڕیشاڵی درێژ هەڵبژێرە.

دووەم/ بە بەردەوامی قژت شێداربکەرەوە
چارەسەرێکی قووڵی شێدارکردنەوە بەڕاستی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت کاتێک قژت درێژە و وا دەکات قژت بە تەندروستی و سەلامەتی بهێڵێتەوە، چونکە قژی درێژ زیاتر وشک دەبێتەوە و لە کۆتاییشدا زیاتر زیانی پێ دەگات، هەر بۆیە پێویستە دڵنیا بیت لەوەی کە بەرهەمە شێدارکەرەوەکان بە بەردەوامی بەکاردەهێنیت، جا ئەمەش بە ماسکی قژ بێت لە دوشدا، چارەسەری زەیت، یان شتێکی تر کە شێ دەخاتە سەر تاڵەکانی قژ.

سێیەم/ هەوڵبدە خاولی بەکارنەهێنیت 
هەندێک کەس حەز دەکەن بە خاولی قژیان وشک بکەنەوە بەڵام خاولی بە تایبەت خاولی پەتۆ دەتوانێت زیان بە قژت بگەیەنێت کاتێک قژت تێیدا دەپێچیتەوە، ئەمەش دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بکات لە خراپبوونی تاڵەکانی قژی ئەو کەسانەی کە قژیان درێژە. لەبری ئەوەی قژت لەناو خاولیەکەدا بپێچیتەوە ئەوا دەتوانیت تیشێرتێکی کۆن بەکاربهێنی تەنها بۆ ئەوەی کە تەڕی قژ و شێکەی بسڕیت ئەویش بەپێی پێویستی قژت، هەروەها هەمیشە هەوڵبدە بەپێی پێویست قژت بشۆیت چونکە زۆر شۆردنی قژ و بەکارهێنانی شامپۆ دەبێتە هۆی تەنک بوونی تاڵەکانی قژ. 

چوارەم/ هەوڵبدە زۆرجار قژت ببڕیت
لە ڕاستیدا ڕەنگە پێویست بێت کە بەشێکی کەمی قژت ببڕیت و چەند مانگ جارێک قژت کورت بکەیتەوە بۆ ئەوەی بە دوور بیت لە مووخۆرکە و زبری تاڵەکانی قژت. کاتێک کۆتایی تاڵەکانی قژت دووکەرت (شکان) لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی وەستاندنی گەشەکردنی قژت، بە دڵنیاییەوە ئەوەش بەشدارە لە دەرکەوتنی قژت بەشێوەی تەنکتر و ماتتر. هەر ٨-١٢ هەفتە جارێک سەردانی ساڵۆنی کەمێک قژت ببڕە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت لە تاڵە دووکەرت بوەکان و ڕێگە بدەیت قژت تەندروست تر گەشە بکات.

پێنجەم/ هەڵبژاردنی شامپۆیەکی ڕاست و گونجاو
بە تایبەت ئەگەر قژت درێژە نابێت هەموو ڕۆژێک قژت بشۆیت و شامپۆ بەکاربهێنیت، لەبری ئەوە هەوڵبدە کە خشتەیەک دابنێیت کە لە هەفتەیەکدا سێ جار قژت بە شامپۆ بشۆیت. ئەگەر ڕۆژانە ڕاهێنان یان چالاکییە قورسەکانی ترت هەیە و ڕۆژانە ناچار بوویت دوش بکەیت، ئەوا شامپۆکە بەکارمەهێنە و تەنها قژت بە ئاسایی بشۆ. جگە لەوەش زیاتر پابەندبە بە شۆردن و پاک ڕاگرتنی پێستی سەرتەوە چونکە زۆر گرنگە بۆ تاڵەکانی قژت و زوو درێژ بوونەوەی قژت. هەروەها ئەوەش بزانە کە هەمیشە کۆتاییەکانی قژت زیاتر وشک دەبنەوە وەک لە پێستی سەرت، واتە شامپۆ ئەگەری وشککردنەوەی بۆ تاڵەکانی کۆتایی زیاترە وەک لە پێستی سەر. 

دەرئەنجام

زۆر گۆڕانکاری بچووک هەیە کە ڕەنگە پێویستت پێی بێت لەکاتی گرنگیدان بە قژی درێژ بە پێچەوانەی قژی کورتەوە. یەکێک لەو گۆڕانکاریانە ڕەنگە گۆڕینی شامپۆی ساڵۆن بێت لەبری شامپۆی دەرمانخانەکان، ئەمەش دەتوانێت کێشەکانی قژی درێژ زیاتر ئاشکرا بکات. هەمیشە هەمووان ئارەزووی ئەوە دەکەن کە بە شێوەیەکی تەندروست قژیان درێژ ببێتەوە و گەشە بکات بێگومان ئەم کارە دەبێت بەڵام بە گرنگیدان و پارێزگاریکردن لە قژت و هەوڵدان بۆ دوور کەوتنەوە لەو ڕەفتارانەی کە زیان بە قژت دەگەیەنێت.


سەرچاوەکان



137 بینین