چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاجیایی کەسانی تر

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-13:38:00 - کۆدی بابەت: 13182
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاجیایی کەسانی تر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاجیایی کەسانی تر بە ئینگلیزی (How to deal with other people’s opinions)، بە عەرەبی (كيفية التعامل مع اراء الأخرين)، ناکۆکی نێوان خەڵکی شتێکی سروشتییە و کەس ناتوانێت لێی دەرباز ببێت، کێشە هەڵپەسێنراوەکان و ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکان دەکرێت کات  و وزەیەکی زۆر بە فیڕۆ بدات و کاربکەنە سەر ئاستی چالاکی. خەڵکی لە کاتی کێشەدا باشترین و گونجاوترین هەڵوێست ئەوەیە خۆت لابدەیت، بە شێوەیەکی گشتی خەڵک دەیەوێت نیگەرانییەکانیان پەرەنەسێنێت و خۆیانی لێ لادەدەن و ناخی خۆیان کپ دەکەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی کەشەکە بە ئاشتی و ئارامی بمێنێتەوە و ناکۆکی نەکەوێتە نێوانیان. چارەسەرکردنی کێشەکان و ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەگەڵ هاوپیشە یان لە ژیانی ڕۆژانەدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێز و پتەوبوونی پەیوەندییەکانمان.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییەکاندا؟

زۆرینەی خەڵکی، ئەو کاتە بەربەست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروست دەبێت، کە بیرکردنەوەی لە مێژینەی کەسەکە بکەوێتە بەر هێرش و مەترسی لەسەر دروست بێت. بە واتایەکی دیکە. کاتێک هێرش دەکرێتە سەر بۆچوون و بیروڕای کەسەکە، ئەستەمە جارێکی دیکە پێک بێنەوە، بۆ ئەوەی لە ململانێکان بە دووربین، باشتر وایە لە چۆنییەتی وەڵامەکان تێبگەین و بزانیت چۆن بەرانبەر کێشەکان بوەستیتەوە.

دەکرێت ناکۆکی و ململانێ بە چەندین شێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دروست بکەن کە تێوەگلاون. لە ڕاستیدا زۆربەی هەرە زۆری خەڵک کاتێک تووشی بۆچوونێکی جیاواز یان ناکۆکییەک دەبنەوە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا، هەست بە نائاسودەیی دەکەن و لە ناخەوە غەمبار دەبن. یەکێک لە ڕێگا باوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا ئەوەیە کێشەکە بکەین بە هی خۆمان، کاتێک ئەمە دەکەین، لایەنی هەست و سۆزداریمان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە. لە بری ئەوەی گرنگی بە کێشەکە بدەین، گرنگی بە بەرامبەرەکەمان دەدەین و سەرزەنشتی خۆمان دەکەین.

پەسەندنەکردنی بۆچوونی بەرانبەر بە شێوەیەکی پەسەند

ناکۆکی و جیاوازی ڕا شتێکی هەمیشەییە. ئەوانەی دەوروبەر مەرج نییە هەموو کات هاوڕا بن. دەکرێت زۆر کات بە شێوەیەکی توندیش دژی بۆچوونەکانمان بن. کۆمەڵێک هەنگاو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پەسەند لەگەڵ بەرانبەرەکەتدا ڕای جیاوازت هەبێت:

  • بیرێک لە بۆچوونی بەرانبەرەکەشت بکەرەوە، ڕەنگە ئەو کەسەی کە بەوشێوەیە توندە پیچەوانەی تۆیە، پێشتر ئەزموونی شتێکی ناخۆشی کردبێت کە وای لێ کردبێت لەو بابەتە پێچەوانەی تۆ بێت.
  • هەوڵبدە بە تەواوی لەوە تێبگەیت بۆچی بەرانبەرەکەت ئەو ڕایەی هەیە، بە سۆز و خۆشەویستییەوە گوێی بۆ بگرە، پرسیار بکە بۆ ئەوەی هۆکاری ڕاجیاییەکەی بزانیت و لێی تێبگەیت.
  • هەرکاتێک لەگەڵ کەسێکدا هاوڕا نیت. هەستەکانت ڕابگرە و خۆت کۆنتڕۆڵ بکە، لە کاتی وەڵامدانەوەدا، هەوڵبدە بە زمانی بەرانبەر قسە بکەیت.
  • کاتێک بۆچوونەکان جیاوازن، بەرگێکی نەرم بە بەری قسەکانتدا بکە و تامێکی شیرین بە قسەکانت ببەخشە.
  • دوای ئەوەی وەڵامی بۆچوونی بەرانبەرت دایەوە، ئەو کات بۆچوون وپێشنیارەکەی خۆت بڵێ، باشترین ڕێگا بۆ دەستپێکردن ئەم جۆرەیە: من بە شێوەیەکی جیاواز لەو بابەتە دەڕوانم چونکە

دواتر پێویستە باسی بۆچوونی گونجاوی خۆت بکەیت یان بەڵگەی خۆت بۆ بابەتەکە بخەیتەڕوو. ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ناڕەزایی و بەرهەڵستییەک بە، کە ڕەنگە پێش چاوپێکەوتنەکە بە وردی ئامادەکرابێت، لە سەروو هەموو ئەمانەوە، هەرگیز ڕێگە نەدەیت هەستەکانت تێکەڵ بە قسە و لۆژیکی بێت.

ناکۆکییەکان پاڵنەری سۆزدارییان هەیە

خەڵکی بە چەند هۆکارێک لەگەڵ دەوروبەریان بۆچوونیان جیاوازە، هەندێک جار هۆکارەکان لۆژیکی و ڕەوان هەندێجاریش هۆکارەکان هەست و سۆزان، ئەو کەسانەی لەو بابەتەدا ناکۆکن بە هەست و سۆزەوە قسە لەسەر بابەتەکە دەکەن و دەکەونە ژێر کاریگەری هەستەکانیانەوە.


سەرچاوەکان



32 بینین