ناوهڕۆك
ناساندن
بەساڵاچوان بە ئینگلیزی (The elderly)، بە عەرەبی (كبار السن)، پڕۆسەی پیربوون ڕاستییەکی بایەلۆجییە کە شێوازی خۆی هەیە بۆ ڕوودانی و لە دەرەوەی بازنەی کۆنترۆڵی مرۆڤە، بێگومان پێناسەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە، بە گشتی بە پێی کات ڕوودەدات واتە (کرۆنۆلۆژییە) کە کەسی ٦٥ ساڵ و گەورەتر دەگرێتەوە. ئەم پڕۆسەیە لە دانیشتوانی جیهاندا وەک یەک ڕوو نادات بەهۆی جیاوازی جینات و شێوازی ژیان و تەندروستی. بەگشتی ڕێکخراویی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی تەمەن ٦٠ ساڵ و گەورەتر دوو هێندە زیاد دەکات. بەزۆری چالاکی کەسەکان لەم قۆناغەدا کەم دەبێتەوە و جەستەیان لاواز دەبێت و خۆیان بە بێ بەرهەم دەزانن، وا دەزانن بوونەتە بارگرانی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی و خێزانەکانیان بە تایبەتی.
کاریگەری بەساڵاچون لەسەر کەسەکان
تەمەنی پیری گوڕانکاریەکانی لە دۆخی تەندروستی و دەروونی و جەستەیی ڕەنگ دەداتەوە لەوانە:
- گۆڕانکاریە فیسیۆلۆژییەکان: لاوازی کاری دڵ و خوێنبەرەکان، لاوازی سیستمی هەناسەدان و کارکردنی سییەکان، هەروەها لاوازی تایبەتمەندییە هەستیارییەکان، زیاد بوونی کێشەکانی بیستن و بینین، خراپی بیرەوەری بۆ ڕووداوەکانی ئێستا و بیرهاتنەوەی ڕابردوو.
- گۆڕانکارییە دەروونییەکان: کاریگەری لەسەر کەسانی بەساڵاچوو دەبێت بەهۆی نەتوانینی خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکان، وەک چۆن هەست بە نائومێدی لە ژیان و تەنیای و گۆشەگیری دەکەن و ڕەنگە بارودۆخەکەی گەشە بکات بۆ خەمۆکی و هەندێک جار بۆ شیزۆفرینیای دەروونی کە تیایدا قورسە بۆ بەساڵاچووان کە لەگەڵ ڕاستییدا تێکەڵ ببن.
- خراپ کارکردنی جەستە: لێرەدا بەساڵاچووان زیاتر توشی نەخۆشیەکان دەبن بە بەراورد بە تەمەنەکانی تر و نەخۆشییەکان وەک (ئەلزەهایمەر) کە جۆرێکە لە نەخۆشی بیرچوونەوە، لە ناو کەسانی بەساڵاچوودا باوە و لەدەستدانی توانا هزرییە گرنگەکانە کە کاریگەری لەسەر ڕەفتار دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەدا.
نیشانەکانی بەساڵاچوون
زۆربەی خەڵک ترسیان لە گەیشتن بە تەمەنی پیری هەیە، بەڵام نیشانەکانی پیری پەیوەست نین بە گەشەی قژی سپی و تەنها پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانەوە نییە کە لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکەن. گۆڕانکاری سروشتی هەیە کە لە جەستەدا ڕوودەدات کە مرۆڤ چاوەڕێی ناکات، شارەزایان دەڵێن نیشانەکانی پیربوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و زۆرێکیان لە گەیشتن بە تەمەنی چل ساڵییەوە دەست پێدەکات. لێرەدا چەند نیشانەیەکی نائاسایی پیربوون هەن لەوانە:
- گرژبوون: مرۆڤ لەگەڵ تەمەنی تەمەنیدا تووشی "بچوکبوونەوە" دەبێت و ئەم دیاردەیە بەزۆری لە دوای تەمەنی چل ساڵییەوە دەست پێدەکات. مرۆڤەکان هەر دە ساڵ جارێک نزیکەی یەک سانتیمەتر لەدەست دەدەن. واتە باڵای کەسێک نزیکەی ٥ سانتیمەتر کەمترە لە هەشتاکانی تەمەنی و ئەمەش بەهۆی لەدەستدانی شلەمەنییەکان لە تەمەنی پیریدا بەتایبەت لە بڕبڕەکانی پشتدا، و پووکانەوەی ئێسک ڕوودەدات لە زۆر کەسدا، کێشەکە گەورەتر دەکات.
- دابەشبوونی نایەکسانی مووەکان: لە کاتێکدا مووی سەری کەسانی بەساڵاچوو کەم دەبێتەوە، بەڵام لە شوێنە نەخوازراوەکاندا زیاد دەکات. پیاوان بەدەست گەشەی بەرچاوی موو دەناڵێنن لەناو لووت و گوێچکەکاندا، ژنانیش بەدەست زیادبوونی مووی سەرووی لێوی سەرەوە و ناوچەی چەناگە دەناڵێنن.
- تامی هەمو خواردنەکان وەک یەکن: هەستی بۆنکردن و تامکردن لەگەڵ تەمەندا کەمدەبێتەوە، هەروەها هەستی تینوێتی کەسەکە کەمدەبێتەوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و خراپی هەڵبژاردنی خۆراک، بۆیە ئامۆژگاری بەساڵاچووان دەکرێت خواردنەکانیان هەمەچەشن بکەن و خواردنەوە زۆر بخۆنەوە تەنانەت ئەگەر هەست بە تینوێتیش نەکەن.
- بچووکبوونەوەی خانەکانی مێشک: خانەکانی مێشک لەگەڵ تەمەندا بچوک دەبنەوە و ئەمەش بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر بەشی پێشەوەی مێشک دەبێت و کاریگەری لەسەر توانا دەروونی و مەعریفیەکان دەبێت، کە بەرپرسن لە بیرکردنەوە و بیرهێنانەوە و فێربوون.
- بینین کەم دەبێت: توانای چاو بۆ نزیکبینی و مەودای کورت دەگۆڕێت و هەربۆیە ئەوانەی بەدەست ئەم کێشەیە دەناڵێنن لەگەڵ چوونە تەمەندا واز لە چاویلکەی ئاسایی خۆیان دەهێنن. ئەم پرۆسەیە بەزۆری لە گەیشتن بە تەمەنی چل ساڵییەوە دەست پێدەکات، هەروەها عەدەسەی چاو توانای گونجاندنی نامێنێت لەگەڵ مەودا کورتەکان. لێرەدا زۆر کەس دەست دەکەن بە بەکارهێنانی چاویلکەی تایبەت بۆ خوێندنەوە
٢- پێ گەورەتر دەبێت.
٣- ناوچەی کەمەر زیاد دەکات و گەورە دەبێت.
پیربوونی تەندروست
توانای ئەنجامدانی چالاکییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەیە وەک خواردن و پۆشینی جل و بەرگ و خۆشتن و پیاسەکردن و بەکارهێنانی توالێت بێ هاوکاری ئەوانی تر و بە درێژای تەمەنی تەنها هەندێک یارمەتیدەری ڕۆشتنی دەوێت وەک داری ڕۆیشتن.
ئایا پیربوون لە خانمان و پیاواندا وەکو یەکن؟
گومانی تێدا نیە کە پیربوون بۆ ئافرەت و پیاوان جیاوازە، هەروەها تەمەنی هەر یەکێکیان جیاوازە:
تێکڕای تەمەنی ژنان زیاترە لە تەمەنی پیاوان، واتە ژنان لە پیاوان زیاتر دەژین ئەمەش لەبەر ئەوەی پیاوان زیاتر بەشداری دەکەن لە ئەرک و پیشە مەترسیدارەکانی وەک چوونە ناو سوپا و پۆلیس. ژنان بەزۆری دەچنە بەشە پزیشکییەکان و پیشەکانی تر، بەم شێوەیە کێشە تەندروستییەکان زووتر لە پیاوان دەردەکەوێت. ڕێژەی پیربوون لە ئافرەتان زیاترە لە پیاوان واتە نیشانەکان زۆرتر دەردەکەوێت لە ئافرەت بە تایبەتی تەمەنی نا ئومێدی، لە کاتێکدا لە پیاواندا وردە وردە نیشانەکان دەردەکەون هەروەها تووشبوون بە پیربوونی مێشک و لاوازی درک پێکردن زیاتر لەو پیاوانەدا دەردەکەوێت کە قەڵەون یاخود شەکرەیانە یان جەڵتەی مێشک بەڵام لە ئافرەتاندا ئەگەری دەرکەوتنی زیاترە ئەگەر پشت بە کەسانی دیکە ببەستن بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی ڕۆژانە هەروەها نەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز.
دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوو بکرێت؟
وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە بەساڵاچووان هەست بە دڵەڕاوکێ و تەنیایی و خەمۆکی دەکەن، بۆیە دەبێت بە پێچەوانەی ئەوەی بیری لێ دەکەنەوە مامەڵەی میهرەبانەیان لەگەڵ بکرێت و باش بین لەگەڵیاندا، ئەو شتانەیان بۆ ئەنجام بدەین کە خۆشیان دەوێت و چارەسەری ئەو شتانە بکەین کە بێزاریان دەکات، چونکە ئەمانە هەموو وایان لێ دەکات هەست بە دڵخۆشی بکەن و بۆ ئێمە گرنگن. هەروەها وەرگرتنی ئامۆژگاریەکانیان و جێ بەجێ کردنیان وایان لێ دەکات کە هەست بە پێگەی خۆیان بکەن لە خێزاندا و هەست بکەن کە گرنگن بۆ خێزان. هەروەها زەردەخەنە بکەین بەڕوویاندا و هەمیشە سوپاسیان بکەین و لەگەڵ خۆمان بیانبەینە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەمانە زیاتر بەختەوەریان دەکات،
هەروەها سەبارەت بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەساڵاچووان بە پێی ئەوەی شتیان زوو بیر دەچێتەوە هەمان پرسیار چەند جارێک دووبارە دەکەنەوە و قسەت پێ دەبڕن دەبێت جوابیان بدەیتەوە. هەروەها نابێت لە بەردەم کەسانی بەساڵاچوو بە دەنگی نزم قسە بکرێت چونکە وا دەزانن باسی ئەوان دەکەیت. وە دەبێت سەیریان بکەین لە کاتی قسەکردن و توڕە و بێزاریان نەکەین وشەی ڕوون و تێگەیشتوو بەکار بهێنین لەگەڵیان و یارمەتیان بدەین لە شوێنە گشتیەکان و لە نۆرەگرتندا یارمەتیان بدەین و ڕێزیان لێ بگیرێت.
کێشەی دەروونی لە تەمەنی پیریدا
ئەم قۆناغە قۆناغێکی گەشەسەندنە کە تیایدا یادەوەری دەروونی لاواز دەبێت، کێشە دەروونیەکان بە ڕوونتر دەردەکەون، پاڵنەر کەم دەبێتەوە بەهۆی هەموو ئەمانە و کێشەکانی وەک کەمخەوی و توڕەبوون و پێشنیارکردن ڕوودەدەن. هەروەها مردنی هاوسەر یان هاوڕێکانی کەسێکی بەساڵاچوو، نەبوونی جێگرەوەی مردووەکە، هەستکردن بە تەنیای و گۆشەگیری هەموو ئەو کێشانەی توشی دەبن کاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر کەسەکە دروست دەکات. لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە کێشە دەروونیەکانی پەیوەستە بە پیربوون لەو بەساڵاچووانەی لە شارەکاندا دەژین زیاترە بە بەراورد بەوانەی لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژین. بۆ نموونە ڕۆشتنی خێرای ژیان و کاریگەری شارە گەورە و قەرەباڵغەکان.
هۆکارەکانی گەورەبوونی سیمای دەموچاو پیربونی پێشوەختە
- بەرکەوتن بە تیشکی خۆر
- جگەرەکێشان
- بۆماوە و جینات
- نووستن
- شێوازی ژیان و پارێزی کردن