ناوهڕۆك
ناساندن
دیاریکردنی جۆری کەسایەتی لەڕێگەی شێوازی نوستنەوە (بە عەرەبی: شخصيتك من طريقة نومك، بە ئینگلیزی: Determining personality type through sleep patterns) خەو بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەروەک چۆن خواردن و خواردنەوە گرنگە بۆ زیندوو مانەوە و بەردەوامی، بە هەمان شێوە خەوتنیش گرنگە بۆ مانەوە لە ژیان. بوونی خەوێکی باش و ئارام کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانە و باری دەروونی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا باری خەوتن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشێتی خەودا.
بارە جیاوازەکانی خەوتن سوودی جیاوازیان هەیە، ئەگەر ئەزموونی ئازار یان حاڵەتی تری تەندروستی دەکەیت، لەوانەیە پێویست بکات باری خەوتنەکەت بگۆڕیت و تێبینی کەمبوونەوەی ئازار و باشتربوونی تەندروستیت بکەیت. لە هەمان کاتدا چونکە شتێک نییە بتوانیت بە یەک شەو گۆڕانکاری تێدا بکەیت، گۆڕینی باری خەوت دەکرێت لەسەرەتادا کەمێک بێزارکەر بێت. کات بە خۆت بدە تاکوو وردە وردە خۆت ڕابهێنیت لەگەڵ باری نوێی خەوتنتدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دوای ئەمەش هەر هەستت کرد کە ئاسوودە نیت لە کاتی خەوتندا، زۆر لە خۆت مەکە، چونکە دەتوانیت ئەو بارەی کە پێشتر لەسەری ڕاهاتوویت باشتری بکەیت و بەشێوەیەکی تەندروست لەسەری بەردەوام بیت.
دیاریکردنی جۆری کەسایەتی لەڕێگەی شێوازی نوستنەوە
خەوتن لەسەر سک (لەسەر دەم)
دۆخی خەوتن لەسەر سک، بە پێچانی قۆڵەکان بە سەر سەرینەکەدا، جگە لەوەی سەری بە لایەکدا دادەنێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاک بە کەسایەتییەک تایبەتمەندە کە پێی باشترە باسی هەموو شتێک بکات کە دێتە مێشکی، واتە نهێنییەکانی دڵی خۆی ڕادەگەیەنێت و هیچ شتێک ناشارێتەوە، هەروەها کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی هەیە، کە زۆر حەزی لە چوونە دەرەوە و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسانی دیکەیە، بەڵام ئەم کەسایەتییە حەزی لە ڕەخنەی کەسانی دیکە نییە.
خەوتن لەسەر پشت
دۆخی خەوتن لەسەر پشت، یان وەک پێی دەوترێت (پێگەی سەرباز)، یەکێکە لە شێوازە دڵخوازەکان بۆ نزیکەی ٪٨ی خەڵک، وەک زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کەسەی کە ئەم دۆخەی پێ باشترە لەکاتی خەوتندا، کەسایەتییەکی زۆر ئارامی هەیە، جگە لەوەی یەکێکن لەو کەسانەی کە چاوەڕوانی زۆر شت لە خۆیان و لە کەسانی دیکەش دەکەن.
خەوتن لە دۆخی کۆرپەلەدا
٪٤٠ ی خەڵک خەوتن لە دۆخی کۆرپەلەیان پێ باشترە بەتایبەتی خانمان، چونکە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەسایەتی ئەو تاکەی کە ئەم دۆخەی پێ باشترە، یەکێکە لە گەرمترین و دۆستانەترین و هەستیارترین کەسەکان. هەروەها ئەم دۆخی خەوتنە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە کەسایەتی تاکەکە لە دەرەوە دڕندە و توند دەربکەوێت، بەڵام هەست و سۆزەکانی لەناو خۆیدا دەشارێتەوە.
خەوتن لەسەر لایەک
دۆخی خەوتن لەسەر لایەک و دەست درێژکردنەوە بۆ پێشەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاکەکەس حەسرەت و ئارەزووی گەورەی هەیە بۆ ژیان، هەروەها بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەموو ئەو شتانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆخی خەوتنە بەڵگەیە لەسەر کراوەیی کەسایەتی تاکەکەس.
خەوتن لە دۆخی ئەستێرەی دەریایی
نزیکەی لە ٪٥ی خەڵک لە کاتی خەوتندا دۆخی ئەستێرەی دەریایییان پێ باشترە، واتە تاکەکە بە پاڵکەوتوویی لەسەر پشتی دەخەوێت، دەستەکانی بۆ سەر سەرینەکە بەرز دەکاتەوە، بەو پێیەی ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاکەکەسەکە گوێگرێکی باشی کەسانی دیکەیە، دەتوانێت بە ئاسانی هاوڕێیەتی دروست بکات، جگە لە خۆشەویستییەکەی بۆ یارمەتیدانی کەسانی تر لەکاتی پێویستیدا.