ناوهڕۆك
ناساندنی بابەت
سەرچاوەکانی وزە چین؟ (بە عەرەبی: ما هي مصادر الطاقة، بە ئینگلیزی: What are energy sources) سەرچاوەکانی وزە بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش دەکرێن، هەر بەشێک تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لە ئەوی تر جیای دەکاتەوە: سەرچاوەکانی وزەی نوێبوونەوە کە پێشی دەگوترێت سەرچاوەکانی وزەی جێگرەوە، و سەرچاوەکانی وزەی نوێنەبووەوە.
سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە
ئەم وزەیە پێی دەوترێت وزەی نوێبوونەوە چونکە بە بەردەوامی نوێدەبێتەوە لە ماوەیەکی کورتدا، ھەروەھا وزەیەکی هەمیشەییە، سروشت سەرچاوەی سەرەکییەتی، بۆیە لە ڕووی ئابوورییەوە بە نرخە. گرنگترین نموونەکانی بریتین لە:
وزەی خۆر
خۆر بە سەرچاوەی سەرەکی وزە دادەنرێت، یەکێکە لە گرنگترین و بەربڵاوترین سەرچاوەکانی وزەی نوێبوونەوە، بەو پێیەی تیشکی خۆر بە شێوەیەکی بەردەوام بەسەر هەموو وڵاتانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش ھیچ جۆرە پیسبوونێک دروست ناکات، دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت لە ڕێگی هەڵگرتن و گۆڕینی بۆ شێوازێکی تری وزە ئەمەش لە داهاتوودا سوودی دەبێت.
وزەی با
لەم جۆرە وزەیەدا سوود وەردەگیرێت لە جوڵەی هەوا، کە ڕوودەدات بەهۆی بەرزبوونەوەی هەوای گەرم و ھاتنەخوارەوی هەوای سارد بۆ شوێنەکەی، بۆیە سوودوەردەگیرێت لەدەرئەنجامی جوڵی باکە بەو پێیەی وزەی جوڵەی ناو با دەگۆڕێت بۆ فۆرمێکی تری وزە، وەک وزەی کارەبایی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆرباینەکانی با.
وزەی کارۆئاوی
ئەم وزەیە پێشی دەوترێت وزەی ئاوی، ئەم وزەیە یەکێک بووە و ئێستاش یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە، لە جوڵەی ئاوەوە دروست دەبێت، کە تێیدا وزەی جوڵەی ئاوی ڕژاو دەگۆڕێت بۆ جۆرەکانی تری وزە وەک وزەی کارەبایی، پرۆژەکانی وزەی ئاوی لەو شوێنانە دروست دەکرێن کە ئاوی تێدایە وەک بەنداو و دەریاچەکان بۆ ئەوەی سوود وەربگیرێت لە وزەی ئاو.
وزەی گەرمی زەوی
هۆکاری ئەم جۆرە وزەیە بریتییە لە وزەی گەرمی لە زەویدا کە لە ئەنجامی شیبوونەوەی تیشکدەرانەی بەردەکان لە قووڵاییەکاندا دروست دەبێت، ئەم وزە گەرمییەی لە قوڵاییەکاندا دوای تێپەڕبوون بەچینە جیاوازەکانی زەویدا دەگوازرێتەوە بۆ سەر ڕووی زەوی و بە چەند شێوەیەک دەردەکەوێت، لەوانەش کانیاوە گەرمەکان، کە گەرمیەکەی دەتوانرێت بۆ چەند شتێک بەکاربهێنرێت، وەک کارپێکردنی ئامێری قورس.
سەرچاوەی وزەی نوێنەبووەوە
ئەم وزەیە پێی دەوترێت وزەی نوێنەبووەوە چونکە ناتوانرێت لە ماوەیەکی کورتدا نوێ بکرێتەوە، بەو پێیەی لەڕێگەی پرۆسەی سروشتییەوە زۆر زۆر بە هێواشی نوێ دەبێتەوە، وە لەوانەیە ھەر نوێ نەبێتەوە، وە کاتێک دەست بە بەکارهێنانی دەکەیت وردە وردە دەست دەکات بە کەمبوونەوە، و مەترسی کەمبوونەوەی لەسەرە، نموونەکانی بریتین لە:
نەوت
دروستبوونی نەوت پێویستی بە بوونی پێکهاتەیەکی جیۆلۆجی تایبەت هەیە، کە بریتییە لە بوونی بەردی نیشتوو کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئۆرگانیک کە پێیان دەوترێت بەردی سەرچاوە، سەرەڕای بوونی ئەو بەردانی کە کونی زۆریان هەیە بۆ پاراستنی نەوت، وە لە بەشی سەرەوەی بەردی نەبڕاو هەیە کە دەتوانێت نەوت لە عەمبارێکدا بگرێت و ڕێگری بکات لە ڕۆشتنی بۆ سەر ڕووی زەوی و ئەم پێکهاتە جیۆلۆجییە پێی دەوترێت تەڵە، وە کاتێک جیۆلۆجیەکان دەتوانن شوێنی تەڵەکە دیاری بکەن، دەتوانن پێشبینی بوونی نەوت بکەن، دەری بهێنن و وەک سەرچاوەی سەرەکی وزە بەکاری بهێنن.
خەڵوز
خەڵوز لە توخمێکی سەرەکی پێکدێت کە بریتیە لە کاربۆن، وە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە دادەنرێت، کە مادەیەکی ڕەقە ڕەنگە ڕەنگی ڕەش یان قاوەیی بێت، خەڵوز جۆری جیاوازی هەیە کە بە گوێرەی جۆری ڕووەکە نێژراوەکان و ڕێژەی پیسی تیایاندا دەگۆڕێت، خەڵووز لە نیشتوو چیندارەکاندا دروست دەبێت کە تیایدا سەرچاوەکانی ڕووەکەکان ڕووبەڕووی پەستانێکی زۆر و گەرمی بەرز دەبنەوە کە ئەم ڕووەکانە دەگۆڕێت بۆ ئەم جۆرە وزەیە کە خەڵووزە.
نەوتی بەردین
ئەمانە بەردی ڕەق و نیشتوون کە پێکدێت لە ماددە ئۆرگانییە ڕەقەکان چ ڕووەکی بێت یان ئاژەڵی، لە ئۆکسجین جیا دەکرێنەوە و دەکەونە بەر گەرمی زۆر بەرز (نزیکەی 575 پلەی سەدی)، لە شێوازێکەوە دەگۆڕێت بۆ شێوازێکی تری وزە کە بریتییە لە نەوتی بەردین یان ئەوەی پێی دەگوترێت نەوتی خاوی پیشەسازی. بەڵام سوودوەرگرتن لە وزەی دەرھێنراوی نەوتی بەردین زیانێکی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت، لەوانە پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و دەردانی کاربۆن.
وزەی ناوەکی
وزەی ناوکی لە ئەتۆمەکاندا ڕوودەدات بەتایبەتی لە ناوکی ئەتۆمدا، لەبەر ئەوەی ناوکەکە لە یەکەی بچووک پێک هاتووە کە بەیەکەوە کۆدەبنەوە بەهۆی ئەو بەندانەی ناوکەکە بەیەکەوە دەبەستنەوە، بۆیە وزەیەکی زۆر گەورەیان تێدایە، کاتێک ئەم بەیەکەوە بەستنەیان دەشکێن، وزەی ناوکی دەردەچێت کە دەتوانرێت بە شێوازی جۆراوجۆر بەکار بهێنرێت و سوودی لێوەربگیرێت و بگۆڕدرێت بۆ شێوەی تری وزە وەک وزەی کارەبایی و گەرمی.
ئەم پرۆسەیە لە وێستگە تایبەتەکاندا ڕوودەدات کە پێیان دەوترێت وێستگەی ئەتۆمی لە ڕێگەی یان دابەشبوونی ئەتۆمی یان یەکگرتنی ئەتۆمیەوە، بە شێوەیەکی گشتی وزەی ئەتۆمی وزەی پاک بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەرهەمی لاوەکیەکەی کە ماددە تیشکدەرەکانە، مادەیەکی زۆر ژەهراوییە و چەندین زیانی گەورەو نەخۆشی لێدەکەوێتەوە.
شێوازەکانی وزە
چەندین شێوەی وزە هەیە، و هەموو شێوەکانی وزە دەتوانرێت دابەش بکرێن بۆ دوو گرووپی سەرەکی:
وزەی شاراوە
بریتییە لە وزەی هەڵگیراو لە تەنەکاندا، بۆ نمونە:
وزهی كیمیایی: یەکێکە لە جۆرەکانی وزەی شاراوە، ئەو وزەیە کە لە بەندەکانی ماددە کیمیاییەکاندا هەڵگیراوە (لە گەردیلەکان و ئەتۆمەکاندا)، ئەم وزەیە لە کاردانەوەی کیمیایی دەردەچێت، دەتوانرێت بە سوتاندنی ماددەی جۆراوجۆر بگۆڕدرێت بۆ گەرمی, وزەی کیمیایی ناو خۆراکیش بە هەرسکردنی دەردەچێت.
وزەی کێشکردنی زەوی: بریتیە لەو وزەیەی کە لە تەنەکاندا هەڵدەگیرێت لە ئەنجامی بەرزییان لە سەر ڕووی زەویەوە ئەم وزەیە زیاد دەکات تا تەن لە سەر ڕووی زەویەوە بەرزتر بێت و بارستەی زیاتر بێت، بۆ نموونە وزەی کێشکردن دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ وزەی جوڵە کاتێک کەسێک لەسەر پاسکیل بە ڕێگایەکی بەرزدا دەڕوات.
وزەی جوڵەیی
ئەو وزەیە کە لە جوڵەی تەنەکان دروست دەبێت وەک جوڵەی ئەلکترۆن، شەپۆل و ئەتۆم، بۆ نمونە:
وزەى كارەبايى: ئەم وزەیە بەهۆی جوڵەی ئەلکترۆنەکان (کە گەردیلەی بچووک و بارگەی نەرێنین) لە ڕێگەی کانزایەکەوە بەرهەم دێت، کە بەناو وایەردا دەڕۆن بۆ مەودایەکی دوور، تایبەتمەندییە وایکردووە بەربڵاوترین و بەکارهاتووترین بێت، دەتوانرێت بە بەکارهێنانی تۆرباینێکی تایبەت بەرهەم بهێنرێت، و هەورە بروسکە نموونەیەکە لە وزەی کارەبایی سروشتی.
دەنگ: ئەنجامی ئەو وزەیە کە لە ڕێگەی شەپۆلە درێژەکانەوە (پەستان) دەگوازرێتەوە بەناو مادەکاندا، دەبنە هۆی لەرینەوەی تەنۆلکەکان کە دەنگ بەرهەم دەهێنن، وە بە زۆری وزەی دەنگ بە بەراورد بە جۆرەکانی تری وزە کەمە.