ڕۆشتنی پێغەمبەر بۆ طائیف (بۆ منداڵان)

له‌لایه‌ن: نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-05-13:15:00 - کۆدی بابەت: 52
ڕۆشتنی پێغەمبەر بۆ طائیف (بۆ منداڵان)

ناوه‌ڕۆك

پێغەمبەر(د.خ) دەچێت بۆ تائیف (طائیف)

پێغەمبەر(د.خ) بڕیاریدا ئاینی ئیسلام بڵاو بكاتەوە و بە هەموو شوێنێكدا، هەروەها دەیویست ئاینەكەی تەنها لە مەككەدا نەبێت چونكە ئەو ئاینە بۆ هەموو جیهان و مرۆڤایەتیە، پێغەمبەر(د.خ) بڕیاریدا بژێت بۆ تائیف كە شارێكە لە دەوروبەری مەككەدا، كاتێك پێغەمبەر(د.خ) چوو بۆ ئەوێ‌ تا باسی ئاینی ئیسلامیان بۆ بكات، خەڵكەكە گوێیان بۆ گرت، بەڵام دوای ئەوە كەوتنە گاڵتەكردن بە پێغەمبەر(د.خ) و منداڵەكانیان كۆكردەوە پێیان وتن بەردبارانی پێغەمبەر بكەن. 
منداڵەكانیش نەیان دەزانی ئەوە گوناهە، بۆیە دەكەوتنە بەرد وەشاندن بۆ پێغەمبەر(د.خ)، ئازاری پێغەمبەر (د.خ)یان دەدا، هەر چۆن بێت نەزانە ئەگەر ئاینی ئیسلام فێری شتی نەكات، ئەو منداڵانەش فێری نوێژ و قورئان و دوعا و چاكەكردن نەبووبوون، بۆیە بەردیان دەوەشاند بۆ پێغەمبەر(د.خ) و دەست و قاچی پێغەمبەر(د.خ) خوێناوی بوو و ئازارێكی زۆری پێ‌ دەگەیشت. 


ئایا ئەو منداڵانە تاوانبارن، كە پێغەمبەر(د.خ)یان بەردباران كرد؟

ئەو گەورانە تاوانبارن كە منداڵەكانیان هاندا كە پێغەمبەر(د.خ) بەرد باران بكەن. پاشان پێغەمبەر(د.خ) دەیویست بگەڕێتەوە بۆ مەككە، لە ڕێگەدا لە لای باخێكدا لایدا، یەكێك لە هاوەڵە بەرزەكانیشی لەگەڵدا بوو كە ئەویش دەم و چاو و دەستی خوێناوی بووبوو، چونكە ئەو خۆی دەدایە بەر بەردەكان تا بەردەكان بەر پێغەمبەر(د.خ) نەكەون، كاتێك لای باخەكەدا دانیشت خاوەنی باخەكە سەیری كردن و دڵی پڕ بوو بۆیە كەمێك میوەی بۆ هێنان، بەڵام خۆی موسڵمان نەبوو. 
لەو كاتەدا فریشتەكانی خوای گەورە دابەزین بۆ لای پێغەمبەر(د.خ) و پێیان فەرموو ئەگەر تۆ ڕازیت با ئەو دوو شاخە بدەین بە یەكدا تا هەموو تائیف لەناو بەرین، بەڵام پێغەمبەر(د.خ) ڕازی نەبوو، فەرمووی ئەوانە هەژار و نەزانن ئەگەر بیانزانیبایە وایان نەدەكرد، خوایە گیان بەڵكو منداڵەكانی ئەمانە باش بن و دوابی باوەڕ بهێنن.  ئەگەر بهاتایە پێغەمبەر(د.خ) فەرمانی بكردایە بە لەناوبردنی شاری تائیف ئەوا هەموو خەڵكەكەی لەناو دەچوون، بەڵام پێغەمبەر(د.خ) مرۆڤەكانی خۆش دەوێت حەز ناكات كەس بچێتە دۆزەخەوە و هەموویان بچنە بەهەشتەوە، بەڵام هەندێ‌ مرۆڤ هەن خۆیان حەز ناكەن بچنە بەهەشتەوە و تاوان دەكەن و دەچنە دۆزەخ، دواتر پێغەمبەر(د.خ)و هاوەڵە بەڕێزەكەی گەڕانەوە بۆ مەككە، لەوێ‌ بێباوەڕەكان زۆر خۆشیان بوو كە پێغەمبەر(د.خ) نەیتوانیوە موسڵمانیان بكات و كەوتنە گاڵتەكردن بە پێغەمبەر(د.خ)و پێی پێ‌ دەكەنین و ئازاری پێغەمبەر(د.خ)یان دەدا. 


تێبینی: كاتێك پێغەمبەر(د.خ) لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بوو بۆ مەككە، ئەو كاتە كۆمەڵێك جنۆكە هاتن بۆ لای پێغەمبەر(د.خ) و باوەڕیان پێ‌ هێنا و موسڵمان بوون بڕیاریاندا بچن بۆ لای جنۆكەكانی تر و باسی ئاینی پیرۆزی ئیسلامیان بۆ بكەن. 


جنۆكە كێن

جنۆكە دروستكراوی خوای گەورەن كە لە ئاگر دروست كراون ئێمەی مرۆڤ ئەوان نابینین بەڵام ئەوان ئێمە دەبینن، ئەوانیش موسڵمان و كافریان هەیە. 


پەند و ئامۆژگاری

1- پێویستە ئێمەی موسڵمان بچینە هەر شوێنێك باسی ئاینی ئیسلام بكەین، ئەگەر چووین بۆ شارێكی تر بۆ لای خزمێكمان یان بۆ لای كەسێك دەبێت قسەی چاكیان بۆ بكەین و نەترسین لەوەی خەڵك گاڵتەمان پێ‌ بكەن، چونكە خوای گەورە لەگەڵمانە.
2- زۆر جار كەسە گەورەكان ئەگەر خراپ و ستەمكار بن منداڵەكان فێری گوناهو خراپە دەكەن، بۆیە دەبێت مناڵی ژیر و عاقڵ گوێ‌ نەگرێت لەهەموو كەسێكی گەورە، بەڵكو دەبێت بزانێت كامیان باوەڕدار و چاكەكارە، گوێ‌ لەوەیان بگرێت، چونكە گەورەی چاك منداڵ فێری كاری چاكە و پیاوەتی دەكات.
3- دەبێت ئێمە زۆر خۆڕاگر و بەسۆز بین و ئەگەر كەسێك خراپەیەكی لەگەڵدا كردین نابێت یەكسەر لێی بدەین و دوعای خراپی لێ‌ بكەین، بەڵكو دەبێت خۆڕاگر بین و دوعا بكەین و بڵێین خوایە ڕێگای ڕاستی نیشان بدەیت، چونكە پێغەمبەر(د.خ) دوعای خێری بۆ بێباوەڕەكانی تائیف كرد تا خوای گەورە ڕێگای ڕاستیان نیشان بدات.
4- دەبێت ئێمە ڕێزی زانا و موسڵمانە چاكەكان بگرین هەروەك ئەو پیاوەی ڕێزی پێغەمبەر(د.خ)ی گرت و میوەی بۆ برد.


سەرچاوەکان

726 بینین