ئامڕازەکانی ڕامیاری بازرگانی

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-12-20:12:00 - کۆدی بابەت: 463
ئامڕازەکانی ڕامیاری بازرگانی

ناوه‌ڕۆك

رەسمی گومرگی (باجی گومرگی)

ئەو رەسمەیە كە دەخرێتە سەر شمەكە بازرگانییەكان (هێنراو-نێراو) كە بە سنووری نێودەوڵەتی وڵاتێكدا تێپەڕ ببێت.

مەبەستەكانی رەسمی گومرگی

لەوانەیە ئەم رەسمانە بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهات بێـت بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت.

هەروەها رەسمی گومرگی بە مەبەستی ئابووری دەسەپێنرێت وەك ئەوەی بسەپێنرێتە سەر نێراوەكان  بەمەبەستی كەمكردنەوەی چوونە دەرەوەی ئەو شمەكە وەك شمەكی خواردەمەنی.

جۆرەكانی باجی گومرگی

باجی كارگێڕی لە ڕووی كارگێڕییەوە دابەش دەكرێت بۆ:

باج بەپێی بەها: ئەو باجەیە كە بەڕێژەیەكی سەدی دیاریكراو لە بەهای شمەكەكە بڕیاڕی لەسەر دەدرێت وەك ئەوەی 10% لە بەهای جل و بەرگ بێت و لەوانەشە ئەو ڕێژەیە لە شمەكێكەوە بۆ شمەكێكی تر بگۆڕێـت.

باج بەپێی جۆر: بریتییە لە پارەی نەگۆڕ/جێگیر كە دەخرێـە سەر یەكەیەكی ئەو شمەكە وەك ئەوەی بڕی باجەكە (5دۆلار) بێت بۆ هەر مەترە قوماشێكی هێنراو، ئەم باجەش بە پێی جۆری شمەكەكەو كوالێتییەكەی دەگۆڕێـت.

باجی بەناو: ئەو باجەیە كە دەبێـتە هۆی ئەوەی كە نرخی نیمچە جێگیر بمێنێتەوە، چونكە ئەگەر نرخی شمەكەكان لە بازاڕەكانی دەرەوە دابەزێت، ئەوا بەهای باجەكە زیاد دەكەن، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر نرخەكانی لە دەرەوە زیاد بكات ئەوا باجەكە كەم دەكەنەوە.

سیستەمی بەشكاری: بریتییە لە سیستەمێك كە دەوڵەت بەپێی ئەوە بڕی هێنراوەكانی دیاری دەكات لەو شمەكە دیاری كراوانەی كە دەشێت بیانهێنێتە ناوەوە لە ماوەیەكی دیاری كراودا، هەروەها مەبەستی سەپاندنی كۆتەكانە لەسەر هێنراوەكان، هەندێك جاریش لەسەر نێراوەكان دەبێت بە شێوەیەك كە دەوڵەت ئەو بڕە دیاری دەكات كە ڕێگەی پێدراوە بهێنرێت یان بنرێتە دەرەوە.

سیستەمی مۆڵەتی هێنراوەكان: لەوانەیە دەڵەت لە هێنراوەكاندا ملكەچی مۆڵەتی هێنراو بێـت و نەیەڵێت بازرگان شمەكێك لە دەرەوە بهێنێت تا لە پێشەوە ڕێگەپێدانی لە دەسەڵاتی گشتییەوە بۆ وەرنەگیرێت و ڕێگەی پێبدات هەڵسێت بەو كرداری هێنانە لە دەرەوە لەوانەیە ئەم سیستەمە بە مەبەستی بڕێكی دیاری كراو بێت بێ ئەوەی بڵاوكردنەوەی بۆ بكرێت دەوڵەت بڕە هێنراوەكە دیاری دەكات لە ڕێگەی پێدانی مۆڵەتەكانی هێنان بە بازرگانەكان. لەوانەشە بەكاربهێنرێت بۆ پاراستنی بازاڕە نیشتیمانییەكان لە هێنراوەكانی چەند دەوڵەتێك، ئەمەش بەوە دەبێـت كە مۆڵەتەكانی ڕێپێدان ڕەت بكرێتەوە و یان مۆڵەتەكە نەدرێـت بەو شمەكانەی كە ئارەزوویان لەسەر نییە.

كۆمەك كردن: كۆمەك كردن بە یەكێك لە ئامڕازەكانی ڕامیاری بازرگانی دادەنرێـت كە دەوڵەتەكان دەیگرنە بەر لە چوارچێوەی شێوازەكانی نرخدا لەوانەیە دەوڵەت بۆ پاراستنی بەرهەمە نیشتیمانییەكانی پشت ببەستێت بە پێشكەش كردنی بەخشین و كۆمەك بۆ بەرهەمهێنەكان بە مەبەستی ئەوەی بتوانن شمەكەكانیان بە نرخێكی كەمتر لە تێچوونی بەرهەمهێنانیان بخەنە ڕوو، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی ئەو شمەكانەی كە بۆ فرۆشتن ئامادە كراون تا بتوانرێت ئەو شمەكانەی لە نواخۆدا بەرهەم هێنراون بەربەرەكانی شمەكە بیانییە هێنراوەكانیان پێ بكرێت.

دوو جۆر لە كۆمەك كردن هەیە

كۆمەك كردنی ڕاستەوخۆ: ئەمەش خۆی لە بەخشینی بڕێك پارەدا دەبێتەوە جا لەسەر بنەمای بەها یان لەسەر بنەمای جۆر دیاری دەكرێـت.

كۆمەكردنی ناڕاستەوخۆ: ئەمەش خوی چەند ماف پێدانێك بە پڕۆژەكان دەبینێتەوە كە مەبەست لێی باشتركردنی باری داراییانە، لە نمونەكانی:

لێ خۆشبوون لە باجەكان: وەك بە دەركردن لە هەندێك باج یان كەمكردنەوەی تێكڕاكانی یان گێڕانەوەی بەشێك لەوانەی كە دراون یان بەخشینی بەشێك لە قازانجی باجەكان ئەگەر لە مەبەستی دیاریكراو بەكاربهێنرێت وەك زیادكردنی بەرهەمداری پڕۆژەكە.

ئاسانكاری دڵنیاكردنەوە: جا ئەوانە بێت كە پەیوەندییان بە قەرزەكانەوە هەبێت یان دابەزاندنی نرخی سووەكان و زیادكردنی قەبارەی قەرزدان و ئاسانكاری لە ماوەی دانەوەی.

پێشكەش كردنی هەندێ كارگوزاری ئەوتۆ كە گەیاندن بگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەكان وەك بەشداریكردنی لە بازاڕ و پێشانگا نێو دەوڵەتییەكان و لە ئەستۆ گرتنی بەشێك لەو خەرجی یانەی كە پێویستە بۆ ئەو كارانە وەك خەرجییەكانی گواستنەوەی شمەكەكان و خەرجییەكانی نیشتەجێ بون و كرێی خانوبەرە و تێچوونەكانی هاتوچۆ و پڕوپاگەندەكان.

 

 

 


سەرچاوەکان



2485 بینین